«کوردستان» بانگەشەى هەڵبژاردن لەتورکیا گەرم دەکات

پەرلەمانتارێکى هەدەپە: ئەمجارە رێگە بە ئەکەپە نادەین قەیوم لەو شوێنانە دابنێت کە ئێمە دەیبەینەوە

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەرلەمانتارێکى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) رایدەگەیەنێت ئامانج لە دژایەتیکردنى ناوى کوردستان و مافەکانى کورد لە باکورى کوردستان لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاوە راکێشانى دەنگى نەتەوەپەرستەکانە، جەختیشدەکاتەوە ئەگەر سەربکەون دانانەوەى قەیومەکان لەلایەن ئەکەپەوە قبوڵ ناکەن و رەتیدەکەنەوە.

کۆتایی ئەم مانگە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا بەرێوەدەچێت و پارتە سیاسییەکان سەرقاڵى بانگەشەى هەڵبژاردنن لە سەرتاسەرى ئەو وڵاتە بەمەبەستى راکێشانى دەنگى هاوڵاتیان.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا و سەرۆکى گشتى پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار لەچەند رۆژى رابردوودا چەند جارێک لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا رایگەاند، شوێنێک نییە بەناوى کوردستان لە تورکیا و ئەگەر هەدەپە ئەوەى دەوێت بچێت بۆ باکورى عێراق، ئەوێ کوردستانە.

ئەوە لەکاتێکدایە پێش گرتنە دەستى دەسەڵات لەو وڵاتە لەلایەن ئەکەپە و تا چەند سالێک لەمەوبەر، بەرپرسانى ئەکەپە لەسەرووى هەموویانەوە ئەردۆغان جەختیان لەسەر مافەکانى گەلى کورد لە تورکیا دەکردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ پەکەکە دەستیان بە دانوستان کرد کە تا ساڵى ٢٠١٥ درێژەى کێشاو دواتر شەڕى نێوانیان دەستیپێکردەوە.

پارتى دیموکراتى گەلان هەدەپە بۆ ئەمجارە بە گڕوتینێکى زیاترەوە بەشدارى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا دەکات، دەیەوێت لە رێگەیەوە دژى فشارەکانى دەوڵەت بوەستێتەوە کە لە ساڵى ٢٠١٥ەوە چڕیکردووەتەوە و بەهەزاران ئەندام و بەرپرس و پەرلەمانتارى ئەو حزبەى خستووەتە زیندانەوە و دۆسیەى لەدژیان کردووەتەوە.

حەسەن ئۆزگەنوش ئەندامى پەرلەمانى تورکیا لە فراکسیۆنى هەدەپە لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ‌ باس لەوەدەکات، کە مەبەستى ئەردۆغان لە دژایەتیکردنى ناوى کورد و کوردستان، بەدەستهێنانى دەنگى زیاترى نەتەوەپەرستەکانە، تا بتوانێت ژمارەى دەنگەکانى حزبەکەى زیادبکات و باڵادەستى زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.

پارتەکەى ئەردۆغان (ئەکەپە) بۆ ئەم هەڵبژاردنە دریژەى بە هاوپەیمانى کۆمار داوە لەگەڵ بزوتنەوەى نەتەوە پەرست (مەهەپە) کە ساڵى رابردوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى و سەرۆکایەتى بەشداریان تێدا کرد.

حەسەن ئۆزگەنوش وتى «هزرى مەهەپە نکوڵیکردن و ئینکارکردنى کوردە، ئیستاش ئەردۆغان بەهەمان شێوە سیاسەت دەکات و دەیەوێت دەنگى ئەوان بەلاى خۆیدا رابکێشێت، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو قسانەى ئەردۆغان دەبێتە هۆى کەمبونەوەى دەنگى ئەکەپە بەتایبەت بە ناوچەکانى باکورى کوردستان».

جگە لە ناوى کوردستان لە ئێستادا بەرپرسانى ئەکەپە لەسەرووى هەموویانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختدەکەنەوە کە ئەگەر هەدەپە لەو ناوچانە سەرکەوتن بەرجەست بهێنێتەوە کە دەوڵەت قەیومى بۆ داناون و بەشێوەى پێشو مامەڵە بکەنەوە، ئەوا جارێکى تر قەیومیان بۆ دادەنێتەوە.

قەیوم بەو کەسانە دەوترێت کە حکومەتی تورکیا لە دەرەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی شارەوانیەکان دایاندەنێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکە هەڵبژیردراوەکان تۆمەتبار دەکات بە پشتگیری پەکەکە. تورکیا لە 14/8/2016 یاسای قەیومی لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرد. بەپێی یاساکە ئەو سەرۆک شارەوانیانەی پشتگیرییان لە پەکەکە کردوە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆک شارەوانییەکان لەکار دوور بخاتەوە و لە شوێنەکەی ئەو کەسێکی دیکە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانکراوە دادەمەزرێنرێت.

لەکۆی ١٠٤ سەرۆک شارەوانی ناوچەکانی باکوری کوردستان، زیاتر لە ٩٠ سەرۆک شارەوانی لە هەدەپە سەنراوەتەوە و سەرۆکەکانیان یان زیندانی کراون یان لەکارەکانیان دورخراونەتەوە بە پاساوی جۆراوجۆر کە دیارترینیان لایەنگریکردنی پەکەکەیە.

ئامانجی سەرەکی هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێنانەوەی ئەو شارەوانییانە و بەدەستهێنانی شارەوانی زیاترە.

حەسەن ئۆزگەنوش وتى «٩٦ شارەوانیى ئێمە دەوڵەت قەیومى بەسەردا سەپاندوون، دەمانەوێت ئەو شارەوانییانە بەدەستبهێنینەوە، لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک شارەوانى دیکەى شارو شارۆچکەکان، تەنانەت لەناوچە تورکییەکانیش، بە گشتى چاومان لە ١٢٠ بۆ ١٣٠ سەرۆک شارەوانییە کە بەدەستى بهێنین».

جەختیشیکردەوە، باسکردنى دانانەوەى قەیوم لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ ترسانى ئەکەپە و گەلى کوردە، دەیەوێت پێیان بڵێت کە ئەگەر دەنگیش بدەنە هەدەپە سودى نییە و ئەوان قەیوم لە ناوچەکانیان دادەنێن «بەڵام با بزانن کە ئەمجارە هەدەپە و گەلى باکور دانانى قەیوم لەشوێنى ئەو کەسانەى هەڵدەبژێردرێن قبوڵ ناکەن».

وتیشى «جگە لەوەش لەرووى نێودەوڵەتییەوە پێناچێت جارێکى تر ئەوە قبوڵ بکرێت بەتایبەتى لە ئێستادا کە تورکیا لەرووى نێودەوڵەتییەوە بارودۆخی خراپە و رەخنەى لێدەگیرێت لەسەر پرسی پێشێلکردنى مافى مرۆڤ».

ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەدەپە کە گەورەترین پارتی کوردییە لە تورکیا جیاوازە، بەو پێیەی لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە بەشی زۆری پەرلەمانتار و سەرکردەکانی لە زینداندان و ئەو شارەوانییانەشی لێسەنراوەتەوە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەدەستی هێنابوو.

بەپێی ئامارەکانى هەدەپە، لە ساڵى ٢٠١٦ەوە تا ئێستا ١٠ هەزار ئەندام و لایەنگر و بەرپرس و پەرلەمانتارى ئەو حزبە دۆسیەیان بۆکراونەتەوە و زیندانى کراون، کە لەناویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پێشووى ئەو پارتە هەیە کە تائێستا لە زینداندایە.

بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ، هەدەپە لەگەڵ حەوت پارتی کوردیدا هاوپەیمانى بەستووە.ئەو پارتانە لەنەخشە رێگای کارکردنیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و کەمبونەوەی رۆڵی پەرلەمان، گرنگە لەرێگەی شارەوانیەکانەوە بتوانن پەیامەکانیان بگەیەنن و کارەکانی خۆیان بکەن. بەتایبەتى دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردوو، کە سیستەمی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و زۆربەی دەسەڵاتەکان لەدەستی سەرۆک کۆماردا کۆکرایەوە.

جگە لەو هاوپەیمانێتییە، هەدەپە هاوپەیمانێتییەکى رانەگەیەنراوى هەپە لەگەڵ پارتى گەلى کۆمارى جەهەپە بۆ هاوکاریکردنى یەکتر لەهەندێک ناوچە، تا بتوانن بەرانبەر هاوپەیمانى کۆمار بوەستەوە و لاوازى بکەن.

پەرلەمانتارەکەى هەدەپە باسى لەوەکرد، لەگەڵ جەهەپە و هێزە یموکراتی و چەپەکان هەماهەنگى هەیە لەنێوانیاندا تا بتوانن لەهەندێک ناوچە هاریکارى لەنێوانیاندا هەبێت تا لەهەندێک ناوچە بتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن و شارەوانى زیاتر ببەنەوە.

پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە کاندیدەکانی بۆ ٤١ شار و شارۆچکە دیاریکردووە، کەدەکەونە سنورەکانی وان و ماردین و قارس و موش و بەدلیس و جولەمێرگ و ئاگری و شرناخ و ئامەد و چەند ناوچەیەکی دیکە، بەڵام له‌هه‌ندێک له‌شاره‌ گه‌وره‌کان کاندیدیان نییه‌.

هەدەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە چەند کەسێکی کاندیدکردووەتەوە بە ئامانجی کۆکردنەوەی دەنگی زۆر، کە یەکێک لە دیارترینیان ئەحمەد تورک سەرۆکی پێشووی شارەوانی گەورەی ماردینە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەساڵی ٢٠١٤دا ١٨٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام دوو ساڵ دواتر لەلایەن ئەنقەرەوە لەسەرکار لادرا و کەسێکی دیکە وەکو قەیوم لەشوێنی دانرا.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندی سامەر کە بنکەکەی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستانە و لە ١٦ پارێزگای باکوری کوردستان ئەنجامدراوە ، دەنگەکانی هەدەپە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەڕێژەی لەسەدا شەش زیادیکردووە و هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ دانانی دوبارەی قەیوم لەسەر ئەو شارەوانیانەی هەدەپە بەدەستیان دەهێنێت کاریگەری دروستنەکردووە.

هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردووی تورکیا توانی بەربەستی لەسەدا ١٠ بۆچونە پەرلەمان ببڕێت، سەرەڕای ئەو فشارانەی روبەڕووی ببووەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دەیەوێت دەنگەکانی زیاد بکات بەتایبەت لەشارەکانی باکوری کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار