بەغداو هەولێر خۆشحاڵن بەهێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هەفتەنامەی گرین لفت-ی ئۆسترالی دەڵێت هۆکاری بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا دژ بە پەکەکە، ڕازی بوونە بەو هێرشانە. دەشلێت ئامانجی هیرشەکانی تورکیا «داگیرکاریە».

سوپای تورکیا چەند هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ سەر هیزەکانی پەکەکە لە ناوچەی خواکورک لە سنوری هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە. بەلام هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

ئۆپەراسیۆنەکە لە ٢٧ی مانگی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەدەیان فڕۆکەی جەنگی و هەزاران سەرباز رەوانەی سنورەکە کراون بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە لەو ناوچە سنورییە کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری هەرێم و تورکیا و ئێران.

هەفتەنامەی گرین لفت-ی ئۆسترالیای لە ڕاپۆرتێکدا وێڕای ڕەخنەی توند لە سیاسەتەکانی حزبی دەسەڵاتداری تورکیا لەبەرامبەر کوردەکانی ئەو وڵاتە، حکوومەتی ئێستای تورکیا بە سەرکردایەتی ئاکپارتی وەکو حکومەتێکی دژبە کورد وەسف دەکات و دەنووسێت دەوڵەتی ئێستای تورکیا لە باکوری سوریا چەندین هەڵمەتی دژ بە کوردەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە و هەڕەشەی چەندین ئۆپەراسیۆنی دیکە دەکات بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردنشینەکان.

ئەم گۆڤارە دەشڵێت «سیاسەتە دژە کوردییەکانی تورکیا تەنها لەناوخۆی وڵاتەکە نییە بەڵکو تورکیا چەند ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی لە باکووری عێراق دژ بە پەکەکە دەست پێکردووە کە تەنگی بە کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە هەڵچنیوە».

ئۆپەراسیۆنەکە کە ناوی «چنگ» ی لێنراوە، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی خولوسی ئاکار سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە بوونی پەکەکە لەو ناوچە سنورییە شاخاوییە کە پێگەیەکی سەرەکی پەکەکەیە.

هەفتەنامەی گرین لفت-ی ئۆسترالیا هەروەها ڕەخنە لە بێدەنگی حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا دەگرێت.

گرین لفت، حکومەتەکانی بەغداو هەولێر تۆمەتبار دەکات بەوەی کە «خۆشحاڵن» لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژ بە پەکەکە هەربۆیە بێدەنگییان هەمبەر هێرشەکان هەڵبژاردووە.

لەو کاتەوەی ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە تورکیا بانگەشەی کوشتنی دەیان گەریلای پەکەکە دەکات، پەکەکەش بەهەمان شێوە دەڵێت بەدەیان سەربازی تورکیایان کوشتووە، بەڵام هێشتا چاودێرێکی بێلایەن ژمارەی قوربانیانی لەهەردوولا بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمە چەندەمین جارە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکاتە سەر پەکەکە لەو کاتەوەی لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شەڕی خوێناوی لەنێوانیان سەریهەڵداوە کە بەهۆیەوە بەسەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا تا ئێستا نەبوونەتە هۆی کۆتایی هێنان بە پەکەکە، کە ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بووە.

تا ئێستا دیار نییە ئۆپەراسیۆنەکەی ئێستا هەمان ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی دەبێت یان نا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەی پێشوو پێناچێت ئەم ئۆپەراسیۆنەش سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە توندی روبەڕووی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا بووەتەوەو بە پێی میدیاکانی پەکەکە، گەریلا شێوازو تاکتیکی نوێی بۆ بەرەنگاربونەوەیان بەکارهێناوە.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) و ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە میدیاکانی پەکەکەی راگەیاندووە، ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە خواکورک دەیکات ئۆپەراسیۆن نییە، بەڵکوو داگیرکارییە. ئەم داگیرکارییەش کاتی نییە، داگیرکارییەکی هەمیشەییە. ئەمە ڕاستییە و پێویستە هەموو کەس بیزانێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار