دیندار زێباری بۆ هاوڵاتى: هەزارو سەد کەس لە کوردستان بە یاسای تیرۆر سزادراون ٦٧٢ کەسی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان

زیاتر لە ١٦٠ لایەن ‌و رێکخراوی ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتی یارمەتیی حکومەتی هەرێم‌ و عێراق دەدەن

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى

دیندار زێباری بەرپرسی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنێت، لە سێ ساڵی رابردوودا (٢٦٥٢) کەس بە تۆمەتی پەیوەندی کردنیان بە رێکخراوی داعشەوە دەستگیرکراون، لەوانە (١١٠٠) کەسیان تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووەتەوە و سزا دراون، لە ئێستاشدا  ٦٧٢ کەسی دیکە لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

دیندار زێباری لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتى ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کەسانەی بەو تۆمەتە دەستگیردەکرێن لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانیشەوە، زێباری دەڵێت تا راددەیەک هاوکاری و هەماهەنگی لەو بوارەدا هەیە لەگەڵ عێراقدا، بەڵام پێویستە ئاستی ئەو هەماهەنگییە زیاتر بکرێت، چونکە ئاوارە و پەنابەران پێویستیان بە هاوکاری زیاتر هەیە.

هاوڵاتى: لەئێستادا چەند هەزار ئاوارە لە هەرێمن و چەندیان رۆشتونەتەوە ناوچەکانیان؟ بەربەستەکانی بەردەم نەگەڕانەوەیان چین؟

دیندار زێباری: تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، لە هەرێمی کوردستان (١,٢٣٤,٨٩١) ملیۆنێکو دوو سەدو سیو چوار هەزارو هەشت سەدو نەوەدو یەک  راگوێزراو و (٢٧٢,٩٠٠) پەنابەر هەبوون کە کۆی گشتییان دەکاتە (١,٥٠٧,٧٩١)  ملیۆنێکو پێنج سەدو حەوت هەزارو حەوت سەدو نەوەدو یەک ئاوارە، ئەمانە لە (٣٨) کەمپدا جێگر کرابوون لە سەرتاسەری کوردستان.

ئەگەر باس لە پەنابەران بکەین، دەبینین لە هەرێمی کوردستان (٢٤٩,٨٩٢) پەنابەری سوری و  (٩,١٢٩) تورکی و (١٣,١٢٣) ئێرانی و (٧٥٦) فەلەستینی هەیە کە لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان دابەش بوون لەو ژمارەیە تەنیا (٣٧%)یان لە  کەمپەکان دەژین، لەو پەنابەرانە (٥٠%))یان لە هەولێر و (٣١%))یان دهۆک و (١٩%)یان لە سلێمانی نیشتەجێن.

هۆکارەکانی نەگەڕانەوەیان زۆرە، لەوانە تائێستا ناوچەکانیان بەو شێوەیە سەقامگیر نین کە بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، هەروەها بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە بێ خزمەتگوزارییە.

هاوڵاتى: ئاستی هاریکاری رێکخراوەکان بۆ ئاوارەکان لە چ ئاستێکدایە؟

دیندار زێباری: لە ئێستادا زیاتر لە ١٦٠ لایەن و رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی یارمەتی حکومەتی هەرێم و عێراق دەدەن لەو بوارە.

هاوڵاتى: عێراق تاچەند هاوکارتانە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان؟

دیندار زێباری: تا راددەیەک هاوکاری و هەماهەنگی لەو بوارەدا هەیە، بەڵام پێویستە ئاستی ئەو هەماهەنگییە زیاتر بکرێت، چونکە ئاوارە و پەنابەران پێویستیان بە هاوکاری زیاتر هەیە.

هاوڵاتى: لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام رەخنە لە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێم دەگیرێت، ئێوە هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟

دیندار زێباری: پرۆسەی پاراستن و باشترکردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە تەواوی وڵاتان، پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەرێمی کوردستانیش لە رووی یاساکانەوە هەنگاوی زۆر باش هاوێژراوە و لە رووی جێبەجێکردنی یاساکانیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی پێشووتر، بەردەوام هەوڵیداوە ئەم دامودەزگایانە بەهێزتر بکات و گرنگی بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ داوە.

هاوڵاتى: دەوترێت لەهەندێک لە گرتوخانەکان ئەشکەنجەی زیندانیان دەدرێت هۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕێننەوە؟

دیندار زێباری: نەخێر ئێمە ئەم تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، پێشتریش لە وەڵامی چەند راپۆرتێکی نێودەوڵەتی ئەمەمان خستوتە روو کە بۆ سەلماندنی ئەشکەنجەدان، پێویستە چەند هەنگاوێک بگیرێتە بەر بەم شێوەیە:  پێویستە سکاڵا تۆمار بکرێت لەلایەن ئەشکەنجەدراو، پێویستە دادوەری لێکۆڵینەوەش ئاگادار بکرێتەوە، هەروەها بەڵگەی پزیشیکی تایبەتمەند هەبێت، لەم رووەوە حکومەتیش کاری جددی دەکات.

هاوڵاتى: لە ئێستادا چەند کەس بەتۆمەتی بوونی پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە سزادراون؟

دیندار زێباری: لە سێ ساڵی رابردوودا (٢٦٥٢) کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی پەیوەندی کردنیان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، لەوانە (١١٠٠) کەسیان تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووەتەوە و سزا دراون و سزاکەشیان زیندانی بووە لە نێوان سێ ساڵ تا هەتاهەتایە و بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیانداوە، هەروەها (٨٧٠) کەسیان ئازاد کراون دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە بێ تاوانن و (٦٧٢) کەسیشیان لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

هاوڵاتى: چەند منداڵ بەو تۆمەتە زیندانین؟

دیندار زێباری: لەرێکەوتی ١/٧/٢٠١٧ تا ١٤/٢/٢٠١٨ لە دادگای نەوجەوانانی هەولێر، (١٩٤) کەس سزا دراوە لەوانە (٢) لەو تۆمەتبارانە ئازادکراون، لەلایەکی دیکەوە لە رێکەوتی ١/٧/٢٠١٧ تاکو ٣١/٣/٢٠١٨ لە دادگای تاوانی هەولێر/٢، (٤٠٨) کەیسی تایبەت بە ماددەی تیرۆر یەکلاکراونەتەوە. سەبارەت بە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی سەرۆکایەتی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی (٥) کەس دەستگیر کراوە، لەوانە (٢)یان بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە و سزا دراون و (٢) یان ئازاد کراون و یەکیان هێشتا کەیسەکە یەکلا نەبووەتەوە لە دادگا، لەلایەکی دیکەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆک لە رێکەوتی ١/٦/٢٠١٧ تاکو ٢٨/٣/٢٠١٨ ژمارەی دەستگیر کراوانی داعش بەم شێوەیە بوو: (٢٧٦) کەس دەستگیر کراون، (١٧٣) یان سزا دراون و (١١١) ئازاد کراون و کەیسێکیش تا ئێستا لە دادگا یەکلا نەبۆتەوە.

هاوڵاتى: لەرووی یاساییەوە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟

دیندار زێباری: لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ماوەیەکیش بەپێی یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموار کراو دەکرا بەرلەوەی دووبارە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کارا بکرێتەوە.

لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەکانی هێزی پێشمەرگە، وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان پشکنینێکی زۆر ئاساییان بۆ کراوە بە مەبەسی دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر  دەگوازرانەوە بۆ سەنتەرەکانی پێشوازی. دوای گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ سەنتەری پێشوازی، دووبارە پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەهیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نەدەدرا، بەهۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە ئافرەتە راگوێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت، لەلایەن دام و دەزگا ئەمنییەکانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار