سێ فراکسیۆن ناڕازین له‌ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کان

6 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

دابه‌شکردنى لیژنه‌کانى په‌رله‌مان و ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کان سێ فراکسیۆنى په‌رله‌مان نیگه‌ران کرد، به‌ڵام فراکسیۆنه‌کانى تر به‌و دابه‌شکردنه رازى بوون و لیژنه‌کانیان له‌نێوانیاندا یه‌کلاکرده‌وه‌.

دوێنێ دواى چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ك، زۆربه‌ى فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌نگیاندا له‌سه‌ر یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کانى په‌رله‌مان.

هه‌ریه‌که‌ له‌ نه‌وه‌ى نوێ و یه‌کگرتوو بایکۆتى کۆبونه‌وه‌که‌یان کرد، فراکسیۆنى کۆمه‌ڵیش که‌ به‌شدارى تێدا کرد نیگه‌ران بوو له‌شێوازى یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى لیژنه‌کان.

سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ، باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ ڕۆژى یه‌که‌مى دانیشتنى په‌رله‌ماندا  ئه‌وه‌ى به‌ هه‌قى خۆیانى ده‌زانن وه‌ریان گرتووه‌که‌ سه‌رۆکى لیژنه‌ى سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌، به‌ڵام وتى "به‌داخه‌وه‌ له‌ ڕۆژى دووه‌مدا لێمان سه‌ندرایه‌وه‌ و پارتى و گۆڕان به‌ڕێکه‌وتن ى خۆیان سه‌رۆکى لیژنه‌ى سامانه‌ سروشتیه‌کانیان  لێ وه‌رگرتینه‌وه‌ و درا به‌ گۆڕان".

فراکسیۆنه‌کانى گۆڕان و کۆمه‌ڵ له‌ خولى پێشووى په‌رله‌ماندا له‌ زۆربه‌ى پرسه‌کاندا هاوهه‌ڵوێست بوون، به‌ڵام له‌م خوله‌دا ئه‌و هاوهه‌ڵوێسته‌یان له‌چه‌ند پرسێکدا نه‌ماوه‌، دواى ئه‌وه‌ى گۆڕان رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى واژۆکرد بۆ چونه‌ ناو حکومه‌ت و هێشتا به‌شدارى کۆمه‌ڵ له‌ حکومه‌تدا ناڕونه‌.

له‌باره‌ى وه‌رگرتنى پۆسته‌کانى نه‌وه‌ى نوێ له‌لیژنه‌کان، سۆران عومه‌ر به‌ سایتى هاوڵاتى راگه‌یاند، نوسراویان به‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان داوه‌، به‌ڵام ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌، له‌کاتێکدا بۆ تورکمان و لایه‌نه‌کانى تر قبوڵکراوه‌.

فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ که‌ بایکۆتى کۆبوونه‌وه‌ى فراکسیۆنه‌کان و سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کرد، پێشتر رایگه‌یاندبوو که‌ ئه‌و پۆستانه‌ى به‌ریده‌که‌وێت له‌ سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کان ده‌یدات به‌ فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ.

کازم فاروق، سه‌رۆکى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ، به‌ سایتى هاوڵاتى وت "له‌ دانیشتنى یه‌که‌مدا ده‌ستبه‌ردارى سه‌رۆکى لیژنه‌ و جێگر و بڕیارده‌رى لیژنه‌که‌ى خۆمان بووین و ئه‌و سێ به‌رکه‌وته‌یه‌ى خۆمان داوه‌ به‌ کۆمه‌ڵى ئیسلامى و ئێمه‌ له‌ بڕیارداندا ڕاڕانین".

وتیشى "دواجار یارییه‌کى تر ئه‌نجام درا ئیمه‌ له‌ ناویدا نین و په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌".

لیژنه‌کانى په‌رله‌مان ژماره‌یه‌ان 15 لیژنه‌یه‌ و زیاتر له‌ 100 په‌رله‌مانتار تێیدا ئه‌ندامن و له‌دوێنێ وه‌ ده‌ستبه‌کاربوون.

فراکسیۆنى یه‌کێتى که‌ بایکۆتى کۆبوونه‌وه‌کانى خولى نوێی په‌رله‌مانى کردووه‌، له‌ کۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌ دابه‌شکردنى لیژنه‌کاندا به‌شداربوو، به‌پێی به‌رکه‌وته‌ى خۆیان پۆستیان له‌سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌کان به‌رکه‌وت.

کاروان عه‌بدولڕه‌حمان، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌کێتى وتى "ئیمه‌ به‌پێی به‌رکه‌وته‌ى خۆمان له‌ په‌رله‌مان به‌شدارین له‌ سه‌رۆکى لیژنه‌ و جێگرو  بریارده‌رو هه‌موو ئه‌ندامه‌کانى لیژنه‌کان زۆر ڕازین، به‌ هه‌قى خۆمان بووه‌".

وتیشى"هه‌قى هیچ که‌سێکمان نه‌بردوه‌ و هه‌قى هیچ که‌سێکیشمان وه‌رنه‌گرتووه‌".

فراکسیۆنى یه‌کگرتوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دابه‌شکردنى لیژنه‌کانه‌وه‌ ره‌خنه‌ى هه‌یه‌ له‌پرسه‌که‌، بۆیه‌ کۆبوونه‌وه‌کانى بایکۆت کرد.

ئیسماعیل عه‌لى، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى یه‌گگرتوو باسى له‌وه‌کرد هه‌ر له‌یه‌که‌م دانیشتنه‌وه‌ نه‌چونه‌ دانیشتنه‌کان و وتى"ئێمه‌ به‌ مافى هه‌قى خۆمان ده‌زانى که‌ سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌یه‌ک وه‌رگرین، به‌ڵام که‌ پێیان نه‌داین وه‌ک ناڕه‌زاییه‌ک نه‌چوینه‌ دانیشتنه‌کانه‌وه‌".

وتیشى"که‌ سه‌رۆکى لیژنه‌یه‌کمان نه‌بێت، ئیتر ئه‌ندام بون له‌ لیژنه‌کان نرخى نابێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار