ئێرانییەکان بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێن لەعێراق ‌

شاری نەجەف پڕبووە لەسواڵکه‌رانی ئێرانی و ئه‌و دەستگێڕانه‌ی سنووریان بڕیوە بۆئەوەی شمەک بە نرخی داشکاو بفرۆشن

5 ساڵ لەمەوپێش



بەهۆی گەرمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، سەدان ئێرانی روو لە عێراق دەکەن کە لە وڵاتی خۆیان هەڵهاتوون بەهۆی رەوشی خراپی ئابوورییەوە، ئەوەش بۆ گەڕان بەدوای هەلی کاردا لە شارە گەورەکانی عێراق.
شاری نەجەف پڕبووە لە سواڵکه‌رانی ئێرانی و ئه‌و دەستگێڕانه‌ی سنووریان بڕیوە بۆئەوەی شمەک بە نرخی داشکاو بفرۆشن، ئەمە لەکاتێکدا کرێکارانی ئێرانیش بە رێژەیەکی زۆر لە شاری هەولێرن و پێشبڕکێ دەکەن لەگەڵ کرێکارانی عێراقی بۆ ئەو کارانەی حه‌قده‌ستیان نزمه‌.
حەیدەر کەریم، خاوەن ئوتێلێک لە نەجەف، بە دیارونای وت پێشتر رۆژانه‌ سەدان سەردانکەری ئێرانی ده‌هاتنه‌ شارەکە بۆ گەشت و سەردانی شوێنە ئایینییەکان.
وتی بەڵام ئەو ژمارەیەی گەشتیاران زۆر کەمیکردووە، چونکە زۆربەی ئێرانییەکان ئێستا بۆ گوزەران دێن -- نەک بۆ خەرجکردنی پارە لەکاتی سەردانە ئایینییەکاندا.
وتیشی «ئەمڕۆ، ئێرانییەکان دەبینین دەرۆزەدەکەن لە شەقامەکانی نەجەف و کەربەلا،» لەکاتێکدا ئەو ژمارە کەمەی گەشتیاران زۆر بە وریاییەوە مامەڵەدەکەن تا زۆر پارە خەرج نەکەن بەهۆی داشکانی به‌های ریاڵی ئیرانییه‌وه»‌.
تەلەفزیۆنی سەتەلایتی دیجلەی عێراق لە ئایاردا راپۆرتێکی پەخشکرد لەسەر ئەو چەند ژنە ئێرانییەی لەسەر شەقامەکانی بەغدا ئەنگوستیلەی هەرزان و تەسبیح دەفرۆشن.
راپۆرتەکە ژنانی بەتەمەن نیشاندەدات کە بە عەبای ئیرانی و بە زاراوەی فارسی شمەکەکان دەفرۆشن. رەتیانکردەوە لێدوان بدەن بۆ پەیامنێری تەلەفزیۆنەکە و دەموچاویان شاردەوە بۆئەوەی رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی نەبنه‌وه‌.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو ژنانە رووبەڕووی بێڕێزیی عێراقییەکان بوونەتەوە چونکە بەبێ مۆڵەت کاردەکەن و رێگریشن لە دهاتووی کرێکارە گەنجە عێراقییەکانی دەیانەوێت ببنە دەستگێڕ.
ئەحمەد خۆشناو بەلێندەری عێراقی، بە دیارونای وت لە هەمانکاتدا سەدان کرێکاری بیناسازیی کوردی ئێران لە شارەکانیان هەڵهاتوون و لە هەولێر نیشتەجێن بۆئەوەی لە بێکاری رزگاریان ببێت بەهۆی رەوشی سەختی ئابورییه‌وه‌ لە وڵاتەکەیان.
وتی «زۆربەی کرێکارە ئێرانییەکان کاری سادەی بیناسازی دەکەن و کاری دیکە دەکەن بە پارەیەکی کەمتر لە کرێکارە عێراقییەکان.»
هاتنی کرێکارە ئێرانییەکان بۆ عێراق و وڵاتانی دیکە کە ئابورییان بەهێزە دەرئەنجامێکی سروشتیی ئەوفشارە ئابوریەیە که‌ ئێران کەوتۆتە ژێری بەهۆی ئابڵوقەکانەوە، عەبدولهادی راکانی وتی، کە راوێژکاری باڵای رێکخراوی گەشەپێدانی پیشەسازی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق.
فشاری ئابووری یەکەمجار کۆچی سەرمایەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، دواتر کاریگەرییەکانی زیاددەکات و وڵاتانی دیکە دەگرێتەوە.
هەروەها وتی «ئابوری ئێران دەکرێت سوودوەربگرێت لە کۆچی کرێکارەکان کە دراوی بیانی دەنێرنەوە وڵاتەکەیان، ئەوەش سەرچاوەیەکی گرنگە بۆئەوەی بتوانێت تەحەمولی کێشە ئابوریەکان بکات بەڵام بەشێوەیەکی سنووردار».
وتیشی «لەهەمانکاتدا ئەم کۆچکردنە دەکرێت په‌ره‌بسێنێت بۆ کۆچکردنی وەبەرهێنان و سەرمایە بۆ دەرەوەی ئێران، «ئەوەش بەشێوەیەکی خراپ کاریگەری لەسەر ئابوری دادەنێت».
عودەی بیجائی، سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی زیقار، وتی رەوشی نالەباری هاوڵاتیانی ئێرانی وایلێکردوون بگەڕێن بەدوای کاری نوێدا لە عێراق و شوێنانی دیکە.
بەدیارونای وت ئەو کرێکارانە «جیاوازی به‌های گۆڕینەوەی دراو دەقۆزنەوە و بە پارەیەکی کەم کاردەکەن، سوود وەردەگرن لە بەئاسان ناردنی پارە بۆ وڵاتەکانیان لەگەڵ سروشتی ئابوری ره‌یعی (به‌رخۆری) له‌ عێراق».
وتی «ئەمە دەکرێت کاریگەرییەکی خراپی هەبێت بۆ چینی کرێکاری عێراقی، کە زۆربەیان کرێکارن به‌ موچەی کەم یان ئەو کارانە دەکەن کە شارەزایی کەمیان پێویستە و ناتوانن لەگەڵ کرێکاری بیانی پێشبڕکێ بکەن، کە زۆرتر شارەزاییان هەیە و پارەی کەمتر وەردەگرن».
نەجم عەقابی، سەرۆکی بەشی راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتی «وەزارەتەکە کاردەکات بۆ زیادکردنی شارەزایی کرێکارانی عێراق بۆئەوەی بچنە بازاڕە ناوخۆیەکەوه‌ و پێشبڕکێ بکەن بۆ هەلی کار».
وتیشی «وەزارەتەکە چەندین بنکەی راهێنانی کاری هەیە کە پابەندن بە راهێنانی کرێکارانی عێراقییه‌وه‌ لەسەر چەندین پیشە و شارەزایی تا بچنە بازاڕه‌ ناوخۆیه‌کانه‌وه‌.»
سەرچاوە: دیارونا

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار