ژیان ئیبراهیم خەیات: رەخنە بگرە کاره‌ هونەرییەکەش سفر بکەرەوە، بەڵام قسه‌ به‌ئه‌کته‌ر مەڵێ

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: شاناز حهسهن

ژیان ئیبراهیم خهیات 39 ساڵه کارى هونهرى دهکات و بهشدارى زیاتر له 40کارى شانۆیى و درامى و سینهمایى کردووه و 32ساڵه مامۆستاى هونهره له باخچهى ساوایان و بهداخهوه باس لهوه دهکات که به موچهى مامۆستایهتیهکهى دهژى نهک هونهر، چونکه هونهر نهبۆته پیشه و بژێوى ژیان دابین ناکات بۆ هونهرمهندان.

هاوڵاتی: چى پاڵنهرت بوو بۆ چونه دنیاى هونهرهوه؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: ئێمه ههمومان منداڵ بوین،  میوانى زۆرمان دههات کهشێکى هونهریمان بۆ خوڵقابوو. له ماڵمان له ژورێکدا باوکم و هاوڕێکانى سهرقاڵى کارى هونهرى بوون، به بهتانى دیوارهکهیان داپۆشیبوو، وهک ستۆدیۆیهکیان لێدهکرد و ئێمهش منداڵ بوین بۆمان نهبوو بچینه چورهوه لهبهر دهنگهدهنگ، بۆیه زۆرجار له درگاکهوه سهیرمان دهکردن و زۆر حهزمان له موسیقا و ئهو سیناریۆیهى دهیان خوێندهوه وهک چیرۆک لێى تیدهگهیشتین، ههموو ئهمانه پاڵنهرى من بوون که زیاتر حهزی هونەریم لا دروست بێت.

هاوڵاتی: یادهوهرییهکى منداڵى خۆش بهتایبهت لهو کاتانهدا که ماڵهکهتان وهک ستۆدیۆیهک کارى تێدا دهکرا؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: ههندێک جار مامۆستا ئهنوهر قهرهداغى لهگهڵ باوکم دا سهرقاڵى پرۆڤه بوون، که ئهوهنده سهیرمان دهکردن، دهیگوت وهرن گۆرانییهک بڵێن بزانم  دهنگتان بۆ کۆرس دهبێت، که دهچوین دهنگى ئێمه ئه‌‌وەنده بهرز و تیژ بوو، خیرا به پیکهنینهوه دهرى دهکردین و دهیگوت بهخوا دهنگتان باش نیه ئهیکردینهوه دهرهوه.

یادهوهرییهکى تر که زۆر خۆش بوو به لامهوه و ههرگیز لهیادم ناچێت، ئهوهندهم حهز به کارى هونهرى تیکهڵ بوون دهکرد که ماڵهکهمان چۆڵ دهبوو، ئهچووم جلى دایکمم لهبهر دهکرد و بهتهنیا پرۆڤهم دهکرد، لهوهوه خۆشهویستیم بۆ کارى هونهرى بووه خولیام.

هاوڵاتی: ئهو خولیایه پاڵنهرت بوو بچیته بهشى هونهره جوانهکان و لهوێوه پهره به خهونهکانت بدهى؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: له پۆلى سێى ناوهندى که بڕیارم دا بچمه هونهره جوانهکان سهرهتا زۆر قهلهق بوم،  هاوڕێیهکم ههبوو ناوى دڵخۆش بوو که خۆشهویستیم بۆى ههیه و لهوکاتهوه نهمبینیوهتهوه و هانیدام که بچم و وتى بچۆ ئهبیته کهسێى دیار و بهشێکى خۆشه. بۆیه چومه هونهره جوانهکان و لهپاڵ حهزهکهم به ئهکادیمى پهرهم به خولیاکهم دا.

هاوڵاتی: باوکت تاچهند هاوکارتان بوو بۆ بۆ کارى هونهرى؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: نازناوى باوکم بۆ ئیمه زۆر گهوره بوو، شتێکى زۆر خۆشه کاتێک که دهچینه شوێنێکهوه، ریزگرتنیان له باوکم خۆشهویستیان بۆ ئیمه زۆر ههیه. باوکم ههر له منداڵیهوه بهردهوام دهیبردین بۆ سهیرکردنى فیلمى سینهمایى و بهردهوام هاوکارمان بووه بۆ بهرهوپێشچون و سهرکهوتن، بهڵام خۆشمان خۆمان بهکارهکانمان ئهو رێزهمان له خهڵکهوه وهرگرتووه، لهو کاتهشدا کۆمهڵێک مامۆستاى باشمان ههبوو که زۆر هاوکارمان بون و هانیان دهداین بۆ کارى هونهرى.

هاوڵاتی: یهکهم کارى هونهریت کهى بوو؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: یهکهم کارى هونهریم، قۆناغى یهکى پهیمانگا بوو، کارێکى شانۆیى بهناوى دهربارهى رهزامهندى، دهورى حیکایهتخوانم ههبوو، وهک یهکهم کار زۆر دهترسام و شهرمم دهکرد، بهڵام توانیم وهک یهکهم کارى شانۆیم سهرکهوتوو بم و بهردهوام بم. 

هاوڵاتی: سهرهتا به کارى شانۆیى دهستت پێکردووه، ئهوه حهزى خۆت بووه، واته حهزت بۆ کارى شانۆیى زیاتره یان دراما و سینهما؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: کارى شانۆى کارى زیاترت لێدهبات و زهحمهتى زیاترى دهوێت، بهڵام کارى درامى و سینهماى کهى خۆت مهشههدێکت ههبوو ئهوکات دهچیت و دوبارهکردنهوهى تێدایه و دهرفهت زیاتره و بهڵام کارى شانۆیى زۆر خۆشه و راستهوخۆ لهگهڵ بینهردا دهبى.

هاوڵاتی: ههموو ئهکتهرێک دهتوانێت کارى شانۆیى بکات؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: ههموو ئهکتهرێک لهوانهیه بتوانێت کارى شانۆیى بکات، بهڵام رهنگه ههموو ئهکتهرێک نهتوانێت سهرکهوتوو بێت، چونکه جهستهى پێویسته و زۆر ماندوو دهبیت و تاقه و وزهیهکى زۆرى دهوێت و دهنگى باشى دهوێت.

هاوڵاتی: بۆچى ههندێک هونهرمهند ناوه ناوه ون دهبن و کاریان نابێت، ئایا ئهمه پهیوهندى به چییهوه ههیه؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: ئهو قهیران و نههامهتییهى بهسهرماندا هات زۆر کاریگهرى ههبووه و دهستى هونهرمهندى زۆر گرتووه بۆ کارى هونهرى، بهڵام من ههر دانهبڕاوم به خۆبهخش بهردهوام بهپێى توانا کارم ههبووه.

هاوڵاتی: کام کارهت به تایبهت زۆر خۆش دهوێت که کردوته و تائیستاش شانازى پیوه بکهیت؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: ئهتوانم بڵێم ههموو کارهکانم، چونکه ههر یهکهیان رۆڵى خۆى ههبووه، بهتایبهت بۆ سهردهمى خۆى و ههموو رۆڵهکان پێوهى ماندووبوم و به باش و خراپیهوه شانازى پێوه دهکهم.

هاوڵاتی: بۆچى زۆربهى کات ڕۆڵى ژنى بهتهمهن و پیر دهبینى؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: رۆڵهکان دهرهێنهر دیارى دهکات و من کاتێک رۆڵى دایک یان کهسى بهتهمهنم بینیوه که خۆم زۆر گهنج تر بون و لهو تهمهنهدا نهژیاوم، بۆیه ئهوه زۆر قورستر دهبێت بۆمن، بهڵام ئهکتهر پێویسته بتوانێت ههموو دهورێک ببینێت و زۆربهى کات به میکیاژ و جل و بهرگ گهورهیان کردوم بهڵام ههرتوانیومه پیاى سهرکهوم و جارى وا ههبووه ئهو دهوره دراوه به کهسێک خۆشى له تهمهنهکهدا بووه، نهیتوانیوه بهرجهستهى بکات.

هاوڵاتی: سهماى تهرزه چۆن بوو که تۆ بهشدار بوویت و چۆن وهڵامى ڕهخنهکان دهدهیتهوه؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: کاتێک داوایان لیکردم بۆ ئهم کاره وهک کارهکانى تر سهیرى سیناریۆکهم کرد و به خۆشحاڵیهوه بهشداریم کرد، بێگومان رهخنهکان زۆر ئاسایین و ههموو کارێک دهنگدانهوهى دهبێت یان به لایهنى باشه یان بهلایهنى خراپ، خهڵکیش مافى خۆیانه تۆ کار بۆ ئهو دهکهیت ئهویش ئازاده که ڕهخنهى لێبگرێت. پێویسته ڕهخنه کهسى رهخنهگر بیگرێت و به ئاراستهى کهسهکان نهبێت، وا گریمان ئهو کاره سفر بکرێتهوه، نابێت قسه به ئهکتهر بوترێت. 

هاوڵاتی: لە درامای (سەمای تەرزە) مهشههدێکى تیدایه که ناڕهزایى و رهخنهى زۆرى لێگیرا،  ئەوەی ژن بۆ ساڵێک دههینم؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: ئهمه حوجهیهک بوو که شوانه ژن نههێنێت و  بهڵام بۆ شانسى ئهو، تهرزه لهبارودۆخێکى ناخۆشدا بوو که خوشکێکى نهخۆش بوو و خوشکێکى ترى بارى دهرونى تێکچوبوو، بۆیه ڕازى بوو بڕواناکهم هیچ ئافرهتێک بۆ ساڵێک شوو بکات، تهرزه ڕاسته پاڵنهرێکى ههبوو، بهڵام بۆ ئهوهى شوانه رازى بکات خواستى باوکى بهێنێته دى و نهچێتهوه دهرهوه، ئهوه بوو که لە کۆتایشدا ڕازى کرد.

هاوڵاتی: چ شتێکى سیناریۆکه واى لێکردى که بهشدارى بکهیت؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: خۆشهویستى چاک و فیداکارى ئافرهت لهپیناو کهسو کار و خیزانهکهیدا و بارو زروفى خێزانهکهى ڕزگار بکات، پهشیمانى، ئینسان شتێکى ههیه که قهدرى ئهو شته نهزانێت تا لهدهستى نهچێت، وه له ههموو کارێ:دا حهزدهکهم کاتێک گهنجێک کارێک دهکات وهک کاروان ئاوات کارى لهگهڵ بکهم و هاوکارى بم بۆ ههنگاونان و سهرکهوتن و دهرفهتى پیبدرێت بۆ بهرهو پێشچون.

هاوڵاتى: بهشداریکردنت لهکارى سینهماى پهیکهرى دڵ چۆن بوو؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: کاک شوان داواى کرد من بهشداربم لهگهڵیان و خۆشى ههم ئهکتهرى باش و ههم دهرهێنهرێکى سهرکهوتووه و ئهم کاره لاى ئێمه کهمێک تازهیه و که کار به هونهرمهندێکى گۆرانیبێژ بکات و بهخوشحالیهوه که به سێ رۆژ بیست ههزار بینهرى ههبوه.

هاوڵاتى: کارى دراماى سهماى تهرزه باشتر بوو یان کارى سینهماى پهیکهرى دڵ؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: ههر دوو حاڵهتهکه بۆمن جێى خۆشحاڵیه، چونکه ههر یهکهیان گرنگى خۆى ههیه و تایبهتمهندى خۆیان ههبووه.

هاوڵاتى: لهئێستادا کارى هونهرى له چ ئاستێکدایه؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: بهداخهوه له ئیستادا نهگهیشتۆته ئهو ئاستهى جێى خۆشحاڵى خۆمان بێت وهک هونهرمهند و بینهر یش،  له ئاستى پێویستدا نیه و خۆشمان لێى ڕازى نین، بهڵام به ههموو شێوهیهک بینهر نازانێت تۆ چ زهحمهتیهک دهبینى و مافى خۆشیهتى چاوهڕێى کارى زۆر باشت لیبکات، چونکه ئهوه بینهره و حهز دهکات شتى جوان ببینێت و لهههمان کاتدا معاناتهکان بۆ ئێمهیه

هاوڵاتی: کارى شانۆیى کهم تر بینهرى ههیه وهک له کارێکى سینهمایى؟ بۆ؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: سینهما دهنگدانهوهى زۆرى ههیه و زۆر جێگهى خۆى دهکاتهوه لاى خهڵک و شانۆ کۆمهڵێک بینهرى تایبهت به خۆى ههیه و کهسى دیاریکراو که شانۆیان زۆر خۆشدهوێت و به روح تێکهڵى دهبن، وه له روى ریکلامهوه  دهورى زۆر دهبینێت که کارێکى شانۆیى کهمتر ڕیکلامى بۆ دهکرێت.

هاوڵاتی: چ شتیک رێگره لهبهر دهم کارى جوان له ههرێمى کوردستان؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: کهم دهستى واى لیکردون که کارى باش کهم بێتهوه، چونکه که پارهکهت لهبهر دهستدا بێت، دهتوانى دهرهێنهرى باش و له روى تهکنیکهوه شتى پێشکهوتو و پرۆفیشناڵ بهکاربهێنیت که کارێکى جوان و ناوازه دهرچێت و بێ کهموکوڕیى بێت.

هاوڵاتی: ئایا هونهر لاى ژیان ئیبراهیم دهتوانێت بژێوى ژیانى دابین کات؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: نهخێر بهداخهوه هونهر نهبووەته پیشه تا بتوانین لهسهرى بژین، که ئێمه بێت و به هونهر بژین ئهوا ئهمرین له برسا، چونکه بهو شێوهیه نیه که بتوانى بیکهیته سهرچاوهى دارایى خۆت، من مامۆستاى هونهرى باخچهى ساوایانم و به پارهى مامۆستاییهکهم دهژیم.

هاوڵاتی: وهزارهتى رۆشنبیرى تاچهند هاوکارى هونهرمهندان دهکات؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: هاوکارى دهکهن بهڵام بهو شێوهیه نیه، بهڵکو زۆربهى کات کهوتووەته سهر کهسهکه خۆى تاچهند ههوڵى ئهوه دهدات که کارى بۆ ئاسان بکهن و هاوکارى بکهن ههر ئهوهیه.

هاوڵاتی: کارى تازهت ههیه؟

ژیان ئیبراهیم خهیات: پێموایه لهئێستادا کهمێک پێویستم به ئیسراحهت ههبێت، چونکه ئهو کارانهى که ئهم ماوهیه کردوم سهرمایهیهکى زۆر گهورهن و پیویستیان به ماندوو بونى زۆر ههبوو، بۆیه ههوڵى کارى تازه نادهم ماوهیهک.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار