نه‌جمه‌دین که‌ریم لیستێک بەبەشداریی عەرەب‌و تورکمانی کەرکوک پێکدەهێنێت
5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
نه‌جمه‌دین که‌ریم، پارێزگارى پێشووى که‌رکوک بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى که‌رکوک لیستێک دروستدەکات به‌ناوى پێکه‌وه‌ژیان کە تورکمان و عه‌ره‌بیش له‌خۆ ده‌گرێت.
بڕیاره هه‌فته‌ى ئاینده په‌رله‌مانى عێراق هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان بکات و دواى ده‌رچواندنى یاساکه‌و په‌سه‌ندکردنى له په‌رله‌ماندا رۆژى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان ئه‌نجام بدات.
ئەنجومەنی پارێزگاى که‌رکوک 12 کورسى دەبێت لەگەڵ یه‌ک کورسى کۆتای کریستیانەکان.
نه‌جمه‌دین که‌ریم، دواى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر پارێزگاى که‌رکوکى به‌جێهێشت و له‌لایه‌ن پارتییه‌وه پارێزگارى لێکراوه‌و چۆته هه‌ولێر، بڕیارە دوای هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان لیستەکە پێک‌بێنێت.
لەناو ئەو لیستەدا چەند کەسایەتیەک هەن، لەوانە رێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت، هەروەها عیرفان که‌رکوکلى که‌یه‌کێکه له ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک و تورکمانه‌کانه. ناوبراو دوای ١٦ ئۆکتۆبەر چوونه هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى پارتى له لیستى برایه‌تى ئه‌نجومه‌نی پاریزگای کەرکوک و لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە.
نه‌جمه‌دین که‌ریم ئێستا به که‌سێکى نزیک له پارتى هه‌ژمار ده‌کرێت و دروستکردنى لیستى (پێکه‌وه‌ژیان)یش به‌وه ده‌زانرێت که پارتى گڵۆپى سه‌وزى بۆ هه‌ڵکردووه.
که‌سێکى ئاگادار و نزیک له‌و پرۆژه سیاسیه‌ى نه‌جمه‌دین که‌ریم که نه‌یویست ناوى بهێندرێت له‌به‌ر هه‌ستیارى بابه‌ته‌که به هاوڵاتى وت «نه‌جمه‌دین که‌ریم لیستى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک ده‌بێت و تورکمان و عه‌ره‌بیشى له‌گه‌ڵدایه بێجگه له‌چه‌ندین که‌سایه‌تى کورد».
هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که نه‌جمه‌دین که‌ریم ده‌ستى کردووه به گفتوگۆ له‌باره‌ى لیسته‌که‌یه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى خوازیارن له‌گه‌ڵیدا بن و «ته‌نها ڤیتۆى له‌سه‌ر به‌ره‌ى تورکمانى و ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له که‌رکوک هه‌یه«.
هاوڵاتى چه‌ند جارێک په‌یوه‌ندى به نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگارى پێشووى که‌رکوکه‌وه کرد، به‌ڵام وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌کانى نه‌دایه‌وه.
به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگارى پێشووى که‌رکوک گفتوگۆى له‌گه‌ڵ رێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌ن به‌وه‌کاله‌ت کردووه که له‌سه‌ر یه‌کگرتوو هه‌ژمار ده‌کرێت.
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عیرفان که‌رکوکلی له نه‌ته‌وه‌ى تورکمان گفتوگۆى کردووه‌و ره‌زامه‌ندى نیشانداوه.
رێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت که ئێستا له‌هه‌ولێر نیشته‌جێیه، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» تا ئێستا قسه‌م له‌گه‌ڵدا نه‌کراوه له‌وباره‌یه‌وه، به‌ڵام دکتۆر نه‌جمه‌دین لیستى هه‌بێت ئه‌و کاته‌ى پێموترا دیراسه‌ى ده‌که‌م و بڕیار ده‌ده‌م له‌سه‌رى».
رێبوار تاڵه‌بانى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که« شتێک له به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى که‌رکوکدا بێت ئاماده‌م تێیدا به‌شداربم».
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى له پارێزگاى که‌رکوک ده‌ڵێت ئاساییه نه‌جمه‌دین که‌ریم لیستى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان هه‌بێت.
عه‌دنان که‌رکوکى، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى له پارێزگاى که‌رکوک له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» پرۆسه‌یه‌کى ئازاده هه‌ر که‌س خۆى بتوانێت تۆمار بکات وه‌ک لیست یا وه‌ک تاکه که‌س له کۆمسیۆن که‌س ناتوانێت رێگرى لێ بکات، دکتۆر نه‌جمه‌دین له راگه‌یاندن خوێندومه‌ته‌وه که نه‌جمه‌دین که‌ریم وتویه‌تى لیستم ده‌بێت، دواتر ئاساییه نه‌جمه‌دین که‌ریم وه‌ک هه‌ر که‌سێکى دیکه لیستى ده‌بێت بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک».
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى پارتى لیستى ده‌بێت، عه‌دنان که‌رکوکى وتى» تا بارودۆخى که‌رکوک ئاسایی نه‌بێته‌وه پارتى بۆچوونى وه‌ک پێشتره به‌شدارى ناکات و له‌گه‌ڵ هیچ
هه‌ڵبژاردنێک نین و حوکمى عه‌سکه‌رى و هیچ واتایه‌ک نادات به پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، زۆربه‌ى لایه‌نه‌کانیش ئه‌و بۆچونه‌یان هه‌یه«.
وته‌بێژه‌که‌ى پارتى له که‌رکوک ئه‌وه‌شى خسته‌روو ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ى که‌رکوک بن و پێکه‌وه پارێزگارى لێبکه‌ن، زائیده‌ن پۆلیسى خۆجێى ناوخۆى پارێزگارى له‌ناوخۆى که‌رکوک بکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دۆخى سیاسى چاره‌سه‌ر بکرێت و ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ته‌فعیل بکرێته‌وه‌و ئه‌و کاته ده‌توانن دیراسه‌ى بکه‌ن و به‌شدارى بکه‌ن وه‌ک پارتى له هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوکدا.
یه‌کێتى له‌باره‌ى لیسته‌که‌ى نه‌جمه‌دین که‌ریمه‌وه قسه‌ى خۆى هه‌یه‌و پێیانوایه که دۆسیه‌ى یاساییى له‌سه‌ره‌و تا ئه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌کات ناتوانێت به‌شدارى بکات و پارتیش تۆمه‌تبار ده‌که‌ن که گڵۆپى سه‌وزیان بۆ هه‌ڵکردووه‌و یارمه‌تیده‌رین له‌و پرسه‌دا.
جه‌نگى عیززه‌دین مه‌حمود کارگێرى مه‌ڵبه‌ندى دووى یه‌کێتى له که‌رکوک و به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه حزببیه‌کان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «نه‌جمه‌دین که‌ریم موفاته‌حه‌ى هه‌ندێ خه‌ڵکى کردووه له که‌رکوک بۆ ئه‌وه‌ى له لیسته‌که‌یدا به‌شداربن بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک و ته‌نانه‌ت به که‌سێکى رۆشنبیرى وتووه که یه‌کێتیه ببێته سه‌رۆکى لیسته‌که‌ى، به‌ڵام ئه‌و رۆشنبیره ره‌تیکردۆته‌وه«.
هه‌روه‌ها جه‌نگى باسى ئه‌وه‌شى کرد هه‌ر لیستێک له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتى بێت سه‌رکه‌وتوو نابێت وه‌ک کورد له که‌رکوکدا، به‌ڵکو زیان ده‌گه‌یه‌نێت به کورد.
ئه‌و کارگێر مه‌ڵبه‌نده‌ى یه‌کێتى له‌که‌رکوک، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که «پارتى لیستى ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، نه‌جمه‌دین که‌ریمیش به جیا لیستیى ده‌بێت بۆ لێدان له‌ده‌نگه‌کانى یه‌کێتى له شاره‌که‌دا بۆ ئه‌وه‌ى دواتر هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ پارتى بکات و له‌یه‌کێتى تێکبدات، به‌ڵام ناتوانێت سه‌رکه‌وتوو بێت چونکه خه‌ڵکى یه‌کێتى له جیاتى شه‌ڕ ئاشتى هه‌ڵبژارد».
رۆژی (30)ی کانونی دوەمی (2005) یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و لەناویاندا کەرکوک بەپێی یاسای پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکا بەڕێوەچو، ژمارەی کورسی ئەنجومەنی سەرجەم پارێزگاکان بێجگە لە بەغدا بە (41) کورسی دیاری‌کرا، لەوکاتەوە هیچ هەلبژاردنیکی تر لە کەرکوک نەکراوە ئەگەرچی دوو هەڵبژاردنی دیکە لە پاریزگاکانی تری عێراق بەڕێوەچوو لەساڵانی (2009) و (2013).
«له‌ماوه‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى عێراق گفتوگۆمان کردووه بۆ دیاریکردنى کاتى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراق و له‌نێویاندا پارێزگاى که‌رکوک». رزگار حه‌مه محێدین، جێگرى سه‌رۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق بۆ هاوڵاتى وای وت.
لەئێستادا حزبەکان بە بایەخەوە لەو هەڵبژاردنە دەڕوانن چونکە دوای ١٤ ساڵ سەنگیان لەو شارە دیاریدەکات. نەجمەدین کەریم کە پێشتر یەکێتی بووە، خۆی ئامادە کردوە دەنگی بەشێک لە یەکێتیەکانیش ببات.
یاسین عیززه‌دین، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى دووى یه‌کێتى له که‌رکوک له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «ده‌بێت مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى بڕیار بدات چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین که‌ریم ده‌که‌ن که لیستى هه‌بێت بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک».
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، نه‌جمه‌دین که‌ریم کۆمه‌ڵێک دۆسیه‌ى یاسایى له‌سه‌ره ئه‌گه‌ر بتوانێت ئه‌وانه چاره‌سه‌ر بکات که‌س ناتوانێت رێگرى لێبکات»نه‌جمه‌دین که‌ریم له‌سه‌ر ئاستى تاک و شه‌خس قسه‌ى له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا کردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کێشه یاساییه‌کانى چاره‌سه‌ر بکات زۆر ئاساییه لیستى هه‌بێت یا خۆى کاندید بکات».
یاسین عیزه‌دین جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که یه‌کێتى و پارتى ده‌بێت به‌یه‌ک لیست بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک داببه‌زن ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت «هه‌موو کورد تووشى نه‌فره‌تى کورد ده‌بین ئه‌مه پرسێکى نیشتمانییه«.
جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى له که‌رکوک وتیشى «نه‌جمه‌دین که‌ریم به‌نیازه لیستى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک هه‌بێت و ئێستا خه‌ریکى چاره‌سه‌رکردنى کێشه یاساییه‌کانییه‌تى».
جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه یه‌کێتى له‌خۆئاماده‌کردندایه بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک و بریاره مانگى ئازار یا نیسانى 2020 ئه‌نجام بدرێت «ئه‌گه‌ر پارێزگارى که‌رکوک دیارى بکرێت و خزمه‌تگوزاریی پێشکه‌ش به‌هاوڵاتیان بکات یه‌کێتى زۆرینه‌ى ده‌نگه‌کانى شاره‌که به‌ده‌ست ده‌هێنێت و ده‌توانێت نیوه زائید یه‌ک ببات».
نه‌جمه‌دین که‌ریم له‌هه‌ڵبژاردنى 2014ى په‌رله‌مانى عێراقدا له‌سه‌ر لیستى یه‌کێتى نزیکه‌ى 150 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێناو دواتر نه‌چووه په‌رله‌مانى عێراق و وه‌کو پارێزگارى که‌رکوک مایه‌وه‌و شوان داودى له‌جێگه‌ى نه‌جمه‌دین که‌ریم چووه شوێنه‌که‌ى.
به‌رپرسێکى یه‌کێتى له که‌رکوک که نه‌یویست ناوى بهێندرێت، پێیوابوو نه‌جمه‌دین که‌ریم به خه‌یاڵى ئه‌وه‌وه لیست دروست ده‌کات که له‌هه‌ڵبژاردنى 2014، 150 هه‌زار ده‌نگى یه‌کێتییه‌کانى به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام ئێستا دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم یه‌کێتی نییه و ناتوانێت کاریگه‌رى له‌سه‌ر خه‌ڵکى مه‌زڵومى که‌رکوک هه‌بێت.