هاووڵاتیان کەناڵەکان سکاڵاباران دەکەن
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی- نازەنین گۆران، لاڤین مەحمود
لەچەند مانگی رابروودا، هاووڵاتیان بەتۆمەتی «تێکدانی» شیرازەی کۆمەڵگاو ئاسایشی خیزان، دەیان سکاڵایان لەسەر هەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن تۆمارکردوە. بەپێی رای پسپۆڕانی میدیا، لەهەندێک کەیسدا میدیاکان «پێشێلکارییان» کردووە.
بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان ٩٢٠ بڵاوکراوەی چاپکراو هەیە، کە ٥٠ بۆ ٦٠ یان دەردەچێت، هەروەها ١٦٤ تەلەفزیۆن لە هەرێم هەیە، ١٦٠ رادیۆش بونیان هەیە.
شێوازی کارکردنی بەشێک لە میدیاکان لە هەرێمی کوردستان، پسپۆڕانی هێناوەتە ئەو بڕوایەی کە لەهەندێک کەیسدا میدیاکان «پێشێلکارییان» کردووە، بەتایبەتی لەو کەیسانەدا کە پەیوەندییان بە کارەکانی پۆلیس و دادگاوە هەیە.
رۆزە حەمەوەیس ماموستای زانکۆ لە بەشی راگەیاندن باس لەوە دەکات، چارەنوسی میدیا بەرەو «رێگەیەکی زۆرخراپ» ئەڕوات، بەتایبەت ئەگەر پێش بڕیارەکانی دادگا بکەوێت.
رۆزە حەمەوەیس بە هاوڵاتی وت «میدیا دەبێت هەمیشە چاوەڕێ بکات، پێش دادگا و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدار بەو کەیسانە، نەکەوێـت».
لەهەندێک کەیسدا، بەشێک لە میدیاکان بەشێوەیەک مامەڵە دەکەن کە دەیانەوێت دەستپێشخەری رۆژنامەنوسی بۆ ئەوان بێت، بە وتەی رۆزە، دەبێت بەشێوەیەک کاربکات، کە زیان بەکەیسەکان نەگەیەنێت.
رۆزە حەمەوەیس رەخنەی لەو میدیایانە گرت کە لە باسکردنی کەیسە کۆمەڵایەتییەکان مەبەستیانە کە هەستی خەڵکی بجوڵێنن، «ئەمەش کارێکی زۆرهەڵەیە و کەمتوانایی میدیاکە دەردەخات» .
لە هەرێمی کوردستان، ئازادیی کاری رۆژنامەنوسی و مافی زانیاری بە یاسای رۆژنامەگەری «ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧» و یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری «ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣» پارێزاون، بەڵام یاساکان بەتەواوی لە هەرێم جێبەجێناکرێن.
هەندێک لەپسپۆڕانی بواری میدیا پێیانوایە، نەک میدیا خەریکە ئەبێتە بەشێک لەتاوان، بەڵکو زۆرێک لەتاوانەکان لەرێگەی راگەیاندنەوە دەکرێت.
سامان فەوزی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆڕی یاسا کە ساڵانێک مامۆستا بووە لە بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، باس لەوە دەکات کە بەشێک لەو کێشە و سکاڵایانەی لە دادگاکانن، لەرێگەی راگەیاندنەوە ئەنجام دەدرێن.
سامان فەوزی بە هاوڵاتی وت «ئەوە ناوزڕاندن و ئیستغلالکردنی راگەیاندنە، وەک هەڵماڵینی تایبەتمەندی کەسەکان، تادەگاتە ئەوەی هەندێجار مەسائیلی ئاسایشی نەتەوەیش دەگرێتەوە».
لە یاسای سزادانی عیراقی دا کە لە ساڵی دەرچووە ١٩٦٩ئەو جۆرە لە باسکردنی کەس و دەڵێت «نابێت ئەوانەی پەیوەندیدارە بەدادگاکانەوە بڵاوبکرێتەوە، یەکێک لەو بابەتانەی دەڵێت هەر دۆسیەیەک کە لەقۆناغی لێکوڵینەوەدا بێت، نابێت هیچ هەواڵ و زانیاری لەسەر بڵاوبکرێتەوە، چونکە ئەو قۆناغە قۆناغێکی نهێنیە و نابێت بڵاوبکرێتەوە، مەگەر دادگا خۆی رێگەبدات، بۆیە بڵاوبونەوەی ئەو دۆسێیانە لەکاتی لێکوڵێنەوەدا کاریگەریی دەبێت لەسەر رەوتی دادوەری و لەروی یاسایەوە قەدەغەکراوە».
لە یاسای سزادانی عێراقی دا ئەوە هاتووە کە نابێت وێنەو تۆمەتبار بڵاوبکرێتەوە پێش دادگاییکردنی، هەروەها نابێت ناوی وێنەی کەسانی خوار هەژدە ساڵ بڵاوبکرێنەوە.
سامان فەوزی وتی «هەموو ئەمانەمان بینیوە لە میدیای کوردیدا بڵاوکراوەتەوە، حاڵەتێکی تری دیار ئەوەیە کە تاوانبارەکە وەک پاڵەوانێک نیشان بدەی، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی چەند کەسی تر چاوی لێ ببڕێت و ئەو تاوانە دووبارە بکەنەوە» .
بە وتەی سامان فەوزی، رۆژنامەگەری کوردی لەڕووی تەکنیکیەوە پێشکەوتووە، بەڵام لەروی ئیتیکیەوە پێشێلکردنی یاسای رۆژنامەنوسی، جێگای سەرنج و رخنەیەکی زۆرە.
«کەناڵ نابێت بەدوای ئەوەبگەڕێت، ژمارە بۆخۆی زیاد بکات، لەهەمانکاتدا دەبێت چۆنایەتی هەواڵەکان و میسداقییەت بهێڵێتەوە». سامان فەوزی وتی زۆربەی هەڵەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن، کە زۆربەی میدیاکان، تەنها بیرلەوەدەکەنەوە کە تاچەند هەواڵەکەیان خوێنەری دەبێت، کە رەنگە ئەمە ببێتە هۆی ئاستی دابەزاندنی پرۆفیشناڵی ئەو کەناڵانە.
سامان فەوزی داواکاری گشتی بە «کەمتەرخەم» دادەنێت لە تۆمارنەکردنی سکاڵا دژی پێشێلکارییەکانی کەناڵەکان، وتی «ئەوان نوێنەری خەڵکن و سکاڵا تۆمارکردنیش لەسەر ئەو جۆرە کەناڵانەی کە دەست بۆ کاری وادەبەن، ئەرکی داواکاری گشتییە کە سکاڵا تۆمار بکات، چونکە ئەو پارێزەری بەرژەوەندی گشتییە، بەڵام داواکاری گشتی بەکاری خۆی هەڵنەساوە و کەمتەرخەم بووە.»
لەبەرامبەردا دڵشاد فایز وتەبێژی داواکاری گشتی باس لەوەدەکات، لە رێگەی یەکێتی زانایانی کوردستان و ١٠٠ هاوڵاتییەوە، داوایان لێکراوە سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر کەناڵی نێت تیڤی، ئەوانیش بەو کارە هەستاون، ئەنجامی ئەو سکاڵایەش گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری، ئەنجامەکەشی دەرکردنی بڕیاری داخستنی ئەو کەناڵە بوو بۆ ماوەی یەک هەفتە.
بەڵام فەرهەنگ گۆمەشینی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری بە هاوڵاتی راگەیاند کە ئەوان بڕیارەکەی داواکاری گشتییان جێبەجێ نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەڕێوەبەری کەناڵەکە داوای لێبوردنی کردوە و سزای کارمەندەکانی داوە.
لەمانگی رابردوودا، کەناڵی نێت تیڤی چەند دیمەنێکی پەخشکرد، کە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا و دوای چەند رۆژێکیش، ئەڤین ئاسۆ پێشکەشکاری دیاری کەناڵەکە، داوای لێبوردنی لە بینەرەکانی کرد و رایگەیاند تەواوی ئەو کارمەندانەی سزا داوە کە بەرهەمی لەم شێوەیەیان نمایشکردووە.
دڵشاد فایز وتی «ئێمە لەرێگەی ئەو زانیارییانەی لەخەڵکەوە بەدەستمان دەگات، بەدواداچوون دەکەین کە ئایا ئەو کەناڵانەی سەرپێچی دەکەن، سکاڵای لەسەر تۆمار بکەین یاخود نا».
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی کەناڵەکە ئەوە پشتڕاستبکەنەوە کە باسی دەکەن گوایە هەڵە بەسەر کارمەندەکانیاندا تێپەڕیوەو سزایان دەدەن.
وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر بنەمای یاسای کاری رۆژنامەنوسی مامەڵە لەگەڵ میدیاکان دەکات و هەر میدیایەک پابەندی یاسا و رێنماییەکان نەبێت، سزای جۆراوجۆری بەسەردا دەسەپێنێت کە لە غەرامەکردنەوە تا سزادانی تێدایە.
فەرهەنگ گۆمەشینی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری بە هاوڵاتی راگەیاند، هەرکەناڵێک سەرپێچی رێنماییەکان بکات، بە لەبەرچاو گرتنی یاسای کاری رۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
رونیشیکردەوە «کەناڵ هەیە داخراوە، کەناڵ هەیە مۆڵەتی لێ وەرگیراوەتەوە، کەناڵ هەیە ئاگادارکراوەتەوە. لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ئەتوانم بڵێم بەدەیان کەناڵمان داخستووە، هەر کاتێک بەهەر سەرپێچیەک بێت، بەڵام بە دیاریکراوی نازانم چەند کەناڵ بوون».
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری، هەرکەناڵێک کە دابخرێت دەبێت بڕیاری داخستنەکەی لەسەر شاشەکەی بمێنێتەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە بڕیاری داخستنی دراوە.
فەرهەنگ گۆمەشینی وتی «ئەگەر هەر کەناڵێک هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە سزاکەی قورستر دەبێت، بۆ نموونە کەناڵ هەیە هەفتەیەک دایدەخەین، ٢٤ کاتژمێر پێش ئەمە ئاگاداری ئەکەینەوە کە لەبەر فڵان بابەت کەناڵەکەی ئێوە ئەبێت دابخریت».
باسی لەوەشکرد، زیاتر سەرپێچییەکان لە ریکلام و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دا بووە، یان پابەندنەبوون بووە بە بە نوێنەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان یان پابەند نەبوون بووە بە پێنەدانی باج و پارەی مۆڵەتپێدان.