چاوشئۆغلۆ بۆچی سەردانی بەغداو هەولێری کرد؟

چەند حزبێکی کوردستانی داوای راگرتنی سووکایەتی‌و پێشێلکارییە دەستوورییەکان لەلایەن وەزیری دەرەوەی تورکیاوە، دەکەن

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی-هیوا عەبدوڵا

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق کە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی نیسان دەستیپێکرد، بەپێی میدیاکان لێکتێگەشتنی نێوان هەردوو وڵات لەسەر چەندین بابەتی  لێکەوتوەتەوە، جگە لە ئامادەییان بۆ هاوکاری یەکتری، کە گرنگترینیان هاوکاری بازرگانی و ئابووری و رووبەڕووبونەوەی پەکەکە بووە.

 

رۆژی یەکشەممە مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەسەردانێکی دوو رۆژەو بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەک، سەردانی عێراقی کرد. بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوایەکانیش، گرنگترین دۆسیەکان کە لەبەرنامەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیادا بوو بریتی بوون لە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا، هەروەها بەهێزکردنی گیانی هاوکاری نێوان هەردوولا لە دۆسیەکانی ئاو و رووبەڕووبونەوەی گروپە تیرۆرستیەکاندا، ئەوە جگە لە باسکردنی دۆسیەی سوریا لە کۆبونەوەکاندا.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق  لە کاتێکدایە، کە هاوکاری نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، میدیاکانی تورکیا بە «بێ وێنە» وەسفیان کرد، وەزیرە تورکییەکە بەوە جەختی لێکردووەتەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆتایی ئەمساڵدا، سەردانی عێراق دەکات.

ئەحمەد روشدی، راوێژکاری سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی تورکیای رایگەیاندووە، سەردانەکەی چاوشئۆغلۆ لە کاتێکدابووە کە عێراق لە قۆناغێکی باشی کرانەوەیدایە بەڕووی دراوسێکانیدا، بەڵگەش بۆ ئەوە بەروەپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەریەک لە سعودیە و ئەردەن و میسر  و ئێرانە.

بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، دۆسیەی ئابووری سەرەکیترین تەوەری سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە بۆ عێراق، لەو پێناوەشدا سەردانی سێ شاری عێراقی کردووە، کە بریتیبوون لە بەغدا و بەسرە و هەولێر و لەسەردانەکەیدا چاوی کەوت  بەرپرسانی باڵای عێراق.

چاوشئۆغلۆ دوای دیداری لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەکاونتی خۆی لە توێتەر نوسیویەتی، «ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق  و تورکیا دەگەیەنینە ٢٠ ملیار دۆلار، جگە لەوەی بەردەوام دەبین بۆ ریشەکێشکردنی رێکخراوی پەکەکەی (تیرۆرست) لە عێراق».

لەو بارەیەوە ئەحمەد رەشدی بە میدیاکانی تورکیای وتووە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا کە ئێستا ساڵانە بە بەهای ١٦ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت بۆ ئاستێکی زیاتر بەرزدەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات کاریگەری ئیجابی لەسەر دۆسیەی سوریاش دەبێت، چونکە عێراق بە «دەروازەی ئابووری سوریا»ش دادەنرێت.

بەڵام ئەمە لای سهرۆک وهزیرانی عێراق عادل عهبدولمههدی جیاوازتر بوو.

سهرۆک وهزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا داوای لەتورکیا کرد که هێزهکانی که «به نایاسایی» له ناوچهی باشیک جێگیر کراون، بکشێنێتهوه.

عادل عهبدولمههدی وتی «ئێمه نامانهوێت له دژی لایهنێک پاڵپشتی له لایهنێکی دیکه بکهین و داوای پهیوهندییهکی بههێز و هاوسهنگ لهگهڵ وڵاتانی دراوسێ دهکهین و لهم پێناوهدا جهخت له سهر خاڵه هاوبهشهکان و چارهسهربوونی کێشه و ناکۆکییهکان دهکهینهوه».

وتیشی «تورکیا به وڵاتێکی گرنگی ناوچهکه و دراوسێی عێراق دهزانین و پهیوهندییهکی بههێز و بهرژهوهندییهکی هاوبهشمان لهزۆر بواردا ههیه».

هەر لەسەردانەکەیدا مەولود چاوشئۆغلۆ سەردانی پارێزگای بەسرەی لە باشوری عێراق کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسڕە رایگەیاند، تورکیا دەخوازێت کە رۆڵێکی گرنگ لە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای بەسڕەدا بگێڕێت.

چاوشئۆغلۆ وتیشی کە بەسڕە خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژیی جیاوازە و بە پایتەختی ئابوری عێراق دادەندرێت، بە گوێرەی پێشبینییەکانیش، ئەو شارە لە ئایندەدا دەبێتە» ناوەندێکی بازرگانی گرنگ لەنێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئەروپادا».

دەربارەی سەردانەکەی بۆ بەسڕە، مەولود چاوشئۆغلۆ لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، کە وڵاتەکەی جەختدەکاتەوە لەکارکردن لەگەڵ عێراق بۆ «بنیاتنانی ناوەندێکی بازرگانی کە تورکیا بە بەسڕەوە ببستێتەوە».

دۆسیەی ئاو

لەسەردانەکەیدا چاوشئۆغلۆ باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی ئاگاداری نیگەرانییەکانی عێراقە دەربارەی کەمبوونەوەی ئاو کە دێتە خاکی عێراقەوە، بەڵام تەئکیدی کردووەتەوە کە ئەوان لەو بابەتدا لێپرسراو نین.

لەو بارەیەوە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا لە پارێزگای بەسرە رایگەیاند، «تورکیا ئەوەی لە توانایدابووبێت بۆ زیاتر بەردانەوەی ئاو ئەگەر کەمێکیش بوبێت ئەنجامیداوە، تا ئاوێکی زیاتر بە عێراقی دۆست بگات».

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو پێناوەدا گلدانەوەی ئاویان لە بەنداوی ئەلیسۆ (لەسەر روباری دیجلە) راگرتووە، کە ساڵی رابردوو دەرگاکانی بەنداوەکە دانەخران.

رۆژی یەکشەممە دوای ئەوەی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆبوەوە، چاوشئۆغلۆ رایگەیاند، لە دیداری لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا بڕیاردراوە بە دوورستکردنی لیژنەی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی هەردولا لەو بورەدا.

چاوشئۆغلۆ ئەوەی خستوەتەڕوو، ئامادەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزمونی هەردولا لە بواری ئیدارەی ئاو لەگەڵ عێراق، پەیوەندییەکانیشیان بە هاوکاری پەرلەمانی هەردولا زیاتر بەرەوپێش دەبەن.

رووبەڕووبونەوەی «رێکخراوە تیرۆرستییەکان»

لە دیداری نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی عێراق، رێکەتوون کە لە بواری ئەمن و ئاسایشدا هەردولا هاوکاری یەکتری  بکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی هەیە بە کارکردنی هاوبەش لە پێناوی ریشەکێکردنی رێکخراوی پەکەکە و ئەو گروپانەی لەو رێکخراوەوە نزیکن.

چاوشئۆغلۆ لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق جەخستی لەوەکردووەتەوە کە دەبێت «پەکەکە لە ریشەوە دەربهێندرێت»، لای خۆشیەوە محمەد حەلبوسی رایگەندووە، کە عێراق لەسەر هەڵوێستی جێگیری خۆی دەمێنێتەوە کە بریتیە لەوەی، رەتیدەکاتەوە هیچ گرووپێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت، بۆ «تێکدانی ئاشتی لە وڵاتێکی درواسێدا».

هەروەها لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەمەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق ، چاوش ئۆغلۆ پیرۆزبایی لە عێراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی داعشدا، باسی لەوەشکرد، کە پێوسیتە هەموو کات بەئاگابن بەرامبەر «گروپە تیرۆرستییەکان»، هەروەها باسی لەوەکردوە تورکیا هاوکاریکردنی وڵاتانی دراوسێی لەو بارەیەوە بە کارێکی گرنگ دەزانێت.

چاوشئۆغلۆ لەگەڵ داعشدا ناوی پەکەکەشی هێناو بە گروپی تیرۆریستی» ناوی برد، وتی «پێویستە خاکی عێراق لە هەموو گروپە تیرۆرستییەکان پاک بکرێتەوە».

هەر لەوبارەیەوە ئەحمەد روشدی، راوێژکاری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێکخراوی پەکەکە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق وەکو رێکخراوێکی (تیرۆستی) ناسێندراوە، لەبەر ئەوە مانەوەی لە عێراقدا، هیچ بونێکی فەرمی نیە».

دوای سەردانەکەشی بۆ بەغدا رۆژی دوو شەممە، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەپێی میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر، چاوش ئۆغلۆ جگە لە باسکردنی دۆسیەکانی ئابوری و ئاو و ئاسایش لە نێوان ئەنقەرە و هەولێر، جەختی لە بەهێزترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیاو هەرێمی کورستان کردوەتەوە، هەروەها باسی کردنەوەی دەروازەی سنوری نوێ و ماددەی ١٤٠ یش کراوە.

دوابەدوای قسەکانی چاوشئۆغلۆ، هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە «وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، سەرلەنوێ ئاخافتنێکی تێکدەرانەی سەبارەت بە شاری کەرکووک دا، پێویست بوو، کە ئاخافتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پێناوی چارەسەری ئەو ناسەقامگیری و دۆخە پڕ لە کێشەیەی ناوچەکە لە پێناو ئاشتی و پێکەوە ژیان و سازکردنی دراوسێیەتیەکی باش، بێت.»

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو لایەنە کوردستانیانە داوای هەڵوێست لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن «بەرپرسیاریی دەخەینە ئەستۆی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەو سوکایەتی و پێشێلکارییە دەستورییە قبوڵ نەکەن و داوای بەرپرسیارێتی دیبلۆماسی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا بکەن، کە مافی ئەوەی نییە دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق و دەستوری عێراق وەربدات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار