پارتى لەهەوڵدایە نه‌جمه‌دین که‌ریم راده‌ستى به‌غدا نه‌کرێت
6 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدایە نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە دەستبەسەری لە لوبنان بمێنێتەوەو ڕادەستی حکومەتی عێراق نەکرێت، دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە لە ناو فڕۆکەخانەی بەیروت دەستگیرکرا، لەسەر سکاڵایەکی دادگای کەرکوک کە ساڵێک لەمەوبەر دەریکردبوو.
شوان داودی پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی بە ھاوڵاتی وت «نەجمەدین کەریم پیرێ چوەتە لوبنان و دوێنێ لە فڕۆکەخانە سەرکەوتوە بچێت بۆ نەمسا، بەڵام لە ناو فڕۆکەخانە دایانگرتووە».
وتیشی «ئەمر قەبزەکەی لەسەر گەندەڵییە و لەدادگای نەزاهەوە دەرچوە و ئێستا دەستبەسەرە". بەپێی بەدواداچونەکان پارتى لەهەوڵدایە نه‌جمه‌دین که‌ریم راده‌ستى به‌غدا نه‌کرێت بەڵام تائێستا سەرکەوتوو نەبوە.
پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک، نەجمەدین کەریم ئاڵای کوردستانی لەسەر بینای پارێزگار هەڵکردو پشتگیری خۆشی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شارەکە دەربڕی، دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شارەکەی بەجێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێ بوو.
دواتر ساڵێک لەمەوبەر، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی ماڵ و موڵکی گوستراوە و نەگواستراوەی نەجمەدین کەریمی دەرکرد.
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک لە نوسراوێکدا لە (٢٣/٥/٢٠١٨) کە ئاراستەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوکی کرد، داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای کرد بۆ دەستگیرکردنی نەجمەدین کەریم، بەپێی ئەحکامەکانی مادەی (٣١٦)ی یاسای سزاکانی عێراق و دەستەی نەزاھەی کەرکوک بەپێی مادەی (١٢١).
مانگی رابردوو نەجمەدین کەریم لە چاوپێکەوتنێکی ھاوڵاتی دا ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە دادگای کەرکوک دابوویە پاڵی.
نەجمەدین کەریم پێش دەستگیرکردنی بە ھاوڵاتی وت «ئه‌و سکاڵایانه هه‌موو درۆن و ئه‌سڵ و ئه‌ساسیان نییه... من وتووشمه فه‌رموو با هه‌رچی دادوه‌ریان هه‌یه بینێرن بۆ ئێره‌و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دادی ئێره رێکبکه‌ون و ته‌نانه‌ت ئاماده‌شم بۆ هه‌ر شوێنێکی تر بێت، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووی بێ بنه‌مایه‌و ده‌زانین کێی له‌پشته.»
فەرمانی گرتنەکە ساڵی رابردوو لە لایەن دادوەر سەباح محەمەد ئیبراهیم دەرکرا کە لە دادوەرێکی کوردە و پێشتر سەرۆکی دادگای شارۆکەی داقووق بووە.
نەجمەدین کەریم لە چاوپێکەوتنەکەی ھاوڵاتی دا وتی «کوردێکیان داناوه‌و کردوویانه به واجیهه‌ی خۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن کورد کردوویه‌تی. ئێمه ده‌زانین کێی له‌پشته‌و له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێکی کوردیش‌دا ئه‌م شتانه رێکده‌خه‌ن. ئه‌م سکاڵایانه 100% سیاسین».
هەروەها وتی «ئێمه شه‌ش ساڵ و نیو پارێزگاری که‌رکوک بووین و رۆژێک له‌ڕۆژان که‌س نه‌هات بڵێت شتێکی هه‌یه. وه‌ک باسیشم کرد ته‌حه‌دای هه‌موو که‌سێک ده‌که‌م بڵێت 20%ی ئه‌وه‌ی له‌که‌رکوک کراوه له‌هه‌ر پارێزگایه‌کی تر کراوه، له‌به‌غداوه بیگره هه‌تا به‌سڕه، هه‌تا موسڵ، هه‌تا رومادی ئه‌وه‌ی لهنێوانیشیانه«.
رۆژی (١٨)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٧) فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق مەرسومی کۆماری بۆ لابردنی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئیمزا کرد، ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگا بۆ دەستگیرکردنی.