رۆژئاوای کوردستان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن ئاستی سەربازی تێپەڕێنێت
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات: لەسەر ئەمریکا پێویستە هاوپەیمانەکانی بپارێزێت
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاستی سەربازی تێپەڕێنێت بەرەو ئاستی دیبلۆماسی و سیاسی، لە چوارچێوەی سوریاشدا پەیوەندییەکانیان درێژە پێبدەن.
بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو تا ئێستاش ئەمریکا کە رابەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی داعش دەکات، هەماهەنگی سەربازی بەردەوامی هەبووە لەگەڵ هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە پشتیوانی ئەمریکا ئەو هێزانە سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەستی داعشیان لە سوریا کۆنترۆڵکردەوە.
دوایین پێگەی رێکخراوی داعش لە باغۆزی سوریا بوو، کە هەسەدە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا و بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا توانیان کۆنتڕۆڵی بکەنەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە تێکەڵەیەکە لە هێزی کوردی و عەرەب و سریانی ساڵی ٢٠١٥ دامەزرێنرا، بەمەبەستی پاراستنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.
لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە و تا ئێستاش هەماهەنگی سەربازی ئەمریکا و شەڕڤانان بەردەوامە، بەڵام پەیوەندییەکان زیاتر سەربازین و کەمتر پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی بووە.
سلێمان عارەب سیاسەتمەداری رۆژئاوای کوردستان کە نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدەیە لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، لەکاتی شەڕی دژی داعشەوە تا ئێستا رۆژئاوای کوردستان پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و جیهان هەبووە، بەتایبەتی ئەمریکا کە بەردەوام هەماهەنگی سەربازی لەنێوانیان هەبووە.
وتیشی «پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای شەڕ لەدژی تیرۆر و بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیی و پاراستنی مافی پێکهاتەکانە، لەو بوارەشدا پەرەمان بە پەیوەندییەکانمان داوە».
کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەراورد بە چەند مانگێک لەمەوبەر کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیدا، ئێستا دڵنیاترن لە پاراستنیان لە لایەن ئەمریکاوە، بەتایبەت کە ترەمپ هەفتەی رابردوو لەوتەیەکدا لەکۆبوونەوەی لوتکەی جی بیست لە ژاپۆن بەئاشکرا وتی کە رێگری لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە هێرش بکاتە سەر کوردانی سوریا و بیانسڕێتەوە.
لەدوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لەلایەن ترەمپەوە، نیگەرانی کوردەکان لەسەر بە ئامانج گرتنیان لەلایەن تورکیاوە زیادیکرد، تا ئەوکاتەی ترەمپ بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانیان لەو وڵاتە بمێنێتەوە، کە بەشێکیان لەرۆژئاوای کوردستان جێگیربوون.
لەو کاتەوە تا ئێستا تورکیا بەبەردەوامی هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هێز رەوانەی سنوری رۆژئاوا دەکات، بەڵام مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە رێگری سەرەکی بەردەم لەشکرکێشییەکە دادەنرێت.
لەبارەی وتەکانی ترەمپ و پاراستنی کوردانی رۆژئاوا لەلایەن ترەمپەوە، سلێمان عارەب باسی لەوەکرد، ئەمریکا وڵاتێکی زلهێزە و تێڕوانینی خۆی هەیە لەبارەی رووداوەکان، بەڵام شەڕڤانان پێش هاتنی هێزەکانی ئەمریکاش بۆ سوریا و یارمەتیدانی شەڕڤانان لەلایەن ئەو وڵاتەوە، خۆیان بەرگریان لە رۆژئاوای کوردستان کردووەو بەرانبەر داعش و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا وەستاونەتەوە و لەجیاتی هەموو جیهان لەدژی تیرۆر جەنگاون.
بەدرێژایی شەڕی دژی داعش ئەمریکا بەبەردەوامی کەرەستەی سەربازی و چەکی قورسی رادەستی شەڕڤانان کردووە و مەشق و راهێنانی پێکردوون، بەوتەی بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان تا ئێستاش هەمانگی نێوانیان بەردەوامە.
بەڵام پەیوەندییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئەمریکا زیاتر لەرووی سەربازییەوە ماونەتەوەو نەپەڕیوەتەوە بۆ ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی، کە بەوتەی سلێمان عارەب بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان دەوڵەت نییەو تەنها ئیدارەیەکە لە چوارچێوەی سوریادا.
وتیشی»دەمانەوێت ئاستی پەیوەندییەکانمان لەسەربازییەوە بچێت بەرەو سیاسی و دیبلۆماسی، دەمانەوێت لەو بوارەشدا پەیوەندیمان هەبێت، بەتایبەتی ئێستا کە نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە واشنتۆن کراوەتەوە».
پێدەچێت بەشێک لە هۆکاری نەبەستنی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی واشنتۆن لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان پەیوەندی بە نیگەرانییە بەردەوامەکانی تورکیای هاوپەیمانی واشنتۆنەوە بێت لە ناتۆ، بەرانبەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ئەنقەرە خستونیەتە «لیستی تیرۆرەوە».
بەڵام ئیدارەی ترەمپ تا ئێستا روبەڕووی نیگەرانییەکانی تورکیا بووەتەوەو دەیەوێت پارێزگاری لەهاوپەیمانەکەی لە سوریا بکات کە ئێستا گەورەترین ناوچەی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی رژێمی ئەسەد بەدەستەوەیە، کە دەکاتە سێیەکی کۆی روبەری خاکی سوریا. بەتایبەت کە هەژمونی تاران و مۆسکۆ لەلایەک و ئەنقەرە لەلایەکی دیکەوە تادێت زیاتر دەبێت.
سلێمان عارەب جەختیکردەوە، ئەوان لە چوارچێوەی سوریادا دەیانەوێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بمێنێتەوە و لەچوارچێوەی مانەوەیاندا لەناو ئەو وڵاتەدا پەیوەندییەکان رێکبخەن.
پێش کۆتایی هێنان بە داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی باغۆز، کوردانی رۆژئاوای کوردستان دانوستانی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ سوریا دەستپێکرد، لەرێگەی مۆسکۆوە بەمەبەستی گهیشتن بە رێککەوتن لەبارەی ناوچەکانی ژێر دەستیان و نەخشە رێگایەکیان رادەستی سوریا کرد.
تا ئێستا دیمەشق، وەڵامی نەخشە رێگاکەی نەداونەتەوە، کە یەکێک لە خاڵەکانی، تایبەتە بەوەی هێزەکانی هەسەدە بکرێنە چوارچێوەی سوپای سوریاوە، بەمەبەستی پاراستنی سنورەکانی سوریا لەهەر هەڕەشەیەک ئەگەر دیمەشق مافەکانی کورد و پێکهاتەکان گرەنتی بکات لە دەستورێکی نوێدا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەکەشیان پارێزراوبێت لەچوارچێوەی ئەو وڵاتەدا.
ئامینە عومەر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە هاوڵاتی راگەیاند، پەیوەندی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئەمریکا پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای پشتیوانی و هاریکاری لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
وتیشی «هۆکاری سەرەکی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا بنەبڕکردنی داعشە کە هەڕەشەیە بۆسەر هەموو جیهان، پەیوەندییەکە ئێستا تەنها لە چوارچێوەی پشتیوانی سەربازییدایە».
ئامینە عومەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان باسی لێدوانەکانی ترەمپ ناکەن، بەڵام بەباشی ئاگاداری نیازی داگیرکاریی و فراوانخوازیی تورکیا و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتەن بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەسەرجەم پێکهاتەکانییەوە نەک تەنها بۆ سەر کورد.
جەختیشیکردەوە، لەسەر ئەمریکا پێویستە ئەو هاوپەیمانانەی بپارێزێت کە لەشەڕی دژی داعشدا لەپاڵیدا وەستان و رێگری لەهەر هێرشێک بکات کە ناوچەکانیان بە ئامانج بگرێت.