ژنان پێویستیان بەمێزەری پیاوان نامێنێت

ژنانی کورد بۆ یەکەم جار لەئاستی جیهان دەبنە مەلا، دەتوانن تەڵاقیش چاک بکەنەوە

6 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى – لۆڤا محەمەد

هێلین جەزا زۆرجار پرسیاری شەرعی تایبەت بەژنانی هەبووە بەڵام شەرمی کردوە لای مەلایەکی ئاینی پیاو پرسیارەکانی بکات، بۆیە دەستبەرداری دەسکەوتنی وەڵامەکانی دەبوو.

هێلین وتی «چەندین پرسیارم لە ناخی خۆمدا حەشارداو ئەوەش بوو بە گرێیەک لەسەر دڵم».

هێلین جەزا، ژنێکی گەنجی سلێمانیە و دڵخۆشە بەوەی کەئیتر وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەستدەکەوێت کە لەڕابردوودا نەیدەتوانی لە پیاوانی ئاینی بکات بەڵام ئێستا دەتوانێت بە ئازادانە لەکۆمەڵێک ژن کە مۆڵەتی فەرمی زانستی شەرعیان هەیە بپرسێت و وەڵامی پرسیارەکانی ناخی خۆی دەستبکەوێت.

دوو هەفتە لەمەوبەر ١١ ژن لەشاری سلێمانی مۆڵەتی زانستی شەرعییان وەرگرت، ئەم ژنانە لەمەودوا دەتوانن مارەبڕینی كوڕان و كچان ئەنجامبدەن و تەفسیری قورئان و زانستەکانی حەدیس و فەقهی ئیسلام بکەن و وەڵامی شەرعی پرسیاری ژنان بدەنەوە.

ئەوەش بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی، کە ژنان بتوانن ئیجازەی زانستی شەرعی وەرگرن و بتوانن ژن مارەببڕن، لەکاتێکدا لە وڵاتیکی وەکو سعودیە بەم دواییانە ریگە بە ئافرەت درا ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت.

هێلین بە هاوڵاتى وت «ئەو پرسیارانەی کە شەرمم دەکرد لە پیاوێکی ئاینی بپرسم، ئێستا زۆر بە ئازادانە و بێ دودڵی دەتوانم لە ژنانی بپرسم و وەڵامەکانم دەستبکەوێت، ژن باشتر لەژن تێدەگات وەک لە پیاوێک، هەربۆیە هیوادارم ژمارەی ئەو ژنانە زۆر بێت تاوەکو بە ئاسانی بتوانین کە پێیان بگەین، هیوادارم کە ئەم ژنانە لە ڕادیۆ و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەرنامەی تایبەت بە خۆیان هەبێت تاوەکو بتوانین پەیوەندیان پێوە بکەین.

ئەم ژنانە دوو جۆر خوێندنیان کردووە، یەکێکیان خوێندنی ئەکادیمی حکومی کە لەپۆلی یەکی سەرەتایی تاوەکو ١٢ی ئامادەییە، دواتریش کۆلیژی زانستە ئیسلامیەکانیان تەواو کردووە لەشاری سلێمانی.  سەرجەمی ئەو ژنانە بەکارلۆریۆسیان هەیە.

خوێندنی دووەمی ئەو ژنانەش خوێندنی حوجرەیە، کە ٧-٨ ساڵ زانستی فیقهـ و تەفسیر و حەدیس و زمان و نەحو سەرفی عەرەبی و مەنتق و بەلاغەیان خوێندووە.

ئەحمەد شافیعی، کە سەرپەرشتی پێدانی مۆڵەتی شەرعی بەو ژنانە داوە بە هاوڵاتى ڕاگەیاند «دوای تاقیکردنەوە و ئەنجامدانی دوو بەحس بە باشمانزانی کە مۆڵەتی زانستی شەرعیان پێبدەین».

وتیشی «ژنان پرسی شەرعیان هەیە و شەرم دەکەن کە لە پیاوانی بکەن، بۆیە ئەم ژنانە شارەزان لە بواری فیقهـیدا و دەتوانن وەڵامی باشتری ئەو ژنانە بدەنەوە، هەروەها ئەم ژنانە دەتوانن لە مزگەوت یاخود خوێندنگاکاندا وانەی زانستی شەرعی بە ژنان و کچان بدەن وەک مامۆستایەکی ئاینی، ئەم ژنانە دەتوانن پێشنوێژی بکەن و وتاریش بدەن، بەڵام ئەمە کاتێک دەبێت کە مزگەوتەکە تایبەت بێت بەژنان نەک لەمزگەوتی پیاواندا».

ئەم کارە زانایانی ئاینی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێی هەستاون، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤ وەکو حزبێکی ئیسلامی بێچەک خۆی راگەیاند، یەکەم حزبی ئیسلامی بووە کە ئافرەتی بردۆیە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبەکەی.

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوای مەراسیمی بەخشینی بڕوانامە بەو ژنانە لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكاران ئاماژاەی بەوەکرد، ئەو كارە یەكێكە لە كارە گرنگەكانی زانایانی حزبەكەی و بە «پڕۆژەیەكی نەوعی جیاوازە» ناویبرد.

هەروەها وتی کە ئەوە یەكێك بووە لە ئاواتەكانی خۆی کە ببینێت ئافرەتانی شارەزا لەزانستی ئیسلامیەکان دەتوانن وەڵامی پرسیارە شەرعیەکانی ژنان بدەنەوە.

بەپێی مۆڵەتە شەرعیەکانیان جگە لەوەی ئەو ژنانە دەتوانن هاوشێوەی پیاوان ئیمامەتی بکەن، ئەو ١١ ژنە دەشتوانن مارەی کچان و کوڕان ببڕن، ئەوەش دوای بە جێگەیاندنی گرێبەستەکەیان لەڕووی یاساییەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە پیشتر تەنها پیاوان ژنیان مارە دەبڕی.

بەپێی مۆڵەتە شەرعیەکانیان ئەم ژنانەش توانای چاککردنەوەی تەڵاقی پیاوانیان هەیە، ئەحمەد شافیعی وتی «زۆرجار لەنێوان هاوسەراندا دەمەقاڵێ ڕوودەدات و لە زمانی پیاوەکەوە تەڵاق دێتە دەرەوە، بەڵام ئەم ژنانە دەتوانن وەک مامۆستایانی ئاینی پیاوان ئەو تەڵاقە چاکبکەنەوە و هاوسەرەکان ئاشتبکەنەوە».

سەبارەت بەناوی ئەو ژنانە لەزانستی شەرعیدا، ئەحمەد شافیعی دەڵێت «بە پیاوان دەوترێت مامۆستایانی ئاینی و مەلا، بەڵام بەو ژنانە دەتوانرێت بوترێت مامۆستای ئافرەت و شارەزا لەبواری فقهی ئیسلامیدا.»

قەدریە سەید عەلی، یەکێکە لەو ١١ ژنەی کە مۆڵەتی زانستی شەرعی (ئیجازەنامەی زانستی شەرعی) بە ‌هاوڵاتى وت «وەرگرتنی ئەو مۆڵەتە زۆر دڵخۆشی کردم، لەماوەی تەمەنم هەر شتێکم بەدەستهێنابێت بە ئەندازەی بەدەستهێنانی ئەم مۆڵەتە شەرعیە دڵخۆشی نەکردووم».

وتیشی «هەموو ئەو زانستانەی کە مامۆستایەکی ئاینی پیاو دەیخوێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە وتاربێژ ئەوا ئێمە خوێندومانە، هەربۆیە ئەوەی مامۆستایەکی ئاینی پیاو دەتوانێت بیکات ئەوا ئێمەش وەک ئەو ١١ ژنە دەتوانین بیکەین، جگە لە پێشنوێژی کردن لە مزگەوتی پیاوان، کە ئەگەر مزگەوتی تایبەت بە ژنان هەبێت ئەوا دەتوانین کە پێشنوێژیش بکەین و وتاریش بدەین».

 

وتیشی» بۆچی دادوەری ژن دەتوانێت لە دادگادا کچان و کوڕان مارە بکات، بۆچی ئێمە نەتوانن ئەو کارە بکەین، لە کاتێکدا مۆڵەتەکەمان ڕێگە بەوە دەدات، بۆیە ئامادەین بۆ ئەو کارەو لە هەرکاتێکدا بانگبکرێین دەچین، بۆیە چاوەڕێی ڕاهاتنی کۆمەڵگەین بەوەی کە ئێمە بتوانین مارەیان ببڕین».

هەڵاڵە محەمەد، یەکێکی دیکە لەو ژنانە کە ئیجازەی شەرعی وەرگرتوە پیش ئەوەی مۆڵەتی شەرعی وەرگرێت لەلایەن ئافرەتانەوە پرسیاری شەرعیان لێکراوە، بەڵام ئاماژە بەوەدەکات لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتەکەوە ئەو پرسیارە شەرعیانەی رووبەڕووی دەکرینەوە زۆرتر بوون.

ئەگەرچی هەتاوەکو ئێستا داواکاری مارەبڕینی کچان و کوڕانی بۆ نەهاتووە، بەڵام هەڵاڵە محەمەد، بە ‌هاوڵاتى وت «ئەگەر هەر داوایەک بێت ئەوا ئامادەین و زۆرباش دەتوانین بە ئەنجامی بگەیەنین».

وتیشی «بۆ ئەوەی وەڵامی تەواوی ژنان بدەینەوە هەبوونی بەرنامەیەکی تایبەت بە خۆمان لەکەناڵ و ڕادیۆکان گرنگی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی ژنان خۆیان دەتوانن وەڵامە شەرعیەکان و غەیرە شەرعی و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان بدەنەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار