شه‌ڕى په‌که‌که‌و تورکیا سه‌ختتر بووه‌ته‌وه‌

په‌که‌که‌ ده‌ڵێت گورزى گه‌وره‌ى لەتورکیا وه‌شاندووه‌، تورکیاش ده‌ڵێت قه‌ندیل بووه‌ته‌ پاروویه‌کى ئاسان بۆیان

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شه‌ڕو پێکدادانه‌کانى نێوان سوپاى تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستان،  توندبووه‌ته‌وه‌ و هه‌ردولا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ده‌که‌ن که‌ گوزرى گه‌وره‌یان له‌یه‌کتر وه‌شاندووه‌.

ساڵى ٢٠١٥ و دواى هه‌ره‌سهێنانى پڕۆسه‌ى ئاشتى نێوان تورکیا و په‌که‌که‌، که‌ ماوه‌ى دووساڵ به‌رده‌وام بوو، شه‌ڕو پێکدادانى نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ ده‌ستیپێکرده‌وه‌. سوپاى تورکیا هێزى زیاترى ره‌وانه‌ى ناوچه‌کانى باکورى کوردستان و ناوچه‌ سنورییه‌کانى هه‌رێم کرد، له‌ ئاسمانیشه‌وه‌ ده‌ستیکرده‌وه‌ به‌ بۆردومانى چڕى پێگه‌کانى په‌که‌که‌ له‌ناوچه‌ سنورییه‌کان، به‌تایبه‌تى له‌چیاى قه‌ندیل که‌ به‌ پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌ داده‌نرێت.

به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل (هه‌ده‌په‌) بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، ته‌نها له‌مانگى نیساندا ٤٣ سه‌ربازى سوپاى تورکیا، به‌هۆى هێرشى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌وه‌ کوژران و ده‌یانى دیکه‌ش برینداربوون، هه‌روه‌ها ١٤ گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

هێرشه‌کانى په‌که‌که‌ له‌و مانگه‌دا له‌ هه‌رێمى سه‌رحه‌د،  بازێدێ، جوودی، لیلیکان و چه‌لی، قلابان، ئامه‌د، جوله‌مێرگ، ئیدر و سیده‌کان، گردى که‌ڤۆرتێى ده‌ڤه‌رى سیده‌کان ئه‌نجامدراون بۆ سه‌ر سوپاى تورکیا. سوپاى تورکیا له‌و مانگه‌دا کوژرانى چه‌ند سه‌ربازێکى به‌هۆى هێرشه‌کانى په‌که‌که‌وه‌ پشتڕاستکردووه‌ته‌وه‌.

په‌که‌که‌ به‌شێک له‌و هێرشانه‌ى به‌ گرته‌ى ڤیدیۆیى بڵا وکردووه‌ته‌وه‌ که‌ بۆ سه‌ر سوپاى تورکیا ئه‌نجامدراون.

به‌ڵام ئاماره‌کانى سوپاى تورکیا جیاوازه‌، به‌پیى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى به‌رگرى تورکیا، له‌ مانگى نیساندا ١٥٩ گه‌ریلاى په‌که‌که‌ له‌چالاکى خراون  -تورکیا ئه‌و وشه‌یه‌ به‌کارده‌هێنێت که‌ مه‌به‌ست لێى کوشت یان ده‌ستگیرکردنى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌یه‌-.

هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌، چڕتر بوونه‌ته‌وه‌، تورکیا هێزى وشکانى زیاترى ڕه‌وانه‌ى سنوره‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد، به‌مه‌به‌ستى هێرشکردنه‌ سه‌ر په‌که‌که‌ و گه‌مارۆدانى قه‌ندیل، پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌ له‌سێگۆشه‌ى سنورى عێراق و تورکیا و ئێران، هاوکات فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر قه‌ندیل چڕکردووه‌ته‌وه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا تورکیا به‌ قوڵایى 30 کیلۆمه‌تر خاکى هه‌رێمى کوردستانى به‌زاندووه‌و  ژماره‌ى ئه‌و پێگه‌ سه‌ربازیانه‌شى زیادکردووه‌ که‌ له‌سه‌ر خاکى هه‌رێم دروستیکردوون.

له‌به‌رانبه‌ر چڕکردنه‌وه‌ى هێرشه‌کانى تورکیا، په‌که‌که‌ چه‌ند جارێک چالاکى له‌قوڵایى خاکى تورکیا ئه‌نجامداوه‌، که‌ دواترینیان له‌ 28ى ئه‌م مانگه‌دا بوو، کاتێک گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ هێرشیان کرده‌ سه‌ر بنکه‌یه‌کى سه‌ربازى تورکیا له‌ له‌سه‌ر گردى لێلیکان-ى شارۆچکه‌ى سیده‌کان و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ربازێکى تورکیا کوژرا و پێنج سه‌ربازى دیکه‌ش برینداربوون.

هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا تورکیا پێشڕه‌وییه‌کى ئه‌وتۆى نه‌کردووه‌، به‌ره‌و پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌ له‌ زنجیره‌ چیاى قه‌ندیل، به‌ڵام به‌رپرسانى تورکیا ده‌ڵێن که‌ ئۆپراسیۆنه‌کانیان «سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێناوه‌«، ته‌نانه‌ت رۆژى ٢٧ى نیسان سلێمان سۆیڵو، وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا، له‌میانى به‌شداریکردنى له‌ به‌رنامه‌یه‌کى که‌ناڵێکى تورکیادا وتى «ئیدى قه‌ندیل بۆ ئێمه‌ پاروویه‌کى ئاسانه‌.  چوار ساڵ و شه‌ش مانگى حوکمڕانیمان له‌ پێشه‌. تواناى تورکیا له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه‌«. 

له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ى پێکدادانه‌کاندا، سوپاى تورکیا بۆردومانى ناوچه‌ سنورییه‌کانى هه‌رێمى زیاتر کردووه‌، رۆژانه‌ به‌ پاساوى بوونى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ بۆردومانى ناوچه‌ سنورییه‌کان له‌ سیده‌کان و ئامێدى و قه‌ندیل ده‌کات، سه‌ربارى بنارى قه‌ندیل که‌ خاوه‌نى شاره‌وانى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى و زیاتر له‌ ٦٠ گوندى له‌خۆ گرتووه‌ و خه‌ڵکه‌که‌ى به‌ به‌خێوکردنى ئاژه‌ڵ و کشتوکاڵه‌وه‌ خه‌ریکن.

شاره‌وانییه‌که‌ له‌ ساڵى ٢٠٠٧ له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ دامه‌زرێنرا و سیستمى هاوسه‌رۆکى تێدا په‌یڕه‌وده‌کرێت، هه‌ر گوندێک ئه‌ندامێکى له‌ ئه‌نجومه‌نه‌که‌دا ھه‌یه‌ و په‌سه‌ندکردنى بڕیاره‌کانى پێویستى به‌ ده‌نگى زۆرینه‌یه‌.

محه‌مه‌د حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆکى شاره‌وانى قه‌ندیل رایگه‌یاند، بۆردومانه‌کانى تورکیا به‌زۆرى ناوچه‌ گوند نشینه‌کانى گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش گرفتى بۆ گوندنشینان دروستکردووه‌و چه‌ندین جار داوایانکردووه‌، شوێنى مه‌ده‌نى بۆردومان نه‌کرێن، به‌ڵام به‌ده‌م داواکه‌یانه‌وه‌ نه‌هاتوون.

وتیشى «سوپاى تورکیا ته‌نها بۆردومانى ئاسمانى سنورى قه‌ندیل ده‌کات، هێشتا هیچ ناوچه‌یه‌کى سنورى قه‌ندیل نه‌که‌تووه‌ته‌ ده‌ست تورکیا».

هاوسه‌رۆکى شاره‌وانى قه‌ندیل، داواى له‌ حکومه‌تى هه‌رێم کرد هاوکارى شاره‌وانییه‌کان بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار