حکومه‌ت کێشه‌ى باخه‌کان یه‌کلایی ناکاته‌وه
15 هه‌زار باخ له‌سنوورى سیتهکو مێرگهپانو بانى مه‌قان بوونیان هه‌یه
5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
حکومه‌تى هه‌رێم کێشه‌ى ئه‌و هه‌زاران باخه‌ى به هه‌ڵپه‌سێردراوى هێشتووه‌ته‌وه، که له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراقه‌وه له ناوچه جیاوازه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا دروستکراوه و دیار نییه که‌ى و چۆن ئه‌و پرسه یه‌کلایی ده‌کاته‌وه.
به‌پێى ئامارێکى فه‌رمى، زیاتر له 15 هه‌زار باخ له سیته‌ک و ده‌وروبه‌رى و ناحیه‌ى سورداش و مێرگه‌پان و بانى مه‌قان نزیک چه‌مچه‌ماڵ بوونى هه‌یه، بێجگه له‌وه‌ى له مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین و شه‌قڵاوه‌و ناوچه‌کانى پارێزگاى دهۆک بوونیان هه‌یه‌و حکومه‌ت کێشهکهیانى به هه‌ڵواسراوى هێشتۆته‌وه هه‌رچه‌نده له نوسینگه‌کاندا مامه‌ڵه‌ى کڕین و فرۆشتنیان پێوه ده‌کرێت به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى.
به‌هره حه‌مه سه‌عید، سه‌رۆکى شاره‌وانى سیته‌ک، له‌لێدوانێکدا به وت «زه‌ویه‌کان هى وه‌زاره‌تى داراییه‌و هێشتا هیچ زه‌وییه‌ک نهکوژێندراوتهوه و بخرێته سه‌ر شاره‌وانى و هێشتا ماستهرپلانیشمان بۆى نییه، ته‌نها گوندى سیته‌ک نه‌بێت که ئێستا خه‌ریکین و له‌هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ى خانووه‌کانیان بۆ تاپۆ بکرێت».
ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، فۆرمێکیان ئاماده کردووه‌و 10 هه‌زارو 37 باخ بوونیان هه‌یه له سیته‌ک و ده‌وروبه‌رى، ناردوویانه بۆ ناحیه تا داخڵى کۆمپیوته‌رى بۆ بکرێت و بۆیان بهێننه‌وه تا ئه‌و کاته‌ى چاره‌نوسیان یه‌کلایده‌کرێته‌وه.
سنورى شاره‌وانى سیته‌ک له تونێله‌که‌وه ده‌ستپێده‌کات تا بازگه‌ى چوارتا که هه‌زار و 600 دۆنمه و سێ هه‌زار باخى تێدایه.
سه‌رۆکى شاره‌وانى سیته‌ک باسى له‌وه‌کرد، داوایان کردووه زه‌وییه‌کان بکرێن به‌ناوى شاره‌وانییه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه چوار ساڵه داواکارى پێشکه‌ش ده‌که‌ن به حکومه‌ت و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و حکومه‌ت ره‌تیکردۆته‌وه.
به‌هره حه‌مه سه‌عید ده‌ڵێت تا ئێستا چاره‌نوسى باخه‌کان روون نییه‌و لهسهڵاحیاتى په‌رله‌مانه پرۆژه‌یاسایه‌ک ده‌ربکات و بکرێته یاسا و حکومه‌ت جێبه‌جێ بکات بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و باخانه که بونه‌ته ئه‌مرى واقع.
وتیشى «پێشنیارمان کردووه بیناى ناو باخه‌کان تاپۆ بکرێت له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ى به‌کاریده‌هێنن و زه‌وى باخه‌که بدرێته ئیجارو ساڵانه به‌کرێ پێیان بدرێت ئه‌وه‌ش ده‌بێته داهاتێکى گه‌وره بۆ حکومه‌ت و ئێمه‌ش وه‌ک شاره‌وانى ده‌توانین مه‌جارى و ئاویان بۆ رابکێشین و ناوچه‌که زیاتر خزمه‌ت بکه‌ین».
به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 هه‌ر که‌سێک له‌سه‌ر زه‌وییه‌ک خانوو دروست بکات، ده‌بێت سه‌رۆکى وه‌حده‌ى ئیدارى خانوه‌که به‌و که‌سه بروخێنێت که دروستى کردووه و خۆیشى خهرجییهکهى بدات، به‌ڵام به‌وته‌ى سه‌رۆکى شاره‌وانى سیته‌ک ئه‌و یاسایه نه له به‌رژه‌وه‌ندى حکومه‌ته نه هاوڵاتیان ده‌کرێت هه‌مواربکرێته‌وه بۆ خزمه‌تى هه‌ردولا.
دروستکردنى باخ زۆربه‌ى ناوچه‌کانى گرتۆته‌وه له‌ناحیه‌ى سورداش زیاتر له سێ هه‌زار باخ دروست کراون که زۆرینه‌یان له مێرگهپانن.
به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سورداش ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان حکومه‌ت ئه‌م دۆسیه‌یه به هه‌ڵواسراوى نه‌هێڵیته‌وه که بۆته ئه‌مرى واقع و چاره‌سه‌ر بکات تا ببێته داهاتێک بۆ حکومه‌تى هه‌رێم.
محه‌مه‌د عه‌بدولره‌حمان جه‌لال، به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سورداش له‌لێدوانێکدا به وت «ئه‌و فۆرمه‌ى له سیته‌ک کرا بۆ ئه‌وانه‌ى باخیان دروستکردووه، ئێمه‌ش ویستمان به‌ڵام که‌س نه‌یوێرا بێت فۆرمه‌که پربکاته‌وه«.
هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که زیاتر له سێ هه‌زار باخ له‌سنورى ناحیه‌ى سورداشدا بوونیان هه‌یه‌و زۆرینه‌یان له‌ناوچه‌ى مێرگهپانن، وتیشى «پێشنیارمان بۆ حکومه‌ت کردووه که تازه ئه‌مه بۆته ئه‌مرى واقع زه‌ویه‌کان له سهخهرییهوه گۆراون بۆ نیشته‌جێبوون و باخ و کاره‌بایان پێگهشتووهو جاده‌ى قیریان هه‌یه، ئه‌وانه‌ى تاپۆى خۆی هه‌یە سنفى زه‌ویه‌که بگۆرێت له زراعییهوە بۆ سهکهنى و باخ و پاره‌یان لێ وه‌ربگیرێت و ببێته داهاتێک بۆ حکومه‌ت، ئه‌وانى دیکه‌ش چاره‌سه‌رێک بکرێن که له‌به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان و حکومه‌تدا بێت».
جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که «ده‌یان به‌رپرسى باڵا که له حکومه‌ت و حزبدان باخیان هه‌یه‌و که‌س ناوێرێت بڵێت به‌رى چاوتان کلى پێوه‌یه با بێن چاره‌سه‌رى ئه‌و باخانه بکه‌ن و کێشه‌که به هه‌ڵواسراوى نه‌هێڵنه‌وه«.
ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت چاره‌سه‌ری ئه‌و باخانه که به هه‌زاران باخ هه‌ژمارى ده‌کات پێویستى به گفتوگۆى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى رێکخراوه ناحکومییه‌کان هه‌یه که خه‌ڵکى شاره‌زا قسه‌ى تێدا بکات و دواتر بکرێته پرۆژه یاسا و بێته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بکرێن.
جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆران له‌لیژنه‌ى یاسایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به وت» چاره‌سه‌رى ئه‌و باخانه‌ى که دروستکراون له‌هه‌رێمى کوردستاندا به‌وه ده‌بێت رێکخراوه ناحکومییه‌کان دیبه‌ت و کۆڕى بۆ بکه‌ن و پرۆژه‌یه‌ک بده‌نه په‌رله‌مان تا بکرێته پرۆژه یاسا و گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت».
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد ته‌نها له سیته‌ک و مێرگه‌پان باخ نه‌کراوه له بان مه‌قان نزیکى چه‌مچه‌ماڵ زیاتر له‌هه‌زار باخ کراوه‌و له شه‌قڵاوه‌و مه‌سیف و چه‌ندین ناوچه‌ى دیکه باخ کراوه‌و ڤێلاو خانووى تێدا کراوه.
جه‌لال محه‌مه‌د جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه دواى پرۆژه یاساکه ده‌کرێت حکومه‌ت چاره‌سه‌رێک دابنێت که له‌به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان و حکومه‌تدا بێت و هه‌م ببێته داهاتێک بۆ حکومه‌ت و ئه‌و باخانه‌ى ده‌توانرێت بگه‌رێندرێته‌وه که زه‌وى له‌وه‌رگا بوون یان سه‌خه‌رى و ناوچه‌ى سه‌وز بوون حکومه‌ت وه‌ریبگرێته‌وه.