زیندانیانى سیاسى له‌هه‌وڵدان مووچەکەیان له‌به‌غداوه گەرهنتى بکرێت
6 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
زیندانیانى سیاسى و که‌سوکارى شه‌هیدان، هه‌وڵه‌کانیان چڕکردووه‌ته‌وه تا هاوشێوه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه له به‌غداوه بودجه‌یان بۆ ره‌وانه بکرێت، به‌ڵام دیار نییه هه‌وڵه‌که‌یان ده‌گاته ئه‌نجام یاخود نا.
له‌بودجه‌ى 2019 ى عێراقدا (مینحه) بۆ که‌سوکارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى و که‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر ته‌رخان کراوه که بڕه‌که‌ى مانگانه 125 ملیار و بۆ ساڵێک تریلۆنێک و 500 ملیار دیناره، به‌ڵام له‌حاڵه‌تێکدا ده‌درێت که هه‌رێمى کوردستان نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات.
ئه‌حمه‌د مام ره‌سوڵ سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى زیندانیانى سیاسى به هاوڵاتی وت «دوێنێ له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم بووین، خه‌ریکى ئاماده‌کردنى نوسراوێک بووین تایبه‌ت به‌م بابه‌ته بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین هاوشێوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان به‌هه‌مان میکانیزم بودجه‌ى تایبه‌ت بۆ شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى لاى حکومه‌تى عێراقییه‌وه بنێردرێت».
به‌پێی ئاماره‌کان له‌هه‌رێمى کوردستان 22 هه‌زار زیندانى سیاسى بوونیان هه‌یه. که مانگانه له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه مینحه‌که‌یان ده‌گاته 43 ملیار، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوتا بکرێت له‌گه‌ڵ به‌غدا 108 ملیار دینارى دیکه پێویسته.
سه‌رۆکى کۆمهڵەى زیندانیانى سیاسى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، ته‌نها 5 هه‌زارو 162 که‌س لاى حکومه‌تى هه‌رێم مینحه وه‌رده‌گرن و زیاتر له 17 هه‌زاریان ته‌نها ناویان تۆمار کراوه‌و هێشتا هیچیان وه‌رنه‌گرتووه.
موچه‌ى زیندانیانى سیاسى که له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه پێیان ده‌درێت، له برى 250 هه‌زار دینارى مانگانه‌وه ده‌ستپێده‌کات تا 500 هه‌زار دینار.
وته‌بێژى سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌ڵێت پێشتر و ئێستاش پشتگیرى داواکارییه‌کانى زیندانیانى سیاسی ده‌که‌ن و مافى خۆیانه وه‌ک هه‌ر زیندانیه‌کى سیاسى دیکه‌ى عێراق به‌غدا مینحه‌یان پێبدات.
حه‌سه‌ن جیهاد، وته‌بێژى سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ کاروبارى هه‌رێمى کوردستان له لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت «سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى زیندانیانى سیاسى هه‌رێم هاته به‌غداو سه‌ردانى چه‌ندین شوێنى کردووه، ده‌بێت ئه‌و لیسته‌ى ئه‌وان ئاماده‌ى ده‌که‌ن، زیندانیانى سیاسى عێراق پشتگیری‌یان بکه‌ن، چونکه ئه‌مانه له‌سه‌ر ده‌ستى رژێمى به‌عس سزادراون و بونه‌ته قوربانى».
جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که وه‌ک سه‌رۆکایه‌تى کۆمار هه‌موو کات هاوکارییان ده‌که‌ن «کاک دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح پشتگیرى ته‌واویان ده‌کات و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه له‌سه‌ر خه‌ت بووه و مافى خۆشیانه له‌عێراقه‌وه مینحه‌یان بۆ بنێردرێت به‌تایبه‌ت شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى».
ناردنى مینحه‌ى تایبه‌ت به زیندانیانى سیاسی له‌لایه‌ن به‌غداوه، به‌ستراوه‌ته‌وه به راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه به به‌غدا، به‌ڵام تا ئێستا هه‌رێم ئاماده‌یی بۆ راده‌ستکردنى نه‌وت نیشان نه‌داوه.
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان له‌مساڵدا رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات، مانگانه بڕى 180 ملیار دینار مینحه بۆ شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى ده‌نێردرێت.
وتیشى «حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌مساڵ نه‌وت راده‌ست ناکات، به‌ڵام حکومه‌تى عێراق ده‌توانێت ره‌زامه‌ندى بدات له‌سه‌ر خه‌رجکردنى مینحه بۆ زیندانیانى سیاسى و که‌سوکارى شه‌هیدان».