کڵاشی ژنان درووست دەکرێت

ژنێک لە هەنگاوێکی نوێدا ماڵەکەی خۆی دەکات بە کارگەیەک بۆ دروستکردنی پاپوچی ژنانە

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى، لۆڤا محەمەد

ئارەزوو تۆفیق ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵی شاری سلێمانیە، ئەو ماڵە بچووکەکەی خۆی کردووە بە کارگەیەک بۆ دروستکردنی کڵاش و  پاپوچی ژنانە.

ئارەزوو ماوەی سێ مانگە دەستی کردووە بە کڵاش چنین و دروستکردنی  پاپوچی ژنانە و ماڵەکەی خۆی کردووە بە کارگەیەک و کڵاش و  پاپوچ بە ڕەنگ و قەبارە و دیزاینی جیاواز دروستدەکات.

ئارەزوو دایکی دوو منداڵە و لە سەرەتادا ماوەی ساڵێک سەرقاڵی شلیلە چنین بووە و لە ماوەی کارکردنیدا لە شلیلەدا، چەندین کەلوپەلی جیاوازی دروستکردووە وەکو جانتا و کڵاو و عەزی و پێڵاوی منداڵانی دروستکردووە و شارەزاییەکی باشیشی تێیدا پەیداکردووە و توانیویەتی لەو کارەیدا داهاتێکی باشی دەستبکەوێت، بەڵام دواتر دەستدەکات بە کاری دروستکردنی کڵاش و  پاپوچی ژنان و کچان.

دوای ئەوەی دایکی ئارەزوو داوا لە کچەکەی دەکات کە وەک چۆن لە کاری شلیلەدا توانای باشی هەیە و کاردەکات، بەهەمانشێوە خۆی فێری کاری چنینی کڵاش و  پاپوچی ژنان و کچان بکات.هەربۆیە ئارەزوو. دوای بڵاوبوونەوەی ڕیکلامێک کە تایبەتە بە خولی فێربوونی چنینی کڵاش و  پاپوچ، بڕیار دەدات کە بەشداری بکات و خۆی فێری ئەو هونەرە بکات. دوای تێپەڕبوونی بە چوار ڕۆژ لە خولەکەدا ئارەزوو شارەزایی تێدا پەیدا دەکات.

ئەوە ماوەی سێ مانگە ئارەزوو دەستی کردووە بە کڵاش چنین و  پاپوچی ژنانە. دیارە کڵاش چنینەکەی ئارەزوو جیاوازییەکەی ئەوەیە کە کڵاشی ژنانە دەچنێت کە بە شێواز و ڕەنگەکانی جیادەکرێتەوە. بۆ کڵاشی ژنانە ڕەنگی جیاواز بەکار دەهێنێت و بۆ کڵاشی پیاوانەش تەنها ڕەنگی سپی دەچنێت.

هەروەها  پاپوچەکانیشی جیاوازن، لەبەرئەوەی  پاپوچەکانیش بەهەمان شێوە بە پەتی کڵاش دروستی دەکات بەڵام بە دیزاینی جیاواز و بە پاژنەی بەرز و بە پێشی کراوە و داخراو، وە بە قەبارەی جیاواز.

ئارەزوو سەبارەت بە کارە نوێیەکەی کە درووسکردنی پاپوچە ڕایگەیاند «ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ چنینی کڵاشێک یاخود  پاپوچێک پێویستمە هاوسەرەکەم لە بازاڕ بۆم دەست دەخات و منیش بەو بیرۆکانەی کە بە خەیاڵمدا دێت دروستیان دەکەم و بە قەبارەی جیاواز و بە ڕەنگی جیاواز».

زیاتر دەشڵێت «بەشداریم لە هیچ پێشانگایەکدا نەکردووە، چونکە کارەکەم تازەیە، بەڵام لە داهاتوودا بۆ ناساندنی کارەکەم بەشداری دەکەم، لە ئێستادا تەنها کەسانی چواردەورم کارەکەم دەزانن و لێم دەکڕن. بەهۆی ڕیکلام کردنیش لە پەیجەکەم و گروپەکانەوە، جارجار داواکاری دروستکردنی کڵاش و  پاپوچم بۆ دێت، کچان کە داوای دەکەن، دەڵێن جلی کوردیەکەمان بۆ نەورۆز بەم ڕەنگەیە تۆش بەو ڕەنگە کڵاشەکەمان بۆ بچنە، ئیتر منیش بۆیان دەچنم».

ئارەزوو جگە لەم ئیشە، هیچ ئیشێکی دیکەی نیە کە ببێتە داهاتێک بۆی. بۆیە هەوڵدەدات زیاتر پشت بەم کارەی ببەستێت و بە خەڵکی ئاشنابکات و بیکاتە کارێک کە پشتی پێ ببەستێت، وەکو داهاتێکی سەرەکی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار