گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی داوای تیمارکردنی دەرهاویشتەکانی ریفراندۆم دەکات

یەکێتی و پارتی ئەو دەستکەوتانەی لەدەستدا کە ئەگەری هەبوو وەریبگرن لەبەرانبەر سەرکەوتنە مەیدانییەکانیان بەسەر داعشدا

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی داوادەکات «لایەنە ڕیفۆرمخوازەکان»ی هەرێمی کوردستان دووبارە بژێنرێنەوە بۆ خستنەوەگەڕی دانوستان، لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغداد و ئاماژە بەوەش دەکات، بەوشێوەیە، برینی خۆ زامدارکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، وردەوردە تیمار دەبێت و جەستەی سیاسەتی کوردی نوێدەبێتەوە.

گروپەکە لە راپۆرتێکدا کە بە ناونیشانی «دوابەدوای هەوڵی ڕیفراندۆمە پڕ کۆسپەکەی کوردستانی عێراق»، بڵاویکردۆتەوە، ئاماژە بەوەدەکات کە یەکێتی و ئەگەری هەر دەستکەوتێکیان لە دەستدا کە بۆی هەبوو وەریبگرن لە بەرانبەر سەرکەوتنە مەیدانییەکانیان بەسەر داعشدا.

 

دوابەدوای هەوڵی ڕیفراندۆمە پڕ کۆسپەکەی کوردستانی عێراق

ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست | ئازاری ٢٠١٩

 

گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ناحکومی قازانج نەویستە و بارەگای سەرەکیی لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە.

ڕێکخراوەکە لە ساڵی 1995 دامەزراوە و لە چەندین وڵاتی جیهانی سێیەم لێکۆڵینەوەی مەیدانیی سەربەخۆ دەکات و پێشنیاری میکانیزمی چارەسەری کێشەکان دەکات و نێوەندگیری ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە حکومی و رێکخراوەیی و میدیاییەکان دەکات.

کورتەی دەق

کاردانەوە توندەکان دژ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردەکان لە ئەیلولی ٢٠١٧دا، کە بوە هۆی گێڕانەوەی زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە عێراقییەکان، زۆری لە دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستانی عێراق کردوە کە بیر لە دووبارە بنیاتنانەوەی هاوپەیمانیەتی بکەنەوە و بەیەکەوە لەگەڵ بەغدادا هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان بدەن. ئەم هەنگاوانە پێویستییەکی ستراتیجین گەر هەردوو دوو حیزبی: یەکیەتی نیشتمانی کوردستان (ی.ن.ک) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) بیانەوێت بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بەرن. بەڵام ململانێکانی نێوان حیزبەکان و ناو حیزبەکان، هاوکات لەگەڵ ململانێی دەسەڵات، بوونەتە کۆسپ لەبەردەم هەنگاونان بەرەو ئەم ئاراستەیە. کاردانەوە خراپەکانی ڕیفراندۆم، هەروەها بوەتە هۆی داڕمانی خێراتری پڕۆسەی دیموکراسی نێو حیزبەکان و دام و دەستگا فەرمییەکانی هەرێمەکە، لە کاتێکدا هۆکارێک بووە بۆ بەهێزتربوونی حوکمی بنەماڵەیی. هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، دەبێت بە هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی هاوپەیمانیەتی و دۆستایەتی نێوان یەکیەتی و پارتی و دروستکردنی پاڵەپەستۆ بەرەو ڕیفۆرمی سیاسی دەستپێبکات.

ساڵی ٢٠١٧ ساڵێکی کارەساتباربوو بۆ کوردستانی عێراق. یەکیەتی و پارتی هەردوو دەیانویست هاوسەنگەرییان لەگەڵ هاوپەیمانیەتی ڕۆژئاوایی بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بفرۆشنەوە بە ڕۆژئاوا لە بەرانبەر پاڵپشتیی ئەوان بۆ هەوڵی سەربەخۆیی کوردستان. بەڵام دوو حیزبەکە ئەگەری هەر دەستکەوتێکیان لە دەستدا کە بۆی هەبوو وەریبگرن لە بەرانبەر سەرکەوتنە مەیدانیەکانیان بەسەر داعشدا بەهۆی هەوڵێکی ڕیفراندۆمی ناوەختەوە کە لە لایەن پارتیەوە ڕابەرایەتی دەکرا. نەک هەر ڕووبەرێکی زۆری چەندین ناوچەی جێناکۆکیان لەدەستدا و نزیکەی هەموو هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان (جگە لە ئیسرائیل) لە خۆیان توڕە کرد، بەڵکو ناکۆکی و جەمسەریەتی سیاسیی نێو هەرێمی کوردستانیشیان تۆختر کردەوە کاتێک پەردە لەسەر قوماری ڕیفراندۆم لادرا و هەندێک دەهۆڵی خیانەتیان لە دژی هەندێکی تر کوتی.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا، دەستنیشانکردنی عادل عەبدول مەهدی (سیاسەتمەدارێک ناسراو بە نزیکی و هاوسۆزی بۆ کوردەکان) بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەلێکی بەخشییە کوردەکان کە کێشە هەڵپەسێراوەکانیان لەگەڵ بەغدادا لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و دابەشکردنی داهات چارەسەربکەن، بەڵام یەکیەتی و پارتی ناتوانن ئەم هەلە بقۆزنەوە گەر خاوەنی یەکڕیزی و یەکبڕیاری نەبن لە بەغداد. لە ئێستادا، ئەوان زیاتر مەیلی گرنگیدانیان هەیە بە ڕێکەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ لایەنە بەهێزە سیاسییە سەربازییە شیعەکاندا کە دەستکەوتی خێرا، بەڵام کورتخایەنی لێ بەرهەمدێت.

ڕێکەوتنی ستراتیجی پێشووی نێوان دوو حیزبەکە کە لە لایەن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی سەرۆکی هەردوو حیزبەوە، نزیکەی دەیەیێک لەمەوبەر واژوو کرا لەنگەری سەقامگیری ناوچەکەبووە، بەڵام دوابەدوای پشێوییەکانی ساڵی ٢٠١٧ و کۆچی دوایی تاڵەبانی هەر لەو ساڵەدا، ڕێکەوتنەکە بەرگەی نەگرت. دووبارە بنیاتنانەوەی ڕێکەوتنی ستراتیجی ئەستەمە و هاوکات لایەن و دام و دەستگایەی جێگرەوەی جێگیری تریش نیە بۆ زامنکردنی داهاتووی هەرێمەکە. ناکۆکییەکانی نێو لایەنە کوردییەکان، تەنها پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا سەختتر نەکردوە، بەڵکو لەگەڵ بەرهەم ساڵحی پشکی یەکیەتی بۆ سەرۆک کۆماریش پەیوەندییەکانی ئەستەم کردوە و پارتی دژی هەڵبژاردنی وەستایەوە. لاوازیی سەرەکیی کوردستانی عێراق لەوەدایە، کە دوابەدوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣وە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، شکستی هێناوە لە بنیاتنانی چەند دام و دەستگایەک کە بتوانێت - بێ لایەن لەو دوو حیزبەی پێشتر لە حوکمداری بەعس یاخیبوون و ڕاپەڕین - چاودێری سیستەمی سیاسی هەرێمەکە بکات. لە ئێستادا هەرێم بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت. دام و دەستگا فەرمیەکان و حیزبەکانیش تووشی قەیران هاتوون و بوونەتە بارمتەی تۆڕێک لە کەسایەتی حیزبی کە بە هۆی خزمایەتی یاخود بەرژەوەندی تایبەتەوە پێکەوە گرێدراون.

کێشەکە سەرچاوەدەگرێت لە نێو حیزبەکان خۆیان و لە داڕمانی پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا کە زامنی دەستاودەستکردنێکی سەقامگیری دەسەڵاتبکات. ئەنجومەنەکانی ڕاوێژ و بارەگای سیاسیەکان، چیدی وەک مەکۆیەک بۆ ڕاویژکاری سیاسی ڕۆڵ نابینن. بە پێچەوانەوە، بەرژەوەندی کەسی و خێزانی باڵادەستە لە خستنەڕوو و هەڵبژاردنی کاندید بۆ پۆستە حکومیەکان و دانانی پلانی ستراتیجی. ئەگەر ئەم مۆدێلە سیاسیە بەردەوامبێت، ئەوا هێزی زیاتر دەبەخشێت بەو سەرۆکانەی پێیان وایە کوردستان دەتوانێت لە قەیرانی پاش ڕیفراندۆم بە پەیوەندی حیزبی و خێزانی ڕزگاریبێت لە بری هەماهەنگی ناو حیزبەکان و نێوحیزبەکان و هەبوونی دامودەستگای فەرمیی باوەڕپێکراو. لایەنە سیاسییە خۆسەپێنەکانیش هەوڵدەدەن لە ڕێگای ڕێکەوتنی حیزبییەوە، لەگەڵ حیزبە شیعەکاندا ناوچەکانی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە لە دەستیاندا بەدەستیبێننەوە، لە جیاتی ئەوەی پێکەوە لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا مامەڵەبکەن. ڕێکەوتنی لەم جۆرە دەسەڵاتی زیاتر بە حیزب دەدات بەسەر دامودەستگاکانی حکومەتدا هەردوو لە هەرێمی کوردستان و بەغداد، ڕێگایەکیش دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغداد لە گەیشتن بە سازان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

لە ساڵی ٢٠١٨دا و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەرێمدا یەکێتی و پارتی دووبارە باڵادەستی خۆیان سەلماندەوە و زیاترین دەنگیان بەدەستهێنا، سەرەڕای شکستی ڕیفراندۆم. هۆکارێکی گەورەی سەرکەوتنیان ئەوەبوو کە دانیشتوانی هەرێم هەست ناکەن بەشێکبن لە بڕیاری سیاسی لە وڵاتەکەیان و پەنایان بردووەتەوە بەر حوکمداری هاوبەشی یەکیەتی و پارتی، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پەرتبوون و ڕوانگەیەکی ستراتیجی دوور مەودایان نییە. بەڵام بەردەوامیی پڕۆسەی سیاسی، وەک هەردەم، هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکات بۆ قەیرانە سیاسییە قوڵەکەی هەرێمەکە. دەمێکە پێویستە ڕیفۆرم ئەنجامبدرێت و لە میانەی ئەم ڕیفۆرمەدا میکانیزمێکی سەرپەرشتکاری دابمەزرێندرێت لە ڕێگای دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و کۆمسیۆنی سەربەخۆوە کە چاودێری و سەرپەرشتیاری لایەنی جێبەجێکار بکات.

ڕێڕەوی سیاسەت لە کوردستانی عێراق لەسەر ئەوە بەندە کە ئایە هێزە ڕیفۆرمخوازەکان یاخود هێزە تاکلایەنە خۆسەپێنەکان لە نێو دوو حیزبی فەرمانڕەوادا سەردەکەون، بە تایبەتیش لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە بەشێوەیەکی گشتی هێزی باڵا دەستە. ڕێڕەوی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدادیش هەر لەسەر ئەمە بەندە. گەر لایەنە ڕیفۆرمخوازەکانی نێو پارتی، بتوانن بەسەر ئەمەکداریی خێزان و حیزبدا سەربکەون و لەگەڵ لایەنە چاکسازیخوازەکانی نێو یەکیەتی دا یەکبگرن، ئەوا دەتوانن پێکەوە فشاربکەن بۆ گۆڕانکاری دامودەستگایی لە هەرێمی کوردستان و ڕێگا خۆشبکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد لەسەر کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراو. بەڵام ئەگەر لایەنی دژە ڕیفۆرم لە نێو پارتیدا خۆیان بسەپێنن، ئەوا حیزبەکە ڕەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات و هەژموونی تەواوەتی بدات لە هەرێمی کوردستاندا، وەک چۆن لە هەوڵی ڕیفراندۆمدا بینرا. بڕیارێکی لەو جۆرەش، لایەنە خۆسەپێنەکانی نێو یەکیەتی بەهێزتر و سەرسەختتر دەکات.

هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان کە بە چڕی بەشدارییانکردووە لە شەڕی داعش لە هەرێمی کوردستان، دەبێت ئاگاداربن کە دەسەڵاتی دیموکراسیی هەرێمەکە و هێزی دامودەستگاکانی لە ئێستادا پاشەکشەدەکات دوای ڕوخانی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە. بۆ ڕێگریکردن لەم بەرەودواچوونە، دەبێت لایەنە نێودەوڵەتییەکان هانی دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری بدەن کە گەلی کوردستان خۆیان بتوانن سەرکردەکانیان بەرپرسیار ڕاگرن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە کاریگەریی و هەژموونی لە عێراق، بەندە بە هەبوونی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا لە هەولێر و بەغداد دەبێت گرنگییەکی تایبەت بەم بابەتە بدەن. هاوشێوەی ئەوان، وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا، کە پابەندن بە پلانی ستراتیژیی هەبوونی عێراقێکی دیموکرات و هاوسەنگ و کارا دەبێت گرنگی بەم بابەتە بدەن. هاوکات، پڕۆسەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە عێراق پێویستی بە هەماهەنگیی نێوماڵی کوردی هەیە، لە کاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتوەکان خۆی ئامادە دەکات بۆ نێوەندگیری لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدادا لەسەر بابەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دابەشکردنی داهات.

ئەم لایەن و دامەزراوانە دەتوانن هاریکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکانیاندا و هاوکات دامەزراندن و بەردەوامبوونیان لەسەر میکانیزمی چاودێریی بەرپرسیارێتی – ئەمانە بۆ گەلێک کە زیاتر و زیاتر هەست بە زەوتکردنی مافەکانی دەکات – و هەروەها دووبارە ژیاندنەوە و خستنەوەگەڕی لایەنە ڕیفۆرمخوازەکان کە پێگەیەکی باشتریان هەیە و زیاتر ئامادەی دانوستانن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغداد. بەمشێوەیە، برینی خۆزامدارکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی وردەوردە تیمار دەبێت و جەستەی سیاسەتی کوردی نوێدەبێتەوە.

ب

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار