کۆمەڵ یەکلایی بووەوە، بزووتنەوەش لەهەوڵدایە وەزارەتی ئەوقاف وەربگرێت

دوای بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان، کۆمەڵ و یەکگرتوو هەماهەنگی نێوانیان دەستپێدەکەن

6 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

بزوتنەوەی ئیسلامی دەیەوێت بەشداری کابینەی نوێی حکومەت بکات و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی وەربگرێت، لەکاتێکدا کۆمەڵی ئیسلامی هاوشێوەی یەکگرتوو ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاندووەو دەیانەوێت هەماهەنگی لەنێوانیاندا بکەن.

دوێنێ عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی حزبەکەی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمەوە یەکلاییکردەوەو ئاشکرایکرد کە حزبەکەی بەشداری کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ناکات.

بڕیارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی لەکاتێکدا بوو پێشتر بەرپرسانی ئەو حزبە خواستی خۆیان نەشاردبووەوە بۆ بەشدارییان لە حکومەت، بەڵام پارتی کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتە بەفەرمی داوای بەشداری حکومەتی لەو حزبە نەکرد.

راگەیاندنی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی کۆمەڵ دوای سەردانێکی عەلی باپیر هات بۆ لای هەریەکە لە گۆڕان و یەکگرتوو، کە یەکەمیان بەشداری حکومەت دەکات و دووەمیشیان ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژاردووە.

عەلی باپیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین ئەمنیداری یەکگرتوو وتی «ئەو کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکدەهێنرێت ئێمەی تێدا نابێت، بەڵام پێمان خۆشە ئەو حکومەتە بەراستی حکومەت بێت‌ بەشدارینەکردنمان مانای وانییە سەنگەر لە حکومەت بگرین».

دوای بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی هەریەکە لە کۆمەڵ و یەکگرتوو کە ماوەی چەند ساڵێکە ساردی کەوتوەتە پەیوەندییەکانیانەوە، بڕیارە هەماهەنگی لەنێوانیاندا بکەن و پەیوەندییەکانی نێوانیان پەرەپێبدەن.

سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی «جەختیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردووەتەوە، ئەم سەردانە سەردانێکی ئاساییەو ئێمەو کۆمەڵ ئەم جۆرە سەردان و دیدارانەمان لە ڕابردوودا هەبوەو لەداهاتوشدا بەردەوامی دەبێت».

هەریەکە لە کۆمەڵ و یەکگرتوو خاوەنی ١١ کورسی پەرلەمانی کوردستانن (کۆمەڵ شەش کورسی، یەکگرتوو پێنج کورسی)، لەخولی پێشووی پەرلەماندا کۆمەڵ زیاتر هاوهەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام ئێستا گۆڕان بەشداری حکومەت دەکات، بۆیە پێدەچێت لەم خولەدا لەگەڵ یەکگرتوو هاوهەڵوێست بن لەسەر پرسەکان بەتایبەت کە هەردوکیان بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژاردووە.

فاروق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى وتی «بەرای من لەناو کابینەی نوێدا جێگەی کۆمەڵی ئیسلامی تیدا نەماوە کە شتێکی بەربکەوێت و قەناعەتی پێبکات، تەواوی پێگەکان دابەشکراوە و چاوەروانیمان پێنەماوە بەشداری پێبکرێت».

کۆمەڵ و یەکگرتوو پێشتر لەگەڵ بزوتنەوەدا لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشی ئیسلامیدا بۆ پێکەوە کارکردن کۆبوونەوە، بەڵام پڕۆژەکە زۆری نەخایاند و بەهۆی ناکۆکییەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووەوە نەچووە پێش.

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی وت «لەگەڵ برادەرانی کۆمەڵ لە کۆبونەوە بەردەوامین و پڕۆژەی ئیسلامی پڕۆژەیەکە هەر دولا پیکەوە دەتوانین جوان خزمەتی بکەین».

لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵ و یەکگرتوو بڕیاری ئۆپۆزسیۆنیانداوە، بزوتنەوەی ئیسلامی دەیەوێـت بەشداری کابینەی نوێی حکومەت بکات و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانی دەستپێکردووە.

بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ یەکگرتوو لیستی (بەرەو ئیسلاح) یان پێکهێنا و پێنج کورسیان بەدەستهێنا، بەڵام هەموو ئەوانەی دەرچوون سەر بە یەکگرتوو بوون و بزوتنەوە کورسی بەدەستنەهێنا.

بەپێی بەدواداچونی ‌هاوڵاتى، بزوتنەوە لەهەوڵدایە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لەکابینەی نۆیەمدا وەربگرێت و ئەوەشیان بە پارتی راگەیاندووە.

وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەدات هێشتا حزبەکەی بەرچاوی روون نییە لەوەی چ پۆستێکیان پێ دەدرێت لە حکومەتدا.

عەبدوڵا وەرتێ وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی لەلێدوانێکدا بە‌هاوڵاتى وت «هێشتا وەفدی پارتی بەفەرمی سەردانی نەکردووین و جارێ بەرچاومان روون نییە».

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا کە بەشداری کابینەی نۆیەم بکەن دەبێت پێگەی بزوتنەوە بەتەواوی لەبەرچاو بگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار