ئەستەنبوڵ دەرگا بەڕووی ئیمڕالی دەکاتەوە
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: هەنگاوەکانی ئەردۆغان پیلانە، پێویستە کورد بەشێوەیەکی عەقڵانی تاوتوێی بکات
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەنگاوە نوێیەکانی دسەڵاتدارانی تورکیا بەرانبەر بەکورد پێش دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئەستەنبوڵ خوێندنەوەی جیاجیای بۆ دەکرێت، محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری کوردو شارەزا لە کاروباری تورکیا هەرچەندە پێیوایە ئەو هەنگاوانە «تاکتیکی ئەردۆغان و ئەکەپەیە»، بەڵام بەپێویستی دەزانێت کورد بەشێوەیەکی عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات.
دوای هەشت ساڵ لە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەو رێگەنەدان بە پارێزەرەکانی بۆ بینینی، تورکیا لەم مانگەوە بەتەواوی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان هەڵگرت و بەو هۆیەشەوە ئۆجالان دوو پەیامی بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوای گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەکات.
ئۆجالان هەروەها لەڕێگەی نوێترین پەیامییەوە کۆتایی بە گۆشەگیریی ئەندام و لایەنگری هەدەپە و زیندانیانی کورد لە باکوری کوردستان هێنا، کە ماوەیەکی درێژ بوو بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان مانیان لە خواردن گرتبوو.
هەنگاوەکەی تورکیا راستەوخۆ دوای دۆڕانی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار هات لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییە لەهەردوو گەورە شاری ئەنقەرەو ئەستەنبوڵ، دوای ئەوەی هەدەپە پشتیوانی لە پارتی گەلی کۆماری جەهەپە کرد کە رکەبەری سەرسەختی ئەکەپەیە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی پێیوایە، ئەم هەنگاوەی تورکیا بە پلەی یەکەم پەیوەندی بەوەوە هەیە کورد رۆڵی هەیە لە سیاسەتی تورکیا و کورد دەتوانێت رێگری بکات لەسیاسەتی حکومەتی ئێستای تورکیا و دەتوانێت یارمەتیدەریش بێت لەهەمانکاتدا.
وتیشی «کورد پرسێکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە حساباتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیشی بۆ دەکرێت، ئەردۆغان لەسەرووی هەمویانەوە بۆی مەعلوم بوو بەو هاوکارییەی لەگەڵ مەهەپە کە ویستیان لە بزوتنەوەی کورد بدەن و لەناوی ببەن، بۆیان نەکراو کورد توانی بە سیاسەت تۆڵەی خۆی لەئەردۆغان بکاتەوە، کاتێک بە هاریکاری ژێربەژێر یان ئاشکرا لەگەڵ جەهەپە توانی شکست بە ئەکەپە بهێنێت لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ، بۆ حکومەتی تورکیا مەعلوم بوو کە کورد رۆڵی هەیە، هێرش و فشارەکانی سەر هەدەپەو پەکەکە دادیان نادات و بۆیان ناچێتە سەر».
لەسەر ئاستی فەرمی تائێستا هەدەپە دەڵێت هاوشێوەی پێشوو پشتیوانی لە جەهەپە دەکات، بەڵام دیار نییە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دوبارە لە ئەستەنبوڵ بەردەوام دەبن لەسەر ئەو هەڵوێستەیان، بەهۆی نەرمی نواندنی ئەکەپە بەرانبەر دۆسیەی کورد لە ئێستادا.
لەبارەی چۆنیەتی سود وەرگرتن لەو دۆخە نوێیە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی پێیوایە حزبە کوردیەکان و پەکەکە پێویستە بە «مەنتیقی و عەقڵانی» دیراسەی ئەو پرسە بکەن، ئەردۆغان ئامانجی ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا ئەستەنبوڵ بەدەستبهێنێتەوە، پێدەچێت هەندێک هەنگاوی دیکەش بنێت بەرانبەر کورد بۆ پیشاندانی نیازپاکی، بۆ ئەوەی دەنگی کورد بەلای خۆیدا رابکێشێت و بەو پیلانە دەیەوێت سەربکەوێت.
وتیشی «کورد تا ئێستا ئەوەندەی من بزانم لەسەر ئەوە سورن کە دەنگی خۆیان نادەن بە ئەکەپە، بەردەوام دەبن لە هاریکاریکردنیان لەگەڵ جەهەپە هەرچەندە داواشیان لە جەهەپە کردووە کە هەڵوێستی سیاسەتی روونی هەبێت بەرانبەر دۆسیەی کوردو گرتنی ئۆجالان، نامەکەی ئۆجالانیش سیاسی و دیبلۆماسی بوو لەکاتی خۆیدا بوو، کە تێیدا جەختدەکاتەوە ئەمە دیالۆگ نییە لەگەڵ حکومەت، بەڵام داوا لەحکومەت دەکات بکەونە دیالۆگ بۆ ئەوەی ئاشتییەکی راستەقینە بەدیبێت لە تورکیاو چارەسەری پرسەکە بکرێت.
پێشیوایە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت زیاتر یارییەکی حکومەتی تورکیایە، بۆ ئەوەی ئەستەنبوڵ بباتەوە، هەرچەندە ناچار بووە سازش بکات بۆ کورد لە پرسی، لابردنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان.
ئۆجالان لە نامەکەیدا ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ، بەڵام تائێستا دیار نییە ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکاتەوە یان نا کە لەدوای هەرەسهێنانی پڕۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥ەوە راوەستاوە.
لەو کاتەوە شەڕی سەخت لەنێوان تورکیا و پەکەکە بەردەوامە، دوای دووساڵ ئارامی بەهۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە، ئەو پڕۆسەیەی هەر لەسەر پەیامێکی ئۆجالان دەستیپێکرد گەیشتە ئەو رادەیەی پەکەکە بیر لەچەکدانان بکاتەوە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی پێیوایە هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵ زەنگێک بوو بۆ ئەردۆغان، کە بۆی مەعلوم بوو بەبێ کورد ناتوانێت لەو شارە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەدەپەو جەهەپەو ئەگەری بەردەوامی یان پچڕانی ئەو پەیوەندییە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی وتی «قیاداتی جەهەپە و سەرکردەکانیان هەر عەقڵیەتی کەمالیستە و ئینکاری لە وجودی کورد و مەسەلەی کورد دەکەن و دەڵێن پرسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی نییە، بەڵام لەناو ئەوانیشدا رەوت هەیە کەدەڵێن پێویستە مامەڵە لەگەڵ کورد بکەین، ئەو ململانێیەش هەیە لەناو ئەواندا».
وتیشی «هەدەپە بەشێوەیەکی تەکتیکی هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپە کرد، بۆ ئەوەی پیشانی حکومەتی ئەردۆغانی بدات کە کورد بوونی هەیە و کارتەکەیان رۆڵی هەیە».
تا ئێستا دیار نییە ئەگەر ئەردۆغان لەدوبارەکردنەوی هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵدا جارێکی تر شکستدەهێنێت یان نا، دیاریش نییە دوای ئەو هەڵبژاردنە هەڵوێستی بەرانبەر کورد چۆن دەبێت.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی وتی «ئەوەی توانی کردی بەرانبەر هەدەپەو پەکەکەو کورد، هەموو کارتەکانی بەکارهێنا، هەموو شێوازی داپڵۆسینی بەکارهێنا، لەدەستدانی ئەستەنبوڵ زەنگێکی گەورە بوو، چونکە ئەوان پێشتر بە دەنگی کورد هاتنە سەر دەسەڵات، ئێستاش بەدەنگی کورد شکستەکانیان دەستیپێکردووە، ئەگەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و دارایی ئەمریکا نەتوانێت فشار لەسەر تورکیا دروستبکات، کورد دەتوانێت دەسەڵاتی ئەردۆغان بەرەو لەناوچوون ببات».
هەروەها پێشبینیدەکات، حکومەتی ئێستای تورکیا ناتوانێت تا دوو بۆ سێ ساڵی دیکە حکوم بکات، چونکە بڕیارێکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەیە کە دەبێت دەسەڵاتی ئەکەپە نەمێنێت یان کەمبێتەوە لەتورکیا، دۆزی کوردیش بەرەو باشی دەڕوات.
لەبارەی مانگرتنی ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی باسی لەوەکرد، ئەو مانگرتنە شتێکی گەورە بوو، لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ رۆژ خەڵک مانیان گرت لەخواردن و خواردنەوە، گەیشتنە ئامانجەکەیان و تورکیا گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان هەڵگرت و توانیان بە چەکی مانگرتن چۆک بەحکومەت دابدەن.
لەمانگرتنەکاندا هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش باری تەندروستیان رووی لەخراپی کرد.