دیلێکی لای داعش: دوو جار لەسەربڕین نەجاتم بوو

6 ساڵ لەمەوپێش



سەندەی تایمز – هاوڵاتى

وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: یاد قوربانی

 

چەقۆ لەسەر ملی، ئانی حسێن موسا چاوەکانی داخست و خۆی بۆ مردن ئامادەکرد. زەبری چەقۆی جەلادەکەی داعش لەسەر ملی هێنایە سەر ئەژنۆ. گیراوێکی تر لەلایەوە سەربڕدرابوو و فیچقەی خوێن بە جلەکانی ئانیەوەبوو. ئێستا نۆرەی ئەمبوو.

بەڵام چەقۆکە ملی ئەمی نەبڕی. ئانی ڕاپێچی زیندانەکەی کرایەوە کە لەلایەن منداڵێکی مێشکشۆراوەی تەمەن ١١ ساڵانەوە پاسەوانی دەکرا. مانگێک دواتر هەمان ڕووداو دووبارەبوەوە و دووبارە چۆکی پێ دادرایەوە و پێدەچوو دەربازبوون لەدەستی مەرگ مەحاڵبێت.

بەڵام سەرسوڕهێنەرانە ڕزگاریبوو و هەفتەی پێشوو ئانی تەمەن ٣١ ساڵان بەسەرهاتی دوو جاری خۆی لەگەڵ جەلادێکی داعشدا گێڕایەوە.

ئانی یەکێک بوو لە دەیان دیلی داعش کە لە لایەن داعشەوە دەستبەسەرکرابوون و وەک کارتی فشاری مرۆیی بەکاردەهێندران لە دواین مۆڵگەی خۆیاندا لە بیابانەکانی سوریا.

داعش ژیانیانی دەختە مەزادەوە تا هێرشەکانی سەریان دوابخەن. هەندێکیان بە هەڕەمەکی هەڵدەبژێردران و سەردەبڕدران و هەندێک جار ڤیدیۆی کوشتنەکانیان لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاودەکرایەوە وەک چەکێکی بزێوی دانوستان. هەندێکی تریشیان لە لایەن هەندێک تیرۆرسی داعشەوە ڕزگاردەکران کە نەیاندەویست لە شەڕەکەدا بکوژرێن، تا لە بەرانبەردا ڕێگایەکی سەلامەتی ڕزگاربوون بدۆزنەوە.

دانوستانەکان لەگەڵ داعش ئەم هەینیە ڕاگیرا کاتێک هێزە زۆرینە کوردیەکانی سوریای دیموکرات دواین هێرشیان بۆ لەناوبردنی سەرتاسەریی خەلافەتی داعش ڕاگەیاند. ڕاپۆرتی پێکدادانەکانی ئەم هێرشە لە ناو باغوز باس لەپێکدادانی قورس و شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لەخۆدەگرن.

ئانی ئێستا لە شارۆچکەکەی خۆیانە لەگەڵ چەند دیلێکی پێشووی داعش نزیکەی ٣٠ میل لە دەرەوەی باغوز. چیرۆکی ئەم و دیلەکانی ئەوێ چیرۆکێکی نەبیستراوی هێرشەکەی باغوزە.

ئانی ئەندامی تیرەی (شێتات)ە کە تیرەیەکی بەهێزە و لە دەستپێکی شەڕی داعشەوە پەیوەندیان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کردووە و دژایەتی و شەڕی چەکدارییان دژ بە داعش ڕاگەیاندووە. هەرچەنە تیرەی شێتات دیندار و محافزکارن، بەڵام داعش بە توندڕەو و لەدیندەرچوو دەزانن.

ئەم خوێنەی کەوتوەتە بەینی داعش و تیرەکەوە وایکردوە ئانی و خزمەکانی ببنە ئامانجی تیرۆرستانی داعش. بەڵام ئانی، لەبەر تێوەگلانی لە کاری قاچاغچیەتی لەناو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعشدا شەش جار لە لایەن تیرۆرستانەوە دەستگیرکراوە و چەندین مانگ ئەشکەنجەی چەشتوە. هەر شەش جارەکە لە لایەن داعشەوە ئازادکراوە، جارێکیش لەلایەن خێزانەکەیەوە داواکاری ڕاستەوخۆ نێردراوە بۆ داعش بۆ ڕزگارکردنی و بە فەرمانی ئەبو بەکر بەغدادی ڕزگارکراوە، بەڵام ئامۆزاکەی کە پەیامەکەی گەیاندوەتە خەلیفەکەی داعش لە جێی ئانی دەستگیرکراوە.

لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا موسا بۆ جارێکی تر و لە کاتی خۆڵبارینێکی بەهێزدا دەستگیر دەکرێتەوە و لەگەڵ کۆمەڵێک خزمیدا دەنێردرێنە باغوز، «٥٣ نەفەربووین، هەموومانیان خستە کەرەڤانێکەوە و پارچەیەک پلاستیکیان بۆ داناین میزی تێبکەین. هەوا زۆر کەمبوو لە ناو کەرەڤانەکەدا. یەکێک لە پیاوەکان زۆر نەخۆشکەوت بۆ سێ ڕۆژ و شەوەکەی مرد. بۆ بەیانی قەبرێکیان لای کەرەڤانەکەوە بۆ هەڵکەند و ناشتیان. ڕۆژێکی تر پێنجیان لێ هەڵبژاردین و بردیاننە خانویەکەوە و بە فیشەک کوشتیانن.»

یەکەم بەیانی لە کەرەڤانەکەدا، ئانی چاوەڕێی مەرگ بوو. تیرۆرستەکان هاتنە کەرەڤانەکەوە و لەگەڵ سێ دیلی تردا بردیاننە خانویەکی نزیک لەوێوە، جلی پرتەقاڵیان لەبەرکردن و کامێرایەکیان داگیرساند.

یەکێک لە دیلەکان کە لەتیرەیەکی تربوو دواین وشەکانی وت و تیرۆرستێکی سەرتاپا ڕەشپۆش چەقۆکەی دەرهێنا و سەریبڕی، ئانی دەیزانی دوای ئەو سەرەی ئەمە.

ئەو دەڵێت: «چۆکیان پێدادام و چەقۆیان خستە سەر ملم، زانیم دەمرم.»

بەڵام هەڵیانساندەوە و ڕاپێچیانکردەوە بۆ کەرەڤانەکە.

بەڵام ئەمە دواین ڕووبەڕووبوونەوەی نەبوو لەگەڵ مەرگدا، دەڵێت: «دوو هەفتە لەمەوبەر تیرۆرستان دووبارە هاتنەوە بۆ کەرەڤانەکە و جەلادەکەیان لەگەڵدابو. نۆ کەسیان بە گۆترە هەڵبژارد و ناوی منیان خویندەوە و بردیانینە دەرەوە. پرسیم: ‹بۆ کوێ دەرۆین؟› «

جەلادەکە وتی: «بەرەو مەرگی تۆ»

ئانی بیری نەدەکردەوە، ئەو دڵنیابوو دەمرێت. لە دەرەوەی کەرەڤانەکە قەبرێکی ناقوڵ هەڵکەندرابوو بۆ یەکێک لەوانەی پێشتر کوژرابوو. تیرۆرستەکان یەکی نەختێک خوێیان دانێ تا بیخەنە سەر زمانیان تا هێزیان هەبێت هەستنە سەرپێ و دوا نزاکانیان بکەن.

هەموویان خستنە پاسێکی بچوکەوە و بردیاننە سنورەکانی دەرەوەی باغوز، لەوێ ئانی کەوتە سەر چۆک و جەلادەکەی داعش پاڵی بەسەریەوە نا بۆ سەر زەوی. بە بەرخۆیەوە ئانی دوا نزاکانی کرد.

«ڕاکەن،» یەکێک هاواری کرد و دەستەکە لەسەر پشتی نەما. جەلادەکەی داعش لەوێ نەمابوو و ئانی و دیلەکانی تر بەرەو چاڵێکی گەورە لە پێشیانەوە ڕایاندەکرد. لەوبەرەوە چەکدارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لێدیاربوون. داعش ئازادی کردبوون.

«ڕامکرد و باوەشم بە هەموواندا کرد، ژیانم دووبارە دەستی پێکردەوە. لە ماوەی ١٠ خولەکدا لە مەرگەوە بۆ ژیان گەڕامەوە.» ئەو ئێستا سەیارەکەشی لە داعش دەوێتەوە کە لێیان بردبوو، دەڵێت بۆ ئیش پێویستمە.

لە کانوونی یەکەمی ساڵی پارەوە تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاد لە ٤٠ هەزار هاوڵاتی سڤیلیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش ڕزگارکردوە بەڵام پلانی ڕزگارکردنەکەی ئانی نزیکەی سێ هەفتە بەر لە ئێستا دەستی پێکرد.

سەرکردەیەکی جەزائیری داعش کە ناوی لە خۆی ناوە (ئەبو عایشە ئەل جەزایری) لە ڕێی تۆڕی پەیوەندیی (وەتس ئاپ)ەوە پەیوەندی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کردوە و داوای کردوە شەڕو بۆردمانەکان ڕاگرن تا دەست بە دانوستان بکەن.

لەبەرانبەردا داعش ڕازیبووە کە دیلەکان ڕزگاربکات. لە ڤیدیۆیەکدا کە هەفتەی پێشوو بڵاوبوەتەوە، بەرپرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە چەند شەڕکەرێکیان دەڵێت، کە پێشتر دیلی داعش بوون، کە شەڕ ڕاگیراوە تا ئەوان ئازادبکرێن. بەڵام ئەم بابەتە هەستیارە و بەرپرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕەتی دەکاتەوە کە هیچ دانوستانێک ڕووی دابێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار