وته‌بێژى یه‌کێتى بۆ ‌‌هاوڵاتى: ئه‌و ئۆفه‌ره‌ى پارتى بۆی ناردووین تێرمان ناکات

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

وته‌بێژى یه‌کێتى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات دواخستنى کۆبوونه‌وه‌که‌ى دوێنێى په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواى ئه‌وان نه‌بووه‌، له‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌بێت چانسێک بده‌ن به‌ کۆبوونه‌وه‌کان تا بگه‌ینه‌ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى دا. 
هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات، کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو، بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ که‌ ئه‌وان بۆ یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم نه‌چنه‌ ژووره‌وه‌. 
وته‌بێژى یه‌کێتى ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت که‌ ده‌یانه‌وێت  له‌دروستکردنى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غداو ده‌وروبه‌ردا وه‌کو یه‌کێتى قسه‌یان هه‌بێت.  وتیشى ده‌مانه‌وێت له‌ ره‌سمى سیاسه‌تى ئابوورى و ئاسایش و دژه‌ تیرۆر و له‌هه‌موو جومگه‌کانى تردا قسه‌مان هه‌بێت، تا ئێستا ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ نه‌چه‌سپیوه‌ بۆیه‌ رێکنه‌که‌ووتووین.


هاوڵاتى: کۆبونه‌وه‌ى دوێنێى په‌رله‌مانى کوردستان دواخرا، له‌سه‌ر داواى یه‌کێتى بووه‌؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: راستییه‌که‌ى له‌سه‌ر داواى ئێمه‌ کۆبونه‌وه‌که‌ دوانه‌خراوه‌، خۆیان دوایانخستووه‌، له‌وه‌ش ئه‌چێ مه‌به‌سته‌که‌ ئه‌وه‌ بوبێت که‌ چانسێکى تر بده‌ن به‌ دانوستانه‌کان، ئه‌وه‌ شتێکى باشه‌و ده‌رگا ده‌کاته‌وه‌ تا بتوانین له‌ دانوستانه‌کان بگه‌ین به‌رێکه‌وتن.


‌هاوڵاتى: ئه‌و سه‌ردانه‌ى بۆ لاى کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو کردوتانه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ ئه‌وان بایکۆتى په‌رله‌مان بکه‌ن و به‌ره‌یه‌ک دروستبکه‌ن دژى پارتى؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: راستییه‌که‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ردانمان بۆ لاى کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو مه‌وعیده‌که‌ى پێشتریش بوو هیچ په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ نه‌بووه‌. راستى ئێمه‌ زۆر شت له‌گه‌ڵ ئه‌واندا کۆمانده‌کاته‌وه‌و ده‌بێت کۆشمانبکاته‌وه‌. یه‌کێک له‌و شته‌ ئه‌ساسییانه‌ى که‌ باسمان کردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ رێکه‌وتنێکمان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌. نوقته‌یه‌کى ئه‌ساسى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و یاسایانه‌ى ره‌هه‌ندى نیشتمانیان هه‌یه‌، ده‌بێت به‌سازانى نیشتمانى تێپه‌ڕ ببێت، مه‌عناى ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى که‌ له‌ حکومه‌تدان یان ئۆپۆزسیۆنن به‌وانه‌وه‌ که‌ له‌په‌رله‌ماندا نوێنه‌ریان هه‌یه‌ یان نییانه‌، به‌ڵام قورساییه‌کیان هه‌یه‌ ده‌بێت قسه‌یه‌کیان هه‌بێت بۆ بریاردانى نیهائى ئه‌و یاسایانه‌ى که‌ ره‌هه‌ندى نیشتمانیان هه‌یه‌.


‌هاوڵاتى: که‌واته‌ پارتى پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌و خاڵه‌ى رێکه‌وتنتان له‌گه‌ڵ کردووه‌ که‌ ئه‌و یاسایانه‌ى ره‌هه‌ندى نیشتمانیان هه‌بێت به‌ سازانى نێوان لایه‌نه‌کان بێت؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: ده‌مانه‌وێت ئێمه‌ و پارتى و گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو لایه‌نه‌کانى دیکه‌ش به‌پێى ئه‌و رێکه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى کردومانه‌، هه‌موو به‌شداربین له‌نوسینه‌وه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ى ره‌هه‌ندى نیشتمانى هه‌یه‌.


‌هاوڵاتى: خاڵى جه‌وهه‌رى رێکنه‌که‌وتنى یه‌کێتى و پارتى بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌م چیه‌؟ کۆبونه‌وه‌ى زۆر کراوه‌و ئه‌نجامه‌کانى به‌دڵى ئێوه‌ نه‌بووه‌؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: بریارێکى سه‌رکردایه‌تیمان هه‌یه‌ که‌ به‌شداریکردنمان له‌ حکومه‌تدا له‌کابینه‌ى نۆیه‌م، به‌نده‌ به‌ موشاره‌که‌ى راسته‌قینه‌ له‌ هه‌موو جومگه‌کانى ده‌سه‌ڵاتدارى و حکومڕانییه‌کاندا له‌هه‌موو سه‌رۆکایه‌تییه‌کاندا، له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌وره‌کان مه‌له‌فى ئابوورى و په‌یوه‌ندییه‌کان و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌و ئه‌وانى تریش، ئه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌و په‌نجا به‌ په‌نجایه‌ى باس ده‌کرێت. نه‌ ئێمه‌ په‌نجا به‌ په‌نجامان ده‌وێت نه‌ سه‌رده‌میشى ماوه‌، خۆمان به‌قه‌باره‌ى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان به‌شداربین. حکومرانى له‌هه‌رێمى کوردستان به‌ زۆرینه‌و که‌مینه‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت. ده‌مانه‌وێت  له‌دروستکردنى په‌یوه‌ندنییه‌کان و له‌گه‌ڵ به‌غداو ده‌وروبه‌ردا سیاسه‌تێکى حکومه‌تى هه‌رێم قسه‌مان تێیدا هه‌بێت. له‌ ره‌سمى سیاسه‌تى ئابوورى و ئاسایش و دژه‌ تیرۆر و له‌هه‌موو جومگه‌کانى تردا قسه‌مان هه‌بێت، تا ئێستا ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ نه‌چه‌سپیوه‌ بۆیه‌ رێکنه‌که‌ووتووین.
ئه‌و عه‌رزه‌ى پارتى بۆ ئێمه‌ى ناردووه‌ ئێمه‌ تێر ناکات ده‌مانه‌وێت بگه‌ینه‌ ئه‌وه‌و زۆریش له‌یه‌ک دور نین له‌گه‌ڵ پارتى.


هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت داواى جێگرێکى سه‌رۆکى هه‌رێمتان کردووه‌و پارتیش بۆ کاروبارێکى دیارى کراو ئاماده‌یه‌ بیدات نه‌ک جێگرى دووه‌م؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: ناچمه‌ هیچ ته‌فاسیلێکه‌وه‌ که‌ قسه‌و باسێکه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کاریگه‌رى نه‌کاته‌ سه‌ر دانوسانه‌کانمان تا ئاراسته‌ى کۆبونه‌وه‌کانمان. ئه‌وه‌ى عه‌رز کراوه‌ پاکێجێکه‌و مه‌له‌فى ئه‌منى و په‌یوه‌ندى و سیاسى و ئابوورغیه‌، که‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ پۆستێکى پێ نه‌داین مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌بێت.


هاوڵاتى: پێتانوایه‌ ئیستحقاقى یه‌کێتى ئه‌وه‌یه‌ وه‌کیل وه‌زیرى نه‌وت و وه‌زاره‌تى ناوخۆتان لابێت و جێگرى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش بۆ به‌مه‌ رازى نییه‌ که‌ 21 کورسى په‌رله‌مانیتان هه‌یه‌و زۆنى سه‌وز ئێوه‌ حکومرانى ده‌که‌ن، بۆ پارتى ئاماده‌ نییه‌ بیدات؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: ده‌بێت له‌ پارتى بپرسیت، ئێمه‌  بۆئه‌وه‌ داواى ده‌که‌ین ده‌مانه‌وێت به‌شداربین له‌ ته‌حه‌مولکردنى مه‌سئولیه‌تدا پێکه‌وه‌ بین،  ده‌مانه‌وێت کابینه‌ى نۆیه‌م چى کرد بڵێن ئێمه‌ش به‌شدارین و له‌بریاره‌کاندا چاک بێت یان خراپ ته‌حه‌مولى به‌رپرسیارێتى بکه‌ین.


‌هاوڵاتى: رۆژ نورى شاوه‌یس ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى، ده‌ڵێت یه‌کێتى که‌ دێن بۆ کۆبونه‌وه‌ قسه‌ى خۆیان ده‌گۆڕن؟ ناتوانن له‌سه‌ر داواکارییه‌کانتان سابت بێت تا دانوسان بکه‌ن؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: راستییه‌که‌ى ئه‌گه‌ر دکتۆر رۆژ له‌ناو دانوستانه‌کانى ئێمه‌و پارتى بوایه‌  ده‌یزانى که‌ ئه‌وه‌ راست نییه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ بۆ وه‌فده‌که‌ى ئه‌وانیش وابووه‌ که‌ ئاڵوگۆڕ له‌ پۆستێکدا کراوه‌، پێشنیار کراوه‌ بۆ پۆستێک ئێمه‌ باسى پۆستێکى دیکه‌مان کردووه‌ وتومانه‌ به‌وه‌ ته‌عویز بکرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ رێچکه‌ى دانوساندا شتێکى ئاساییه‌. سه‌قفى داواکارییه‌کانمان به‌رزکردبێته‌وه‌ به‌ته‌وازن و هاوسه‌نگى بووه‌. لێره‌ شتێک ناده‌ى له‌شوێنێکى تر بیده‌ بۆئه‌وه‌ى ته‌عویزى بکه‌یته‌وه‌ که‌ ته‌وازنه‌که‌ رابگرین،  چونکه‌ گۆرانیش له‌ حکومه‌تدایه‌و ره‌نگه‌ هێزى دیکه‌ش بێته‌ ناو حکومه‌ته‌وه‌.


هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر رێکنه‌که‌ون ده‌نگ به‌ سه‌رۆکى هه‌رێم ناده‌ن له‌ په‌رله‌ماندا؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: ناتوانم قسه‌ له‌سه‌ر رێکه‌وتن بکه‌م، له‌ یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ وتمانه‌ پێش تێپه‌راندنى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم جۆرێک ده‌بێت، دواى تێپه‌راندنى هه‌موارى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم جۆرێکى دیکه‌ ده‌بێت و بریایانى پارتیش له‌مه‌ تێگه‌یشتوون، به‌راستى ئه‌مانه‌وێت چ سه‌رۆکى هه‌رێم و چ یاساکه‌ى به‌ زۆرینه‌یه‌کى باش تێپه‌ڕێندرێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌کرێت سازانى له‌سه‌ر بێت و سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌رۆکى هه‌موو کوردستان بێت. وه‌ختێک ده‌بێت به‌سه‌رۆکى هه‌موو کوردستان که‌ ده‌نگى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى کوردستانى له‌گه‌ڵدا بێت، ده‌شمانه‌وێت حکومه‌تیش به‌هه‌مانشێوه‌ بێت و ده‌نگى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى له‌گه‌ڵدا بێت.


‌هاوڵاتى: پرسى پارێزگارى که‌رکوک و وه‌زیرى داد له‌ به‌غدا که‌ یه‌ک پاکێجى ئێوه‌ بووه‌ بۆ دانوسان له‌گه‌ڵ پارتى گه‌یشتووه‌ به‌چى؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: ئه‌و دووانه‌ پێ به‌ پێ و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێکهێنانى حکومه‌ت مه‌سه‌له‌ى که‌رکوک و به‌غدا چاره‌سه‌ر بکرێت. رێکه‌وتنێک له‌نێوان جه‌نابى کاک کۆسره‌ت و کاک مه‌سعود بارزانى هه‌یه‌، ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن بۆ به‌غداو پارێزگارى که‌رکوکیش ئه‌وان یه‌کلایده‌که‌نه‌وه‌.


‌هاوڵاتى: ئایا یه‌کێتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ کۆمه‌ڵ به‌شدارى حکومه‌ت بکات؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: به‌برایانى پارتیمان وتووه‌ که‌ حه‌قه‌ ده‌رگا بخه‌نه‌ سه‌ر پشت بۆ ئه‌و لایه‌ن و هێزه‌ سیاسییانه‌ى که‌ ده‌ور و کاریگه‌رییان هه‌یه‌، به‌نمونه‌ کۆمه‌ڵ مافى پێ بدرێت به‌شدارى کابینه‌ى حکومه‌ت بکات ئه‌گه‌ر خۆیان خواستیان له‌سه‌ر هه‌بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار