ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێم 20% بەرز بووەتەوە
کونسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئەمریکا داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە پابەندی سزاکانی سەر ئێران بێت بەڵام پێشوازی لەداواکارییەکەی نەکراوە.
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەعدوڵڵا مەسعودیان کونسوڵی ئێران لە شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت چەندین وەفدی ئابووری و بازرگانیی ئەمریکی، چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ ئەوەی قەناعەت بە بازرگانەکانیان بهێنن کە پابەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بن، بەڵام پێشوازی لە داواکارییەکەیان نەکراوە.
سەعدوڵڵا مەسعودیان بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندوە، هۆکاری رەتکردنەوەی داوای ئەمەریکا ئەوەیە، ئەو کاڵایەی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردە دەکرێت، زیاتر بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدایە و کەمتر بەرژەوەندی ئێرانی تیدایە.
مەسعودیان وتی «بۆ نموونە ئەو بەرهەمانەی لە ئێرانەوە بەرەو بازاڕەکانی عێراق هەناردە دەکرێت، کاڵای زەروورین و ئەگەر لە ئێرانی نەکڕن، ناچارن بە نرخی زیاتر لە جێگایێکی دیکەوە دابینی بکەن. ئەمریکییەکان تا ئەم کاتەش هەوڵیان داوە زیان بە بازرگانە عێراقییەکان بگەیەنن، بەڵام لەو کارەی خۆیاندا سەرنەکەوتوون».
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، 20% بەرز بووەتەوە
هەروەها سەعدوڵڵا مەسعودیان کونسووڵی ئێران لە شاری سلێمانی لەبارەی هۆکاری جێبەجێ نەکرانی پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی ئێران وتی «هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە لە بەغداوە ڕێنمایی دەربکرێت بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە هاووڵاتیانی ئێرانی».
ڕێککەوتنی ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر، بە گەشتیارانی هەردوو وڵات لە سەردانەکەی ئەم دواییەی حەسەن ڕۆحانی بۆ عێراق واژۆ کرا و کونسووڵخانەکانی ئێران بەپێی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی یەکی نیسانەوە ڤیزەی بێ بەرانبەریان بۆ هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکردووە و هەموو جۆرە ڤیزایەکی گەشتیاری و خوێندن و تەندروستی، بە بێ بەرانبەر بە هاوڵاتییانی عێراقی دراوە. بەڵام تا ئەم کاتەش هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە و 25 هەزار دینار لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگیرێت.
سەعدوڵڵا مەسعوودیان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت و لەو بارەیەشەوە گفتوگۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردووە و ئەویش ڕایگەیاندووە کە هەرکاتێک لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە ڕێنمایییان بۆ دەربکرێت، دەستبەجێ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکەن و تا ئەم کاتەش ڕێنماییان بۆ دەرنەکراوە، هەر بۆیەش بۆ پێدانی ڤیزە پارەیان لە هاووڵاتییانی ئێرانی وەرگرتووە.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی پێشتریش لە پرێس کونفڕانسێکدا وتبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکان لە دەوڵەتی ناوەندەوە وەردەگرێت و ئەگەر ڕێنمایی بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی ئێرانی بگاتە دەستیان پێبەندی دەبن.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی پێشتریش لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا وتبووی، ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر ڕێککەوتنێکی فەرمییە و بێگومان پاش ئەوەی کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر کران، ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.
کونسووڵی ئێران لە سلێمانی لەبارەی پێدانی ڤیزەی 3 مانگە و 6 مانگ لەلایەن کونسوڵخانەکانی ئێرانەوە دەڵێت «بەشێوەیەکی کاتی پێدانی ڤیزەی 3 مانگ و 6 مانگ لە لایەن ئێرانەوە ڕاگیراوە و چاوەڕوانین ڕای بەغدا لەبارەی پێدانی ئەو دوو ڤیزەیەشەوە وەربگرین.
مەسعوودیان وتیشی «کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئامادەیە ئەگەر بەغدا ڕەزا بێت ڤیزەی 3 و 6 مانگیش بە هاوڵاتییانی عێراقی بدات و بۆ ئەو مەبەستە تەنها چاوەڕوانی بڕیاری بەغدا دەکەین.»
مانگی ڕابردوو سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراقیان کرد و محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دیداری کرد.
مەسعودیان لەبارەی ئەنجامی سەردانەکانی ڕۆحانی و زەریف بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وتی «سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامی ئیجابیی زۆری هەبوو. سەردانەکە سەلماندی هەردوولا سوورن لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانیان و ئاسانکاریی زۆریش بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی بازرگانی نێوان هەردوو لا و لە کۆتایی 2019دا هەرێمی کوردستان داتاکانی بڵاو دەکاتەوە و هەڵکشانی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێن».
هەروەها وتی «نوێنەرانی هەردوولا، پێداگرن لە سەر فراوانکردنی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ڕێژەی زیاتر لە 20% و هیواداریشین بتوانین زیاتر لەوەش تۆمار بکەین».
کونسووڵی ئێران لە سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد ئێستا وەکوو جاران کێشە و ئاستەنگ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نەماوە و بەرنامەی تۆکمە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان داڕێژراوە.
مەسعوودیان وتیشی «کۆمەڵێک لە ئاستەنگەکان، دەگەڕێتەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆ کە دەوڵەتی عێراق دایناوە و گومرگی هەرێمی کوردستانیش ڕێنمایی لە بەغداوە وەردەگرێت، بۆیە هیواخوازین بە بەدواداچوونی ئێمە کێشەکان لای دەوڵەتی ناوەندیشەوە چارەسەر بکرێت.»
بەپیی وتەکانی مەسعودیان لایەنی ئێرانی چاوەڕوانی ئەوە دەکات، دەوڵەتی بەغدا ڕێگە بە هاوردەکردنی کۆمەڵێک کەلوپەلی زەرووری بدات کە هاوردنیان لە ئێرانەوە بۆ عێراق قەدەغەیە. هەندێک لەو شتانەش بریتین لە دەرمانەکانی کەرتی جووتیاری و کۆمەڵێک بەرهەمی نەوتی و پێترۆکیمیایی.
پاش ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە گەماری ئابووریی خستە سەر ئێران و ئێرانیش وەفدی ناردە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێم فراوان بکات کونسووڵی ئێران لە سلێمانی لە بارەی گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان بۆ پابەندوبوون بە سزاکانی ئەمریکا.
مەسعودیان وتی «وەفدی ئابووری و بازرگانیی ئەمریکی چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی قەناعەت بە بازرگانەکانی ئەو وڵاتە بهێنن کە پێبەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بن، بەڵام پێشوازی لە داواکارییەکەیان نەکراوە».
وتیشی «هۆکاری ڕەتکرانەوەی داواکارییەکەشیان ڕوونە. هۆکارەکە ئەوەیە ئەو کاڵایەی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردە دەکرێت، زیاتر بە قازانجی لایەنی عێراقییە و ئەوەندەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدایە ئەوەندە بە قازانجی ئێران نییە. بۆ نموونە ئەو بەرهەمانەی لە ئێرانەوە بەرەو بازاڕەکانی عێراق هەناردە دەکرێت کاڵای زەروورین و ئەگەر لە ئێرانی نەکڕن ناچارن بە نرخی زیاتر لە جێگەیەکی دیکەوە دابینی بکەن».