«دەنگی سەرباز» هاوکێشەی هەڵبژاردنی لەباکوور گۆڕی
هەدەپە دەڵێت هەرچەندە لە بەشێک لە ناوچەکان بە «دەنگی سەرباز» ئەنجامەکانی گۆڕاون، بەڵام هەڵبژاردن دەریخست کە دەنگیان یەکلاکەرەوەیە
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، هۆکاری بەدەستنەهێنانی سەرجەمی ئەو شارەوانییانەی باکوری کوردستان کە قەیومیان بەسەردا سەپێنرابوو، دەگەرێنێتەوە بۆ کاریگەری دەنگی ئەو هەزاران سەرباز و پۆلیسەی لەلایەن تورکیاوە، که لە بەشێک لەو ناوچانە جێگیرکراون.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان کە رۆژی ٣١ی ئازار بەڕێوەچوو، لەکۆی نزیکەی ١٠٠ سەرۆک شارەوانی کە لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٤دا هەدەپە بەدەستی هێنا و دواتر قەیوم لەجێگەیان دانرا، هەدەپە زیاتر لە نیوەی ئەو شارەوانییانەی بەدەستهێناوەتەوە.
بەپێی ئەنجامەکان، هەدەپە ٥٨ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێناوە، کە لە هەشت پارێزگا و ٥٠ قەزا پێکهاتوون، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا ٩٩ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێنابوو.
هەدەپە لە هەشت پارێزگا، سەرۆکایەتی شارەوانی ناوەندی پارێزگاکانی بردووەتەوە کە پێکهاتوون لە (ئامەد، وان، مێردین، ئێله، سرت، جولەمێرگ، قەرس، ئیدر).
حەسەن ئۆزگەنوش پەرلەمانتاری هەدەپە بە هاوڵاتى راگەیاند، هیوایان دەخواست کە بیانتوانیایە سەرجەم ئەو شارەوانییانە بەدەستبهێننەوە کە قەیومیان بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام توانییان بەشێکی بگەڕێننەوە، بەهۆی ئەوەی لەژیر فشارێکی زۆری ئەکەپە و مەهەپەدا بوون.
وتیشی «سەرباز و پۆلسی زۆر لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ هەندێ لە ناوچەکانی باکوری کوردستان نێردرابوو، وەکو شرناخ و قلابان کە رۆڵیان هەبوو لە گۆڕینی ئەنجامەکان، جگە لەوەش پڕۆسەکە لەو ناوچانە، بە خاوێنی بەرێوەنەچووە و بەشێک لە دەنگدەران لەژێر فشاردا بوون».
حەسەن ئۆزگەنوش باسی لەوەشکرد، هەدەپە بەگشتی چەند ساڵێکە لەژیر فشارێکی زۆردایە و بەهەزاران سەرکردە و پەرلەمانتار و لایەنگری دەستگیرکراوە لەلایەن دەوڵەتەوە، بۆیە ئەنجامەکان بەو شێوەیە نەبووە کە چاوەڕوانیان دەکرد.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ هەدەپە لەکاتێکدابوو، ئەو حزبە لەژێر فشارێکی توندی دەوڵەتدا بوو، بەشی زۆری سەرکردەکانی خرابوونە زیندانەوە.
لەساڵی ٢٠١٦ەوە تورکیا هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بەرپرس و هاوسەرۆک و پەرلەمانتار و ئەندامانی هەدەپەی دەستپێکردووە و تا ئیستاش پرۆسەکە بەردەوامە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دۆسیەیان بۆ کراونەتەوە و خراونەتە زیندانەوە.
هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا لەبەشێک لە ناوچەکانی باکوری کوردستان پاشەکشەی کردووە کە دیارترینیان شاری شرناخە کە ئەکەپە سەرۆکی شارەوانی ناوەندی شارەکەی بردووەتەوە، بەڵام شەش ناحیەکەی سەر بەو شارە سیانیان لەلایەن هەدەپە و سیانی دیکەیان ئەکەپە بەدەستی هێناون.
شرناخ لەچەند ساڵی رابردوودا شوێنی پێکدادانی راستەوخۆ و شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی سوپای تورکیا و پەکەکە بوو، بەهۆیەشەوە بەتەواوی لە شوێنێکی نیشتەجێبوونی چڕەوە گۆڕا بۆ ناوچەیەکی سەربازی و زۆربەی دانیشتوانەکەی هەڵهاتن و ماڵەکانیان جێهێشت.
بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی و تا ئێستاش تورکیا هێزێکی زۆری لەو شارە جێگیرکردووە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو شارەو ناوچەکانی دەوروبەری ئەنجام دەدات.
عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە هاوڵاتى راگەیاند، سەرباز و جەندرمە و پۆلیس و خەڵکێکی زۆری سەر بە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لەو ناوچانە جێگیرکرابوون، بەتایبەتی لە شرناخ، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبووە.
وتیشی «ئەوان فشاری زۆریان لەو ناوچانە دروستکردووە، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردن بەو شێوەیە بووە لەو ناوچانە، خەڵکێکی زۆریش ناوچەکانیان چۆڵکردووە».
سەرەڕای بەدەستنەهێنانەوەی بەشێک لەو شارەوانیانەی باکوری کوردستان لەلایەن هەدەپەوە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە قەیومیان بەسەردا سەپێنرابوو، ئەو پارتە توانی لەم هەڵبژاردنەدا ببێتە هێزێکی دیار، کاتێک پشتیوانی لە کاندیدەکانی جەهەپە کردوو بەو هۆیەشەوە پارتی دەسەڵاتدار، لەچەند گەورە شارێکی وەکو ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە شکستی هێنا.
ئەو شکستە گەورەترین بوو کە بەر پارتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بکەوێت، لەو کاتەوە کە لەساڵی ٢٠٠٢ەوە دەسەڵاتی لەو وڵاتە گرتووەتە دەست.
عومەر ئۆجەلان وتی «دەوڵەت و ئەکەپە توندترین فشاریان خستبووە سەر هەدەپە، تا نەتوانێت دەنگ بەدەست بهێنێت و گورزی گەورەمان بەربکەوێت بەتایبەتی لە باکوری کوردستان، بەڵام ئێمە توانیمان لەشارە گەورەکان، گورزی گەورە لە ئەکەپە بدەین، کاتێک پشتیوانی جەهەپەمان کرد».
جەختیشیکردەوە، ئەنجامی هەڵبژاردن و شکستی ئەکەپە لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ دەریخست کە هەدەپە هێزێکی گەورەیە «ئەم هەڵبژاردنە هێزی هەدەپەی دەرخست کە دەنگی یەکللاکەرەوەیە، ئێستا ئیتر دەبێت حسابی تایبەت بۆ هەدەپە بکەن».
دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تا ساڵی ٢٠٢٣ هیچ هەڵبژاردنێکی دیکە لە تورکیا بەڕێوەناچێت، بۆیە هەموو پارتەکان چاویان لەم هەڵبژاردنە بوو تا هەژموونی خۆیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو بسەپێنن، بەتایبەت کە لەدوای گۆڕینی سیستەمی سیاسییەوە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، گرنگی پێگەی شارەوانییەکان زیاتر بووە.
لەم هەڵبژاردنەدا، هەدەپە بۆ یەکەمجار لەگەڵ حەوت پارتی دیکەی کوردیدا، بەهاوپەیمانێتییەک بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، هەروەها ئەکەپە و مەهەپە بە هاوپەیمانێتی کۆمار بەشدار بوون و جەهەپە و ئی پارتیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی میللەتدا بەشداربوون.
هەرچەندە هەدەپە هیچ هاوپەیمانێتییەکی فەرمی لەگەڵ جەهەپەدا نەبوو، بەڵام هەماهەنگییان هەبوو بۆ ئەوەی پشتیوانی لە کاندیدەکانی یەکتر بکەن، تا شکست بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار بهێنن لە زۆترین ناوچەدا، بەتایبەت لە شارە گەورەکاندا.
لە ئێستادا پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە پاشەکشەی تێدا کردووە لە باکوری کوردستان و دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، جارێکی تر لەو ناوچانە پاشەکشە نەکات.
پەروین بووڵدان و سەزای تەمەللی هاوسەرۆکانی گشتیی پارتیی دیموکراتیی گەلان هەدەپە، لە پەیامێکی هاوبەشدا رایانگەیاند هەڵبژاردن تەواو بوو. فشارەکان لەسەر هەدەپە لە بەرزترین ئاستدا بوون. بەڕێوەبەر، ئەندام و لایەنگرانی ئێمە دەستگیر و زیندانی کران. هەروەها بایکۆتی ڕاگەیاندن، بە شێوەیەک لەسەر ئێمە هەبوو کە لە مێژوودا نەبینراوە. سەرەڕای ئەوەش پارتییەکەمان سەرکەوت».
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئیرادەی گەل لە دژی سیاسەتی قەیوومەکان دەرکەوتووە. لە لایەکی دیکەشەوە هاوپەیمانەتیی ئاکەپە-مەهەپە شکستی هێنا. ئەمە لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە.
هەدەپە لەبەشێک لە ناوچەکانی باکوری کوردستان دەنگەکانی کەمیکردووە و لەبەرانبەردا دەنگەکانی ئەکەپە زیادیکردووە، بەو هۆیەشەوە بەشێک لەو شارەوانییانەی لەدەستدا کە چاوی لە بەدەستهێنانیان بوو.
حەسەن ئۆزگەنۆش پەرلەمانتارەکەی هەدەپە وتی «هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامەکان دەکەین و پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکەین».
هەروەها هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە، لە پەیامەکەیاندا جەختیان کردووەتەوە، لە هەندێک شوێن هەدەپە پاشەکشەی کردووە «لە ماوەیەکی کورتدا دەربارەی ئەو شوێنانەی لەدەستدراون هەڵسەنگاندن دەکرێت و کەموکوڕی و هەڵەکان دەستنیشان دەکرێن و ڕوونکردنەوەی پێویست لەوبارەیەوە دەدرێت. با هیچ کەس گومانی لەوە نەبێت».