دواى داعش کورد هێشتا دڵنیا نییه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

کوردانى رۆژئاواى کوردستان دواى چه‌ندین ساڵ شه‌ڕى سه‌خت به‌ پاڵپشتى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌دژى داعش، له‌سه‌رکه‌وتنى کۆتایی به‌سه‌ر ئه‌و رێکخراوه‌دا نزیکبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا دڵنیانین له‌ ماف و چاره‌نوسیان له‌و وڵاته‌ که‌ کۆنتڕۆڵى سێیه‌کى خاکه‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. 

ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر داعش چڕکردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌و رێکخراوه‌یان له‌ دوایین پێگه‌ى بچوکیدا له‌ گوندى باغۆزى سه‌ر سنورى سوریا و عێراق گه‌مارۆداوه‌.

شه‌ڕڤانان پێشڕه‌وى گه‌وره‌یان کردووه‌، به‌ڵام به‌هۆى بوونى هاوڵاتییه‌کى زۆرى مه‌ده‌نى که‌ داعش وه‌کو قه‌ڵغانى مرۆیی به‌کاریان ده‌هێنێت پێشڕه‌وییه‌کانیان خاوکردووه‌ته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌هێواشى دوایین پێگه‌ى داعش کۆنتڕۆڵبکه‌نه‌وه‌ که‌ له‌ ساڵى 2014ه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتووه‌.

له‌گه‌ڵ‌ نزیکبوونه‌وه‌ى کۆتایی هاتنى داعش له‌رووى سه‌ربازییه‌وه‌، سیاسه‌تمه‌دارانى رۆژئاواى کوردستان جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ده‌بێت کۆتایی به‌ ئایدۆلۆژیاى توندڕه‌وى داعش بهێنرێت که‌ به‌درێژایی زیاتر له‌ چوار ساڵ به‌سه‌ر خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه‌دا سه‌پاندویه‌تى که‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ بووه‌.

ساڵح موسلیم سیاسه‌تمه‌دارى دیارى رۆژئاواى کوردستان پێیوایه‌، گره‌نتى سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ى داعش ئه‌وه‌یه‌ له‌رووى ئایدۆلۆژییه‌وه‌ به‌ره‌نگارى ئه‌و رێکخراوه‌ ببنه‌وه‌ و کۆتایی پێبهێنرێت، "چونکه‌ ته‌نها له‌رووى سه‌ربازییه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ و پێویسته‌ به‌ره‌نگارى ئه‌وانه‌ش ببینه‌وه‌ که‌ سودیان له‌ ئایدۆلۆژیاى ئه‌و وڵاته‌ وه‌رگرتووه‌ بۆ ده‌ستکه‌وتى خۆیان".

ساڵح موسلیم خۆى به‌دورگرت له‌ پێشبینیکردنى وردى واده‌ى رگه‌یاندنى کۆتایی هاتنى داعشدا "ناتوانم پێشبینى واده‌یه‌ک بکه‌م بۆ کۆتایی هاتنى داعش له‌ سوریا له‌رووى سه‌ربازییه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ پرسێکى سه‌ربازییه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ هێزه‌کانى سوریاى دیموکراته‌وه‌ هه‌یه‌".

جگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ئایدۆلۆژیاى داعش، کورد له‌ سوریا که‌ رۆڵى سه‌ره‌کى هه‌بوو له‌شه‌ڕى دژى داعشدا، ده‌یه‌وێت رۆڵى هه‌بێت له‌ داهاتووى سوریادا و مافه‌کانى پارێزراوبێت، تا جارێکى تر روبه‌ڕووى پێشێلکارى مافه‌کانى نه‌بێته‌وه‌ له‌و وڵاته‌. 

ساڵح موسلیم وتى "یه‌کێک له‌ گره‌نتییه‌کانى سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ى داعش له‌ سوریا ئه‌وه‌یه‌ پشتیوانیکردنى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات به‌رده‌وام بێت و مافه‌کانى کوردیش له‌ سوریا بچه‌سپێنرێت که‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ بوونى نییه‌".

چاوه‌ڕوانده‌کرێت دواى کۆتایی هاتنى ته‌واوه‌تى داعش له‌ سوریا، پرسی نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورى نوێی بۆ سوریا خێراتر بێت، که‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێکه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان هه‌نگاوه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ستیپێکردووه‌.

لایه‌نه‌ ناکۆکه‌کانى سوریا هه‌ریه‌که‌یان داواکارى جیاجیایان هه‌یه‌، رژێمى ئه‌سه‌د جه‌خت له‌ ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندى و کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى خاکى سوریا ده‌کاته‌وه‌، کوردیش داواى سیسته‌مێکى ناناوه‌ندى ده‌کات تا سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى پارێزراوبێت.

سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى رۆژئاواى کوردستان ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه‌ دامه‌زراوه‌، که‌ خاوه‌نى ئیداره‌ و یاسا و سیسته‌مى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى.

جاویدان حه‌سه‌ن نوێنه‌رى کانتۆنه‌کانى خۆرئاواى کوردستان له‌ هه‌رێم به‌ هاوڵاتى وت "گره‌نتى پاراستنى ئیداره‌ى رۆژئاوا له‌دواى داعش ئه‌وه‌یه‌ دانبنرێت به‌ مافه‌کانى کورد و له‌ رووى نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ گره‌نتى هه‌بێت و له‌ ده‌ستورى نوێی سوریادا دان به‌ مافه‌کانى گه‌لى کوردا بنرێت".

کوردانى سوریا ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ جۆرێک له‌ دڵنیاییان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مریکا بڕیاریدا به‌شێک له‌ هێزه‌کانى له‌ناوچه‌کانیان بهێڵێته‌وه‌، له‌کاتێکدا بڕیاره‌که‌ى پێشووى ئه‌و وڵاته‌ بۆ کشانه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى هێزه‌کانى نیگه‌رانى کردبوون.

به‌پێی بڕیاره‌که‌ى ئه‌مریکا، 400 سه‌رباز له‌ باکور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا ده‌هێڵرێته‌وه‌ له‌دواى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانیان له‌و وڵاته‌، که‌ 200 سه‌ربازیان له‌ رۆژئاواى کوردستان جێگیرده‌کرێن.

به‌رپرسانى رۆژئاواى کوردستان هیوایان هه‌یه‌ ئه‌و بڕیاره‌ى ئه‌مریکا هانى وڵاتانى دیکه‌ى ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌ناویاندا وڵاتانى ئه‌وروپا بدات هێزه‌کانیان له‌ سوریا بهێڵنه‌وه‌، تا بۆشایی ئه‌منى دروستنه‌بێت و له‌ مه‌ترسییه‌کانى تورکیا پارێزراوبن.

جاویدان حه‌سه‌ن وتى "مانه‌وه‌ى هێز ره‌نگه‌ بتوانیت بیکه‌یته‌ فشار له‌سه‌ر هێزه‌کانى ئه‌م ناوچه‌یه‌، به‌ڵام چه‌سپاندنى ماف له‌ ده‌ستوردا گره‌نتیی ته‌واوه‌تییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش مانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانان بۆخۆى داناننانه‌ به‌ ئیراده‌ى ئه‌و هێزه‌ و کوردا له‌ سوریا".

وتیشى "کورد ده‌سه‌ڵاتێکى ناناوه‌ندی ده‌وێت به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان فیدراڵیه‌تى تێدا بێت، ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر دانوستانه‌کان که‌ ده‌توانین چی به‌ده‌ستبخه‌ین".

کوردەکان ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر نه‌خشه‌ رێگایه‌کیان دایه‌ مۆسکۆ کە تێیدا ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ هەموو ئەو ناوچانەی لەشەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ٢٠١٢ دا لەبەهاری عەرەبیەوە بەدەستیان هێناوە تاکۆتایی شەڕی داعش بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بەمەرجێک کەئەو وڵاتە مافی ئۆتۆنۆمیان پێبدات و ڕێگەیان پێبدات بەردەوامبن لەتاقیکردنەوەی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەرییان.

به‌ڵام داواکارى فیدراڵى له‌ سوریا تا ئێستا له‌لایه‌ن حکومه‌تى دیمه‌شقه‌وه‌ ره‌تده‌کرێته‌وه‌، به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ ئه‌و داوایه‌ به‌ هه‌وڵێک بۆ دابه‌شکردنى خاکى وڵاته‌که‌یان داده‌نێن و جه‌خت له‌ کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى سوریا ده‌که‌نه‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانى سوریا تا ئێستا وه‌ڵامى داواکانى کوردانى رۆژئاوایان نه‌داوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ستپێکردنى دانوستان له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر مافه‌کانى کورد، له‌دواى کۆتایی هاتنى ته‌واوه‌تى داعش له‌ سوریا، له‌کاتێکدا کورد به‌په‌رۆشه‌ بۆ ده‌ستپێکردنى دانوستانه‌کان.

جاویدان حه‌سه‌ن ده‌ڵێت وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ى داواکان بۆ دانوستان عه‌قڵیه‌تى دیکتاتۆرى به‌شار ئه‌سه‌د ده‌رده‌خات که‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو خاکى سوریا کۆنترۆڵ بکاته‌وه‌ "ئێمه‌ بۆ دانوستان ئاماده‌ین، به‌ڵام سوریا وه‌ڵام ناداته‌وه‌".

ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکرات که‌ ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى رۆژئاواى کوردستانه‌ له‌ ئێستادا هه‌وڵه‌کانى چڕکردووه‌ته‌وه‌ بۆ رۆڵبنین له‌ چاره‌سه‌رى سیاسی قه‌یرانى سوریا، به‌جۆرێک که‌ مافه‌کانى کورد و پێکهاته‌کانى دیکه‌ى تێدا پارێزراوبێت.

سیهانوک دیبو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکرات مه‌سه‌ده‌ پێیوایه‌، ریشه‌کێشکردنى تیرۆرو گروپه‌ چه‌کدارییه‌کان و وشککردنى سه‌رچاوه‌ى مادى و فیکرى ئه‌و گروپانه‌، له‌گه‌ڵ دیاریکردنى بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانى ده‌ستورى سوریا و چه‌پساندنى سیستمى لامه‌رکه‌زى دیموکرات هاوشێوه‌ى نمونه‌ى ئیداره‌ى رۆژئاوا، چوار هۆکارى سه‌ره‌کین بۆ چاره‌سه‌رى سیاسی له‌ سوریا، ئه‌وه‌ش به‌پێی میدیاکانى نزیک له‌ ئیداره‌ى رۆژئاواى کوردستان.

سیهانوک دیبو باسى له‌وه‌شکردووه‌، به‌م نزیکانه‌ دیدارى سێیه‌مى سورى – سورى ده‌به‌ستن بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى سوریا به‌پێ روانگه‌ى مه‌سه‌ده‌.

تا ئێستا به‌سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانى روسیا و تورکیا و ئێران، نۆ کۆبوونه‌وه‌ى جنێڤ و 11 کۆبوونه‌وه‌ى ئاستانه‌ بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى سوریا ئه‌نجامدراون، به‌ڵام چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌که‌ى لێنه‌که‌وتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌بڕواى به‌رپرسه‌که‌ى مه‌سه‌ده‌ سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت ئه‌و قه‌یرانه‌ به‌ گفتوگۆى سورى-سورى چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار