ئیسماعیل تاڵه‌بانى: له‌سه‌ر هۆنراوه‌ى "مه‌یدانى کوردایه‌تى" له‌سێداره‌ش بدرێم لێى په‌شیمان نیم
6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن
ئیسماعیل تاڵه‌بانى له‌ساڵى 2006 دا یه‌که‌م شیعری به‌ناوى تافى پیریه‌وه بڵاوکردووەتەو به شیعری «له مه‌یدانى کوردایه‌تى» ناوی ده‌رکرد که له 17ی شوباتی ساڵى 2011 بۆ خۆپیشاندانه‌کانى ئه‌وکاتەی نووسی و بورهان مه‌جید کردی به گۆرانی. تازه‌ترین کاریشی شیعری گۆرانی دراماى ته‌رزه‌یه که درامایه‌کى رهمهزانییهو له که‌ناڵى ئێن ئاڕتی 2 په‌خشده‌کرێت.
ناوى ئیسماعیل عومەر عەبدولقادره ناسراوه به ئیسماعیل تاڵه‌بانى له چه‌مچه‌ماڵ له دایکبووه‌و له‌ئێستادا دانیشتووى شارى سلێمانیه، له سه‌رۆکایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى فه‌رمانبه‌ره.
ئیسماعیل تاڵه‌بانى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی باسی ئه‌زموونى شعری خۆی ده‌کات.
هاوڵاتی: چى شتێک ئیسماعیل تاڵه‌بانى به‌ره‌و نوسین ئاراسته‌کرد؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: هه‌ڵبه‌ت هه‌ر مرۆڤێک له هه‌ر بوارێک‌دا کار بکات، ده‌بێت عیشق و خۆشه‌ویستییه‌ک له ناخیدا هه‌بێت، به تایبه‌ت له بوارى ئه‌ده‌بدا به‌ده‌ر له باگراوندێکى سه‌قافى و مه‌عریفى. من له مێژه‌وه حه‌زم به دونیاى کتێب و خوێندنه‌وه‌و نووسین کردووه بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئیسماعیل تاڵه‌بانى که‌مه‌ندکێش کردووه بۆ نێو دوونیاى ئه‌ده‌ب ئه‌و عیشق و خۆشه‌ویستییه بووه که له‌ناخمدا هه‌بووه.
هاوڵاتی: هه‌ست بهتوڕهبوونێکى قوڵ ده‌کرێت له شیعرەکانت؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من کار و ئه‌رکى مرۆڤایه‌تى و ئه‌خلاقى خۆم هه‌ڵده‌ستم، له هۆنراوه‌کانمدا هه‌میشه ویستوومه ڕاستگۆیى له‌گه‌ڵ خوودى خۆم و خۆێنه‌رانى تایبه‌ت به دونیاى ئیسماعیل تاڵه‌بانیدا به‌رجه‌سته بکه‌م. وێنه‌کێشان له دونیایى شیعردا که بریتین له دونیایى واقیع و خه‌یاڵ، هه‌میشه هه‌وڵمداوه له دونیایى جوانى خه‌یاڵدا خوێنه‌ران له‌گه‌ڵ خودى خۆمدا ئاوێته بکه‌م و له دونیاى واقیعدا، به‌شداربم له دونیایى ئه‌واندا، به تایبه‌ت ئه‌وکاتانه‌ى له ئازار‌و ناخۆشییه‌کانیاندا پێویستیان به‌منه و ئه‌رکێکى تر‌ى من یاخى بوون و یاخیگه‌رییه له دونیاى تایبه‌تى هۆنراوه‌کانى مندا، ده‌مه‌وێت به ئاسووده‌یى و به ویژدانه‌وه بژیم و بمرم، چوونکه ئه‌وه‌یه ئه‌رکى سه‌رشانى من ناتوانم بێده‌نگ بم.
هاوڵاتی: جۆرێک له بێزارى زۆر له ژیان به شیعره‌کانته‌وه دیاره، هۆکارى چییه؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: ئێمه هیچ کاتێک به دڵى خۆمان نه‌ژیاوین و دڵنیایشم له‌وه‌ى به‌دڵى خۆشمان نامرین، چونکه سهخستى ڕۆژگار و سیسته‌مى حوکمڕانى ئه‌م هه‌رێمه کاریگه‌رى کردووەته سه‌ر زۆرینه‌ى تاکى کورد، گه‌ر ئاوڕێک له شاعیرانى پێش ئێمه بده‌یته‌وه، ده‌بینیت چۆن و به چى شێوه‌یه‌ک ژیاون، ئه‌ویش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌وانه بۆ ئێمه، لاى من ژیان جگه له مه‌رگ و مه‌رگیش له ژیانێکى دووباره هیچى تر نییه.
هاوڵاتی: ڕه‌نگ به‌شێکه له شیعره‌کانى تۆ، ره‌نگ لەلای تۆ چى ده‌گه‌یه‌نێت؟ بۆ ئه‌وه‌نده تێکه‌ڵى تێکسته‌کانتى ده‌که‌ى؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من هه‌موو ڕه‌نگێکم خۆش ده‌وێت و به‌کاریان ده‌هێنم، نه‌ک له هۆنراوه‌کانمدا به‌ڵکو له جل و بهرگیشمدا ڕه‌نگدانه‌وه دروست ئه‌کات. ئه‌وه ڕه‌نگه پێمان ئه‌ڵێت، منم له سیمایى مرۆڤهکاندام له سرووشت و شاخهکاندام له نێو ڕسته‌و وشهکاندام، منم ده‌توانم ئێوه کهمهندکێشکهم بۆ نێوى خۆم به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه ئێمه‌ین ڕه‌نگه‌کان به جوانى نابینین، له‌برى ئه‌وه‌ى جوانیان که‌ین، ناشیرینیان ئه‌که‌ین. له‌برى تۆخیان که‌ینه‌وه، کاڵیان ئه‌که‌ینه‌وه و ناتوانین له یه‌کتر جیایان بکه‌ینه‌وه‌و بیان ناسینه‌وه‌و به‌کارى بێنین، تا ژیان و مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵ ڕه‌نگ ئاشنا‌و ئاشتکه‌ینه‌وه.
هاوڵاتی: زۆر جار به‌هۆى تێڕوانینى سیاسییه‌وه به‌شێک له خوێنه‌ره‌کانت نیگه‌رانن له ناسناوه‌که‌ت، خۆت ده‌ڵێیت چى؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: نازناوى تاڵه‌بانى شوناسى منه، ناتوانم نکۆڵى لێ بکه‌م، خۆشحاڵم وه‌ک تاڵه‌بانییه‌ک خزمه‌تێکى به‌رچاوى ئه‌م نیشتیمانه‌و مرۆڤایه‌تى و هاو زمان و کۆمه‌ڵگاکه‌ى خۆمم کردبێت. وه شانازى پێوه ئه‌که‌م ده‌بێت کۆمه‌ڵگاش خۆێندنه‌وه بۆ ناخ و ناوه‌ڕۆکى من بکه‌ن و به ویژدانه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت و پێشنیاریان هه‌بێت بۆ من نه‌ک به شووناسهکهمهوه تاڵه‌بانییه.
هاوڵاتی: هیچ کاتێک ئه‌و نازناوه کێشه‌ى بۆ دروست نه‌کردویت؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: بێگومان چه‌ندین جار ڕووبه‌ڕووى ڕه‌خنه‌و پێشنیار بومه‌ته‌وه، به‌ڵام زۆرکاتیش پاراستوومى. من خۆم ده‌ناسم، داواکارم خه‌ڵکیش وه‌ک ڕه‌فتار و گوفتاره‌کانم بڕیارم له‌سه‌ر بده‌ن و بمناسن نه‌ک وه‌ک نازناوه‌که‌م.
هاوڵاتی: تۆ زیاتر به شیعرى مه‌یدانى کوردایه‌تى له خۆپیشاندانه‌کانى ١٧ى شوبات ناسراى، چۆن بوو له‌و کاته‌دا ئه‌و شیعره‌ت نوسی؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: له‌سه‌ره‌تایى دروستبوونى خۆپیشاندانه‌کانى 17 شوباتدا بوو، هونه‌رمه‌ندى خۆشه‌ویست، بورهان مه‌جید ڕێز و حورمه‌تم بۆیى هه‌یه، داواى لێکردم ئازار و موعاناتى ئه‌و خه‌ڵکه‌ى بۆ بکه‌م به هۆنراوه‌یه‌ک، منیش داوایهکهیم قبووڵ کرد‌و ئه‌و هه‌له‌م بۆ خۆم قۆسته‌وه، چونکه به‌ده‌ر له من به‌چه‌ند شاعیرێکى تر‌ى وت بوو، داوه‌که‌یان ڕه‌تکردبووه. من توانیم له‌ماوه‌ى یه‌ک شه‌ودا، هۆنراوه‌که‌ى بۆ ئاماده‌بکه‌م، ئه‌ویش له‌ماوه‌ى یه‌ک ڕۆژدا کردى به گۆرانى، چونکه له‌سه‌ر ئاوازه‌که‌ى ئه‌و هۆنراوه‌که‌م ئاماده‌کرد، که یه‌کێکه له‌و هۆنراوانه‌ى من له‌سه‌رى له سێداره‌م بدرێم، لێى په‌شیمان نیم شانازیشى پێوه ئه‌که‌م.
هاوڵاتی: یه‌کێک بوى له دیمه‌نه‌کانى خۆپیشاندانه‌کانى ١٧ى شوبات، ئێستا خوێندنه‌وه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و کاته چییه؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: هۆنراوه‌ى له مه‌یدانى کوردایه‌تى مووڵکى هیچ ڕه‌نگ و حزبێک نییه و ئازار‌و مووعاناتى خه‌ڵکى به‌شمه‌ینه‌تى کوردستانه، 17 ى شووبات مێژوویه‌کى پڕ له سه‌روه‌رییه بۆ من و نابێت هه‌رگیز له‌یاد بکرێت، چونکه ده‌نگى ڕه‌واى خه‌ڵکى ئازا‌و بوێر و مافخوراوى تێدا به‌رزبووه‌و توانیان به ده‌سه‌ڵات وحیزبى کوردى بڵێن، ئیتر تائێره‌و به‌س.
هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر داوات لێبکه‌ن، شیعر له‌سه‌ر سیسته‌مى سیاسى بنوسی به هه‌مان هه‌ستى ١٧ شوبات ده‌ینوسى؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من له پێشتردا باجى زۆرم داوه له پێناو خه‌ڵک و ڕه‌نگدا، مێژوو خه‌ڵک گه‌واهیده‌رى منن. به ئێستاشه‌وه به‌رده‌وام و بێده‌نگ نیم و بێده‌نگ نابم و له هه‌موو زه‌مه‌ن و ته‌مه‌نێکدا بوونم هه‌یه تا ناعه‌داله‌تى و نایه‌کسانى له‌م وڵاته‌و ئه‌م هه‌رێمه‌دا بوونى هه‌بێ و به‌رده‌وام بێت، من بوونم ده‌بێت و به‌رده‌وام یاخیم، به‌ڵام جارێکى تر ئاماده‌نیم باج له پێناو هیچ ڕه‌نگ و حزبێکى تردا بده‌م، چوونکه ئێمه به‌رده‌وام باجى گه‌مژه‌کان ئه‌ده‌ین، منیش گه‌مژه‌نیم.
هاوڵاتی: ده‌ستێکى باڵات هه‌یه له نوسینى شیعرى منداڵاندا، ئه‌مه حه‌زى خۆته یان چى؟ کارکردن له دونیاى منداڵاندا قورس نییه؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: مناڵ‌یش وه‌ک ئێمه مرۆڤن، دونیایى تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، ئه‌وه ئه‌رکى ئێمه‌یه وه‌ک ئه‌وان بچووک بین، ئه‌وانیش مافى خۆیانه وه‌ک ئێمه گه‌وره‌بن. بێگومان قورسه زمان و بیرکردنه‌وه‌ى ئه‌وان جیاوازتره له ئێمه خه‌ونى زیاتر و داواکارى زۆرتریان هه‌یه، ده‌بێت به زمانى خۆیان بدوێن به‌حه‌ز و خولیاى ئه‌وان هه‌ستین. ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ى ئه‌وان پێى دڵخۆش و سه‌رسامن، ئه‌وه‌یان بۆ بخه‌ینه نێو وشه‌و ڕسته‌کانه‌وه، بۆ خوودى مناڵ، واتا ده‌مه‌وێت بڵێم کارکردن له‌سه‌ر مافى مناڵ و داواکردنى له گه‌وره، کارکردنێکى جیاوازتره وه‌ک له‌وه‌ى کار له‌سه‌ر خوودى دونیایى تایبه‌ت مهندییهکانى مناڵ بکه‌یت بۆ مناڵ و مناڵی.
هاوڵاتی: عه‌بدوڵا په‌شێو لاى تۆ چى ده‌گه‌یه‌نیت؟ تا چه‌ند کاریگه‌رى به‌و شاعیره؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من ڕێز له کار‌و پیشه‌و شووناس و دونیا‌و خه‌ونى تایبه‌تى هه‌موو مرۆڤێک ده‌گرم. عەبدوڵا په‌شێو یه‌کێکه له‌و مرۆڤ و شاعیره جوانانه‌ى لاى من گرنگى و تایبه‌ت مه‌ندى خۆیى هه‌یه، له هۆنراوه‌کانیدا ڕاستگۆ و ویژدان زیندووه. له ژیاندا دووجۆر مرۆڤ هه‌ن، ئه‌وانه‌ى مێژوو دروستیان ئه‌کات زو وون ده‌بن و له ناو ده‌چن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى مێژوو دروست ئه‌که‌ن، بۆ هه‌میشه ئه‌مێننه‌وه‌و له پێش چاو له‌نێو و دڵى خه‌ڵکیدا ئه‌بن. عەبدوڵا په‌شێویش یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ى مێژوویه‌کى بۆ خوودى خۆیى دروست کردووه، هه‌میشه له به‌ره‌ى خه‌ڵکدا.
هاوڵاتی: شیعری گۆرانی دراماى سه‌ماى ته‌رزه تۆ نوسیوتە ئەمە چۆن بوو؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من هه‌ر کاتێک داواى هۆنراوه‌یه‌کم لێ بکرێت، به‌تایبه‌ت له بوارى درامى و لۆگۆدا، یان له‌سه‌ر سیناریۆى دراماکه کار ده‌که‌م، یان لۆگۆیى ئه‌و شوێن و شووناسه. هه‌ڵبه‌ت هۆنراوه‌ى درامای سه‌ماى ته‌رزه‌ش، یه‌کێک بوو له‌و هۆنراوهنهم که له‌سه‌ر سیناریۆى دراماکه و داواى ده‌رهێنه‌ر، ئاماده‌م کردبوو، زۆر پێوه‌ى ماندووبووم، به‌هۆى که‌مته‌رخه‌مى ستافه‌که و به قسه‌ى خۆیان، نه‌بونى پاره که کولفهیهکى ده‌ویست بۆ گۆرانیبێژهکهو ئاوازدانه‌ره‌که، به‌وه‌ى خاوه‌نى به‌ڵێنى خۆم بووم په‌یامى خۆم گه‌یاند چوونکه به‌ڵێن لاى من ڕاستگۆیى و ڕه‌وشته.
هاوڵاتی: تائێستا چه‌ند شیعرت نوسیوه؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: تائێستا زیاد له 200 هۆنراوه‌م نووسیوه له مه‌وداى نووسین و دونیاى ئه‌ده‌بى خۆمدا.
هاوڵاتی: چه‌ند شیعرت کراون به گۆرانی؟ هونه‌رمه‌ندان یان دراماکان؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: زیاد له 30 هۆنراوه‌م کراوه به مارش و سرود و گۆرانى، نوێترین کاریشم مارشێکه که هۆنراوه‌یه‌کى جوانم بۆ نووسیووه بۆ هه‌موو خاوه‌ن پێداویستیه تایبه‌ته‌کانى کوردوستان که له ئاینده‌یه‌کى نزیکدا، ده‌یخه‌ینه پێش چاوى بینه‌ران و بیسه‌ران.
هاوڵاتی: کام شیعرت بۆ خۆت نوسیوه؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: هۆنراوه‌کانم به ته‌نها بۆ خۆمم نه‌نوسیون. ڕاسته ئیلهام و ئیحساسى خۆمن له هه‌مانکاتدا، موڵکى هه‌موانن. خوێنه‌رانى دونیاى ئیسماعیل تاڵه‌بانى ئه‌وه ده‌زانن، زۆربه‌یان خۆیان له هۆنراوه‌کانى مندا ده‌بیننه‌وه.
هاوڵاتی: شیعرى کوردى له‌ئێستادا له چ ئاستێکدایه؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: به‌و پێیه‌ى که فلته‌رێک نییه کار له‌سه‌ر دونیایى ئه‌ده‌بیاتدا بکات و پێیدا تێپه‌ڕبێت، ده‌توانم بڵێم له ئاستێکى زۆر زۆر خراپدایه.
هاوڵاتی: له‌ئێستادا زۆر شاعیرمان هه‌یه؟ ڕات چییه سه‌باره‌ت به شاعیره تازه‌کان؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: زۆربه‌مان هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین، که فهوزایهکى زۆر که‌وتووەته ناو ئه‌ده‌بى کوردییه‌وه، له هه‌موو بواره‌کاندا، به‌تایبه‌ت دونیاى هۆنراوه، خه‌ڵکى جوانمان هه‌یه که نایانه‌وێت ده‌ربکه‌ون، یان خۆیان که‌مته‌رخه‌من و یان ده‌زگایه‌ک نیه هاوکارییان بکات. داواکارم له و که‌سانه‌ى حه‌زیان به دونیاى هۆنراوه نوسینه، خۆیان به‌رپرسیار بزانن له ئاست وشه‌و ڕسته‌و ئه‌ده‌بیاتى کوردی‌دا و به ئاگاوه مامه‌ڵه بکه‌ن.
هاوڵاتی: شیعر لاى تۆ چیه؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: شیعر لاى من جوانییه خۆشه‌ویستییه، گه‌مه‌یه‌کى هه‌میشه‌یى نێو ڕوحى شاعیره، ده‌روازه‌یه‌که بۆ وشه‌و ڕسته قهدیسماوهکانى نێو ڕوحى شاعیر، شیعر زمانێکى تر‌ى مرۆڤه.
هاوڵاتی: بۆ کتێبى شیعرى لهچاپدراوت نییه؟
ئیسماعیل تاڵه‌بانى: من زۆر به‌که‌مى هۆنراوه ده‌نوسم، چونکه به‌ر پرسیارێتییهکى گه‌وره‌یه، هه‌میشه هه‌وڵم داوه هۆنراوه من بانگ بکات بۆ لاى خۆیى، نه‌ک من بچم بۆ لاى ئه‌و. تائێستا کتێبى له چاپدراوم نیه. به‌ڵام زۆرینه‌ى هۆنراوه‌کانم له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه کراون به گۆرانى به‌و پێیه‌ى ئێستا زۆرینه‌مان تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌کاردێنین. نووسینه‌کان به گشتى زووتر ده‌چێته پێش چاوى خۆێنه‌ر، من نامه‌وێت له قورسایى و به‌هاى کتیب و لهچاپدراوهکان که‌م که‌مه‌وه، چونکه هه‌میشه گرنگى و تایبه‌تمه‌ندى خۆیان هه‌یه، ئه‌و هۆنراوانه‌ى که له به‌رده‌ستى خۆمدان موڵکى خۆمن له چاپدراو چووه پێش چاوى خۆێنه‌ر ئه‌بێت به مووڵکى ئه‌وان هیوادارم له داهاتوودا شتێک بکه‌م ببێته جێى ڕه‌زامه‌ندى خوێنه‌رانى کورد.