پێنج هۆکاری شکستی ئاکپارتی لەشارە گەورەکان
6 ساڵ لەمەوپێش
سەرچاوە:عەرەبی جەدید
وەرگێرانی: هیوا عەبدوڵا
رۆژی دووشەممە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا، جیاکردنەوەی %99.65 دەنگەکانی راگەیاند، بەپێی ئەنجامەکان لە سێ گەورەترین شاری تورکیا، پارتی دادو گەشەپێدان دوچاری شکست بووەتەوە، بەپێی ئەنجامەکان لە ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بە زیاتر لە 27 ھەزار و 315 دەنگ لە پێش بیناڵی یڵدرمی کاندیدی ئاکەپارتییەوەیە.
هاوکات هەر بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە شاری ئەنقەرە دووەم گەورە شاری تورکیا، کاندیدی جەهەپە پێش ئاکپارتی کەوتووە و %50.9ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە کاتێکدا ئاکپارتی %47.6 بەدەستهێناوە.
لەشاری ئیزمیریش کە سێیەم گەورە شاری تورکیایە، ئاکەپە شکستی هێناوە و جەهەپە زۆرینەى دەنگەکانى بەدەستهێناوە.
ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ئێوارەی یەکشەممە راگەێندرا، پارتی دادو گەشەپێدان رووبەڕووی شکستێکی گەورە کردەوە، بەجۆرێک دەنگدەرانی ئەستەنبوڵ کە پایتەختی ئابوری تورکیایە و ئەنقەرەش کە پایتەختی سیاسیە دەنگی بە کاندیدی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆندا و ئیزمیریش وەکو ناوەندی هەرە بەهێزی ئۆپۆزسیۆن مایەوە.
سوپرایزی ئەم هەڵبژاردنە لە دەستدانی شارەوانیی ئەنقەرەی پایتەخت بوو کە 16 ساڵە بەدەست ئاکپارتییەوەیە. لەو هەڵبژاردنەدا کاندیدی جەهەپە بەسەر کاندیدی ئاکپارتیدا لە ئەنقەرە سەرکەوت.
ئەو ئەنجامانەش پرسیاری ئەوە دروست دەکەن هۆکار چی بوو خەڵکی سێ گەورەترین پارێزگای تورکیا پارتی داد و گەشەپێدانی رەتکردەوە، ئەنجامێک کە ماوەی 17 ساڵە روبەڕووی ئاکپارتی نەبوەتەوە.
بەڕای چاودێرانی دۆخی تورکیا، هۆکارەکانی شکستی ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ 5 هۆکار دەگەڕێتەوە:
هۆکاری یەکەم:
دۆخی ئابوری
دۆخی ئابوری کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هاوڵاتیان هەبوو، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و بەرزبونەوەی نرخی پێداویستییەکان، تەنانەت بەرزبونەوەی نرخی سەوزە و میوە، ریزبەستنی خەڵکی لەبەردەم بارەگاکانی پارتی دەسەڵاتدار بۆ دەستکەوتنی پێداویستی بە نرخێکی هەرزانتر، خەڵکی تورکیا هەستیکرد بەرەو سەردەمی هەژاری هەنگاو دەنێت دوای چەند ساڵێکی خۆشگوزەرانی.
کاریگەری دۆخی ئابوری بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆژئاوای تورکیا، کاریگەرییەکی زۆرتری کردە سەر هەڵبژاردنەکە، چونکە بە ناوچەیەکی پێشکەوتو دادەندرێت بەراورد بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی تورکیا، بەڵام سەرکەوتنی ئاکپارتی بەسەر پارتی دیموکراتی گەلان لەسێ پارێزگای زۆرینە کوردنشین، ئاستی دەنگەکانی ئاکپارتی بەشێوەیەیکی گشتی وەک خۆی هێشتەوە.
هۆکاری دووەم
شکستی گوتاری سیاسی
شکستی گوتاری سیاسی ئاکپارتی و هاوپەیمانەکانی کە سەرنجیان خستبوەسەر گرینگی مانەوەی ئاکپارتی لە حوکم و مانەوەی دەوڵەت. بابەتێک کە لەسەرەتادا پارتی بزووتنەوەی نەتەوە پەرستی تورکیا کە هاوپەیمانی سەرەکی ئاکپارتی بوو بانگەشەی بۆ دەکرد، لە کۆتایدا بوو بە گوتاری سەرەکی هاوپەیمانی کۆمار، ئەو گوتارە بەلای بەشێکی دەنگدەرانەوە جێگای رەخنە بوو. پێیان وابوو کە ئەوە ئاماژەیە بۆ شکستی سیاسی.
هۆکاری سێیەم
بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە
لە هەڵبژردنەکەی رۆژی یەکشەممە، بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە کە سەرۆک کۆمار پشتی پێ بەستبوو، هەروەها سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا سەرکردەکانی کوردی بە» تیرۆریست» ناوبرد، ئەوەش وایکرد دەنگدەرانی کورد لە هەندێ ناوچەی تورکیا زیاتر لە ئاکپارتی دوربکەونەوە.
هۆکاری چوارەم
رێکەوتنێکی پێشوەختەوە
رێکەوتنێکی پێشوەختەوە هەبوو، کە بریتی بوو لە دەنگدانی لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە، ئەوەش وایکرد دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان بەراورد بە دەنگەکانی پارتی گەلی کۆماری لە کەمی بدات و دەنگی کورد یەکلاکەرەوە بوو.
هۆکاری پێنجەم
رووداوی مزگەوتەکەی نیوزلەندا
بەگوێرەی ڕای چاودێران پەیوەندی رووداوی هێرشکردنەسەر مزگەوتێک لە نیوزلەندا کە بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 کەس، وەکو کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەو رووداوە لە ناو بەشێکی زۆری خەڵک کە بەشداری هەڵمەتی بانگەشەیان کرد، بووە جێگای رەخنە، چونکە پارتی داد و گەشەپێدان دەویست ئەو رووداوە بەکاربهێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا رێککەوتنی لایەنەکان هاوکێشەی هەڵبژردنی گۆڕی. مەهەپە هیچ کاندیدێکی بۆ سەرۆک شارەوانی 27 گەورەشارەوانی تورکیا دیارینەکردبوو، لە کاتێکدا ئاکپارتیش هیچ کاندیدێکی بۆ سەرۆکشارەوانی سێ گەورە شارەوانیی ئەدەنە، مێرسین و مانیسا دانەنا. هەرچی جەهەپە و ئی پارتیشن لەسەر پشتیوانیکردنی یەکدی لە 22 گەورە شارەوانی رێککەوتبوون. جەهەپە 12 کاندیدی دیاریکردبوو و لە 10 شارەکەی دیکەش پشتگیری لە کاندیدەکانی ئی پارتی دەکرد. لە 51 پارێزگاکەی دیکەش رێککەوتنیان لەسەر 27 شارەوانی کردبوو.
رۆژی یەکشەممە 31ـی ئازار هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە 81 پارێزگای تورکیا بەڕێوەچوو کە تێیدا 57 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە 1.2 ملیۆن کەسیان بۆ یەکەمجار بوو دەنگیان دەدا.
دەنگدانی ئەمجارەی تورکیا لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە دۆخی ئابووریی تورکیا باش نەبوو، رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 20٪ـە و بەهای لیرەش بە رێژەی 30٪ دابەزیوە. هەر ئەمەش وایکرد ململانێی نێوان هاوپەیمانێتی کۆمار و هاوپەیمانێتی گەل بەهێز بێ. هاوپەیمانێتیی کۆمار لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکهاتووە، هاوپەیمانێتیی گەلیش لە جەهەپە و ئی پارتی پێکهاتووە.