راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: لایەنێکی "ریفۆرمخواز" لەکوردستان دەرکەوتوون پەیوەندییەکانیان حزبو خێزانیان تێپەڕاندووە
کۆسرەت ڕەسوڵ هیوای پارتییە لەناو یەکێتیدا، هەر بۆیە مەتـرسییە لەسەر هەژموونی تاڵەبانییەکان بەسەر حیزبەکەدا
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا تایبەت بە هەرێمی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵێک پرسی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لە دوای ریفراندۆم و هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
دەقی راپۆرتەکەی دەستکەوتووە کە تێیدا گروپەکە شیکاری بۆ چەند پرسێکی سیاسی کردووەو باسلەوە دەکات هێڵێکی جیاکەرەوە دەرکەوتووە لە نێوان «ڕیفۆرمخواز» و «خۆسەپێنەکان»ی حزبە دەسەڵاتدارەکان. ئەو هێڵە ریفۆرمخوازەش بە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی ناودەبات.
لە ٢٠١٤وە، نێچیرڤان بارزانیی سەرۆک وەزیران سەرەڕای ئەوەی بارزانیە و جێگری سەرۆکی پارتییە (کە مامیەتی) لە نزیکەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانیی سەرکردەی مێژوویی یەکێتی (کە جێگری سەرۆک وەزیرانە) کاریکردووە تا پێکەوە هاوسەنگییەک درووستبکەن، دژ بە لایەنە خۆسەپێنەکانی نێو هەردوو لە (یەکێتی و پارتی)، بە لایەنەکانی نێو خێزانی بارزانیشەوە.
ڕیفراندۆمەکەی سەربەخۆیی ڕوونتر سنووری نێوان دوو لایەنی دیاریکرد: لایەنێکی ”ڕیفۆرمخواز» کە پەیوەندییەکانیان حیزب و خێزانی تێپەڕاندووە، لایەنێکی «خۆسەپێن» کە خۆیان لەنێو سیاسەتی حیزبی و خێزانیدا قایمکردووە. زۆرێک لە ڕیفۆرمخوازەکان دژی دەنگدانبوون بۆ سەربەخۆیی (گەرچی دواتریش دەنگی خۆیان بە بەڵێ دابێت بۆ سەربەخۆیی) نەک لەبەر ئەوەی ئەوکات یان ئێستا دژی سەربەخۆیی کوردستانبن، بەڵام لەبەر ئەوەی پێیانوابوو سەپاندنی لەم کاتەدام، هەڵەیەکی گەورەیە کە مەسعود بارزانی، بە پشتبەستنێکی زۆر بە ڕاوێژکارە بیانیەکان و کادرە دێرینە خۆسەپێنەکانی نێو پارتی، ئەنجامی دەدات. بە پێچەوانەوە، لایەنە خۆسەپێنەکان پڕ بەدڵ لایەنگری بڕیاری ڕیفراندۆمیانکرد.
لەکاتێکدا لەو لاوە سەرکردایەتی یەکێتیش، دابەشببوون لە نێوان پاڵەوانانی ڕیفراندۆم و ڕەخنەگراندا. ئەگەر لایەنە ڕیفۆرمخوازەکان توانیبێتیشیان هەرێمەکە لە قەیرانی دوای ڕیفراندۆم ڕزگاربکەن، سیاسەتی بنەماڵەیی سەریهەڵداوەتەوەو بووە بە لەنگەرێکی هەمیشەیی بۆ بەردەوامبوون.
پارتی دووبارە هەستایەوە بە یەقینی ئەوەی کە شیرازەی بڕیاردانی بنەماڵەیی یەکێتی نێو ڕیزەکانی حیزبەکەیان دەپارێزێت و قەرەبووی ناسەقامگیریی دامودەزگاکانی حوکمداری دەکاتەوە، بەڵام هەر ئەم بیرکردنەوەیە بووە هۆی لاوازکردنی حیزبەکە. لە نێو پارتی دا، سیاسەتی بنەماڵەیی کار بۆ ڕاگرتن و دروستکردنی هاوسەنگی دەکات لە ملمانێی سیاسیی نێوان مەسرور و نێچیرڤان بارزانیدا کە هەردوو کاندیدی جێگرەوەی مەسعود بارزانین. سەرەڕای دەستلەکارکێشانەوە لە سەرۆکایەتی، مەسعود بارزانی بەهێزتر دەرکەوتەوە و لە ئێستاشدا وەک سەرۆکی پارتی و کەسایەتیەکی گرنگی ڕیکەوتنە سیاسیەکانی ناوخۆ و دەرەوەی پارتی کاردەکات. وەک بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی سەر بە پارتی دەڵێت «هەمووان پێیان وابوو بارزانێ لاوازدەبێت دوای ڕیفراندۆم. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو بە بەهێزتر دەرکەوتەوە. هەموو کەسایەتیەکانی کوردستان پۆل پۆل دێن بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی، هەرچەندە ئەو چیدی سەرۆک نەماوە.» ئەندامێکی پارتی وتی
لە راپۆرتەکەدا هاتووە «کۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری سکرتێری یەکێتی، کردەوەکانی هاوشێوەن. یەکێک لە کوڕەکانی، دەرباز، کردووەتە وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە حکومەتدا و کوڕێکی تری لە سەرکردایەتی یەکێتی دایە».
«بڕیاردان لە نێو پارتیدا لە لایەن بازنەیەکی بچوکی ئەندامی خاوەن ئەزموونی حیزبەکەوەیە، کە شەرت نیە ئەندامی هەمان خێزانبن، ئەمانەش پێکدێن لە سەرکردە دێرینەکان: مەسعود بارزانی، فازڵ میرانی و نەوزاد عەلی. بەڵام ئەوە پەیوەندییە بنەماڵەییەکانە کە ڕێگا بە مەسعود بارزانی دەدات، پێکهاتەکانی نێو پارتی ڕابگرێت و ململانێ ناوخۆییەکان چارەسەربکات.» یەکێتی، کە لە ساڵی ١٩٧٥دا و لە بەرهەڵستیی سیاسەتی بنەماڵەیی و خێڵگەرایی پارتی لەو حیزبە جودابووەوە، لە ئێستادا هاتووەتە سەر ئەوەی لەسەر هەمان پرینسیپ کاردەکات. لە کاتی نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانیەوە (یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبەکە) لە ساڵی ٢٠١٣دا، حیزبەکە دەناڵێنێت بەدەست ململانێی نێوان میراتگرەکانی تاڵەبانی و سەرکردەکانی نێو حیزبەکە کە بەرهەڵستن و ئامادەنین بچنە ژێر ڕکێفی بنەماڵەی تاڵەبانییەوە.
ئەندامێکی یەکێتی دەڵێت «ئەوانەی ٤٠ ساڵ دەبێت ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتین، زەحمەتە بەلایانەوە قبوڵی بکەن کە تازە لەدایکبووەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی، دەستبگرن بەسەر حیزبەکەدا.»
مەبەست لە «تازە لەدایکبووەکان» نەوەی نوێی تاڵەبانییەکانە کە لە ئێستادا لە چلەکانی تەمەنیانان و هەردوو کوڕی جەلال تاڵەبانی قوباد تاڵەبانی (جێگری سەرۆک وەزیران) و پاڤڵ تاڵەبانی (کە هەندێک پێشبینی دەکەن ببێتە سکرتێری گشتیی نوێی یەکێتی)، و برازاکانی تاڵەبانی لاهور (بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی یەکێتی، دەستگای زانیاری) لە خۆدەگرن. ئەندامێکی دێرینی یەکێتی وتی «ئێمە سێ دەیەیە چاوەڕوانین تا بەسەر پەیژەی پێگەی حیزبیدا سەبکەوین. ئێستا نۆرەی ئێمەیە!»
بە هۆی ئەم دابەشبوونانەوە، ناکۆکی توند کەوتۆتە نیوان تاڵەبانییەکان و خێزانە بەهێزەکانی تر لە لایەک و لە نێو تاڵەبانیەکانیشدا لە لایەکی تر. لە کاردانەوەکانی هەڵبژاردنی ئەیلولی ٢٠١٨ی هەرێمدا، پارتی کاری کرد لەسەر زیادکردنی هەژموونی خۆی بەسەر یەکێتی دا بە نەوتکردن بە ئاگری ململانێی نێوان هەردوو خێزانی تاڵەبانی و خێزانی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، سەرکردەیەکی تری مێژوویی یەکێتی.
هەوڵەکەی پارتی لە دژی خۆیان هەڵگەڕایەوە کاتێک تاڵەبانیەکان توانییان لە ڕێگای ڕێکەوتنێکی نێو بنەماڵەی خۆیانەوە، بەرهەم ساڵح (کە یەکێتی جێهێشتبوو و پێشتر نزیکبوو لە کۆسرەت ڕەسوڵەوە) بهێننەوە نێو ڕیزەکانیان و بە سەرکەوتوویی بیپاڵێون وەک کاندیدی کوردەکان بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەمەش یەکێتی نێو یەکێتییان پاراست. هەتا گۆڕانیش، کە بزوتنەوەیەکی جودابووەوەیە لە یەکێتی لە دژی پێکهاتەی وەلائی بنەماڵەیی نێو هەردوو یەکێتی و پارتی، لە ئێستادا هەمان مشت و مڕ لە نێو ڕیزەکانی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی پەیڕەوپرۆگرام، یەکێتی دەبێت هەموو چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠وە کۆنگرە نەبەستراوە. تاڵەبانیەکان لە ململانێی زاڵبوونی دەسەڵاتدان لەگەڵ خێزانی کۆسرەت ڕەسوڵ کە جێگری سکرتێری گشتی یەکێتییە، لە دوای مردنی جەلال تاڵەبانیەوە. خێزانی تاڵەبانی لەئێستادا دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەک نزیک لە هێرۆ ئیبراهیمی هاوسەری جەلال تاڵەبانیی کۆچکردوو و پاڤڵی کوڕیان، بەرەیەکی تریش نزیک لە لاهور تاڵەبانیەوە. لە دوای کۆچی دوایی تاڵەبانییەوە لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧وە ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکە تا ئێستا سکرتێرێکی گشتیی نوێیان هەڵنەبژاردووە.
کەسێکی لایەنگری پارتی دەڵێت «کۆسرەت ڕەسوڵ هیوای پارتیە لە ناو یەکێتیدا و هەر بۆیە مەترسییەکە لەسەر هەژموونی تاڵەبانیەکان بەسەر حیزبەکەدا. دوای ئەنجامە دڵخۆشکەرەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەیلول، چاوەڕوانی ئەوە لە پارتی دەکەم کە هانی ویستی کۆسرەت ڕەسوڵ بدات لە ململانێدا لە دژی هەژموونی تاڵەبانیەکان لە ناو یەکێتیدا، بەم شێوەیەش پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ ئەو بەرەیەی یەکێتی دا باشترببێت و پۆستی سیادییان پێ ببەخشێت لە کابینە نوێکەی حکومەتدا.»
ئەگەر لەتیف ڕەشید، خێزانی شاناز ئیبراهیمی خوشکی هێرۆ ئیبراهیم، کاندیدبکرایە لە لایەن بەرەی تاڵەبانیەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەوا هاوسەنگی حیزبیی نێو یەکێتی بە لای تاڵەبانیەکاندا دادەشکا و دژایەتییەک دەبوو بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ و دەبووە هۆی نزیکتر بوونەوەی ئەو لە پارتی. کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق (دوای جێهێشتنی یەکێتی و دروستکردنی حیزبێکی خۆی لە ٢٠١٧دا) بووە هۆی پاراستنی یەکێتی نێو ڕیزەکانی حیزبەکە لە دژی ململانێ خێزانیەکان و ویستەکانی پارتی. بە وتەی کادرێکی یەکێتی، هاوپەیمانیەتی نێوان کادرە گەنجەکانی حیزبەکە، دەکرێت ببێتە پردی پەیوەندی نێوان دابەشبوونە خێزانیەکان و یەکێتی نێو یەکێتی بگێڕێتەوە «ئێمە دەبێت یەکێتی نێو حیزبەکە لە نێو کادرە گەنجەکاندا بنیاتبنێینەوە، لە نێو نەوەی نوێی تاڵەبانیەکان (پاڤڵ و قوباد و لاهور) و کوڕەکانی کۆسرەت ڕەسوڵدا. گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو حیزب، دەکرێت ببێتە پردێک لە نێوان خێزانی تاڵەبانی و کۆسرەتدا و ڕێگربێت لە گەمەی پارتی بۆ دابەشکردن و پەرتکردنی ئێمە.» لەبەشێکی تری راپۆرتەکەی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتیدا، باس لەوە دەکات کە کوڕانی نەوشیروان مستەفا ئەمین دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، دارایی بزوتنەوەکەیان گرتوۆتە دەست، دوای ئەوەی باوکیان لە ئایاری ٢٠١٧دا کۆچی دوایی کرد.
لایەنگرێکی پێشووی گۆڕان وتی «گۆڕان پەرت پەرتبووە. دوو بەرە هەیە: بەرەیەک کە لایەنگریی کوڕەکانی نەوشیروان دەکات کە ببنە سەرکردەکانی حیزب و بەرپرسیاری سەرچاوەکانی داهاتبن (وەک میدیا و سوپەرمارکێتەکان)، بە پێچەوانەوە بەرەی بەرانبەر بە توندی دژایەتی ئەمە دەکات و بە دژی گوفتاری بنچینەیی و بەردەوامی حیزبەکە دەیبینێت.»
لە هەڵبژاردنەکانی ئەیلولی ٢٠١٣ی هەرێمدا گۆڕان پلەی دووەمی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی ٢٤%ی دەنگەکان لە کاتێکدا یەکێتی ١٧%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. هەرچەندە چەند پۆستێکی سیادی گرتە دەست لە حکومەتی نوێدا (بە تایبەت وەزیری دارایی و کاروباری پێشمەرگە) شکستی هێنا لە سەپاندنی کۆنتڕۆڵکردنێکی کارای دامودەستگاکاندا کە پڕبوون لە ستافی بەڕێوەبردن و ئەمنی کە ئەمەکداربوون بۆ یەکێتی و پارتی.
کارکردنی پەرلەمان لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥وە وەستێندراوە دوابەدوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان (وەزیرەکانی کاروباری پێشمەرگە، بازرگانی و پیشەسازی، دارایی، و ئەوقاف). لە ئەیلولی ٢٠١٦دا حیزبی کۆمەڵی ئیسلامی دوو وەزیرەکەی لە حکومەت کێشایەوە لە حکومەت (وەزیرەکانی کشتوکاڵ و ژینگە، بە دوای یەکدا)
لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا لەباسی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیدا هاتووە «پارتی ویستی دووبارە هێنانە ناوەوەی یەکێتی هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێی هەرێم. لە دیدگای ستراتیجیی پارتیەوە، ئەم هەنگاوە پێدەچێت بەجێبێت: یەکێتی، بە هێزی سەربازی و دامودەستگا حوکمدارییەکانی خۆیەوە، بە ئاسانی وەلانانرێت».
هەروەها دەشڵێت «بەڵام لە هەمان کاتدا، لە ڕووی سیاسییەوە هێندە بەهێزنییە کە بتوانێت ململانێی باڵادەستی لەگەڵ پارتی دا بکات».
لە ٤ی ئازاردا و دوای شەش مانگ دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکومەت، پارتی و یەکێتی ڕێکەوتنێکیان هێنایە بەرهەم کە ڕەنگە ناکۆکییان لەسەر پۆستەکانی کابینە نوێکە بڕەوێنێتەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا، ڕێکەوتنێکی ستراتیجیی نوێ لەخۆناگرێت کە هەردوو حیزب ببەستێتەوە بە دیدگایەکی هاوبەشەوە لەسەر حوکمداریی هەرێم و پەیوەندییە دەرەکییەکان. بەمشێوەیە، ڕیکەوتنەکە لەوەدەچێت ئەنجامی توانای پارتی بێت لە بەکارهێنانی پێگەی ستراتیجیی بەهێزتری بەسەر یەکێتی دا، دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەیلولی ٢٠١٨دا وەک کارتێکی فشار و سوودێکی زۆری نەبێت بۆ بنیاتنانەوەی یەکێتیی نێوماڵی کوردی و بەهێزکردنی پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ بەغداد.
کادرێکی دێرینی پارتی وتی «یەکێتی ناتوانن لە ژوورێکیشدا پێکەوە کۆببنەوە. هەرکاتێک ئێمە (پارتی) بمانەوێت کۆبوونەوەیەک ڕێکبخەین لەگەڵیاندا دەبێت لە هەر بەرەیەی نێو یەکێتی نوێنەرێک بانگهێشت بکەین. تەنها کارەکتەرێکی بەهێزی وەک مەسرور، دەتوانێت هەرێمەکە لەم قەیرانە ڕزگاربکات»
کادرێکی یەکێتیش بەپێچەوانەوە وتی «تاڵەبانی کوردستانی دایە دەست بارزانییەکان. مەسعود بارزانی دەیتوانی ببێتە سەرکردەی هەموو کوردان، بەڵام ئەو تەنها کاری بۆ بەرژەوەندی حیزبەکەی خۆیکرد. ئەو شکستی هێنا، ئێستاش دووبارە لە شکستهێناندایە بە پێدانی دەسەڵات بە کوڕەکەی (مەسرور) کە خاوەن هەمان ڕوانگەیە و حیزبی لە ناوەندی دیدگایدایدا داناوە.»
دوای هەڵبژاردنەکان، پارتی پێشنیاری هاوپەیمانیەتی پێشکەش بە حیزبە بچوکەکانی تری سلێمانیش کرد وەک گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، تا دڵنیا بێت کە لە کاتێکدا یەکێتیشی هەیە وەک هاوپەیمان، ئەو حیزبانەی تریش لە ڕووی سیاسیەوە لاوازبن. جیاواز لەوان، یەکێتی داوای کۆکردنەوەی حیزبە بچوکەکانی سلێمانی دەکات لە ژێر چەتری یەکێتیدا و دەیەوێت بێنەوە نێو یەکێتی.
چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی جەزیرەدا، پاڤڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند «گۆڕان بەشێکە لە یەکێتی و دەبێت بگەڕێتەوە نێو یەکێتی.»
ئەندامێکی یەکێتی وتی « گەمەی پارتی بۆ دابەشکردن و پەرتکردنی لایەنەکان لە سلێمانی لە دژی خۆیان هەڵگەڕایەوە. ئەوان سەرەتا ویستیان (یەکێتی) پەرتپەرتبکەن و لە ئێستادا دەیانەوێت هێزبدەنە گۆڕان تا جێگرەوەیەی ئێمە بێت. بەڵام ئەوە وەک ئەوە وایە باوەڕ بەوە بکەیت کە حیزبی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان (یەکێک لە حیزبە ئیسلامیەکان) دەتوانێت جێگای پارتی بگرێتەوە، وەک حیزبی باڵادەست لە هەولێر و دهۆک. زۆر بە سادەیی، ئەوە مەحاڵە.
ململانێی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە و پارتی کاتی دەنگدان لەسەر سەرۆکی پەرلەمان پێشدەخات تا فشار لەسەر یەکێتی دروستبکات تا ڕازیبێت بە پێکهێنانی حکومەت بەپێی مەرجەکانی پارتی. لە ١٨ی شوباتدا پارتی زۆرینەی پەرلەمانی کۆکردەوە تا ڤالا فەریدی سەر بە پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکات، پۆستێک کە یەکێتی ئاواتەخوازبوو بدرێت بە یەکێک لە کاندیدەکانی خۆی، ئەمە وایکرد یەکێتی بایکۆتی دانیشتنەکە بکات. ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی بڕیاریاندا کە ڤالا فەرید بە شێوەیەکی «کاتی» سەرۆکی پەرلەمانبێت هەتا یەکێتی ڕازیدەبێت بە پێکهێنانی حکومەت.
حیزبەکان ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان ئاشکرانەکردووە، بەڵام بە وتەی بەرپرسێکی یەکێتی کە لە نزیکەوە چاودێری دانوستانەکانی کردووە، بەرەی کۆسرەت ڕەسوڵی یەکێتی لە کابینەی داهاتوودا پۆستی گرنگیان پێدەدرێت.
بۆ هاوسەنگکردنەوەی پێگەی پارتی، لایەنە خۆسەپێنەکانی نێو یەکێتی، لە ئێستاوە پشت بە پەیوەندییە بەهێزبوەوەکەی حیزبەکەیان لە بەغداد دەبەستن – لە ڕێی بەدەستهێنانی ئەم دواییانەی پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ بەرهەم ساڵح – کە لە ئێستادا گرنگیی زیادیکردوە بەهۆی پێویستیی هەرێم بە دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندا.
لە بەرانبەردا، پارتی کە ئامادەنیە پشت بە یەکێتی ببەستێت، لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدادا، هەوڵدەدات تاکلایەنانە ڕێکەوتن لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعە بەهێزەکاندا بکات لەسەر کێشە هەڵپەسێراوەکان کە حکومەتی هەرێم پێویستیەتی بۆ مانەوەی. بە کورتی، حیزبە کوردییەکانی عێراق سیاسەتی ساڵانی جاران پەیڕەو دەکەن: پەنادەبەنەوە بەر دروستکردنی هاوپەیمانی تەکتیکی لەگەڵ بەغدادا تا لە ململانێ ناوخۆییەکانیاندا پێشبکەون، بەغدادیش سەرەڕای پەرتپەرتبوونی، بەم شێوەیە کوردەکان بە پەرتەوازەیی دەهێڵێتەوە.
هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردن، نیشاندەری ئەوەن کە یەکێتی و پارتی هەوڵی ڕێکخراو دەدەن بۆ قۆرغکردنی پەرلەمانی هەرێم و ئەنجومەنە سەربەخۆکان تا ڕۆڵە چاودێری کارەکانیان نەهێڵن و بیانکەنە چەند دامودەستگایەک بۆ بە فەرمیکردنی بڕیاری سەرکردەکانی حیزبەکانیان.
ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسیی ڕەنگە لە هەرێمەکە بەردەوامبێت، بەڵام دوورە لەو ئاستەی بتوانێت چاودێرێکی کارای دەسەڵاتی حکومەت بێت و بەشێوەیەکی گشتی کاری ساردکردنەوەی توڕەیی شەقام و چینی سیاسی دەبێت. شێوەیەکی دەرکەوتنی ئەم مۆدێلە نوێیە هەڵبژاردنی کاندیدی گەنجە بۆ پەرلەمان کە سەرەڕای گەنجێتیان هەر درێژکراوەی تۆڕی ئەمەکداری حیزبی و بنەماڵەیین، هەر لەبەر ئەمەیە کە ناتوانن یاخود نایانەوێت چاودێربن بەسەر ئەو لایەنانەوە کە هەڵیانبژاردوون وەک کاندید.
هەندێک خەڵک لە هەولێر دەستیانکردووە بە بەکارهێنانی دەستەواژەی «پەرلەمانی کارتۆنی» بۆ وەسفکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی کوردستان. گەر ئەم ڕێچکەیە بەردەوامبێت، هەڵبژاردن رەنگە چیدی مەیدانیکی ڕاستەقینە نەمێنێت بۆ بەشداری و نوێبوونەوەی سیاسی. ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەنگە چیدی بکەوێتە سەر توانای حیزبەکان لە سەرکوتکردن و بەلاڕێدابردنی دەنگدەرانیان و ناوەندگیریی کێشە ناوخۆییەکان و دەستوەردان لە کۆمسیۆن و لایەنەکانی بەرنامەڕێژیی هەڵبژاردنەکان کە لە بنچینەدا دەبێت سەربەخۆبن. لایەنە خۆسەپێنەکانی ناو پارتی بە متمانە بەخۆبوونەوە پێیان وایە کە دوای ئەنجامە باشەکانیان لە هەڵبژاردنی هەرێمدا، دەتوانن پشت بە ڕۆڵی سەرەکییان لە کابینەی نوێ و باڵادەستییان لە پەرلەمان ببەستن بۆ نەخشاندنی بناغەی دامودەستگایی هەرێمەکە بە ویست و مەرجەکانی خۆیان.
لەبەشێکی تری راپۆرتەدا باسی نەوەی نوێ دەکات، وەکو هێزێکی نوێ کە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد لە ٣٠ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی هەشت کورسی بەدەستهێنا، بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردوەو ئەوەش بە ئۆپۆزسیۆنێکی نا کاریگەر ناودەبات.
دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی لە هەولێر وتی «شاسوار عەبدولواحید (سەرۆکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ) باشترین ئۆپۆزسیۆنە کە پارتی ئاواتی پێوە بخوازێت. ئەو بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و دەنگ لەو لایەنانە دەبات کە بەرد دەگرنە ئۆتۆمبێلی سەرکردەکانی پارتی.»