هەڵەبجە دەست لەئەنجومەنی پارێزگا دەشۆرێت

6 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

دوای چەندین ساڵ لە بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگاکە، حزبەکان لە دامەزراندنی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بێ هیوابوون و چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی دیکەی پارێزگاکانن تا ئەو ئەنجومەنە پێکبهێنرێت.

مانگی ئازاری ٢٠١٧ لایەنە سیاسیەکانی هەڵەبجە، لەسەر دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پۆستی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان رێککەوتن، بەڵام رێککەوتنەکە جێبەجێنەکرا و چەندین کۆبوونەوەی لایەنەکانیش لەو بارەیەوە هیچ ئەنجامێکیان لێنەکەوتەوە.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی»گەیشتوینەتە ئەو قەناعەتەی شوێنێک کە دەسەڵاتی چاودێریکردنی نەبێت، بۆچی دروست بکرێت و ئەو بارە قورسە بکرێتە سەر هەڵەبجە».

باسی لەوەشکرد «چەندین کۆبونەوەیان کردووە، بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیران موافەقەتیان نەکردووە بەبێ پارتی پێکبهێنرێت، پارتی داوای چوار کورسییان دەکرد، لەکاتێکدا بە هەقی خۆیان سێ کورسییان بەر دەکەوت».

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاربوو کورسی لایەنەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەمشێوەیە دابەشبکرانایە، یەکێتی شەش کورسی و گۆڕان پێنج کورسی و کۆمەڵ سێ کورسی و یەکگرتوو چوار کورسی و پارتی سێ کورسی و شیوعی یەک کورسی، بەڵام لایەنەکان لەسەر ئەو بەرکەوتانە رێکنەکەوتن.

پێشتر هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ نوسراوێکیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد، بۆ ئەوەی رەزامەندی بدات لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنەکە، بەڵام ئەو هەوڵەش پێکهێنانی ئەنجومەنەکەی لێنەکەوتەوە.

ئەحمەد قەدەفەری وتی «وەزارەتی ناوخۆ کتابێکی مەتاتی ناردووە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتویەتی ئەوە قایمەی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەمان بۆ ناردن بەبێ پارتی، ئەمە خۆی لە خۆیدا واتە مەیکەن، چونکە ئەو کارە بێ پارتی ناکرێت و دەسەڵات لای پارتییە و پارتی لەم وڵاتە هەموو شتێکە».

وتیشی «تازە دەبێت هەڵبژاردن بکرێتەوە، ئەو کاتە بکرێتە بازنەیەکی سەربەخۆ و لە هەڵبژاردندا بەشداربێت».

بەپێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ هەڵەبجە بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرکرا، لە ساڵی ٢٠١٥ ەشەوە هەڵەبجە بووەتە پارێزگا کە پێکهاتووە لە ناوەندی قەزای هەڵەبجە و چوار ناحیەی بیارە و خورماڵ و سیروان و بەمۆ. ژمارەی دانیشتوەکەی ١٢٠ هەزار کەسە.

نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە، وتی «بیگومان لەگەڵ دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە لایەنە سیاسیەکان ریکنەکەوتن و ریگری یاسایش هەبوو لە زۆر رووە و رەخنەی لێدەگیرا، بەڵام ئێمە بەردەوام هەر هەوڵی ئەوەمانداوە هاوکاربێت بۆ کاروباری پارێزگاکە و ئاسانکردنی کاروبارەکانی».

وتیشی»وابڕیار بوو بەبەپێی دەنگی لایەنە سیاسییەکان کە لە هەڵەبجەدا هینابوو، یان رێکبکەون و ئەنجومەن پێکبهێنرێت، بەڵام رێکنەکەوتن».

پێکنەهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە لەکاتێکدایە، لە نیسانی ساڵی ٢٠١٧ ئەنجومەنی وەزیران، شەش بڕیاری لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەوە دەرکرد و وەزارەتی ناوخۆی راسپارد بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنەکە و ناردنی ناوی کاندیدەکان.

بەپێی بڕیارەکان، بەپێی مادەی دوو لەیاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، ئەندامانی ئەنجومەنەکە بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشان دەکرێن.

نزار محەمەد بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت «دەبوو بەپێی دەنگی لایەنەکان لە هەڵەبجە کورسیەکان دابەش بکرێت و  پارتی داوای چوار کورسی دەکرد بۆشی کرا هەر رازی نەبوو، بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیداریەکانیش، سێ مودیر عامی بەردەکەوت بۆیان کردن بەچوار مودیر عامیش  هەر رازی نەبوو».

باسی لەوەشکرد، ویستویانە بە کۆی هەموو لایەنەکان پیکهێنانی ئەنجومەنەکە بدرێت بە ئەنجومەنی وەزیران و کورسییەکانی پارتی بە چۆڵی بهیڵدرێتەوە، «بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیران نەکراو بەبێ پارتی نەیان کرد، بەو پێیەی کە قوباد تاڵەبانی بە پارێزگابونی راگەیاند، بۆیە قسەمان لەگەڵ کرد، ئەویش وتی «نەخێر ناکرێت و یاسای نییە».

جەختی لەوەشکردەوە، درووستبوونی ئەم ئەنجومەنە بۆ عێراق زۆر گرنگ بووە چونکە عێراق بودجە بۆ هیچ پارێزگایەک نانێردرێت کە ئەنجومەنی نەبێت.

نزار محەمەد وتیشی «لە کابینەی نوێدا هەوڵێ خۆمان ئەدەین کە هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین».

پارێزگاری هەڵەبجە جەخت لە پێویستی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەکاتەوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، وتی»هەڵەبجە یەکێکە لە پارێزگا نوێیەکانی هەرێمی کوردستان و  دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای هەبێت، بەڵام تاکو ئێستا هەڵبژاردن بۆ پارێزگاری هەڵەبجە بە جیا نەکراوە بۆیە پێویستە لایەنەکان لەنێوان خۆیاندا رێکەون و ئەنجومەنێکی پارێزگا دابنرێت»

وتیشی»من لەو کاتەوەی چومە هەڵەبجە یاداشتمان هەبووە کە بریتی بووە لە داوای کۆمەڵانی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە بۆ سێکتەرە جیاوازەکانی  ئاوەدانکردنەوەو کشتوکاڵ و تەندروستی و  پەروەردە و ئاوەدانی و شەهیدان و زۆر شتی تر».

ئازاد تۆفیق پێیوایە، ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە دەست بەکاربێت بۆ کار ئاسانی بۆ پارێزگار و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان زۆر گرنگە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەشێک لەلایەنەکانی دیکە بە هۆکاری بەردەم پێکهنەهێنانی ئەنجومەنەکەی تۆمەتباردەکەن، رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی هەڵەبجە و سلێمانی بە رێگری بەردەم پێکهێنانی ئەنجومەنەکە دادەنێت.

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی١٢ی پارتی لە هەڵەبجە باسی لەوەکرد، بەپێی ئەو یاسایەی ئەنجومەنی پارێزگای پێ پێکدەهێنرێت، ئەنجومەن بەپێی ریکەوتنی لایەنە سیاسیەکان پێکدەهێنرێت، بەڵام لەکاتی خۆیدا لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆستە ئیداریەکان رێکنەکەوتن.

وتیشی ئەو رێکەوتنەی کەلەلایەن یەکێتی و گۆڕان کرا لە سلێمانی بۆئەوەی کە دووساڵ بە دووساڵ پارێزگار ئاڵوگۆڕ بکرێت، واتە دوو ساڵ پارێزگای هەڵەبجە و لەبەرامبەردا دوو ساڵ پارێزگاری سلێمانی، بەشێک بوو لە رێگرییەکان، لەکاتێکدا پارتی دەرگای کراوە بووە بۆ گفتوگۆ.

بەسام عەلی ئەوەشی خستەڕوو، کیشەکە تەنها  دابەشکردنی کورسیەکان نیە بەڵکو پۆستە ئیدارییەکانی هەڵەبجەیە «ئەنجومەنی پارێزگا لە شارەکانی تریش وا تەواو بووە و دەبێت لایەنی پەیوەندیدار کار لەسەر ئەوە بکات، ساڵی داهاتوو هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگاکانی تر بە هەڵبژاردن ئەنجومەنەکەی پێکبهینرێت  یاخود بە دامەزراندن ئەنجومەنێک پێکبهێنرێت».

باسی لەوەشکرد، بەڵێنیان پێداون قایمقامی هەڵەبجەیان پێبدەن دواتر پەشیمان بونەوە، پاشان وتیان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگایان پێدەدەن یان جێگرەکەی، دواتر لەوەش پەشیمان بوونەوە، بۆیە رێکەوتنەکان نەکران.

یەکگرتوو پێکنەهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە دەخاتە ئەستۆی حکومەت، کۆمەڵیش پێیوایە تا هەڵبژاردن نەکرێت ئەنجومەن پێکناهێنرێت.

حەسەن شێخ عەبدوڵا بەرپرسی مەڵبەندی  یەکگرتوو لە هەڵەبجە لە لیدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی «پێکهینانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری پەرلەمانە و حکومەت جێبەجێی نەکرد».

وتیشی»بەرپرسیارێتییەکە زیاتر لەسەر وەزیری ناوخۆیە و خەمخۆری نەبوو بە دەمیەوە  بێت و پەرلەمانیش هیچ لێی نەپرسییەوە، چونکە لە بەرژەوەندی دوو حزبەکە نەبوو».

لای خۆیەوە، بەهادین خالید، کارگێڕی و پەیوەندییەکانی کۆمەڵ لە هەڵەبجە باسی لەوەکرد «هەر دوو لایەنی دەسەڵاتدار پێیان باش نەبوو ئەنجومەن دەستبەکاربێت و ئەو هەموو هەوڵانە بی ئاکام دەرچوو، ئیرادەی دروستبونیان نەبوو بۆیە پێکنەهات».

وتیشی»باوەڕ ناکەم تازە تا هەڵبژاردن نەکرێت، ئەنجومەنەکە پێکناهێنرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار