کورد لەپایتەختی عوسمانییەکاندا ئەردۆغانی خست

6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى، یاد قوربانی
پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵ لە ١٥ ساڵی رابردودا، دواجار شکستی هێناو شارەوانی ئەو شارەی لەدەستدا، کوردیش هۆکاری سەرەکی خستنی ئەردۆغان بوو لە شارەکەدا.
٢٥ ساڵ لەمەوبەر کە جەهەپە شارەوانی ئیستەنبووڵی لەدەستدا، لەوکاتەوەی نەیتوانیوە وەریگرێتەوە، لەو کاتەوە شارەوانی ئەو شارە گەورەیە لەدەست ئاکپارتی یان ئەو پارتانە بوون کە ئاکپارتی دواتر لێیان جیابووەوە.
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی جەهەپە لە ئەستەنبوڵ وەکو سوپاسێکی ناڕاستەوخۆ بەرامبەر بە کورد وتی «پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ شارە کوردییەکان و خەڵکی کورد هەیە، ئەوەش تەنیا هی ئەمڕۆ نییە و تەنیا بۆ کوردیش نییە، بەڵکو نزیکیان بۆ هەموو ئەوانەیە کە لە ئیستەنبووڵ دەژین»
ئەستەنبوڵ ژمارەی دانیشتوانی 16 ملیۆن کەسەو نزیکەی ٦ ملیۆن کورد تێیدا دەژین، سەرکەوتنی جەهەپە لەو شارەدا لەبەرامبەر کاندیدەکەی ئەردۆغان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد لایەنگرانی هەدەپە لەو شوێنانەی کاندیدیان نەبوو دەنگیان بە رکابەرەکانی ئەردۆغان دا.
پارتەکەی ئەردۆغان بەتەنیا ئەستەنبوڵی نەدۆڕاند، بەڵکو چەندین شاری تری گەورەی تورکیای دۆڕاند، لەوانە شاری ئەنقەرەی پایتەخت.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبنە گورزێکی سیاسی گەورە بۆ ئەردۆغان، کە لە پاش بوونی بە سەرۆک وەزیران لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا، باڵادەستییەکی بەرچاوی هەبووە لە مەیدانی سیاسی تورکیادا.
بەپێی ئاژانسی میدیایی ئانادۆڵ، پارتی کۆماری جەهەپە لە ئەنقەرەی پایتەخت زیاد ە ٥٠٪ دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەمە پێش پارتی ئەکەپە کەوتووە کە توانیویەتی تەنها ٤٧٪ دەنگەکان دەستەبەر بکات. ئەمە یەکەم جارە لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا حیزبە ئیسلامییەکە، کۆنتڕۆڵی پایتەخت بدۆڕێنێت لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا. ئەنجامەکان هێند لێک نزیک بون لە شاری ئەستەنبوڵ کە ئەنجامی کۆتایی ڕۆژی دووشەممە ڕانەگەیەندرا. بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ.
پارتی کۆماری جەهەپە بە بەدەستهێنانی ٤٨.٧٩ی دەنگەکان و بە جیاوازییەکی کەم لە پێش پارتی ئەکەپە دێت، کە ئەمان بە پێی ئاژانسەکە ٤٨.٥١ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاند کە بەهۆی تانەلێدانیان، ٨٤ سندوقی دەنگدان ڕۆژی دووشەممە جیاکردنەوەیان بۆ نەکراوە. هەردوو پارتیش لەلای خۆیانەوە سەرکەوتنیان ڕاگەیاند.
ڕۆژی دووشەممە کاندیدی پارتی ئەکەپە بۆ پۆستی قایمقامی شاری ئیستەنبوڵ، بینالی یەلدریم، ڕایگەیاند کە هەرچەندە کاندیدی چەهەپە ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ بەپێی ئەنجامە بەراییەکان ٢٥٠٠٠ دەنگ لەپێش ئەمەوەیە، زیاد لە ٣٠٠٠٠٠ لە دەنگەکان بە وتەی ئەو «نادروستن». لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند »ئەمە وردەکارییەکی زۆر گرنگە. ئەگەر هەیە هەڵە یاخود بارودۆخی نائاسایی لەم هەڵبژارادنەدا ڕویان دابێ، پارتەکەی ئێمە چەند حاڵەتێکی لەم شیوەیەیان تۆمارکردووە.» ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەوان تەنها ئەنجامی کۆتایی ڕاگەیەندراو لەلایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، پەسەند دەکەن.
بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزگای ئیستەنبوڵ، بەیرام سەنوجەک، جەختی لەوە کردەوە کە پارتەکەی ئەردۆغان لە ئیستەنبوڵ براوە بوون. ئەو ڕایگەیاند،»چەند بارودۆخێکی نائاسایی ڕویان داوە، کە بە بۆچونی ئێمە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بونەتە هۆی ڕوودانی گۆڕانکاری لە ئەنجامە بەراییەکان.» ئەوەشی ڕاگەیاند کە پارتەکەی دەتوانن بیسەلمێنن کە بارودۆخ و ڕوداوی لەم شێوەیە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕوویان داوە.
بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ، بەشێوەیەکی گشتی و لە سەرانسەری وڵاتەکەدا،پارتی ئەکەپە بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) توانیویانە ٥١.٦٣٪ دەنگەکان دەستەبەر بکەن، لە کاتێکدا هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن ٣٧.٥٥٪ دەنگەکانی دەستەبەر کردووە، ئەمەش بەپێی ئەنجامە بەراییەکان. ئەردۆغان هەرچەندە وەک کاندیدێک لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار نەبوو، وەک بەرپرسی یەکەمی کەمپینی پارتەکەی ڕاستەوخۆ بەشداری گردبونەوە و چالاکییەکانی پارتەکەی دەکرد، وەک بەشێک لە کەمپینی هەڵبژاردنەکان. هاوکات هەڵبژاردنەکانی بە «پرسی مان و نەمان» بۆ نەتەوەی تورکیا وەسف کرد. بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ملیۆنەها دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون.
ئەنجامەکەی ئەستەنبوڵ گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەردۆغان کاروانی سیاسی خۆی لەو شارەدا دەستپێکرد، کاتێک لە ساڵانی نەوەدەکاندا وەک قایمقامی ئەستەنبوڵ دەستبەکاربوو. لەو کاتەوە تا ئێستا، پارتی ئەکەپە لەو شارەدا باڵادەست بووە. پارتەکەی ئەردۆغان لە سێهەم گەورەترین شاری تورکیاشدا، شاری ئیزمیر، کە لە ڕووی مێژوییەوە شارێکی عیلمانی بووە، لە دوای پارتی کۆماری جەهەپەوە دێن، کە ئەوان توانیویانە زیاد لە نیوەی دەنگەکان دەستەبەر بکەن و بە جیاوازییەکی بەرچاو پێش پارتی ئەکەپە بکەون.
ئەردۆغان دان بەوەدا دەنێت کە ئەوان دەبێت پەند لەم ئەنجامانە وەبگرن.
پێش دەستپێکی، ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن زۆر لە چاودێران وەک ڕیفراندۆمێک لەسەر ئەردۆغان و پارتەکەی سەیر دەکرا. لە وتارێک کە ڕۆژی یەکشەممە پێشکەشی کرد، ئەردۆغان ڕایگەیاند،» ئەو کەسانەی کە هەردەم خاوەن بەڵێنی درۆبون، با بفەرمون. با بزانین چۆن حکومدارییەک دەکەن. ئێمە بە پشتیوانی خوا لەسەر ڕێبازی خۆمان بەردەوام دەبین، وانەش وەردەگرین لە هەڵەکانمان لەم هەڵبژاردنەدا.»
لە پاش هاتنە مەیدانی وەک دەوڵتمەدارێک لە تورکیا، ئەردۆغان گۆڕانکاری ڕیشەیی لە وڵاتەکەدا بەرپاکردووە. چەندەها سیاسەتی پەیڕەوکردووە کە بونەتە هۆی گەشەکردنێکی بەرچاوی ئابوری وڵاتەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەگژ بناغەی سێکیولاری وڵاتەکەدا چووەو بیری ئیسلامی کۆنسەرڤاتیڤی هێنایە نێو مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا. بەڵام لە پاش کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦، بە دەیان هەزار کەس، کە زۆربەیان نەیار و ڕەخنەگری ئەردۆغان و پارتەکەی بون، دەستگیر کران و چەندەها دەزگای حکومیش لەکار خران. لە ساڵی ٢٠١٧ و لەپاش بردنەوەی ڕیفراندۆمێکی نەتەوەیی بە جیاوازییەکی کەم، وەک سەرۆک کۆمار چەندەها دەسەڵاتی نوێ و فراوانی وەرگرت، کە زۆر لە چاودێران ئەم کارەیان بە هەنگاونان بەرەو ئۆتۆکراسییەت لەقەڵەم دا.
پێش هەڵبژاردنەکان زۆر لە چاودێران باسیان لە کاریگەری باری ئابوری تورکیا دەکرد لەسەر ئەنجامەکان، ئەمەش لە کاتێکدا دابەزینی نرخی لیرە، زیادبونی ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا، بووبووە هۆی گەشەسەندنی ناڕەزایی لەنێو شەقامی تورکی دا. لە گوتارەکەیدا لە شاری ئەنقەرە، ئەردۆغان ڕایگەیاند کە ئەوان لە وەڵامی ناڕەزایەتییەکاندا،»ڕیفۆرمی پلان بۆ دانراو دەکەن» بۆ تۆکمە کردنی ئابوری وڵات.
