شه‌ڕڤانان و هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامى به هه‌ماهه‌نگییه‌کانیان ده‌ده‌ن

6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده) و هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، به‌رده‌وامى ده‌ده‌ن به هه‌ماهه‌نگییه سه‌ربازییه‌کانیان به مه‌به‌ستى ریشه‌کێشکردنى شانه نوستووه‌کانى داعش، دواى ئه‌وه‌ى له مانگى رابردودا، دوایین پێگه‌ى ئه‌و رێکخراوه‌یان له سوریا کۆنتڕۆڵکرده‌وه.
دواى 20 رۆژ لهپێکدادانى به‌رده‌وام، مانگى رابردوو هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات به پاڵپشتى هێرشه ئاسمانییه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى، گوندى باغۆزیان له پارێزگارى دێره زور له باکورى سوریا کۆنتڕۆڵکرده‌وه، که دوایین پێگه‌ى داعش بوو له سوریا.
له‌و ماوه‌یه‌دا به هه‌زاران چه‌کدارى داعش و خێزانه‌کانیان خۆیان راده‌ستى شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده کرد و له که‌مپێکدا جێگیرکراون.
نورى مه‌حمود وته‌بێژى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه) که پێکهێنه‌رى سه‌ره‌کى هێزه‌کانى سوریاى دیموکراته، به راگه‌یاند، له‌رووى جوگرافییه‌وه توانیویانه به هه‌ماهه‌نگى هاوپه‌یمانان، کۆتایی به رێکخراوى داعش بهێنن، به‌ڵام هێشتا له‌رووى فکرییه‌وه، ئه‌و رێکخراوه کۆتایی نه‌هاتووه و پێویستى به‌کارى زیاتره بۆ کۆتایی پێهێنانى.
وتیشى «له‌دواى شه‌ڕى باغۆزه‌وه، هه‌ماهه‌نگییه سه‌ربازییه‌کانى هه‌سه‌ده و هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامن، بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ى شانه نوستووه‌کانى داعش و کۆتایی هێنان به داعش له‌سه‌رجه‌م رووه‌کانه‌وه«.
هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات که تێکه‌ڵه‌یه‌که له هێزى کوردى و عه‌ره‌ب و سریانى ساڵى 2015 دامه‌زرێنرا، به‌مه‌به‌ستى پاراستنى ئه‌زموونى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى باکور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا و کۆنتڕۆڵى سێیه‌کى خاکى سوریاى به‌ده‌سته‌وه‌یه.
به‌درێژایی شه‌ڕى دژى داعش ئه‌و هێزانه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعشه‌وه پاڵپشتى کراون و پڕچه‌ک کراون، له‌کاتێکدا ئه‌و هێزانه له‌لایه‌ن تورکیاوه به درێژکراوه‌ى په‌که‌که داده‌نرێن، ئه‌وانیش ئه‌وه ره‌تده‌که‌نه‌وه.
له‌ساڵانى شه‌ڕى دژى داعشدا هه‌سه‌ده به پاڵپشتى هاوپه‌یمانان چه‌ندین پێگه‌ى سه‌ره‌کیی ژێر ده‌ستى داعشیان کۆنتڕۆڵکردووه‌ته‌وه، که دیارترینیان شارى ره‌ققه‌ى پایته‌ختى رێکخراوى داعش بوو.
نورى مه‌حمود باسى له‌وه‌کرد، هێزه‌کانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى ره‌وا پێکهێنراوه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر کاره‌کانیان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى هه‌ر هێرشێک که بکرێته سه‌ریان.
له‌شه‌ڕى کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى باغۆزدا، نزیکه‌ى 70 هه‌زار چه‌کدارى داعش و خێزانه‌کانیان، خۆیان راده‌ستى شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده کردووه و زیندانى کراون، تائێستاش دیار نییه ئه‌و پرسه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.
ئیداره‌ى باکور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا داواى پێکهێنانى دادگایه‌کى نێوده‌وڵه‌تى کردووه له باکورى سوریا، به‌مه‌به‌ستى دادگاییکردنى ئه‌و چه‌کدارانه‌ى داعش.
نورى مه‌حمود وتى «ئه‌و که‌سانه ژماره‌یان به‌هه‌زاران ده‌بێت و به‌شێکى زۆریان چه‌کدارى بیانى داعشن و تیرۆریستى نێوده‌وڵه‌تین، بۆیه پێویسته له دادگایه‌کى نێوده‌وڵه‌تیدا، دادگایی بکرێن و سزایان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت».
وتیشى «دادگاى ناوچه‌یی باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا، له‌و رووه‌وه کارى خۆی ده‌کات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و چه‌کدارانه‌ى داعش له‌چه‌ندین وڵات تاوانیان کردووه، پێویسته لهدادگایهکى نێوده‌وڵه‌تی دا سزا وه‌ربگرن».
به‌مه‌به‌ستى دروستکردنى دادگایه‌کى نێوده‌وڵه‌تى، ئیداره‌ى باکورى سوریا لیژنه‌یه‌کى پێکهێناوه و داواکه‌یان خستووه‌ته به‌رده‌م نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، به‌ڵام تا ئێستا به‌فه‌رمى وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه.
نورى مه‌حمود باسی له‌وه‌کرد، کاره‌کانى لیژنه‌که به‌رده‌وامه‌و داواکه‌یان خستووه‌ته به‌رده‌م لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان.
جه‌ختیشیکرده‌وه، بوونى ئه‌و چه‌کداره زۆره‌ى داعش کێشه و بارێکى قورسى له‌سه‌ر شانیان دروستکردووه و پێویسته ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکرێت «له تواناى ئیداره‌ى باکورى سوریادا نییه به‌ته‌نها ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر بکات، ئه‌وه‌ش کێشه‌یه‌کى قورسه که روبه‌ڕوومان بووه‌ته‌وه«.
به‌رپرسانى ئیداره‌ى رۆژئاواى کوردستان، تا ئێستا چه‌ند جارێک داوایان له‌و وڵاتانه کردووه ئه‌و چه‌کداره بیانیانه وه‌ربگرنه‌وه که خه‌ڵکى ئه‌و وڵاتانه‌ن و چونه‌ته ریزه‌کانى داعشه‌وه و له ئێستادا له‌لاى ئه‌وان زیندانى کراون، به‌ڵام جگه له عێراق، هیچ وڵاتێک ئاماده‌یی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى چه‌کداره بیانییه‌کان ده‌رنه‌بڕیوه.
وته‌بێژى یه‌په‌گه رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌پێی پره‌نسیپى ئه‌خلاقى خۆیان، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا ده‌که‌ن، له‌چوارچێوه‌ى حقوق و واجبدا، به‌ڵام پێویسته ئه‌و پرسه له‌رووى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه و وڵاتانى دیکه‌ش ئه‌رک و به‌رپرسیارێتى خۆیان له‌و باره‌یه‌وه به‌جێبهێنن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات، توانییان کۆتایی به بوونى سه‌ربازى داعش بهێنن به پاڵپشتى هاوپه‌یمانان، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ژێر کۆنتڕۆڵى ئه‌و هێزه‌دایه، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌شکرکێشى تورکیادایه.
سوپاى تورکیا ماوه‌ى چه‌ند مانگێکه به‌رده‌وام هێزى سه‌ربازى بۆ سه‌ر سنوره‌کانى باکور و رۆژئاواى کوردستان ده‌نێرێت، له‌دواى کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى باغۆزیشهوه له‌و پڕۆسه‌یه به‌رده‌وامه.
به‌ڵام مانه‌وه‌ى به‌شێک له هێزه‌کانى ئه‌مریکا، له‌ناوچه‌کانى ژێر ده‌ستى هه‌سه‌ده جۆرێک له دڵنیایی پێداون که تورکیا به ئاسانى نه‌توانێت له‌شکرکێشى بکاته سه‌ر ناوچه‌کانیان.
وته‌بێژى یه‌په‌گه وتى «ئێمه دوژمنى تورکیا نین و له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌رى سیاسی و دیبلۆماسیداین، کێشه‌که تورکیا نییه به‌ڵکو ئه‌ردۆغان و ئه‌که‌په‌یه که هه‌ڕه‌شه له کورد ده‌که‌ن له‌هه‌ر شوێنێک بێت».
وتیشى «تورکیا به‌رده‌وامه له هه‌ڕه‌شه‌کانى هه‌ر ده‌رفه‌تێکى بۆ بێته پێش ره‌نگه هێرش بکات، به‌ڵام مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا گرنگه بۆ رێگرى له‌و هێرشانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه به‌ره‌نگارى هه‌ر هێرشێک ده‌بینه‌وه که بکرێته سه‌رمان».
پێش کۆتایی هێنان به داعش و کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى باغۆز، کوردانى رۆژئاواى کوردستان دانوستانى ناڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ سوریا ده‌ستپێکرد، له‌رێگه‌ى مۆسکۆوه به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به رێککه‌وتن له‌باره‌ى ناوچه‌کانى ژێر ده‌ستیان و نه‌خشه رێگایه‌کیان راده‌ستى سوریا کرد.
تا ئێستا دیمه‌شق، وه‌ڵامى نه‌خشه رێگاکه‌ى نه‌داونه‌ته‌وه، که یه‌کێک له خاڵه‌کانى، تایبه‌ته به‌وه‌ى هێزه‌کانى هه‌سه‌ده بکرێنه چوارچێوه‌ى سوپاى سوریاوه، به‌مه‌به‌ستى پاراستنى سنوره‌کانى سوریا له‌هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر دیمه‌شق مافه‌کانى کورد و پێکهاته‌کان گره‌نتى بکات له ده‌ستورێکى نوێ‌دا و ئیداره‌ى خۆبهڕێوهبهرییهکهشیان پارێزراوبێت له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و وڵاته‌دا.
نورى مه‌حمود وتى «ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکرات، له‌گه‌ڵ سوریا بکهوێـه دانوستان و مافه‌کانى کورد و پێکهاته‌کانى تر، له چوارچێوه‌ى چاره‌سه‌رێکى سیاسی‌دا و له ده‌ستوردا بچه‌سپێنرێت، هه‌ر بڕیارێک بده‌ن ئێمه پێوه‌ى پابه‌ند ده‌بین».
باسى له‌وه‌شکرد، سوپاى سوریا ئێستا سوپایه‌کى نیشتیمانى نییه، به‌ڵکو سوپاى رژێمى سوریایه، به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا هه‌رگیز نابن به به‌شێک له‌و سوپایه، به‌ڵکو ده‌بێت ببێته سوپایه‌کى نیشتیمانى بۆ هه‌موو سوریا.
کوردانى سوریا له نه‌خشه رێگاکهیاندا داواى سیستمى فیدراڵییان کردووه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى سوریا، به‌ڵام به‌رپرسانى دیمه‌شق ئه‌و داوایه به دابه‌شکردنى وڵاته‌که‌یان داده‌نێن و ره‌تیان کردووه‌ته‌وه.
له‌دواى کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى باغۆزه‌وه، کوردانى سوریا هه‌وڵه‌کانیان چڕکردووه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌رى سیاسی قه‌یرانى سوریا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌فته‌ى رابردوو سێیه‌مین دیدارى سورى – سورى یان ئه‌نجامدا.
له‌و دیداره‌دا جه‌ختکرایه‌وه له‌سه‌ر چاره‌سه‌رى سیاسی قه‌یرانى سوریا و ده‌ستبه‌رکردنى مافه‌کانى کورد و پێکهاته‌کان له ده‌ستورى نوێی سوریادا.
