ژان بودریار فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی: ئەمریکا زۆر لەئەوروپا زیندووترە
5 ساڵ لەمەوپێش
لە ئینگلیزیەوە: بڕوا عەلادین
فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی ژان بودریار، لەم چاوپێکەوتنەدا باس لەوە دەکات لە ئەمریکا، ئەوەی کە گرنگە کردارە، ئیدی گرنگ نیە کە بیرۆکەی کار و کردارەکە باشە یا خراپ. هەروەها دەڵێت هێشتا ئەمریکا زۆر لە ئەوروپا زیندووترە.
-لەدوا کتێبتدا بە ناونیشانی (ئەمریکا)، نووسیووتە: (لە ناکاو بۆم دەرکەوت کە هەموو ئەو بابەت و تێمایانەی لە کتێبەکانی پێشوومدا بەردەوام پەردەم لەسەر هەڵماڵیون، زۆر کۆنکرێتی هاتنەوە بەرچاوم)، پرسیار دەربارەی لەدەستدان، ونکردن و بزرکردنی واقیع، بایەخ و گرنگیی وێنە و بوونی بە تێمای سەرەکی و پلە یەک، نەرێنیبوونی کۆگەل / نێگەتڤبوونی جەماوەر، ئەمە جگە لە باسکردنی ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا شتێک نیە بە ناوی ئومێدەوە. پرسیارەکە بۆ من ئەوەیە کە داخۆ ئەو شتەی ئومێد بە تۆ دەبەخشێت چیە؟
بودریار: من پێشتریش وتوومە کە ئومێد شتێکی گرنگ و پێویست نیە، ئەمە جگە لەوەی کە هەر خۆیشمان لە سەردەم و قۆناغێکدا دەژین کە خودی ئومێد بیرۆکەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا نیە. دیارە بێئاگا نیم لەوەی کە لە ئەمریکادا یۆتۆپیاکان زۆر چالاکن، جا بزووتنەوەی سەوز بێت، فێمێنیزم بێت یان ئەو بزاوتانەی تر کە گوایە ئومێدبەخشن و خواستیانە ببنە بزاوتی شۆڕشگێڕانە. بەڵام لە ڕاستی کردەگییانە و ڕاستەقینەی (زێدە-واقیعییانە)[1]ی ئەمریکیدا، ئەم بزووتنەوانە لە گەمەی بڵاوکردنەوە و ریکلامکردن زیاتر نین. لەوانەیە بەشێک نەبن لە دەسەڵاتی فەرمی، بەڵام هەرگیز ڕۆڵێکی سەرەکی لەو پڕۆسەی بانگەشە قەبە و زلەدا دەگێڕن کە ناوی ئەمریکایە. ناڵێم بێبەرین لەوە یان دەستیان تێیدا نیە، بەڵام هەڵوێستێکی زۆر ڕووکەشانەیشیان هەیە بەرامبەری. ئەوان بەردەوام دەبن لە گۆڕان، بزووتنەوە سەرهەڵدەدەن و بزاوت دیارنامێنن و بزر دەبن، لێ لەبەرئەوە نا کە ئایدیاکان باشن یا خراپ، بەڵکو وەک بەڵگەیەک بۆ زیندووبوون، زیندووبوونی ماتەریاڵانەی ئەو واقیعە ئەمریکیەی کە لە گۆڕانێکی بەردەوامدایە. ئا لێرەوەیە کە من پێم وایە کە ناکرێت بە زاراوە سیاسیەکان ئەو چەشنە کێشانە باسبکرێن. من خۆم باوەڕم بە بزووتنەوەی ژینگەدۆستی نیە، بەس ژینگە دەپارێزم. مەرج نیە مرۆڤ بۆئەوەی ژینگە بپارێزێت، ناچاربێت کە باوەڕی بە پاراستنی ژینگە هەبێت، دواییش بڵێت حەزدەکەم ژینگە بپارێزم. لە ئەمریکا، ئەوەی کە گرنگە کردارە، ئیدی گرنگ نیە کە بیرۆکەی کار و کردارەکە باشە یا خراپ. وەک نمونەیەک بۆ گۆڕاندن و ئاڵوگۆڕی وزە، هێشتا هەر ئەمریکا زۆر لە ئەوروپا زیندووترە.
- لە کتێبی (ئەمریکا) دا وا باسی کولتوری ئەمریکا دەکەیت کە زۆر بازاڕییە، بەڵام زۆر ئاسان و سادەیشە، کولتورێکە کە ڕۆشنبیرەکانی ناتوانن شیکارییبکەن. ئایا ئەم قسەیە بەو مانایە نایەت کە جۆرێک لە نۆستالژیت هەیە بۆ کولتوری ئەوروپی، بەتایبەتی کولتووری ئەکادیمی؟
بودریار: بەڵێ، هەڵوێستی ئەوروپی زۆر ئاڵۆزە. نمونەی ئەوروپی وا سەیری کولتوری ئەمریکی دەکات کە ڕووکەشیە، هەر بۆیەیشە کە ڕووکەشانە شیکاری دەکات، وەک ئەوەی کە بەتەنها کولتوور یان کولتووری نا-ئەمریکی ڕەسەن بێت. دیارە ئەمە تەنها لە کەموکوڕیی کولتوورییانەدا کورتنابێتەوە، وەک چۆن پێویستیش ناکات بە شێوەیەکی نەرێنیانە لێکبدرێتەوە. دەبێت وشەی سادە / ڕووکەش بخەینە نێوان دوو کەوانەوە، چونکە من خۆم ئەو ڕێچکە زۆر ئاسایی و بازاڕیەم بۆ بینینی ئەمریکا گرتەبەر و پاشتر گۆڕیم و گەشەم پێدا. خۆی ئەم چەشنە نا-کولتوورەیش لە خۆیدا شتێکی ئەرێنیە و نابێت بە چاوی نۆستاڵژیای ئەوروپی لێی بڕوانین.
- گەر ڕۆشنبیرانی ئەمریکی نەتوانن لە کولتوورەکەی خۆیان تێبگەن، ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە تۆ لەگەڵ (ئیمبێرتۆ ئیکۆ) دا تەبادێیتەوە کاتێک دەڵێت: دەبێت مامۆستایانی زانکۆ لە ئەمریکا خانەنشین بکرێن؟ ئەی ئە گەر ڕۆشنبیرەکانی نەتوانن، ئایا چۆن دەکرێت خوێندکارانی قۆناغی دواناوەندی تێڕوانینێکی ڕوونیان بۆ کۆمەڵگەکەیان هەبێت؟
بودریار: بەڵێ، دەشێت لەڕێی بەرچاوڕوونیەوە جۆرێک لە ئەگەر بۆ تێگەیشتن هەبێت. بەڵام ڕۆشنبیری ئەمریکی ناتوانێت لە کولتوورەکەی خۆی تێبگات، چونکە خۆی کۆت و دیلی ناو گێتۆیەکی کولتوورییە. شێوازە بەرگریکارانەکەیشی کە خۆی لە لاسایکردنەوەی کولتووری ئەوروپیدا دەبینێتەوە، ڕوونیدەکاتەوە کە بۆچی ئەو کەلێن و جیاوازیە گەورەیە لە نێوان ڕۆشنبیری ئەمریکی و کولتووری ئەمریکیدا هەیە. بەدڵنیایەوە، لاوان خاوەن بەرچاوڕوونیەکی زیندووترن و لەو دۆخە ساختەیەدا ناژین کە رۆشنبیران دەیگوزەرێنن.
من خۆم کە ویستم لە دیاردەی (زیادەڕەویکردن لە واقیع) ی ئەمریکیدا بکۆڵمەوە، هاوڕێکانم نەیانوسیت لەگەڵمدا بەشداربن و ڕەتیانکردەوە، هەربۆیە من وەک ئیکۆ ناڵێم دەبێت خانەنشین بکرێن، بەڵکو لە ڕاستیدا خوازیارم کە بیاننێرم بۆ بیابان.
- ئەها بەڵێ، بیابان! تۆ دەڵێیت: ((بیابانەکان پێکهاتەی باڵانمان و لە هەر کۆمەڵگەیەک، یا هەر چەشنە سۆزداربوون و سێکسواڵتیەکەوە، دوورن)). هەروەها پێشنیاریش دەکەیت کە ((مرۆڤ دەبێت هەمیشە شتێک وەکو قوربانی بهێنێت بۆ بیابان تا بیکات بە قوربانی: ژن. گەر شتێک هەبێت لە بیاباندا شاراوە، شتێک کە لە جوانیدا هاوشێوە و هاوتای بیابان بێت، بۆچی ئافرەت نەبێت؟)). ئامانجی تۆ لەم قسە جاڕزکەر و بێ پاساوە چیە کە دەبێتە مایەی توڕەکردنی ئەوانی تر؟ ئایا دەرەنجامە ئاساییەکەی ئەوەیە کە لە ناوجەرگەی شاردا قوربانی بە فەیلەسوفێکی پۆستمۆدێرن بدرێت؟
بودریار: ڕەنگە بیرۆکەیەکی باش بێت کە بە ئاشکرا فەیلەسوفێکی پۆستمۆدێرن بکرێتە قوربانی. بێگومان لەو وێنەیەدا کە پێشنیارمکردووە بۆ قوربانیدان بە ئافرەت، بڕێکی دیاریکراو لە تووڕەکردن و جاڕزبوون هەیە، بەڵام وەک خۆم، بەڕاستی زاراوەی (قوربانیدان یا بەقوربانیکردن)، بە شتێکی نەرێنی و نێگەتڤ نابینم. من وا سەیری دەکەم کە پۆزەتڤ و ئەرێنیە. خۆی لە خودی فریودان (seduction) دا جۆرێک لە قوربانیدانی ئاڵوگۆڕکارانە هەیە. بۆ نمونە دەبێت شتێک بمرێت و نەمێنێت، بەڵام مەرج نیە ئەو شتەی کە دەمرێت سڕینەوەی کەسێکی تر بێت لە بووندا، ڕەنگە ئەوە حەزچڵێسی و خۆشەویستی بن کە دەبێت بمرن. قوربانیدان بە ئافرەتێک لە بیاباندا پرۆسەیەکی لۆژیکیە، چونکە مرۆڤ لە بیاباندا شوناسی خۆی لەدەست دەدات. لێرەدا قوربانیدانەکە کردەیەکی باڵانمایە و بەشێکە لە درامای بیابان خۆی. رەنگە کردنی ژنیش بە بابەتی قوربانیدانەکە زیاتر جێی ستایش بێت وەک پێشکەشکردنی قوربانیەک بە بیابان خۆی.
- لەو دواییانەدا لە نیۆرک، پێشانگایەک هەبوو بە ناونیشانی بەرەنگاربوونەوە دژ بە بودریار کە چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ بەشدارییان تێدا کردبوو. هەستی تۆ بەرامبەر ئەوە چیە کاتێک دەبینیت نووسینەکانت وایان لێهاتووە کە خەڵکی دژی دەوەستنەوە و وا باسی دەکەن کە ڕەشبینانەن و دەبنە مایەی نائومێدکردنی خەڵکی، جۆرێک لە ئیفلیجبوون و دەستەوسانی پەخشدەکەنەوە، سەرباری ئەوەی کە هیچ نەخشەڕێگایەکیان بۆ ئێمە پێ نیە تا بەرەو پێشەوە بڕۆین؟
بودریار: وەک پێشتریش وتم، هەمیشە لە نووسینەکانمدا ڕەگەزێک هەن کە خەڵکی توڕە و جاڕزدەکەن، ئەمەیش بۆ خۆی جۆرێک لە بەرەنگاربوونەوە توشی ڕۆشنبیر و خوێنەر دەکات هاوشێوەی فۆرمێک لە گەمە. بێگومان کە تۆ خەڵک توڕەبکەیت، دەبێت چاوەڕێی ئەوەیش بکەیت کە توڕەت بکەن و کارادانەوەی نەرێنیان بۆت هەبێت. ئەو پیسیی و خراپەیەیشی کە لە پشت ئەم دیاردەیەوەیە، شتێکی زۆر خۆشە و من خۆم تامەزرۆییم و ئارەزووی دەکەم، چونکە لەوێدا دەردەکەوێت ڕەنگە ناهۆشیارانە، نەرێنینبوونەکەی منیان بۆ گواسترابێتەوە، ئەوەیش شتێکە خۆم چاوەڕوانی بووم. دەتوانم بڵێم لە کاردانەوەدا بۆ ئیشەکانم جۆرە زیادەڕەوییەک لە خودی کاردانەوەدا هەیە[2]، لەو ڕوانگەیەشەوە دەسەلمێت کە من سەرکەوتوو بووم لە کارەکەمدا.
- ئەی سەبارەت بە پێگەی ژنان لەم کتێبەتدا چی دەڵێیت، بە شارەزاکانی فریودانیان دەزانیت؟
بودریار: من ناکۆکم بەو ئایدیۆلۆژیا دەمارگیرانەیەی فێنێنیزم کە دەڵێت ژن وەک فریودەر، گوزارشت لە ڕۆڵێکی بێنرخ و سووک دەکات. بە ڕای من، ستراتیژی فریودان بۆ خۆی هێزێکی درەوشاوە و ڕزگارکەری ژنانە کە خۆراک لە لاساییکردنەوەوە، وەردەگرێت. بەداخەوە، لە فێمێنیزمدا هەر شتێک کە شانسی ئەوەی هەبوو مێیینە بێت، بەرگری لێدەکرێت، جا نووسینی مێیینە بێت، شیعر بێت یا هەر چەشنە داهێنانێکی هونەری، کە ئەمەیش وا دەکات ببێتە ئاوێنەیەکی لاسایکردنەوەی نێرسالاریی. بێگومان ئەو لاساییکردنەوەیە نەرێنینە و مایەی خەمباریە. بەلای منەوە، ستراتیژی مێیینە بۆ فریودان بەمانای نامۆبوونی ژنان نایەت وەک ئەوەی کە فێمێنیستەکان باوەڕیان پێیەتی. دەبێت مرۆڤ گەورەتر لە شەڕی نێوان دوو ڕەگەز لەو مەسەلەیە بڕوانێت و لە نامۆبوونی سێکسیی دووربکەوێتەوە. پێویست ناکات ژنان و پیاوان دژایەتی یەکتری بکەن. بە باوەڕی من دەبێت فریوی مێیینە وەک چاکەیەکی پۆزەتڤ و ئەرێنی ببینرێت. ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ مامەڵەکردنی ژن و فریوەکانی. بەڵام بێگومان دیسان مەترسی ئەوە هەیە کە بە خەڵکی بە هەڵە لەم بۆچوونەم تێبگەن.
- ئایا بینینی ژن وەک بوونەوەرێکی باڵا، بۆ خۆی دیدیێکی ڕۆمانتیکییانە نیە؟ ئەمە جگە لەوەی کە زۆرێک لە فێمێنیستەکان هەر بەڕاستی ڕەخنەی ئەو کرۆکگەراییە (essentialism) یان کردووە کە تۆ ڕەخنەی دەکەیت.
بودریار: گرنگترین شت ئەوەیە کە وەک ژن، ڕەخنە لە ژن بگرین. فریودان نە بە تەنها ستراتیژێکی سێکسییە و نە تاک لایەنانەیشە، بەڵکو لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای هەماهەنگی و ڕێککەوتن درووستبووە. ئەم گەمەیە یاسای خۆی هەیە، گەمەیەکی زۆر جەستەییە و یەکسانیخوازانەیە کە تیایدا هەردوو لایەنەکە زۆر بە قووڵی ڕۆدەچن و چەندەها گرەو و قوماری لەسەرە. تا ڕادەیەک ئایدیۆلۆژیایەکە بە زیانی دیموکراسی دەشکێتەوە. پیاوان لە ئێستادا هەوڵدەدەن ئایدیۆلۆژیایەک بدۆزنەوە کە پێناسەیان بکات، پێیشم وایە کە دەبێت مێیینە دوورتر لە سنوورە بەرتەسکەکانی خۆی بڕوات، واتە دوورتر لەو ڕێگایەی کە لە ئێستادا خۆی تێدا دەبینێتەوە.
- ئەی باشە، لەم حاڵەتەدا دەتوانین باس لە خۆشەویستی بکەین؟
بودریار: یاخیبوونێک هەیە، بەڵام بەڕاستی نازانم چۆنە. لەڕاستیدا من هیچ شتێکی ئەوتۆی وام نیە کە لەبارەی خۆشەویستیەوە بیڵێم.
- مناڵت هەیە؟ هیچ جۆرە گەشبینیەکت پێدەبەخشن؟
بودریار: دووانم هەیە کە تەمەنیان گەورەیە. ڕەنگە من باوکێکی خراپ بم بەوەی کە هیچ ئومێدێکی تایبەتی خۆمم لەسەر هەڵنەچنیوون. ئیتر ئەوە بوو خۆیان ڕێگای خۆیان هەڵبژارد و ئەوەی کە ویستیان، کردیان.
- قوماردەکەیت؟
بودریار: بە ڵێ، لە لاس ڤێگاس. هەندێک جار قومارچییش نیم.
- ئەی دەکرێت ئیشەکەی خۆت بە قومار لە قەڵەمبدرێت؟ ئەگەر وا بوو، گرەوەکانت لەسەر چیین؟
بودریار: نازانم گەر بتوانن بە گرەوی کولتووریی ناوی ببەن. بەڵام نابێت گرەو تێکەڵ بە ئەنجامەکان بکەن. گرفتەکە ئەوە نیە کە کارەکە بچووکبکەنەوە، بەڵکو کێشە ئەوەیە کە کارێکە تا تەواو دەبێت، هەر بە چواردەوری خۆیدا دەخولێتەوە[3] (دیارە کارکردن خۆی هیچ گرەوێک ناکات). گرەو وەک ئەوەی من باوەڕم پێیەتی، بریتیە لە جموجۆڵ و زیندووبوونی کارکردنەکە خۆی، تا ڕادەیەک لە یاری پۆکەر دەچێت. بەشێوەیەک لە شێوەکان، گرەوکردن گەمەیەکە دوورتر لە زیادکردن تا ببینیت چ کارتێک لە دەستی ئەوانی تردایە. گرەو ئەوەیە کە ئەوانی تر نیشانی بدەن چییان لە دەستایە.
- لە نەشوەی سۆسیالیزم (The Ecstasy of Socialism) دا باس لە سادەگۆیی ناماقوڵانەی ئایدیای سۆسیالیزم دەکەیت. ئایا ئەو دۆخە ڕەنگدانەوەی نائومێدبوونتە لە سیاسەتەکانی پاش ٦٨؟ ئایا هەرگیز لەگەڵ هیچ سیاسیەکدا لەسەر بایەخدان و سەرمەستبوون بە ناماقووڵبوونی کلتووری بەکاربردن، نەبووە بە دەنگەدەنگتان؟
بودریار: لێرەدا گرفتێکی دیاریکراومان هەیە، چونکە نەوەی ٦٨ هەموو کارتەکانیان لە یاریەکەدا بەکارهێنا. ئەوان زۆر سەرسوڕهێنەرانە نکۆڵییان لە کولتوور دەکرد، قوربانییان بە بەها سیاسیەکان دەدا. بێگومان لە دوای پرۆسەی قوربانیدانیشەوە، هەمیشە جۆرێک لە بەتاڵیی دەبینین: بەتاڵییەکی کولتووری. ئەوەی لە ئەمریکادا ئەم بەتاڵیەی پڕکردەوە کولتوور نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک ڕووداو بوون کە توانیان دیمەنە سیاسیەکانی ٦٨ بگۆڕن بە گەمەی ئاگرینی کولتووریی. رادیکالیزمی ٦٨ بوو بە مایەی بڵاوبوونەوەی چەندین ڕووداوی جۆراوجۆر، وەک چۆن ڕادیکالیزمی ئەمریکی بووە مایەی داڕمانی بازار و بۆرسە یا سەرهەڵدانی ئایدز، ڕادیکالیزمێک کە ڕۆشنبیر هیچ شوێن و پلەوپایەیەکی تێیدا نیە. مەبەستم لە ڕۆشنبیرە بە مانا زۆر باوەکەی. ڕادیکالیزمی کولتووری بوو بە مایەی هەندێک ڕووداو و تیایشیدا ڕۆشنبیر پاسڤ و بێلایەن کرا. ڕۆشنبیر هیچ پاشەڕۆژێکی نیە.
سەرچاوە:
BAUDRILLARD LIVE : Selected interview، Edited by Mike Gane, London and New York, Routledge 1993.لاپەڕەکانی ١٥٢/١٥٥.