پارتى "نێوه‌ندگیرى" له‌نێوان گۆڕان و یه‌کێتييدا ده‌کات

6 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى پارتى ده‌ڵێت  پرسى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان جێگه‌ى ناکۆکى نێوان یه‌کێتى گۆڕانه‌ و "پارتیش نێوه‌ندگیریان ده‌کات".

بریاربوو ئه‌مڕۆ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌نجام بدرێت بۆ په‌سه‌ندکردنى هه‌موارى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام به‌پێى وته‌ى په‌رله‌مانتاران به‌هۆى" ناکۆکى" گۆڕان و یه‌کێتیه‌وه‌ به‌باشزانراوه‌ دوابخرێت.

ئیدریس ئیسماعیل، ئه‌ندامى  فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى" دواخستنه‌که‌ به‌هۆى ڕێکنه‌که‌وتنى سێ حزبى گه‌وره‌وه‌ بووه‌(یه‌کێتى، گۆڕان، پارتى) و  ناتوانین بچینه‌ کۆبونه‌وه‌یه‌ک که‌ ناکۆکى نێوان لایه‌نه‌کان هه‌بێت".

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد که‌ پارتى هیچ کێشه‌یه‌کى له‌سه‌ر پرسى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێم نییه‌، وتیشى" پارتى به‌ دانوسان هه‌موو لایه‌نه‌کان رازى ده‌کات و نیوه‌ندگیرى له‌ نێوان گۆڕان و یه‌کێتیدا ئه‌نجام ده‌دات تا رازیان بکات".

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ 18ى شوباتى ئه‌مساڵ له‌سه‌ر به‌شدارى کردنى حکومه‌ت رێککه‌وتن و پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم دراوه‌ته‌ گۆڕان، به‌ڵام یه‌کێتى داواى پۆستى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانى کردووه‌و پارتیش چاوه‌رێى بۆچونى گۆڕان ده‌کات.

جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى  لیژنه‌ى یاسایى له‌ فراکسیۆنى گۆڕان له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى  هێماى بۆ ئه‌وه‌کرد وه‌ک لیژنه‌ى یاسایى له‌ هه‌ست کردنیان به‌ به‌رپرسیارێتى بۆ ئه‌وه‌ى کۆده‌نگی له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هه‌بێت تا کۆتا قسه‌ى لایه‌نه‌کانى تێدابێت بۆیه‌ بریارى دواخستنى کۆبونه‌وه‌که‌یانداوه‌.

په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆڕان ده‌شڵێت:" گۆران په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ پارتى و داوامان  لێ کردوون په‌یوه‌ستبن پێوه‌ى، چونکه‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم هى ئێمه‌ نه‌ده‌بوو پرسى جێگرى دووه‌م بکه‌وێته‌ دانوسانى نێوان یه‌کێتى و پارتییه‌وه‌".
هاوکات، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ "یه‌کێتى ته‌نها پۆست داتاشینه‌".

رۆژى 30 ئه‌یلولى 2018 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌نجامدراوه‌و لوکاته‌وه‌ تا ئێستا 192 رۆژ به‌سه‌ریدا تێپه‌ر بووه‌و هێشتا لایه‌نه‌کان له‌دانوسان به‌رده‌وامن، به‌ڵام نه‌گه‌شتونه‌ته‌ ئه‌نجامى کۆتایى.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار