سه‌رکردایه‌تیه‌کى پارتى: به یه‌کێتیمان وت پشکه‌کانى گۆڕان له‌حکومه‌ت قابیلى موناقه‌شه‌ نییه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: هاوڵاتی

ئاراس حه‌سۆ میرخان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌یه‌کێتیمان وتووه‌ پشکه‌کانى گۆڕان له‌ حکومه‌ت قابیلى موناقه‌شه‌ نییه‌ و ده‌توانن داواى پشکى دیکه‌ بکه‌ن.

ئاراس حه‌سۆ میرخان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی باس له‌وه‌ده‌کات، ره‌نگه‌ هاوشێوه‌ى ئه‌و پۆسته‌ى له‌سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت بۆ گۆڕان دانراوه‌، جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمیش بۆ کاروبارى پرسێکى دیکه‌ بۆ یه‌کێتى دابنرێت. به‌ڵام پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ گۆڕانه‌ ئه‌وه‌ کۆتایی پێهاتووه‌.

جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌، ده‌رفه‌تى به‌فیڕۆدانى کات نه‌ماوه‌ بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت. پێشبینیش ده‌کات لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا ده‌ستبه‌کاربن بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى پرسی پۆسته‌کانى حکومه‌ت.

هاوڵاتی: ئاڕاسته‌ى دانوستانه‌کانى پارتى و یه‌کێتى به‌ره‌و کوێ هه‌نگاو ده‌نێت، ئایا پێکهێنانى حکومه‌ت نزیکبووه‌ته‌وه‌؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: پاش ئه‌وه‌ى رێککه‌وتنى سیاسی دوو قۆڵیمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى واژۆکرد، چاوه‌ڕوان بووین فراکسیۆنى یه‌کێتى بگه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان و کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌ستپێبکاته‌وه‌، تا دانیشتنه‌کان بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت به‌رده‌وام بن، ئه‌مڕۆ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر پرسی پێکهێنانى حکومه‌ت، ئێستا ئاڕاسته‌کان گه‌یشتونه‌ته‌ باسکردنى پرسی دابه‌شکردنى پۆسته‌کان، که‌ به‌شى یه‌کێتى چى ده‌بێت.

هاوڵاتی: پێتانوایه‌ به‌زوویی بتوانن بگه‌نه‌ رێککه‌وتن؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: مه‌جالى ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ کات به‌ فیڕۆ بده‌ین، کاته‌که‌ یاساییه‌ دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌کانى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردران پێویسته‌ یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هه‌مواربکرێته‌وه‌، پاشان سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌رۆکى حکومه‌ت رابسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت.

نابێت پێکهێنانى حکومه‌ت زۆر بخایه‌نێت، پێشبینى ده‌که‌ین لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا ده‌ستبه‌کاربن بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى پرسی پۆسته‌کانى حکومه‌ت.

هاوڵاتی: بۆچونتان له‌سه‌ر به‌شدارینه‌کردنى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان چییه‌، له‌کاتێکدا به‌پێی رێککه‌وتنه‌کان پێویست بوو یه‌کێتى به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌کانى په‌رله‌مانى بکردایه‌ته‌وه‌؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: ئێمه‌ رێکه‌وتنێکمان واژۆکرد که‌ به‌پێی رێککه‌وتنه‌که‌ ده‌بوو یه‌کێتى به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان ئێستا پرسه‌که‌یان گرێداوه‌ به‌ پرسی پۆسته‌کان و ده‌ڵێن تا پۆسته‌ سه‌ره‌کییه‌کان دیار نه‌بن، ناتوانن به‌شدارى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان بکه‌ین، به‌ڵام په‌رله‌مان راناوه‌ستێت کاره‌کانى خۆى ده‌کات، ئه‌وه‌شمان به‌یه‌کێتى وتووه‌ که‌ په‌رله‌مان ئیشى خۆى ده‌کات و له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین رێکبکه‌وین.

هاوڵاتى: پێشبینى ده‌که‌ن که‌ى بگه‌نه‌ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌کێتى بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین ئه‌م مانگه‌ ئه‌و پرسه‌ کۆتایی پێبێت و حکومه‌ت پێکبهێنرێت.

هاوڵاتی: باس له‌وه‌ده‌کرێت یه‌کێتى ئێستا له‌جیاتى سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم و وه‌زیرى ناوخۆ ده‌کات، ئه‌مه‌ کێشه‌ بۆ دانوستانه‌کان دروستناکات؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: بڕواناکه‌م ئه‌وه‌ ببێته‌ موشکیله‌. ده‌کرێت له‌سه‌ر پۆسته‌کان رێکبکه‌وین، وه‌کو ئه‌و پۆسته‌ى له‌ حکومه‌ت بۆ گۆڕان دیاریکرا پۆستى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ چاکسازى، ده‌کرێت له‌سه‌ر پۆستێک رێکبکه‌وین وه‌ک ئه‌و پۆسته‌ى بۆ گۆڕان دروستکرا.

هاوڵاتی: واته‌ ره‌نگه‌ رێککه‌وتنه‌که‌ ئه‌وه‌بێت پۆستێک له‌ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بۆ یه‌کێتى دروستبکه‌ن؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: ره‌نگه‌ هاوشێوه‌ى پۆسته‌که‌ى گۆڕان، جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمیش بۆ کاروبارى پرسێکى دیکه‌ بۆ یه‌کێتى دابنرێت، به‌ڵام پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ گۆڕانه‌ ئه‌وه‌ کۆتایی پێهاتووه‌. دوێنێش ئه‌وه‌مان به‌یه‌کێتى وتووه‌ که‌ ئه‌و پۆستانه‌ى دراون به‌ گۆڕان به‌پێی رێککه‌وتن بووه‌ و کۆتایی هاتووه‌، موناقه‌شه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌کانى گۆڕان ناکرێت.

هاوڵاتی: یه‌کێتى ئه‌وه‌ رازیه‌؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: ئه‌وه‌ کێشه‌ى یه‌کێتى نییه‌، به‌شى گۆڕانه‌، یه‌کێتى ده‌توانێت داواى به‌شى دیکه‌ بکات، هیچ په‌یوه‌ندى به‌ پۆسته‌کانى گۆڕانه‌وه‌ نییه‌.

هاوڵاتی: بیرتان له‌ هیچ ئه‌گه‌رێک کردووه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌رى رێکنه‌که‌وتنتان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: له‌گه‌ڵ یه‌کێتى رێده‌که‌وین، بۆیه‌ جارێ بیر له‌ بژارده‌ى دیکه‌ ناکه‌ینه‌وه‌.

هاوڵاتی ده‌کرێت به‌بێ یه‌کێتى حکومه‌ت پێکبهێنرێت؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: ناکرێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى رێکده‌که‌وین، هێشتا نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و قۆناغه‌ له‌سه‌ر پۆستێک و وه‌زاره‌تێک رێکنه‌که‌وین، ناگاته‌ ئه‌و قۆناغه‌.

هاوڵاتی: کۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌شدارى پێده‌کرێت له‌ کابینه‌ى نوێدا، باس له‌وه‌ده‌کرێت پارتى ده‌یه‌وێت به‌شدارییان پێ بکات؟

ئاراس حه‌سۆ میرخان: هیچ زانیارییه‌کم له‌باره‌ى پرسی به‌شدارى پێکردنى کۆمه‌ڵ له‌ کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت نییه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار