حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵات خۆیان بهگهمارۆکانى سه‌ر ئێران نابه‌ستنه‌وه
کورد دەیەوێت له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانى دیکه سوود لەگهمارۆکان وه‌ربگرن و به‌ره‌یه‌کى یه‌کگرتووى ئۆپۆزسیۆن دروستبکه‌ن
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حزبه کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌یانه‌وێت سود له گه‌مارۆکانى سه‌ر ئێران وه‌ربگرن، بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستکه‌وت، به‌ڵام ده‌ڵێن خه‌باتى خۆیان به‌و گه‌مارۆیانه‌وه نابه‌ستنه‌وه، چونکه ئه‌وان له‌مێژه سه‌رقاڵى کارى سیاسین بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى کورد.
له‌گه‌ڵ توندبوونى گه‌مارۆکانى سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه، پرسی گۆڕینى ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته هاتووه‌ته ئاراوه، هه‌رچه‌نده ئه‌مریکا تا ئێستا جه‌ختده‌کاته‌وه که ئامانج له گه‌مارۆکان گۆڕینى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و وڵاته نییه.
حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ئێران به‌گشتى و له‌ناویاندا حزبه کوردییه‌کان ساڵانێکى زۆره چالاکى جۆراوجۆر دژى ده‌سه‌ڵاتى ئێران ده‌که‌ن به ئامانجى گۆڕینى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و وڵاته، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانیان کاریگه‌ریی ئه‌وتۆى دروستنه‌کردووه.
له ئێستادا که گه‌مارۆکانى سه‌ر ئێران چووه‌ته قۆناغێکى نوێوه و ئابورى ئه‌و وڵاته‌ى روبه‌ڕووى خراپترین دۆخ کردووه‌ته‌وه، حزبه ئۆپۆزسیۆنەکان جموجۆڵیان ده‌ستپێکردووه به ئاڕاسته‌ى سود وه‌رگرتن له سزاکان له‌ئه‌گه‌رى گۆڕانکاریی سیاسی‌دا، به‌ڵام هێشتا هه‌وڵه‌کانیان چڕنهکردوهتهوه له‌و باره‌یه‌وه.
فوئاد خاکى ئه‌ندامى ده‌سته‌ى کارگێڕى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران به هاوڵاتی راگه‌یاند «ئێمه وه‌کو حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان خه‌باتى خۆمان نه‌به‌ستووه‌ته‌وه به گه‌مارۆکانى سه‌ر ئێرانه‌وه، به‌ڵام هه‌میشه پێمان وابووه که گوشار هێنان بۆسه‌ر ئێران گۆڕانکارى گه‌وره‌ى له ناوچه‌که لێده‌که‌وێته‌وه«.
وتیشى «له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمان وانییه له‌هه‌موو حاڵه‌تێکی گۆڕانکاریدا مافه‌کانى کورد ده‌ستەبه‌ر ده‌بێت، چونکه مه‌رج ته‌نها روخانى رژێمى ئێران نییه، به‌ڵکو گرنگه گۆڕانکارى له‌و عهقڵیهتهشدا بکرێت که بڕواى ته‌نها به‌یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک زمان هه‌یه«.
حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان تا چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر هه‌ندێکجار روبه‌ڕووى پێکدادانى چه‌کدارى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بوونه‌وه، به‌ڵام له‌پاش هێرشه موشه‌کییه‌که‌ى ئێران بۆسه‌ر باره‌گاکانى حدک و حدکا له‌کۆیه پێکدادانى چه‌کدارى ئه‌وتۆ له‌نێوانیان رووینه‌داوه.
حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه ناوه‌ندێکى هاوکارییان دروستکردووه بۆ یه‌کخستنى هه‌ڵوێسته‌کانیان له‌باره‌ى رووداو و گۆڕانکارییه‌کانى ئێرانه‌وه، له ئێستاشدا ده‌یانه‌وێت له‌م دۆخه‌دا هاوهه‌ڵوێستیان چڕتر بکه‌نه‌وه.
فوئاد خاکى وتى «له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى چه‌ند کارێکى هاوبه‌شمان به‌یه‌که‌وه کردووه، جاران که به‌ته‌نها ده‌رۆیشتینه ده‌ره‌وه، ئێستا پێکه‌وه ده‌ڕۆین هاوهه‌ڵوێستین له‌سه‌ر زۆرێک له پرسه‌کان».
جگه له ناوه‌ندى هاوکارى پارته کوردییه‌کان، حزبه کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ پارته‌کانى دیکه‌ى ئێران دروستکردووه‌و و ده‌یانه‌وێت پێکه‌وه کاربکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ببن به به‌دیلى ده‌سه‌ڵات.
فوئاد خاکى باسى له‌وه‌شکرد، ده‌ستیان به جموجۆڵ کردووه و هاوبه‌ندییه‌کیان پێکهێناوه له‌نێوان پارته کوردییه‌کان و به‌شێک له هێزه‌کانى نه‌ته‌وه‌کانى دیکه و چه‌ند هێزێکى فارسیشى تێدایه، له‌هه‌مان کاتدا کۆنگره‌یه‌کیان به‌ناوى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێرانى فیدراڵ پێکهێناوه، که جگه له کورد عه‌ره‌ب و به‌لوچ و تورکمان و ئازهریشى تێدایه.
«گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست بۆ نه‌بوونى گۆڕانکارى له ئێران‌دا، نه‌بوونى ئه‌لته‌رناتیڤ و ئۆپۆزسیۆنێکى یه‌کگرتووه، له ئاستى کورده‌کاندا باش چووه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵام ئێران ته‌نها کورد نییه و کۆمه‌ڵگایه‌کى 80 ملیۆنییه که شه‌ش نه‌ته‌وه‌ى تێدایه«، فوئاد خاکى وایوت.
جه‌ختیشیکرده‌وه، ماوه‌یه‌کى زۆره هه‌وڵه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئازه‌ر و به‌لوچ و نه‌ته‌وه‌کانى دیکه ده‌ستپێکردووه و چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن له ماوه‌یه‌کى نزیکدا هه‌وڵه‌کانیان بگه‌نه ئه‌نجام بۆ دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى ئۆپۆزسیۆنى گشتگیر.
تا ئێستا دیارنییه ئه‌و هه‌وڵانه که‌ى ده‌گه‌نه ئه‌نجام، پێشتریش هه‌موو هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ئێران له‌سه‌ر ئاستى نه‌ته‌وه‌کان له ئه‌ڵمانیا کۆبونه‌وه‌یه‌کیان رێکخست، به‌مه‌به‌ستى یه‌کخستنى هه‌وڵه‌کانیان.
به‌شى زۆرى حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ئێران رێگه‌ى کارکردنیان پێ‌نادرێت له‌ناوخۆى ئێران‌دا و له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیش ئه‌و وڵاته چه‌ند جارێک سهرکردهکانیانى به ئامانج گرتووه، ئه‌وه‌ش رۆڵ و کاریگه‌رى ئه‌و حزبانه‌ى له‌سه‌ر شه‌قامى ئێرانى زۆر سنوردار کردووه.
رۆسته‌م جیهانگیریی ئه‌ندامى ناوه‌ندى رێبه‌رى حزبى دیموکراتى کوردستان پێیوایه، فشارى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران به قازانجى خه‌ڵکى ئێران و بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانى ئێرانه، به‌ڵام خه‌باتى حزبه‌کانى کوردانى رۆژهه‌ڵات و حزبه‌کانى دیکه‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێران له‌ساڵى 1989ه‌وه به‌رده‌وامه.
وتیشى «به‌ڵام ئه‌وه روونه که فشارى نێوده‌وڵه‌تى رۆڵى کاریگه‌رى ده‌بێت و به قازانجى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت».
سه‌ره‌ڕاى هه‌ماهه‌نگییه‌کانى حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان له‌ناوخۆیاندا، هێشتا ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه هه‌موو حزبه‌کانى نه‌گرتووه‌ته خۆ، هه‌ندێ حزب که له‌ده‌ره‌وه‌ى ناوه‌نده‌که‌ن دان به شه‌رعیه‌تی ناوه‌نده‌که‌دا نانێن، جگه له‌وه‌ش ئه‌و حزبانه و حزبه‌کانى دیکه‌ى ئۆپۆزسیۆنى ئێران پڕۆژه‌یه‌کى یه‌کگرتوویان نه‌خستووه‌ته‌ڕوو بۆ به‌دیلى ده‌سه‌ڵات له‌ئێران له‌ئه‌گه‌رى هه‌ر گۆڕانکارییه‌کى سیاسی‌دا.
رۆسته‌م جیهانگیریی باسى له‌وه‌شکرد، ناوه‌ندى حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان که نزیکه‌ى ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر پێکهێنراوه، ده‌بێت په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى جیهان و زلهێزه‌کان دروستبکه‌ن و ده‌ستى کۆمه‌ک بۆ هه‌موو لایه‌ک رابکشێن.
جه‌ختیشیکرده‌وه، خه‌باتى گه‌لى کورد له‌سه‌ر پشت و په‌ناى میلله‌تى کورد دامه‌زراوه و روبارێک خوێن له پشتییهوهیهتى، بۆیه ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له خه‌باتى خۆیان و جه‌خت له به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى گه‌لى کورد له ئێران ده‌که‌نه‌وه.
له‌باره‌ى هاوکاریکردن له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى دیکه‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێران، به‌رپرسه‌که‌ى حدک رایگه‌یاند له‌ساڵى 2005 کۆنگره‌ى حزبه‌کان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات به‌سترا که نه‌ته‌وه‌کانى دیکه‌ى ئێران جگه له فارس تێیدا به‌شداربوو، له‌و کاته‌وه پرسی هایکارى حزبه‌کانى رۆژهه‌ڵات و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ئێران به‌رده‌وامه.
«حزبه کوردییه‌کان و حزبه‌کانى دیکه‌ى ئۆپۆزسیۆنى ئێران هاوچاره‌نووسن و ده‌بێت پێکه‌وه کاریکهن به‌یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ره‌نگ به‌ربه‌ره‌کانێی ئێران بکه‌ن و به‌چۆکیاندا بهێنن»، رۆسته‌م جیهانگیریی وایوت.
فشاره‌کانى سه‌ر ئێران که به‌چه‌ند قۆناغێک له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا سه‌پێنراوه، تا ئێستا زیاتر که‌رتى ئابورى به‌تایبه‌تى کارى بانکه‌کان و هه‌نارده‌ى نه‌وتى کردووه‌ته ئامانج، به‌راورد به ده‌سه‌ڵاتى سیاسی ئه‌و وڵاته.
به‌ڵام له‌ناو سزاکاندا سوپاى پاسدارانى ئێران خراوه‌ته لیستى تیرۆره‌وه، ئه‌و سوپایه‌ى که ده‌سه‌ڵاتى ئێران پشتى سه‌ره‌کى پێده‌به‌ستێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نه‌یاره ئۆپۆزسییۆنهکانى ناوخۆى به‌تایبه‌تى حزبه کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان