عه‌لى حه‌مه‌ساڵح:  گۆڕان بۆ خزمه‌تى خه‌ڵک به‌شدارى حکومه‌ت ده‌کات

"تا ئه‌م ساته‌ گۆڕان ره‌خنه‌ و تێبینى جددى له‌سه‌ر دۆسییه‌ى نه‌وت و سیاسه‌تى نه‌وت هه‌یه‌"

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئه‌م ساته‌ گۆڕان ره‌خنه‌ و تێبینى جددى له‌سه‌ر دۆسییه‌ى نه‌وت و سیاسه‌تى نه‌وت هه‌یه‌، و پێشیوایه‌ بزوتنه‌وه‌که‌ى بۆ خزمه‌تى خه‌ڵک به‌شدارى حکومه‌ت ده‌کات.

میدیا فه‌رمى گۆڕان بڵاویکرده‌وه‌ که‌ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت:" دیدى گۆڕان له‌ سه‌ره‌تاى دروستبونیه‌وه‌ تا ئێستا دیدێکى نه‌گۆڕ و جددیه‌ بۆ سیاسه‌تى نه‌وت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت نه‌وت ببێته‌ ره‌حمه‌تێک بۆ خه‌ڵک، نه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ گه‌نده‌ڵى و به‌فیڕۆدانى سامانى نیشتیمانى".

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، دیدى فراکسیۆنى گۆڕانى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى نه‌وت و موچه‌و پلانى ئاینده‌ رونده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت: دیدى گۆڕان له‌ سه‌ره‌تاى دروستبونیه‌وه‌ تا ئێستا دیدێکى نه‌گۆڕ و جددیه‌ بۆ سیاسه‌تى نه‌وت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت نه‌وت ببێته‌ ره‌حمه‌تێک بۆ خه‌ڵک، نه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ دزى و گه‌نده‌ڵى و به‌فیڕۆدانى سامانى نیشتیمانى. تا ئه‌م ساته‌ گۆڕان ره‌خنه‌ و تێبینى جددى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌کان و دۆسییه‌ى نه‌وت و سیاسه‌تى نه‌وت هه‌یه‌.

وتی: "به‌پێى ئه‌و ئه‌رکانه‌ى بینیومه‌، هه‌ر له‌ رێکخه‌رى ژورى لێکۆڵینه‌وه‌ى ئابورى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و دواتر په‌رله‌مانتار و ئه‌ندامیه‌تى له‌ لیژنه‌ى دارایى و سامانه‌ سروشتییه‌کان، ره‌نگه‌ زیاتر ئاگادارى سیاسه‌تى نه‌وت و دیدى گۆڕان بم بۆ ئه‌م شێوازه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى نه‌وت که‌ تا ئێستا لاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جێى ره‌خنه‌یه‌ و هه‌روه‌ها جێى قبوڵکردن نییه‌، باشترین به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئه‌و ساته‌ى که‌ گۆڕان له‌ حکومه‌تدا بو وه‌زیرى دارایى لاى گۆڕان بو واژو له‌سه‌ر هیچ کۆنوسێکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى هه‌رێمى نه‌وت و غاز نه‌کراوه‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کى رونه‌ که‌ گۆڕان ره‌خنه‌ى جددى له‌م سیاسه‌ته‌ى نه‌وت هه‌یه‌ که‌ پڕیه‌تى له‌ گه‌نده‌ڵى پڕیه‌تى له‌ ناشه‌فافى بوه‌ به‌ هۆکارى ده‌وڵه‌مه‌ندبونى چه‌ندین کۆمپانیاى حیزبى و چه‌ندین کۆمپانیاى سیاسى و چه‌ندین که‌سایه‌تى سیاسى".

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، له‌ خولى پێشوى په‌رله‌ماندا، وه‌ک په‌رله‌مانتار چه‌ندین سکاڵاى له‌سه‌ر به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى کوردستان تۆمارکردووه‌ له‌سه‌ر به‌فیڕۆ دان و گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر داهاتى نه‌وت و بێده‌نگ نه‌بون.

"نادیارى داهاتى نه‌وت"
عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات تا ئه‌م ساته‌ به‌شێکى زۆرى داهاتى نه‌وت نادیاره‌و بۆ ئه‌وه‌ش دوایین راپۆرتى کۆمپانیاى دیلیۆت به‌ نمونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت: ته‌نیا له‌ سێ مانگى کۆتایى ساڵى (2018)دا، (39.949.000) به‌رمیل نه‌وت فرۆشراوه‌، به‌ڵام له‌م پاره‌یه‌ به‌ سێ مانگ ته‌نیا (703) ملیۆن دۆلار پوخته‌ى داهات ماوه‌ته‌وه‌، له‌ کاتێکدا کۆى فرۆشتنى نه‌وت (2,125,000,000) ملیۆن دۆلار بوه‌، واته‌ به‌پێى راپۆرتى دیلۆیت ئێمه‌ بایى (2,125,000,000) دۆلار نه‌وتمان فرۆشتوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ (703,000,000) ملیۆن دۆلاره‌. 

هه‌ندێک ژماره‌ش ده‌خاته‌ڕو سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنى دۆسیه‌ى نه‌وت و ده‌ڵێت: "ئه‌م جۆره‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ لاى ئێمه‌ جێگه‌ى ره‌خنه‌یه‌، به‌جۆرێک ته‌نیا شایسته‌ داراییه‌کانى کۆمپانیاکانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت (782,000,000) ملیۆن دۆلار بوه‌، له‌ کاتێکدا کۆى ئه‌و داهاته‌ى بۆ موچه‌ ماوه‌ته‌وه‌ (703,000,000) ملیۆن دۆلار بوه‌، واته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى دراوه‌ته‌ کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان (80,000,000) ملیۆن دۆلارى زیاتره‌ له‌ سێ مانگدا له‌ کۆى ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ دراوه‌ بۆ موچه‌ى فه‌رانبه‌ران، ته‌نیا ئه‌و پاره‌یه‌ى دراوه‌ به‌ تورکیا (415,000,000) ملیۆن دۆلاره‌ به‌ڵام کۆى ئه‌و پاره‌یه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵکى کوردستان (703,000,000) دۆلاره‌".

قه‌رزه‌کانى حکومه‌ت و کۆمپانیاى به‌رپرسان
له‌ به‌شێکى ترى رونکردنه‌وه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى نه‌وت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌کردوه‌، قه‌رزێکى زۆر کراوه‌ له‌ رابردودا نازانین له‌ کێ کراوه‌ بۆ کراوه‌ و چى لێهاتوه‌و چۆن ئه‌درێته‌وه‌.

هاوکات دو رێگا ئاشکرا ده‌کات که‌ زۆرترین گه‌نده‌ڵى لێوه‌ ده‌کرێت له‌ پرسى نه‌وتداو وتی: "یه‌کێکى دیکه‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌کانى نه‌وت که‌ هۆکارى ئه‌وه‌یه‌ به‌شێکى زۆرى داهاتى نه‌وت نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، کۆمه‌ڵێک به‌رپرسى باڵاى حیزبى و چه‌ندین کۆمپانیایان هه‌یه‌ به‌ ناوى خزمه‌تگوزارى که‌ پێشکه‌ش به‌ کۆمپانیاکانى نه‌وتى ده‌که‌ن. بۆ نمونه‌؛ شه‌قامێکى قیر ئه‌گه‌ر به‌ (100) هه‌زار دۆلار بکرێت ئه‌مان به‌ پێنج هێنده‌ ده‌یکه‌ن، ئۆتۆمبیلێک ئه‌گه‌ر به‌ (1000) دۆلار به‌کرێ بگیرێت ئه‌مان به‌ پێنج هێنده‌ ده‌یکه‌ن، ئه‌مه‌ وایکردوه‌ خه‌رجییه‌کى زۆر بکه‌وێته‌ سه‌ر کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان و له‌ئه‌نجامدا کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانیش ئه‌م پاره‌یه‌ له‌ حکومه‌تى هه‌رێم وه‌رده‌گرنه‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، زۆرترین گه‌نده‌ڵى له‌ دۆسیه‌ى نه‌وتدا به‌م دو رێگه‌یه‌ ده‌کرێت سکیوریتى؛ که‌ هه‌رچى به‌رپرس و منداڵه‌ به‌رپرسه‌ کۆمپانیاى سکیوریتییان هه‌یه‌، کۆمپانیا هه‌یه‌ ته‌نیا له‌ سکیوریتى کێڵگه‌یه‌کى نه‌وتدا مانگانه‌ ملیۆنێک دۆلارى بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ناو خزمه‌تگوزارییانه‌ى کۆمپانیا حیزبییه‌کان به‌ قۆرخکارى پێشکه‌شى کۆمپانیاکانى بوارى نه‌وتى ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنى پاره‌ى نه‌وت له‌ بانکى ئه‌هلى که‌ له‌ ژێر چاودێریدا نییه‌.

رێککه‌وتنه‌که‌ى گۆڕان و سندوقى داهاتى نه‌وت
دیدى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م پرسه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ رێککه‌وتنى کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سندوقى داهاتى نه‌وت دروست بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى چاکسازى له‌ بواره‌کانى نه‌وتدا بکرێت، ده‌شڵێت": به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ چۆن پێشوتر ره‌خنه‌ و تێبینى و سه‌رنجمان هه‌بوه‌ ئێستاش به‌ هه‌مانشێوه‌ ره‌خنه‌ و تێبینى و سه‌رنجمان هه‌یه‌، به‌شداریکردنى گۆڕان له‌ حکومه‌تدا بۆ درێژه‌دان به‌م سیاسه‌ته‌ نییه‌، چونکه‌ له‌ رابردودا له‌ خولى پێشودا ئیمزا له‌سه‌ر هیچ کۆنوسێکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى هه‌رێم بۆ نه‌وت و غاز نه‌کراوه‌ به‌ شایه‌تى هه‌مو ئه‌وانه‌ى له‌ کۆبونه‌وه‌کاندا بون. ئێمه‌ و مانان له‌ هاتنى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى له‌سه‌ر سیاسه‌تى نه‌وت قسه‌ى جدى و ره‌خنه‌ى جدیمان هه‌بوه‌.

دیدى گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت سندوقى داهاتى نه‌وت، ده‌بێت کۆمۆ و کۆدۆ و هه‌مو ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ فرۆشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنى داهاتى نه‌وت هه‌یه‌ دروستبکرێت، یه‌کێک له‌ خاڵه‌کانى رێککه‌وتنى گۆڕان بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت دروستکردنى سندوقى داهاته‌کانى نه‌وته‌.

دۆسیه‌ى نه‌وت و هه‌رێم و به‌غدا
سه‌باره‌ت به‌ پرسى نه‌وت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا راده‌ستکردنى نه‌وت له‌ لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ به‌ به‌غدا، عه‌لى حه‌مه‌ساڵح وتی: ''لاى ئێمه‌ سه‌نته‌ر و خاڵى جه‌وهه‌رى به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى خه‌ڵکى هه‌رێمى و موچه‌خۆران و بازاڕى کوردستانه‌. ئێمه‌ له‌ دوا کۆبونه‌وه‌شماندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى راسپێردراوى حکومه‌ت، زۆر به‌ رونى وتومانه‌ پێویسته‌ دواى پێکهێنانى حکومه‌ت وه‌فدێکى حکومه‌تى هه‌رێم که‌ بڕیار به‌ده‌ست بن، بڕۆن له‌ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ رێکبکه‌ون، پێش رۆیشتنیش بژارده‌کان لێکبدرێنه‌وه‌ که‌ کام بژارده‌ له‌ خزمه‌تى هه‌رێمى کوردستاندایه‌".

دیدى گۆڕان ئه‌وه‌یه‌، بژارده‌کان لێکبدرێنه‌وه‌ و چى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان بێت ئه‌وه‌ بکرێت، پێشیوایه‌؛ ژماره‌ى هه‌ڵه‌ و زانیارى هه‌ڵه‌ خه‌ڵکى کودستانى توشى ئه‌م دۆخه‌ کرد، بۆ ئه‌وه‌ش نمونه‌یه‌ک ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ ساڵى (2014) پێش ئه‌وه‌ى کوردستان سه‌ربه‌خۆ نه‌وتى خۆى بفرۆشێت، وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌کان وتى له‌ (2019)دا داهاتى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان زیاتر ده‌بێت له‌ (15) ملیار دۆلار، بێ پشت به‌ستن به‌ به‌غدا ئێمه‌ زیاتر له‌ به‌غدامان ده‌ستده‌که‌وێت، ئێستا (3) ملیار دۆلاره‌، وتى به‌ بێ نه‌وتى که‌رکوک هه‌رێم خۆى ئه‌توانێت ملیۆنێک به‌رمیل نه‌وت به‌کاربهێنێت، ئێستا (430,000) به‌رمیل نه‌وته‌، که‌واته‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ بردینى به‌ هه‌ڵه‌دا.

"گۆڕان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک چوه‌ته‌ حکومه‌ت"
سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕو، ئه‌وان وه‌ک فراکسیۆنى گۆڕان نوێنه‌رایه‌تى سیاسه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌که‌ن له‌ په‌رله‌مان، به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش پشتیوانى دزى و گه‌نده‌ڵى ناکه‌ن، وتیشی: "جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ گه‌نده‌ڵى گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ى نه‌وتدا هه‌یه‌، گۆڕان نه‌چوه‌ته‌ حکومه‌ت بۆ چاوپۆشیکردن له‌ گه‌نده‌ڵى، به‌ڵکو گۆڕان چوه‌ته‌ حکومه‌ت رێککه‌وتنێکى کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاساى چاکسازى تێپه‌ڕێت له‌ رێگاى وه‌زاره‌تى دارایى و سه‌رۆکایه‌تى حکوه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێ بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى سندوقى داهاتى نه‌وت دروست ببێت و مانگانه‌ هه‌م په‌رله‌مانتاران و هه‌م خه‌ڵکى کوردستان بزانن کۆى ئه‌م داهاته‌ هاتۆته‌ ئه‌م سندوقه‌وه‌ چه‌نده‌ و چۆن خه‌جکراوه‌".

وتی: "ئه‌مانه‌ جێبه‌جێ بکرێت خزمه‌تێکى گه‌وره‌یه‌ به‌ خه‌ڵکى کوردستان، جێبه‌جێش نه‌کرێت له‌ جاران جددى تر قسه‌مان ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و که‌م و کورتى، ئه‌وه‌ى پێویست بێت له‌ چوارچێوه‌ى خه‌باتى مه‌ده‌نى سیاسه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ رابردو و ئێستادا ده‌یکه‌ین".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار