مووچه‌ى زیاتر له‌ 100 هه‌زار که‌س له‌هه‌رێم ده‌بڕدرێت

هه‌ریه‌که‌ له‌ پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان پاڵپشتى پڕۆژه‌ یاسای چاکسازیی خانه‌نشینى ده‌که‌ن

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

بریاره‌ دواى پێکهێنانى حکومه‌ت پرۆژه‌ یاساى چاکسازى خانه‌نشینى له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بکرێت و مووچه‌ى زیاتر له‌ 100 هه‌زار که‌س ببڕدرێت که‌ به‌شێکى زۆریان مووچه‌ى دووباره‌و بندیواری و خانه‌نشینى نایاسایین، له‌ کۆى 224 هه‌زار خانه‌نشینى سه‌ربازى و مه‌ده‌نى له‌هه‌رێمى کوردستاندا موچه‌ وه‌رده‌گرن.

پرۆژه‌ یاساى چاکسازى و خانه‌نشینان له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان کرا له‌ خولى چواره‌مدا، بەڵام نه‌توانرا گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت و هه‌ڵگیرا بۆ خولى پێنجه‌م و بڕیاره‌ کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم، جارێکى دیکه‌ پرۆژه‌که‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکاته‌وه‌.

به‌پێى به‌دواداچونى ‌هاوڵاتى، که‌ له‌وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ده‌ستیکه‌وتووه‌ «زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار که‌س موچه‌کانیان ده‌بڕدرێت».

سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ وه‌زاره‌تى دارایی به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، نزیکه‌ى 100 ملیار دینار بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ش له‌ کۆی 881 ملیار دینارى ته‌رخانکراو بۆ مووچه‌خۆران، بڕەکه‌ى که‌مده‌بێته‌وه‌ بۆ 780 ملیار دینار.

سه‌رچاوه‌که‌ وتیشی «هه‌موو حزبه‌کان کادرو به‌رپرسى باڵایان هه‌یه‌ به‌ پله‌ى وه‌زیرو راوێژکارو پله‌ى سه‌ربازى لیوا و عه‌قید و عه‌مید خانه‌نشین کراون که‌ له‌هه‌موو حزبه‌کانى تێدایه‌ و زۆرینه‌یان به‌ر پارتى و یه‌کێتى ده‌که‌وێت و ئه‌وانى تر گۆڕان و ئیسلامییه‌کان و لایه‌نه‌کانى تریشى تێدایه‌«.

هاوکات وتى «ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌ پله‌ى وه‌زیر یا لیوا و هه‌ر پله‌یه‌کى تر خانه‌نشین کرابێت و  له‌بنه‌مادا وا نه‌بێت ده‌بڕدرێت، ئه‌گه‌ر حه‌قى ئه‌وه‌ى هه‌بێت وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کى کۆن، ئه‌وا خزمه‌ته‌که‌ى بۆ هه‌ژمار ده‌کرێت، وه‌ک فه‌رمانبه‌رێک خانه‌نشین ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌یرى خزمه‌ت و ته‌مه‌نه‌که‌ى ده‌کرێت که‌ به‌پێى یاساى خانه‌نشینى عێراقى خانه‌نشین ده‌کرێن، که‌ 15 ساڵ خزمه‌ت و ته‌مه‌نیان 50 ساڵ ببێت». 

به‌پێى به‌دواداچونى ‌هاوڵاتى، 57 به‌رپرسى باڵاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان که‌ له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ ده‌وام ده‌که‌ن، موچه‌ى خانه‌نشینیان هه‌یه‌.

جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به ‌هاوڵاتى وت «کۆمه‌ڵێک هه‌ن که‌ خانه‌نشین کراون به‌ پله‌ى وه‌زیر و وه‌زیر نه‌بون، یا پێشمه‌رگه‌ى کۆن نه‌بووه‌ و وه‌ک ئه‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دراوه‌، ئه‌و کات وه‌ک خزمه‌ت بۆى ئه‌ژمار ده‌کرێت وه‌ک فه‌رمانبه‌رێکى ئاسایى وه‌ربگرێت، ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ وه‌همین، یان دوباره‌ن، ئه‌وانه‌ ده‌بڕدرێن و وه‌ک گۆڕان پشتیوانى ده‌که‌ین».

وتیشى «ئه‌و پرۆژه‌یه‌ یه‌کێکه‌ له‌ خاڵى ڕێکه‌وتنى نێوان ئێمه‌ و پارتى، سه‌د له‌ سه‌د پشتیوانى ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ هه‌ر که‌لێنێکى تێبکه‌وێت ده‌بێته‌ هۆى لێکدوورکه‌وتنه‌وه‌ى ئێمه‌و پارتى، به‌ڵام دڵنیان، پارتى وه‌ک ئێمه‌ به‌ په‌رۆشه‌«.
له‌لایه‌کى تره‌وه‌ په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ حزبه‌که‌ى پشتیوانى هه‌موو چاکسازییه‌کى ئابوورى ده‌کات.

زیاد جەبار، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کوردستان به ‌هاوڵاتى وت «پشتیوانى له‌ سه‌رخستنى پرۆژه‌ى چاکسازى ئابوورى ده‌که‌ین، چونکه‌ به‌گشتى پرۆژه‌ى چاکسازییه‌که‌ که‌ ببێته‌ یاسا و هه‌مووى جیبه‌جێ بکرێت، ئه‌وکاته‌ نزیکه‌ى 100ملیار ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ داهاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان».

ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌ له‌ ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانیانه‌ پرۆژه‌ى چاکسازی خانه‌نشینى و پشتیوانى ته‌واوى ده‌که‌ن «ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێک موچه‌که‌ى ئیستحقاقى خۆى نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین ده‌ستکارى بکرێت و ببڕدرێت، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ى یاسا و پۆلێنکردنى خزمه‌تى ئه‌و که‌سانه‌دا».

هه‌روه‌ها سه‌لام عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا که‌ له‌م ژماره‌یه‌ى ئه‌مڕۆى ‌هاوڵاتى بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت «هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى موچه‌ى خانه‌نشینى وه‌رده‌گرن و نایاساییه،‌ ده‌بێت په‌رله‌مان بڕیارو یاساى بۆ ده‌ربکات و حکومه‌تیش جێبه‌جێى بکات، ئێمه‌ له‌گه‌ڵیداین ئه‌وانه‌ى نایاساین  پێویسته‌ موچه‌کانیان ببڕدرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار