پەکەکە: هێزى پاراستنى جه‌وهه‌ر سەربەخۆن

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌ به‌رانبه‌ر دروستکردنى هێزێکى چه‌کدارى نزیک له‌په‌که‌که‌

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هێزێکى چه‌کدارى نزیک له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که‌) که‌ بانگه‌شه‌ى پاراستنى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانى تورکیا دامه‌زرێنراوه‌، به‌رپرسانى په‌که‌که‌ ده‌ڵێن هێزه‌که‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام به‌رپرسێکى سه‌ربازى هه‌رێم هێزه‌که‌ به‌ «هێزى فه‌یسبووک» ناوده‌بات.

هه‌فته‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ى هێرش و بۆردومانه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنورییه‌کانى هه‌رێم و بنارى قه‌ندیل، له‌ میدیاکانى نزیک له‌ په‌که‌که‌وه‌ دروستکردنى هێزى پاراستنى جه‌وهه‌رى باشورى کوردستان راگه‌یه‌نرا.

هێزه‌که‌ له‌به‌یاننامه‌ى دامه‌زراندنیدا که‌ له‌لایه‌ن ئاژانسى فورات نیوزى نزیک له‌ په‌که‌که‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌، «دروستکردنی هێزەکەیان لەبەرامبەر ئەو بێدەنگییەیە کە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان هەیانە».

هه‌روه‌ها جه‌ختیان کردووه‌ته‌وه‌، پێگەی «هێزە داگیرکەرەکان» لە باشووری کوردستان دەکەنە ئامانج.

به‌پێی دوو گرته‌ى ڤیدیۆیی که‌ ئاژانسه‌که‌ بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، چه‌ند که‌سێک ده‌رده‌که‌ون که‌ جلوبه‌رگى کوردییان له‌به‌ردایه‌و ده‌موچاویان داپۆشراوه‌ و هه‌ریه‌که‌یان چه‌کێکى جۆرى کڵاشینکۆفى پێیه‌.

یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانى هێزه‌که‌ رایگه‌یاندووه‌ «ئێمە کەسانێک نین بۆ تێکدانی ئارامی بۆ شێوانی کوردستان دروست بووبین، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەمانەوێت بەخوێنی خۆمان و بەئیرادە و شەڕ و بەرخودانی خۆمان بە شێک بین لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان».

ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاره‌ هێزێکى چه‌کدارى نزیک له‌ په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان رابگه‌یه‌نرێت که‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ى هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌.

هێرشه‌کانى تورکیا له‌چوارچێوه‌ى ئۆپه‌راسیۆنى «چنگ»دایه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر راگه‌یه‌نرا، به‌ئامانجى کۆنترۆڵکردنى چیا سه‌خته‌کانى خواکوڕک که‌ پێگه‌یه‌کى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌یه‌و ده‌که‌وێته‌ سه‌ر سنورى ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ئێران.

دیار ده‌نیز ئه‌ندامى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى هه‌په‌گه‌ به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، هێزى پاراستنى جه‌وهه‌رى باشورى کوردستان هێزێکى سه‌ربه‌خۆیه‌ و ئامانجى پاراستنى باشور و گه‌لى کوردستانه‌ له‌هێرشه‌کانى تورکیا، به‌تایبه‌ت که‌ ئێستا تورکیا له‌شکرکێشى کردووه‌ بۆ نا خاکى باشور.

وتیشى «ئه‌گه‌ر حکومه‌تى عێراق و هێزى باشور به‌رانبه‌ر تورکیا بوه‌ستنایه‌ و هه‌ڵوێستیان هه‌بوایه‌، ئه‌و هێزه‌ دروستنه‌ده‌کرا، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وان هیچ شتێک ناکه‌ن به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانى تورکیا ئه‌و هێزه‌ دروستکراوه‌«.

جه‌ختیشیکرده‌وه‌، ئه‌و  هێزه‌ گرێدراوى په‌که‌که‌ نییه‌و ده‌یانه‌وێت خاکى باشور بپارێزن.

دروستکردنى ئه‌و هێزه‌ له‌کاتێکدایه‌، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا و له‌ راگه‌یه‌نراوێکدا جه‌ختیکرده‌وه‌ قبوڵى ناکات له‌ خاکه‌که‌یه‌وه‌ هێرش بکرێته‌ سه‌ر وڵاتانى دراوسێ، له‌ ئاماژه‌یه‌کى رووندا بۆ په‌که‌که‌ که‌ ماوه‌ى چوار ده‌یه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا له‌شه‌ڕێکى خوێناویدایه‌.

حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردبوو، له‌سه‌ر بۆردومانه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى تورکیا نیگه‌رانییان گه‌یاندووه‌ته‌ تورکیا. به‌هۆى بۆردومانه‌کانه‌وه‌ له‌ بنارى قه‌ندیل سێ هاوڵاتى گیانیان له‌ده‌ستدا و پێنجى دیکه‌ش برینداربوون.

سه‌باره‌ت به‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌ى حکومه‌تى هه‌رێم، دیار ده‌نیز باسى له‌وه‌کرد، په‌که‌که‌ هێزێکى کوردییه‌ و ده‌یه‌وێت خاکى کوردستان بپارێزێت له‌هه‌ر شوێنێک بێت، به‌رانبه‌ر «داگیرکارییه‌کانى» تورکیا.

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تا ئێستا به‌فه‌رمى بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌ به‌رانبه‌ر دروستکردنى ئه‌و هێزه‌ چه‌کدارییه‌ى نزیک له‌ په‌که‌که‌. به‌رپرسێکى سه‌ربازى به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند «ئێمه‌ له‌سه‌ر هێزى فه‌یسبووک هیچ قسه‌یه‌ک ناکه‌ین».

‌هاوڵاتى په‌یوه‌ندى به‌چه‌ند به‌رپرسێکى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ کرد، به‌ڵام ره‌تیانکرده‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ بکه‌ن.

به‌پێی یاسا هه‌ر هێزێک له‌ هه‌رێمى کوردستان دروستبکرێت پێویسته‌ له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا بێت، به‌ڵام هێشتا لیواکانى 70ى یه‌کێتى و 80ى پارتى له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌ ماونه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌کان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌یان.

عه‌مید عادل کاکه‌یی شرۆڤه‌کارى سه‌ربازى به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، له‌رووى یاساییه‌وه‌ هیچ هێزێکى سه‌ربازى له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ نابێت بوونى هه‌بێت، هه‌موو هێزه‌کان ده‌بێت له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تدا بێت.

وتیشى «دروستکردنى ئه‌و هێزه‌ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ بێت نایاساییه‌، چونکه‌ په‌که‌که‌ گۆڕه‌پانى کارکردنى له‌ باکورى کوردستانه‌ و حزبێکى رێگه‌پێدراونییه‌ له‌هه‌رێم تا بتوانێت کاربکات و گروپى چه‌کدارى دروستبکات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار