زیاد گه‌ردى، مامۆستای زانکۆ لەپۆڵەندا بۆ ‌هاوڵاتى: نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌پۆڵه‌ندا خه‌ریکى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆیه‌تى نه‌ک دۆسیه‌ى کورد

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

مامۆستایه‌کى کوردى زانکۆى پۆڵه‌ندا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، ره‌وه‌ندى کوردى له‌هه‌وڵدایه‌ دۆسیه‌ى کورد له‌و وڵاته‌ بباته‌ پێشه‌وه‌و نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم رێگرى له‌ کاره‌کان ده‌کات، بۆیه‌ داوا له‌ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات، لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بکات.
زیاد حوسێن گه‌ردى، خاوه‌نى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له‌ زانسته‌ سیاسییه‌کان که‌ له‌ وڵاتى پۆڵه‌ندا ده‌ژى، باسله‌وه‌ده‌کات، چه‌ند گروپێک له‌ هه‌رێمى کوردستان، له‌پێناو ده‌ستکه‌وتنى پاره‌دا «فێڵ» له‌ هاوڵاتیان ده‌که‌ن بۆ گه‌شتن به‌ پۆڵه‌ندا.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه‌ که‌ دۆسیه‌ى ئێزیدییه‌کان له‌ په‌رله‌مانی پۆڵەندا کراوه‌ته‌ جینۆسیاد، که‌ له‌لایه‌ن کوردێکه‌وه‌ پێشکه‌شى په‌رله‌مان کراوه‌، به‌ڵام دۆسیه‌ى ئه‌نفال و کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، هێشتا نه‌بووه‌ته‌ تاوانێکى گه‌وره‌و وه‌ک جینۆسیاد نه‌ناسێندراوه‌.


‌هاوڵاتى : وه‌ک چالاکوانێکى کورد له‌ پۆڵه‌ندا  رێژه‌ى کورد له‌و وڵاته‌ چه‌نده‌؟
زیاد گه‌ردى: له‌به‌رئه‌وه‌ى ئامارێکى فه‌رمى نییه‌ له‌باره‌ى ژماره‌ى کورده‌کان له‌م وڵاته‌، بۆیه‌ نازانین رێژه‌که‌ چه‌نده‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ که‌ ژمارەی کوردانى باکوور زیاتر له‌ هه‌زار که‌س ده‌بن، هه‌روه‌ها کوردانى باشور له‌نێوان ٣٠٠ تا ٤٠٠ که‌س ئه‌بن که‌ زۆرینه‌یان بۆ خوێندن هاتوون.

‌هاوڵاتى : وه‌ک کورده‌کان له‌ پۆڵه‌ندا  رووبه‌ڕووى کێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌ت کارئاسانیتان بۆ نه‌کات؟
زیاد گه‌ردى: نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هیچ کارئاسانییه‌ک بۆ کورده‌کان ناکات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ کێشه‌یان بۆ دروست ده‌کات، تا ئه‌و کورده‌ بێزاربێت و له‌م وڵاته‌ بڕوات، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى که‌ له‌که‌مپه‌کان ئه‌ژین و داواى مافى په‌نابه‌رێتیان کردووه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تی، به‌ڵکو ئێمه‌ى کوردانى دانیشتووى پۆڵه‌ندا هه‌رکه‌سێک پێمانبزانێ و یارمه‌تییه‌کى بوێت، ئه‌وه‌ى له‌تواناماندابێ یارمه‌تى ده‌ده‌ین به‌م یارمه‌تیدانه‌شمان که‌ پێشکه‌شى خوشک و برا کورده‌کانمانى ده‌که‌ین، ئه‌وا نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم پێى نیگه‌رانه‌.

‌هاوڵاتى : تا چه‌ند کورد توانیویه‌تى لۆبى له‌و وڵاته‌ دروست بکات؟
زیاد گه‌ردى: ئه‌وه‌ى مایه‌ى خۆشحاڵییه‌، کورده‌کانى پۆڵه‌ندا زۆرینه‌یان له‌چینى تێگه‌یشتوو، خوێنده‌وار هه‌روه‌ها ئه‌کادیمیه‌کانن. له‌وجۆره‌ خه‌ڵکانه‌ن، که‌ جیاواز له‌نه‌ته‌وه‌کانی تر، دوورن له‌تاوان وتوندڕه‌وى و کارى نابه‌جێ و نایاسایی، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ ڕه‌وه‌ندى کوردى له‌پۆڵه‌ندا سومعه‌یه‌کى به‌رزو جوانى هه‌بێ و ڕێزیان لێبگیرێ. له‌لایه‌کی تره‌وه‌، کورده‌ ئه‌کادیمییه‌کان، له‌نێوه‌نده‌ زانستى و رۆشنبیرییه‌کاندا سه‌نگ و پێگه‌ى خۆیان هه‌یه‌و ڕاوبۆچوونه‌کانیان به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێ. له‌م رووه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ لۆبییه‌کى کوردى دروست نه‌بووه‌، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ى کورده‌کان له‌نێوه‌نده‌ زانستى و سیاسى و فه‌رهه‌نگییه‌کاندا، وه‌ک لۆبییه‌کى خۆڕسک رۆڵى هه‌بووه‌ له‌گه‌یاندنى ده‌نگى کوردو ناساندنى دۆزى کورد به‌پۆڵه‌نداو ره‌وه‌ندى وڵاتانی دیکه‌ى ئه‌ورووپی، هه‌ندێجاریش له‌گه‌ڵ کوردانى پارچه‌کانى کوردستان، چالاکى سیاسى و که‌لتوورى ئه‌نجامدراوه‌و داخوازى کوردان گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ لاى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م وڵاته‌.

‌هاوڵاتى : له‌هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین کۆمپانیا و گروپى جیاواز بوونیان هه‌یه‌ که‌ هاوڵاتیان به‌ رێگه‌ى فه‌رمى ده‌گه‌یه‌ننه‌ پۆڵه‌ندا به‌ 11 هه‌زار دۆلار و زیاتر که‌ مۆڵه‌تى هه‌میشه‌یى وه‌رده‌گرن بۆ ماوه‌ى سێ بۆ پێنج ساڵ، ده‌توانى رونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌یت؟
زیاد گه‌ردى: ئه‌مه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ى ڕێگه‌ى فه‌رمى یاخود بازرگانى له‌نێوان پۆڵه‌نداو هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکو تاڕاده‌یه‌ک ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى بازرگانیکردن له‌به‌رژه‌وه‌ندى چه‌ند گروپێک. کاتێک که‌ ڤیزه‌یه‌ک بۆ که‌سێک به‌ده‌ستده‌هێنن و له‌کۆمپانیایه‌کى پۆڵه‌ندى ئیشێکى بۆ دابین ده‌کرێ، تا کارتێکى مانه‌وه‌ى سێ ساڵى وه‌رده‌گرێت بۆکارکردن، ئینجا که‌سه‌که‌ پۆڵه‌ندا جێده‌هێڵێت، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ماهه‌نگى بازرگانى له‌نێوان پۆڵه‌نداو هه‌رێمى کوردستان بوونى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌ له‌رێنماییه‌کانى ژووره‌ بازرگانییه‌کانى کوردستان و پۆڵه‌ندا هه‌یه‌ نه‌ له‌ڕێنماییه‌کانى کونسوڵیه‌ى پۆڵه‌ندیش له‌کوردستان هه‌یه‌. له‌م رووه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یته‌ ڕێنماییه‌کانى کونسوڵى پۆڵه‌ندى له‌ وێبسایته‌که‌یاندا، ئه‌وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ ئه‌وان هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌مجۆره‌ کۆمپانیایانه‌و ئاژانسه‌کانى گه‌شتوگوزار ناکه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کونسوڵى پۆڵه‌ندى له‌هه‌رێمى کوردستان، هه‌موو کارئاسانییه‌ک بۆ هه‌ماهه‌نگى بازرگانى ڕه‌واو وه‌به‌رهێنان له‌هه‌ردوو وڵات ده‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌ت بده‌ن به‌و کۆمپانیایانه‌ى که‌ ده‌یانه‌وێ فێڵ له‌هاوڵاتیان بکه‌ن.

‌هاوڵاتى : تا چه‌ند په‌یوه‌ندى کلتورى له‌نێوان پۆڵه‌ندا و هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌؟
زیاد گه‌ردى: ده‌توانم بڵێم کۆمه‌ڵگه‌ى پۆڵه‌ندى خاوه‌ن که‌لتوورێکى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌هه‌مانکاتیشدا له‌رووى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ که‌لتوورى پۆڵه‌ندى ده‌نگونجێ له‌گه‌ڵ که‌لتوورى کوردیدا. پۆڵه‌ندییه‌کان خۆشه‌ویستیه‌کى له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان بۆ ئازادى هه‌یه‌ که‌ ئاماده‌ن قوربانى بۆ بده‌ن، هه‌مان خه‌سڵه‌تیش له‌کورده‌کان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها نه‌ریتى خانه‌واده‌و هاموشۆ و په‌یوه‌ندى خزمایه‌تى پۆڵه‌ندیه‌کان، نزیکه‌ له‌زۆرێک له‌نه‌ریتى کوردی. به‌تایبه‌تى کاتێ که‌ ئێمه‌ چالاکییه‌کى هونه‌رى کوردى ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئه‌وا کۆمه‌ڵگه‌ى پۆڵه‌ندى زۆر به‌گه‌رموگوڕییه‌وه‌ پێشوازى لێده‌که‌ن و هاوکارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بن.

‌هاوڵاتى : هیچ کارێکتان کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گروپى که‌لتوورى له‌نێوان هه‌ردوولا دروست ببێت؟
زیاد گه‌ردى: له‌ماوه‌ى دووساڵى رابردوو، چه‌ندینجار گرووپى هونه‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان هاتوونه‌ته‌ پۆڵه‌ندا و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ کردوون. چالاکى زۆر سه‌رکه‌وتویان ئه‌نجامداوه‌. ئه‌مساڵ من  چه‌ند ده‌ستپێشخه‌رییه‌کم کرد بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هه‌رێمى کوردستان و بۆئه‌وه‌ى کارمه‌نده‌کانى یاخود له‌چوارچێوه‌ى شاندێک بێنه‌ پۆڵه‌ندا. رێکخراو و دامه‌زراوه‌کانى حکومه‌تى پۆڵه‌ندى، زۆر ڕێزى ده‌ستپیشخه‌رییه‌که‌ى منیان گرت و به‌ بایه‌خه‌وه‌ش ئاسانکارى و هه‌موو هاوکارییه‌کیان نیشاندا. هه‌روه‌ها داوه‌تنامه‌یان بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیریش نارد، له‌هه‌مان کاتیشدا ده‌ستپێشخه‌ریه‌کی دیکه‌مان بۆ فیلمسازى بوو که‌ سوپرایزێکى سه‌رسوڕهێنه‌رده‌بوو بۆ سینه‌ماکارانى کوردستان، له‌ڕێگه‌ى دامه‌زراوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى فیلم له‌(کرکۆڤ) که‌ ئاماده‌کاری کرابوو بۆ دیدارى فیڵمسازانى کوردی-پۆڵه‌ندى له‌هه‌ردوو هه‌رێمى کوردستان و پۆڵه‌ندا. مه‌به‌ست له‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌یشم بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و حکومه‌تى پۆڵه‌ندى، ئه‌وه‌بوو بۆئه‌وه‌ى له‌مه‌ودوا په‌یوه‌ندییه‌ کلتوورییه‌کان به‌ڕێگه‌یکى ڕێکوپێک و ڕێکخراوبێت. له‌م رووه‌وه‌، هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان له‌ لایه‌نى پۆڵه‌ندییه‌وه‌ ڕێکخرا. چاوه‌ڕێى هاتنى شاندى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى بووین که‌پێکهاتبوون له‌به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى وه‌زاره‌ت، له‌م کاته‌دا نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمیشمان ئاگادارکرده‌وه‌، وه‌کو ڕێزێک و قیمه‌تدانان بۆ نوێنه‌رایه‌تى و به‌شداریکردنى له‌چالاکییه‌کاندا و ئه‌ویش له‌سه‌ره‌وه‌ ره‌زامه‌ندى خۆى نیشاندا که‌ هاوکار بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ژێره‌وه‌ چه‌ندین کارى نابه‌جێى ئه‌نجامدا، منیش ناچاربووم به‌چه‌ندین به‌ڵگه‌وه‌ راستى مه‌سه‌له‌کان، به‌لایه‌نى پۆڵه‌ندى بگه‌یه‌نم، که‌ بووه‌هۆى ئه‌وه‌ى نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لاى پۆڵه‌ندییه‌کان، زۆر خۆى ناشرین نیشانبدات و وێنه‌ى کوردیش ناشرین بکات.

‌هاوڵاتى : به‌رێزتان پێموابێت له‌زانکۆن، چ رۆڵێکتان هه‌یه‌ بۆ ناساندنى کورد به‌ پۆڵه‌ندییه‌کان؟ هه‌روه‌ها پۆڵه‌ندییه‌کان چۆن ده‌ڕواننه‌ کورد؟  
زیاد گه‌ردى:  راستى مامۆستا و قوتابیانى کورد له‌زانکۆکانى پۆڵه‌ندا، رۆڵێکى یه‌کجار جوان و به‌نرخ و به‌ به‌رهه‌م ده‌گێڕن. زۆربه‌ى تۆژینه‌وه‌کانیان، له‌سه‌ر بواره‌ جیاوازه‌کانى کوردستان، به‌ زمانه‌کانى ئینگلیزى یا پۆڵه‌ندى پێشکه‌ش ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش واده‌کات، کوردستان زیاتر بچێته‌ نێو دامه‌زراوه‌ زانستى و توێژینه‌وه‌ییه‌کان. هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ى دیبه‌یت و دیدار و کۆڕ و سیمیناره‌کاندا، هه‌میشه‌ کورده‌کان شوێنجێى خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌و سه‌رنجى نه‌ته‌وه‌کانى تر به‌رامبه‌ر کوردستان و دۆزه‌که‌ى راده‌کێشن. پۆڵه‌ندییه‌کان، پێیانوایه‌ کورده‌کان جیاوازن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ى نیشته‌جێى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، هه‌روه‌ها به‌نه‌ته‌وه‌یه‌کى بوێر و خۆڕاگر وه‌سفى ده‌که‌ن.

‌هاوڵاتى : ئایا توانیوتانه‌ تاوانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال به‌ جینۆساید بناسرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى پۆڵه‌نداوه‌؟
زیاد گه‌ردى: ئێمه‌ى ئه‌کادیمییه‌کانى ماسته‌ر و دکتۆرا، چه‌ندینجار بۆ نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێشنیارمان ده‌کرد که‌ هاوکارمان بێت بۆ ئاماده‌کردنى پرۆژه‌یه‌ک له‌باره‌ى جینۆسایدى گه‌لى کوردستان بۆ په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا، به‌ڵام هیچ گرنگى به‌ پێشنیاره‌که‌مان نه‌ده‌درا. دواتر بۆمان ده‌رکه‌وت، شه‌خسى نوێنه‌ر پرۆژه‌یه‌کى کرچوکاڵى پێشکه‌ش کردبوو به‌بێ ڕاوێژ و پرس و ڕا به‌ئاکادیمیه‌کان و هیچ حسابى بۆ ئێمه‌ى نێو زانکۆ و نێو نێوه‌نده‌ زانستى  و ئه‌کادیمیه‌کان نه‌کرد تا پرۆژه‌یه‌کى گونجاو پێشکه‌ش بکه‌ین.

هاوڵاتى : واتا دۆسیه‌ى ئه‌نفال و کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌بوه‌ته‌ جینۆسیاد له‌په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا؟
 زیاد گه‌ردى: دوو یاداشتنامه‌ پێشکه‌شکرا، یه‌که‌میان له‌لایه‌ن نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌پۆڵه‌ندا بۆ ناساندنى ئه‌نفالى کورد له‌ کوردستانى عێراق به‌ په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا، دووه‌میان یاداشتێک بوو بۆ به‌جینۆسایدناساندنى یه‌زیدیه‌کان که‌ئاماده‌کرابوو له‌لایه‌ن قوتابیه‌کى دکتۆراى کورد، ئینجا یاداشتى پرۆژه‌ى به‌جینۆسایدناساندنى یه‌زیدیه‌کان به‌ڕێز و بایه‌خه‌وه‌ قبووڵکرا. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌ى بۆچى یاداشتى یه‌که‌م که‌ نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم پێشکه‌شى کردبوو به‌توندى ره‌تکرایه‌وه‌!؟ وه‌ڵامى ئه‌مه‌ له‌ڕاپۆرتى نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى پۆڵه‌ندا ده‌رده‌که‌وێت که‌ له‌دانیشتنى په‌رله‌مانى ئه‌م وڵاته‌ پێشکه‌شى کردبوو. ئیستا، لێره‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ رۆڵ و ئاستى شه‌خس چه‌ند گرنگه‌ له‌م پرسه‌ گرنگ و چاره‌نووسازانه‌دا. ئینجا ده‌رده‌که‌وێ که‌چۆن که‌سێکى ناشایسته‌ بۆئه‌م پۆسته‌، چۆن بووه‌هۆى دۆڕاندنى قه‌زیه‌یه‌کى گرنگ له‌بن و گۆپکه‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، که‌ ئه‌م نوێنه‌ره‌ له‌گۆڕه‌پانى سیاسى ئه‌م وڵاته‌ (په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وى ئه‌م وڵاته‌ هێڵێکى ڕه‌شى به‌سه‌رداهاتووه‌و سڕاوه‌ته‌وه‌). له‌دانیشتنى خوولى ژماره‌ (٨٠)ى په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا تایبه‌ت به‌ یاداشته‌کان به‌ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى پۆڵه‌ندا (به‌ڕێز پیۆتر سیێچ-ڤیێژ) جێگرى به‌رێوه‌به‌رى به‌شى ئه‌فریقاو رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ ڕاى خۆى زۆر به‌توندى به‌رامبه‌ر یاداشته‌که‌ ده‌رده‌بڕی، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش به‌هه‌مان چه‌شن، له‌دژى یاداشته‌که‌ کۆمێنت پێشکه‌ش ده‌که‌ن، له‌وانه‌ نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ ئه‌ڵێ ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م که‌ نوێنه‌رى کوردستان له‌وارشۆ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ته‌جاوزى کردووه‌، هه‌ربۆیه‌ش یاداشته‌که‌ به‌تێکڕاى ده‌نگ له‌په‌رله‌مان به‌توندى ره‌تکرایه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ له‌ئه‌نجامى هه‌وڵى خۆپه‌رستانه‌و به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تدا، پرسى به‌جینۆساید ناساندنى ئه‌نفالى کورد له‌په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا به‌دۆڕاندن کۆتایی هات.
بۆزانیاریت له‌ ٢٥ /٥ / ٢٠١٧ پرۆژه‌که‌ له‌په‌رله‌مانى پۆڵه‌ندا، به‌کۆى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران ره‌تکرایه‌وه‌، به‌ڵام نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم تائێستا ئه‌وه‌ى له‌خه‌ڵکى کوردستان و حکومه‌تى کوردى شاردووه‌ته‌وه‌.

‌هاوڵاتى: باشه‌ فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئاگادارى ئه‌و دۆخه‌ى پۆڵه‌نداو نوێنه‌ره‌که‌ى نییه‌؟
زیاد گه‌ردى: داوا له‌حکومه‌تى هه‌رێم ده‌که‌م که‌ لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌پۆڵه‌ندا بکات و به‌تایبه‌تیش لەسەر به‌کارهێنانى نوێنه‌رایه‌تى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تی.  من و چه‌ند کوردێکى دانیشتووى پۆڵه‌ندا، ئاماده‌ییمان تێدایه‌ بێینه‌وه‌ کوردستان بۆ شاهێدیدان له‌سه‌ر راستیه‌کان و خستنه‌ڕووى سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌کان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار