خۆهەڵبژاردنەوەی سەرۆکە پیرەکەی جەزائیر شەقامی خرۆشاند

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، سەرۆکە پیرەکەی جەزائیر دژی داواکاری خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی وەستاوەتەوە و ڕایگەیاندوە کە ئەم هەڵبژاردنەش بەشداریدەکاتەوە کە دەبێتە پێنجەم جار سەرۆکە ٨٢ ساڵەکە خۆی کاندیدکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، هاوکات بوتەفلیقە بەڵێن بە خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی دەدات کە گەر ئەم جارە هەڵبژێردرێتەوە چوار ساڵەکەی تەواو ناکات و دەست لە کاردەکێشێتەوە. 

لەپەیامێکدا کە لە تەلەفزیۆنە حکومیەکانی جەزائیرەوە خوێندرایەوە، بوتەفلیقە ڕایگەیاند کە گەر لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی وڵاتەکەیدا وەک سەرۆک هەڵببژێردرێت یەکەم کاری سەرپەرشتیکردنی دایالۆگێکی نیشتمانی دەبێت و دواتر وادەی هەڵبژاردنێکی نوێ دەستنیشان دەکات کە خۆی تیایدا بەشداری ناکات. 

بوتەفلیقە دوابەدوای توشبوونی بە جەڵتەیەکی مێشک لە ساڵی ٢٠١٣ وە زۆر کەم لە میدیاکان و لە کەشە گشتیەکاندا دەردەکەوێت. 

ڕۆژی یەکشەممە و دوابەدوای پەیامەکەی بوتەفلیقە شەپۆلێکی تری خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە سەرەڕای ئۆفەرەکەی سەرۆکەکەیان بۆ دەستلەکارکێشانەوە دوای هەڵبژاردنەوەی. 

هەر لە هەمان ڕۆژدا وادەی کۆتایی بۆ پێشکەشکردنی فۆرمی خۆ کاندیدکردن دیاریکراو هەموو کاندیدەکان مەرجیان لەسەر داندرا کە بە دەستی فۆرمەکانیان پێشکەشبکەن، جگە لە بوتەفلیقە کە بەڕێوەبەری کامپینی هەڵبژاردنەکەی فۆرمەکانی بۆ پێشکەشکرد لەکاتێکدا خۆی لەسویسرا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت. 

ئۆفەرەکەی سەرۆکە پیرەکە چیە؟ 

لە پەیامە نوسراوەکەیدا کە لە میدیا حکومیەکانی جەزائیر بڵاوکرایەوە بوتەفلیقە ڕایگەیاند کە گەر سەرکەوتووبێت لە هەڵبژاردنەکاندا (کۆنفرانسێکی نەتەوەیی) ساز دەکات و دواتر هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ. ڕاشیگەیاندووە کە دووبارە خۆی کاندید ناکاتەوە لە هەڵبژاردنە نوێکەدا و گوێی لە داوای خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی گرتووە. 

ئەو لە پەیامەکەیدا دەڵێت: «من گوێم لە داواکاریە ڕەواکانی خۆپیشاندەران بوو کە لە ناخی دڵیانەوە بە هەزاران گەنجی وڵاتەکەم لەسەر داهاتووی وڵاتەکەمان پرسیارم لێ دەکەن. ئەم گەنجانە ترسیان لە داهاتوویەکی نادیار هەیە کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. تێدەگەم و ئەرکی سەر شانمە کە دڵ و دەروونی هاونیشتمانیانم ئارامبکەم.»

عەلی غەدیری، کاندیدێکی بەهێز دژ بە بوتەفلیقە

تائێستا شەش کاندیدی تر بە فەرمی ناوی خۆیان تۆمارکردوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی جەزائیر. لە میانەی ئەو کاندیدانەدا دیارترینیان (عەلی غەدیری)ە کە جێنراڵێکی سەربازیی خانەنشینە و هەڵگری بەڵێنی ڕیفۆرم و گۆڕانکاریە بۆ جەزائیر. 

غەدیری کە بە فەرمی فۆرمی کاندیدبوونی پێشکەشکردوە لەگەڵ بەڕێوەبەری کەمپینەکەیدا داوا دەکات کە «پێکەوە ڕێگری لە پێنجەم هەڵبژاردنەوەی بوتەفلیقە بکرێت». لە چەند مانگی پێشوودا جێنراڵ غەدیری پەیامێکی لە ڕێگای میدیاکانی وڵاتەکەیەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا داوای لە هێزە سەربازیەکانی وڵاتەکەی کرد کە ڕێگری لە سەرۆک بوتەفلیقە بکەن لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوەیدا. 

ئەم هەڵوێستەی غەدیری لە لایەن بەرپرسە حکومیەکان و بە تایبەت (ئەحمەد سەڵاح)ی بەرێوەبەری ستافی سەرۆکەوە ئیدانەکراو هەڕەشە لە غەدیری کرا کەگەر بەردەوامبێت لەم هەڵسوکەوتانەی پلە سەربازیەکەی لێ دەسێندرێتەوە. لە میانەی سزادانی غەدیریدا، هەفتەی پێشوو جێنراڵە خانەنشینەکە ڕێگای پێ نەدرا بەشداربێت لە پرسەی (عەبدولمالیک گوێنەیزیە)ی جێگری وەزیری بەرگریی پێشوودا، ئەم ڕێگریەش لە لایەن ئەحمەد سەڵاحەوە بووە کە ڕایگەیاندوە ڕازی نابێت لە شوێنێک بێت کە غەدیری لێبێت.

هاوکات (بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ کۆمەڵگای ئاشتی) داوای ڕیفۆرمی نەتەوەیی دەکەن و دووبارە هەڵبژاردنەوەی بوتەفلیقە بە مەترسیدار لە قەڵەمدەدەن و بەڵێنەکانی چاکسازیی سەرۆکە پیرەکە بەتەنها قسە لەقەڵەمدەدەن، ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئەو هەمان ئەم بەڵێنانەی لە ساڵی ٢٠١١شدا بە خەڵک دا و هەرگیز جێبەجێی نەکردن.

بەڵێنەکانی بوتەفلیقە و بڕیاری دووبارە خۆ کاندیدکردنەوەی هیچیان لە هەڵوێستی غەدیری نەگۆڕیوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە غەدیریەوە بە ڕۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت)ی سعودی ڕاگەیاندووە: «ئێمە پەیوەست نین بە بڕیاری خۆ کاندیدکردنەوەی بوتەفلیقەوە و بەردەوام دەبین لە کەمپینی هەڵبژاردن بێدەربەست لەوەی ئەو چی دەڵێت.» 

کێی تر خۆی کاندیدکردوە بۆ سەرۆکایەتی؟

جگە لە عەلی غەدیری، پێنج کاندیدی تر بوونیان هەیە. لە دیارترینیان خاوەنکارێکی بەناوبانگە بە ناوی (ڕەشید نەکاز)ەوە کە پاڵپشتێکی زۆری گەنجی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەیە، بەڵام کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایانگەیاندوە کە ڕەشید مەرجی خۆ کاندیدکردنی نیە و لە بەرانبەردا ئامۆزایەکی ڕەشید، کە وەک ئەو ناوی ڕەشیدە خۆی کاندیدکردوە و خاوەنکارەکەش بەڵێنی داوە بەڕێوەبەری کەمپینی هەڵبژاردنەکەی بێت. 

هەردوو حزبی ئۆپۆزسیۆن، پارتی کرێکاران و بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ ئاشتی کۆمەڵگا ڕایانگەیاندوە کە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن. 

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە کێیە؟

بوتەفلیقە لەساڵی ١٩٩٩ دا دەسەڵاتی گرتەدەست و بە فەراهەمکەری ئاشتی لەقەڵەمدرا دوای دامرکاندنەوەی شەڕێکی ناوخۆ لە جەزائیر کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس تیایدا بوونە قوربانی. 

خۆپیشاندەران لە ساڵی ٢٠١١ دا و لەمیانەی بەهاری عەرەبیدا ڕژانە سەر شەقام دژ بەبەرزی نرخی خۆراک و زۆریی ڕێژەی بێکاری، لە وەڵامدا سەرۆکە پیرەکە باری نائاسایی کۆتایی پێهێنا کە ٢٠ ساڵ بوو ڕاگەیەندرابوو و زۆرێک لە داواکاری خۆپیشاندەرانی پێ جێبەجێکرد. 

دوابەدوای جەڵتەکەی، دووبارە هەڵبژاردنی وڵاتەکەی بردەوەو توانی دەزگای هەواڵگری وڵات پەکبخات و بە دەزگایەکی نزیک لە خۆیەوە جێی گرتەوە. 

سەرەڕای خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان، بوتەفلیقە پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا سەرکەوتووبێت. 

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی جەزائیر یەک دەنگ نین و بوتەفلیقە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لە ساڵی ٢٠١٤دا توانی سەرکەوتوو بێت سەرەڕای ئەوەی خۆی لەبەر خراپی باری تەندروستی لەکەمپینی هەڵبژاردنەکەیدا دەرنەکەوت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار