له‌چوار مانگدا زیاتر له‌ ٥٠ کۆمپانیاى نوێ له‌هه‌رێم تۆمارکراون

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بازرگانى هه‌رێم: قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نزیکبووه‌ته‌وه‌ له‌ ساڵى ٢٠١٣

6 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى

ره‌وشى بازرگانى هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌و بوژانه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و له‌ماوه‌ى چوار مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا، زیاتر له‌ ٥٠ کۆمپانیاى نوێى بازرگانى تۆمارکراون و قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نزیکبووه‌ته‌وه‌ له‌ساڵى ٢٠١٣ .

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایى له‌ساڵى ٢٠١٤، به‌هۆى دابه‌زینى گه‌وره‌ى نرخى نه‌وت و خه‌رجییه‌کانى شه‌ڕى دژى داعش و بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، که‌رتى بازرگانى هه‌رێم زیانى گه‌وره‌ى به‌رکه‌وت و قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو نزم بووه‌وه‌.

به‌ڵام له‌مساڵدا و له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت و رێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا، له‌سه‌ر یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراق، که‌رتى بازرگانى و پیشه‌سازى رووى له‌ بوژانه‌وه‌ کردووه‌ و له‌ ئاستى پێش قه‌یرانى دارایى نزیک بووه‌ته‌وه‌.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بازرگانى له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، که‌رتى بازرگانى هه‌رێم له‌ بوژاندنه‌وه‌دایه‌، رۆژانه‌ که‌ره‌سته‌یه‌کى زۆر هاورده‌ ده‌کرێت، چ ئه‌وه‌ى دێته‌ هه‌رێمه‌وه‌ یان هه‌نارده‌ى ناوچه‌کانى ناوه‌ڕاست و خواروى عێراق ده‌کرێت.

وتیشى «به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان سه‌قامگیریى هه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا مانگى چوار ٥٣ کۆمپانیاى تازه‌ بۆ بازرگانى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى تۆمارکردنى کۆمپانیاکان دامه‌زراون، که‌ به‌راورد به‌ هه‌مان ماوه‌ى ساڵى رابردوو رێژه‌که‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ که‌ ٢٠ کۆمپانیا بوون». 

ئاشکراشیکرد، قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هه‌رێم و وڵاتانى دراوسێ نزیکبووه‌ته‌وه‌ له‌ ساڵى ٢٠١٣، له‌گه‌ڵ ئێران نزیکه‌ى شه‌ش ملیار دۆلاره‌، له‌گه‌ڵ تورکیا ١٢ ملیار دۆلاره‌.

به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم، له‌ئێستادا سێ هه‌زار کۆمپانیاى بازرگانى له‌ هه‌رێمى کوردستان تۆمارکراون، که‌ له‌ بوارى جیاجیادا کارده‌که‌ن.

هه‌رێمى کوردستان و عێراق له‌م ماوه‌یه‌ى دواییدا، له‌سه‌ر چه‌ندین پرسى ئابورى و بازرگانى رێککه‌وتن، ئه‌وه‌ش به‌ هۆکارێکى پشت گه‌شه‌ى بازرگانى هه‌رێم داده‌نرێت.

یه‌کێک له‌ رێککه‌وتنه‌کان، تایبه‌ته‌ به‌ کارکردنى عێراق به‌ یاساى ٢٢ى ١٩٩٨ تایبه‌ت به‌ بازرگانى که‌ تایبه‌ته‌ به‌مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م کۆمپانیاکان له‌ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى کوردستان وه‌رنه‌گرتنى باج له‌هه‌ر کۆمپانیایه‌ک که‌ له‌ هه‌رێمه‌وه‌ کاڵا هه‌نارده‌ى ناوچه‌کانى عێراق بکات.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتى «پێشتر کێشه‌مان هه‌بوو له‌گه‌ڵ عێراق له‌و باره‌یه‌وه‌، ئه‌وانه‌ى ده‌یانویست به‌رهه‌مى کارگه‌کانیان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بنێرنه‌ ناوچه‌کانى عێراق رێگریان لێده‌کرد، ده‌یانوت به‌بێ گومرگ نابێت و مامه‌ڵه‌ى کاڵاى هاورده‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرد، ده‌یانوت کاڵاکه‌ به‌رهه‌مى تورکیا بێت یان هه‌ولێر جیاوازى نییه‌«.

رونیشیکرده‌وه‌ «دواى چه‌ند دانیشتنێک له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى، حکومه‌تى عێراق گه‌یشتینه‌ ئه‌و دره‌نجامه‌ى یاساى ژماره‌ ٢٢ جێبه‌جێ بکرێت، ئیتر ئه‌و کێشه‌یه‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا نه‌ما، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌مان یاسا و رێنماییه‌، ئه‌و گومرگ و رسوماتانه‌ى له‌ خاوه‌ن کارگه‌کان وه‌رده‌گیرا نه‌ما».

له‌ ئێستادا به‌شێک له‌و کۆمپانیایانه‌ى له‌ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق کاریانده‌کرد، شوێنى کارکردنیان گواستووه‌ته‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌هۆى چه‌ندین هۆکاره‌وه‌ که‌ یه‌کێکیان په‌یوه‌ندى به‌ کارئاسانییه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ بازرگانه‌کان.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م باسى له‌وه‌کرد، به‌زۆرى ئه‌و کۆمپانیایانه‌ى له‌ پارێزگاکانى باشور و ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق کاریانکردووه‌، ئێستا روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌، چونکه‌ سنوره‌کانى عێراق بۆ نمونه‌ ئوم قه‌سر کاڵاکان به‌ مانگێک یان ٢٥ رۆژ ئینجا ده‌رباز ده‌بن، له‌کاتێکدا له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ نمونه‌ ئیبراهیم خه‌لیل له‌هه‌مان ئه‌و رۆژه‌ى هاورده‌ده‌کرێت کاڵاکان داخڵده‌بێت، واته‌ خه‌رجى مانه‌وه‌ى کاڵا نادات، به‌ پێچه‌وانه‌ى عێراقه‌وه‌ که‌ خه‌رجییه‌که‌ش ده‌چێته‌ سه‌ر کاڵاکه‌ و نرخه‌که‌ى گرانتر ده‌بێت.

هه‌روه‌ها پێیوایه‌ سه‌قامگیریى دۆخى ئه‌منى و ئاسانکاریى بۆ کۆمپانیا بازرگانییه‌کان که‌ له‌ هه‌رێم کارده‌که‌ن و کاڵاکانیان ده‌گوازنه‌وه‌ پارێزگاکانى عێراق هۆکارى گواستنه‌وه‌ى کارى کۆمپانیاکانن بۆ هه‌رێم.

به‌رپرسه‌که‌ى وه‌زاره‌تى بازرگانى پێشبینى ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ سیاسییه‌ى نێوان ئێران و ئه‌مریکا زیاتر ته‌شه‌نه‌ بسه‌نێت، ژماره‌یه‌کى زۆرترى کۆمپانیا بازرگانییه‌کان روو له‌ هه‌رێم بکه‌ن.

تائێستا گرژییه‌کانى ئه‌مریکا و ئێران، کاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌وشى بازرگانى هه‌رێم دروستنه‌کردووه‌ و نه‌بووه‌ته‌ هۆى دابه‌زینى گه‌شه‌ى بازرگانی، هه‌رێمى کوردستانیش بڕیاریداوه‌ له‌و پرسه‌دا پابه‌ندى بڕیاره‌کانى عێراق بێت.

ئابڵوقه‌ى ئابوورى سه‌ر ئێران، له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ که‌ به‌سێ قۆناغ جێبه‌جێکراون، له‌ قۆناغى کۆتاییدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌کاتێکدا ساڵى رابردوو زیاتر له‌ سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى هه‌نارده‌ ده‌کرد، ئه‌مه‌ وایکردووه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا نرخى تمه‌ن زۆر زۆر دابه‌زێت، له‌سه‌دا شه‌ستى به‌هاکه‌ى له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌ڵاوسان له‌ ئێران به‌پێى سه‌رچاوه‌کان گه‌یشتووه‌ته‌ له‌سه‌دا ٤٠.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتى «هه‌رێم له‌و پرسه‌دا پابه‌ندده‌بێت به‌عێراقه‌وه‌، هه‌ر رێوشوێنێک که‌ حکومه‌تى عێراق به‌رانبه‌ر به‌ ئێران وه‌ریبگرێت، ئێمه‌ش مه‌جبورین پابه‌ندبین پێوه‌ی».

سزاکانى سه‌ر ئێران ته‌نها کاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ندێ که‌ره‌سته‌ى خۆراکى هه‌بووه‌، که‌ ئێستا ئێران هه‌نارده‌ى هه‌رێمى ناکات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شى پێداویستى ناوخۆیى وڵاته‌که‌ ناکات.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتى «پێشتر له‌ ده‌روازه‌کانى ئێران مه‌وادێکى زۆر ده‌هات که‌ زۆر سه‌ره‌کیى نین، وه‌کو سه‌وزه‌ و میوه‌ و کاره‌باییات و ئه‌لیکترۆنیات و پلاستیکی، هه‌ندێک جۆر خۆراک که‌ ئێستا به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شى ناوخۆ ناکات و که‌مبووه‌ته‌وه‌ ئێران هه‌نارده‌ى ناکات».
 

«دواى ریفراندۆم که‌ ئێران شه‌ش مانگ ده‌روازه‌کانى داخست بازرگانه‌کان روویان له‌ شوێنى تر کرد، وه‌ک تورکیا و ئوردن و سوریا و چین، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و ته‌جروبه‌یه‌ى پێشتر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، چونکه‌ ئێران خۆى ناهێڵێت هه‌ندێ مه‌وادى خۆراک بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و بێته‌ هه‌رێم، بۆیه‌ زۆر زۆر ئاساییه‌ ئه‌و بازرگانانه‌ رێڕه‌ڕه‌وى خۆیان بگۆڕن له‌جیاتى ئه‌وه‌ى له‌ ئێرانه‌وه‌ بیهێنن روویان کردووه‌ته‌ تورکیا و جۆرجیا و ئۆزبه‌کستان و ئازه‌ربایجان و روسیا و زۆر وڵاتى دیکه‌ که‌ بوونه‌ته‌ به‌دیلى ئه‌و مه‌واده‌ى له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌هات».

باسى له‌وه‌شکرد، هۆکارێکى تر بۆ که‌مبونى ئه‌و ماددانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و که‌ره‌سته‌ خاوانه‌ى ره‌وانه‌ى ئێران ده‌کرێن له‌ده‌ره‌وه‌ هه‌نارده‌ى ئه‌و وڵاته‌ ده‌کرێن، به‌سه‌دان کارگه‌ هه‌بوو ته‌نها کارى بۆ عێراق ده‌کرد، بۆیه‌ که‌ ئێستا مه‌وادى خاویان بۆ ناچێت مه‌جبورن بوه‌ستن، یاخود به‌رهه‌میان که‌مبێته‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار