پێشمەرگەو سوپا لەسەر نەخشە هەماهەنگی دەکەن
پێشمەرگە و بەرگریی عێراق چاوەڕوانی کۆبوونەوەی سێیەمن بۆ رێککەوتن لەسەر شێوازی هەماهەنگی لە ناوچە جێناکۆکەکان
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەی هەماهەنگی سەربازیی لەناوچە جێناکۆکەکان، هێشتا نەگەیشتووه بە ڕێککەوتن و تەنها لەسەر نەخشە، شوێنەکانی هەماهەنگییان دیاریکردووە.
ماوەی چەند مانگێکە، لەبارەی دروستکردنەوەی هەماهەنگی لەنێوانیاندا، لەناوچە جێناکۆکەکان و روبەڕووبونەوەی پاشماوەکانی داعش، هەردوو وەزارەتەکە دەستیان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ کردووە،.
رۆژی چواری شوباتی ئەمساڵ، هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەکۆبوونەوەیەکدا پێنج لیژنەی هاوبەشیان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەماهەنگی نێوان هەردوولا لە ناوچە جێناکۆکەکان، دروستکرد،.
پێکهێنانی ئەو لیژنانە دوای زیاتر لە ساڵێک هات، لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپام بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، کاتێک سوپای عێراق بەرەو ناوچە جێناکۆکەکان هێرشی کرد و تەواوی ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵکرد کە ماوەی چەند ساڵێک بوو لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدا بوو.
رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق جەمال محەمەد سەرۆکی هەیئەی ئەرکان لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی بەرگری عێراق کە پێکهاتبوو لە هەریەک لە لیوا گوهدار بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و ئاسایش و لیوا هاشم بەڕێوەبەری هەواڵگری وێنەیی و نەخشەکان و لیوا زییا بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و عەمید خەسرۆ بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراق لە هەولێر کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا ئاکامی لیژنە مەیدانییەکان بۆ روپێوکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی لەسەر نەخشە خرایە ڕوو. تێدا بە وردی خاڵەکانی تایبەت بە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی دیاریکراوە.
ئەو لیژنە مەیدانیانە کە لە پێنج لیژنە پێکهاتوون، لەچوارچێوەی کارەکانیاندا سەردانی میحوەرەکانی ناوچە جێناکۆکەکانیان کردووە، وەکو میحوەرەکانی کەرکوک، خانەقین، موسڵ و خاڵەکانی پێشمەرگە و سوپایان لەو ناوچانە لەسەر نەخشە دیاریکردووە.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتى راگەیاند، لیژنەکان رووپێویکردنی هێڵی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەکانی خانەقینەوە تا رەبیعە لەسەر نەخشە دیاریکردووە و ئیشەکانی خۆیان تەواوکردووە.
وتیشی «لیژنەکە لەسەر نەخشە هێڵی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بۆ شیکردوینەتەوە لەبارەی چۆنیەتی هەماهەنگی و ئێمەیان لە وردەکارییەکان ئاگادارکردووەتەوە».
جەبار یاوەر باسی لەوەشکرد، چاوەڕوانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی لەسەر رۆشنایی ئەو نەخشەیە کە چۆنیەتی دابەشبوونی هێزەکان و بۆشایی ئەمنییەکان و جموجۆڵەکانی داعشی دیاریکردووە، باسی شوێنی بنکەکانی هێزی هاوبەش و هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنی هاوبەش بکەین.
تاوتوێکردنی پرسی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، هاوکاتن لەگەڵ جموجۆڵی شانە نوستووەکانی داعش لەسنوری ناوچە جێناکۆکەکان.
ئەو ناوچانەی داعش جموجۆڵی تێدا هەیە، پێشتر بە هاوبەشی لەلایەن پێشمەرگە و سوپاوە دەپارێزرا، بەڵام لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگەوە، هەماهەنگییەکە کۆتایی هات و بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە دروستبوو.
بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق، تائێستا چەند جارێک جەختیان کردووەتەوە کە داعش سودی لە بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە وەرگرتووە، بۆ دووبارە دەرکەوتنەوەی، بۆ ئەوەش بەپێویستیان زانیوە جارێکی تر هەماهەنگی لەنێوانیان دروستبکەنەوە.
تا ئێستا بەرپرسانی عێراق، هەڵوێستێکی رونیان رانەگەیاندووە لەبارەی شێوازی هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ پێشمەرگە، بەڵام چەند جارێک جەختیان لە هەماهەنگیکردن کردووەتەوە بۆ رێگری لەسەرهەڵدانەوەی داعش بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان.
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتىراگەیاند، ئەو نەخشانەی ئامادەکراون لەبارەی شوێنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا لەناوچەکانی کەرکوک و دیالە و خانەقین و موسڵ، رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، بۆ ئەوەی تاوتوێیان بکات و بزانین پێشنیاری داهاتوو چی دەبێت بۆ شێوازی هەماهەنگییەکە.
وتیشی «هێشتا کۆبوونەوەی سێیەم نەکراوە لەو بارەیەوە، لیژنەکان نەگەیشتونەتە ئەو خاڵەی کە باس لەوەبکەین شێوازی هەماهەنگییەکە چۆن بێت، لە کۆبوونەوەی سێیەمدا ئەگەر بکرێت، وەزارەتی پێشمەرگە بۆچوونی خۆی لەسەر روپێوییەکە دەخاتەڕوو، باس لە چۆنیەتی هەماهەنگییەکە دەکرێت».
لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسەینەوە لەئازاری ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق چەندین جار گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لەچەند پرسێکدا هەماهەنگ بوون و هەندێک جار پەیوەندییەکانیان بەتەواوی پچڕاوە.
لەحوزەیرانی ٢٠١٤دا و دوای شکستی سوپای عێراق بەرانبەر هێرشەکانی داعش و پاشەکشەی سوپا لە موسڵ و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، هێزەکانی پێشمەرگە تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانیان کۆنتڕۆڵکرد و رێگرییان کرد داعش، دەستبەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت.
بەدرێژایی شەڕی دژی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان کە تا کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە ساڵی ٢٠١٧، پێشمەرگە و سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەبوو، پێکەوە شانبەشانی یەکتر لەدژی داعش دەجەنگان.
بەڵام دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ بارودۆخەکە گۆڕا و پەیوەندییەکانی پێشمەرگە و سوپا لە هەماهەنگیەوە بۆ هۆشداری و هەڕەشە گۆڕا، کاتێک هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی ئەنجامدا و بەغداش هەڕەشەی لەشکرکێشی کرد بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، تا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا دەستی بەسەر تەواوی ئەو ناوچانەدا گرت، بەوەش پەیوەندییەکانیان بەتەواوی پچڕا.
تا ئێستا یەکلانەبووەتەوە کە هەماهەنگی نوێی پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوشێوەی پێشوو دەبێت، یاخود بەشێوازێکی نوێ دەبێت و هەردووی لەسەری رێکدەکەون.
لیوا قارەمان کەمال وتی «ئێمە هیچ لارییەکمان نییە لەسەر دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ هێزی عێراقییەکان، بەڵام هەماهەنگییەکە بە چ جۆرێک بێت دیار نییە، ئایا هەماهەنگییەک بێت وەکو پێشتر کە هەبووە، یان شێوازێکی دیکە بێت کە ئایا پێی رازی دەبین یان نا».
جەختیشیکردەوە، تا نەزانن وەزارەتی بەرگری عێراق چ جۆرە هەماهەنگییەکی دەوێت، ناتوانن هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکەن «هیچ کێشەیەک لەلای ئێمەوە نییە، ئەگەر هەبێت لەلای هێزە عێراقییەکانە».
وتیشی «تائێستا لامان روون نییە ئەوان چ جۆرە هەماهەنگییەکیان دەوێت، ئایا وەکو جاران دەبێت، کە من پێموانییە بەوشێوەیە بێت، ئایا شێوازێکی نوێیە، کە شێوازەکە چۆن دەبێت، ئایا ئێمە بەوە رازی دەبین یان نا، لەبەرئەوە ناتوانم پێشبینی هیچ شتێک بکەین بۆ شێوازی هەماهەنگییەکە».
بە وتەی بەشێک لەبەرپرسانی پێشمەرگە، پرسی هەماهەنگی ئەمجارە هاوپەیمانانیش تێیدا بەشدارن و فشاریان کردووە لەو رووەوە، پێدەچێت میکانیزمەکە بەجۆرێک بێت کە پێشمەرگە و سوپا سنوری ناوچە جێناکۆکەکان بپارێزن و دۆسیەی ئەمنی ناو شارەکان لەلایەن پۆلیسی ناوچەییەوە سەرپەرشتی بکرێت.
هەوڵەکانی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق بۆ پرسی هەماهەنگی لە بواری سەربازیدا، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ بە پێویستی زانیبوو، ستراتیژێکی تازەی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەلایەن هاوپەیمانیی دژی داعشەوە بە بەشداریی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی عێراقی دابنرێت، هەروەها ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک لەگەڵ هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەربڕی بوو.