شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی لەنێوان پارێزگاو حکومەتدا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی دەست بەجێبەجێکردنی پرۆژەکە بکرێت

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

پرسی شەقامی سەد مەتری سلێمانی لەنێوان پارێزگای سلێمانی و حکومەتدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوەو چاوەرێی گوژمەی یەکەمە بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی، ئەوەش گفتوگۆ و رێوشوێنی یاسایی ماوە.

شەقامی سەد مەتری سلێمانی بڕیار بوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ دەستپێبکات و بڕی ٤٧٠ ملیار دیناری لەلایەن حکومەتەوە بۆ تەرخانکرا تا لەماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێکردنی دواکەوت بۆ ئەمساڵ و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت «فشارەکانیان دەستپێکردووەو چونەتەلای بەرپرسە حزبییەکانیش تا شەفاعەتیان بۆ بکات».

رێکەوت زەکی لەلێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت» پرۆژەی شەقامی سەد مەتری لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە وەستاوە لە ٢٠١٨ دا حکومەتی هەرێم بەرچاوی روونبووەو کە دۆخی دارایی باش دەبێت و  وەزارەتی پلاندانان ٩٠ ملیار دیناری دیاریکرد، وەک یەکەم گوژمەی پرۆژەکە کە  بڕیار وابوو لەمانگی ٢ بۆ ٣ ئەمساڵ ئەو پارەیە تەمویل بکرێت».

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، بەداخەوە ئەو گوژمەی یەکەمە کە بڕەکەی ٩٠ ملیار دینار بووە، کەمکراوەتەوە بۆ ٥٠ ملیار دینار و هێشتا تەمویل نەکراوە تا کارەکانی دەستپێبکرێت.

رێکەوت زەکی دەڵێت، ئەگەر ساڵانە ٥٠ ملیار دینار بۆ پرۆژەی سەد مەتری سلێمانی تەرخان بکرێت ئەوا ١٠ ساڵی دەوێت تا تەواو دەکرێت، وتیشی «تەنانەت ٩٠ ملیار دینارەکەش ١/٥ی پارەی تەرخانکراو نەبووە».

هەرچەندە فشارەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا وادەی دەستکردن بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە نادیارە.

رێکەوت زەکی ئەوەی روونیکردەوە کە سەردانی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیان کردووە تا فشار لە نوێنەرەکانی یەکێتی بکات لە حکومەتدا  بۆ دەستپێکردنی شەقامی سەد مەتری «کاک کۆسرەت وەڵامەکانی ئەرێنی بوو پێی وتین چاوەروان بین و بۆچونەکانی هاوڕای ئێمە بوو کە ناکرێت ئەو پرۆژەیە دوابکەوێت».

پرۆژەی شەقامی سەد مەتری بە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکان دادەنرێت، بۆ پارێزگای سلێمانی و  دراوەتە سێ کۆمپانیای تورکی و هەموو کارەکانی نەخشەسازی تەواوکراوەو چاوەڕێی تەمویل دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت.

پارێزگاری سلێمانی جەختلەوە دەکاتەوە کە جوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی شەقامی سەد مەتری دەست بەکارەکانی بکات و دەڵێت «تەنها گفتوگۆی بەشی پلاندانان ماوە لە ئەنجومەنی وەزیران تا تەمویلی  گوژمەی یەکەمی پرۆژەکە بکرێت».

هەڤاڵ ئەبوبەکر، لەلێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت «پرۆژەی شەقامی سەد مەتری، لەگەڵ کۆی پرۆژەکانی هەرێمی کوردستاندا وەستان بەهۆی قەیرانی دارایییەوە، جوڵەکانمان دەستپێکردووە و وامان کردووە تەرخانکردنی تەمویلەکەی بۆ بکەن، لەرۆژانی ئایندە لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دائەنیشن بۆ ئەوەی رێووشێنی دەستپێکردنەوەی ئەنجام بدەین».

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دارایی ئامادەیەو بڕیاری تەمویلی یەکەمی دراوە و تەنها  گفتوگۆی بەشی پلاندانانی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوێت.

دەربارەی کەمکردنەوەی گوژمەی یەکەمی پرۆژەکە لە ٩٠ ملیار دینارەوە بۆ ٥٠ میار دینار، پارێزگاری سلێمانی ئەوەی خستەڕوو ئێستا لەقەیرانی دارایی گەورە هاتونەتە دەرەوەو لەم دۆخەدا ٥٠ ملیار دینار تەرخانکراوە، «گاڵتە نییە بۆ ئێستا و شەقامی سەد مەتری پارەی لێنابڕێت تا تەواو دەکرێت».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار