کێشمەکێشی ناو شیعەکان، کورد دەهاڕێت؟

بەشێک لەپەرلەمانتارانی کورد پێیانوایە بێنەو بەردەکەیان لەبەغدا مەترسی لەسەر پشکی کوردو مووچە دروست ناکات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ململانێ و کێشمەکێشی ناو بەشێک لە لایەنە شیعییەکان لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر پرسی بودجە و موچەی هەرێم چڕبووەتەوە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردیش بەدوری دەزانن ئەو ململانێیە مەترسی لەسەر پشکی کوردو موچەی فەرمانبەران دروستبکات.

پەرش و بڵاوی کوتلە شیعییەکان لەپەرلەمانی عێراق، دەرگای لەسەر چەندین ململانێ لەنێوانیان کردووەتەوە، لەو نێوەندەشدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران کە هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی نییە پشتیوانی لێبکات، بەر ئاگری ئەو ململانێیە کەوتووە.

پرسی بەشە بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا، ئێستا بووەتە چەقی ئەو ململانێیانە و هەریەکەیان دەیەوێت لەرێگەیەوە دەستکەوت بۆخۆی تۆماربکات.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نەسر دەکات لە پەرلەمان، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ فشارخستنە سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران تا چیتر بەشە بودجەی هەرێم رەوانە نەکات، بە پاساوی ئەوەی هەرێم نەوتی رادەستنەکردووە.

هەروەها رەوتی حیکمە بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم یەکێک لە دیارترین سەرکردە شیعیەکان لە عێراق کە بەم دواییانە ئۆپۆزسیۆن بوونی راگەیاند، بەهەمان ئاڕاستە هەوڵەکانی دەستپێکردووە.

بەڵام دیار نییە ئەم ململانێیانە ئەنجامەکەی چیدەبێت، بەتایبەت کە ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە لەسەر پرسی بەشە بودجەی هەرێم و پابەندنەبوونی هەرێم بە رادەستنەکردنی نەوتەوە رۆژی پێنجشەممە وەزیرانی نەوت و دارایی بانگهێشتی پەرلەمان بکات.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ‌ راگەیاند، پرسی بانگهێشتکردنی وەزیرەکان و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری سەرۆک وەزیران پەیوەندی بەنەوت و بودجەوە هەیە، بەڵام پێناچێت کاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبکات، چونکە بەپێی یاسا موچە و بودجەی هەرێم لەیەک جیاکراونەتەوە.

وتیشی «ئێمە پێمانوایە وەزیر هیچ موخالەفەیەکی نەکردووە، لەبەرئەوەی جگە لە موچە هیچ بڕە پارەیەکی زیادەی نەناردووە، بەڵام لایەنە عێراقییەکان پێیانوایە بە هەژمارکردنی نرخی ٢٥٠ هەزار بەرمیلەکە بەپێی نرخی سۆمۆ، پارەی زیاتر نێردراوە بۆ هەرێم، بەشێکی تریشیان پێیانوایە هەر نابێت پارە بنێردرێت کە ئەوە لەگەڵ یاساکە یەکناگرێتەوە».

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ئەو پرسە پەیوەندی بە ململانێی نێوان کوتلە شیعییەکانەوە هەیە، لەنێوان خۆیان و لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا، بەتایبەت کوتلەکانی نەسری عەبادی و حیکمە کە ئۆپۆزسیۆن بوونی راگەیاندووە.

ئەو کوتلانە رۆژی دووشەممە لەیەکەم هەوڵیاندا لەو بارەیەوە شکستیانهێنا، کاتێک هەوڵیاندا هەموارکردنەوەی مادەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم بخەنە دەنگدانەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان داواکەی رەتکردەوە.

شیروان میرزا  پێیوایە، ئەو کوتلە شیعییانە لەرێگەی وروژاندنی ئەو پرسەوە دەیانەوێت لەهەرێمی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی بدەن، بەڵام ئەو زۆرینەیە نین کە مەترسی دروستبکەن.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بەرپرسانی هەرێم بە دۆستی خۆیانی دادەنێن، تا ئێستا لەبەردەم فشارەکان خۆیگرتووە و دەیەوێت لەرێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە لەگەڵ هەرێم بەیەکجاری ئەو پرسە چارەسەر بکات.

دوێنێ سێشەممە عادل عەبدولمەهدی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، لەسەر هەنگاوەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەدورگرتنی موچەی خەڵکی هەرێم لە کێشەکان.

بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی ئەو پەرلەمانتارە، عادل عەبدولمەهدی باسی لەوەکردووە، پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکارێکی جدی حکومەتی فیدراڵ بێت بەوەی موچەی فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا دابەشبکات و یاسای بودجە جێبەجێ بکات «هەردولاش کار بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و بە دامەزراوەیی و شەفافکردنی کەرتی نەوت بکەن».

غالب محەمەد ئەندامی لیژنی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی بەبەردەوامی داوای چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکات، پێیوایە بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی ئەوە ناگەیەنێت کە مەترسی جدی هەیە لەسەر موچەی فەرمانبەران، چونکە تا مانگی ١٢ بەغدا دەینێرێت.

وتیشی «ئێمە دەمێکە وتومانە ئەم وەزعە بەمشێوەیە ناڕوات بەڕێوە، لەدوای مانگی ١٢ەوە مەترسییەکە هەیە، چونکە بودجە تەنها بۆ ئەمساڵە».

سەبارەت بە ململانێی لایەنە شیعییەکان لەو بارەیەوە، غالب محەمەد پێیوایە هەرێم بە رادەستنەکردنی نەوت بەبەغدا خۆی بیانوی داوەتە دەست ئەو لایەنانە، «هەرێم ئەگەر نەوت رادەستبکات ئەوان ناتوانن ئەوە بکەن، بەڵام خۆمان داومان داوە بەدەستیانەوە بۆ ئەوەی تێوەمان بپچێن».

رونیشیکردەوە «کوتلەی نەسر بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ئەو پرسە دەوروژێنێت، کە دژی عادل عەبدولمەهدییە و کار بۆ ئەوەدەکات عەبادی ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران».

غالب محەمەد جەختیشیکردەوە، رێگەچارەکە ئەوەیە هەرێم بەپێی یاسای بودجە، رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستبکات، ئەگەر ئەوە نەکات وەزعەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، ئەگەر ئەوەنەکات ساڵی داهاتوو وەک ئەمساڵ نابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، بانگهێشتکردنی وەزیرانی دارایی و نەوت رەنگە لەرووی کەسییەوە کاریگەرییان لێبکات، بەڵام لە رووی مەترسی لەسەر موچەوە کاریگەری ئەوتۆ دروستناکات.

بودجەی عێراق بڕەکەی ١١٢ ملیار دۆلارە و زیاتر لە ١٩ ملیار دۆلار کورتهێنانی هەیە. بەپێی یاسای بودجە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندنەبوو بە هەناردەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەرێگەی بەغداوە، لەو پشکی لەسەدا ١٢.٦٧ی دەبڕدرێت کە بۆی دیاریکراوەو بڕەکەی دەگاتە ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار.

هەر بەپێی یاساکە کە سەرەتای ئەمساڵ پەسەندکرا، بڕی ٦٤٧ ملیاری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پیشمەرگەو شەهیدان جێگیرکراوە تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتیش رادەستی بەغدا نەکات.

تا ئێستا بەغدا مانگانە بڕە پارەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی رەوانەکردووە، حکومەتی هەرێمیش هەرچەندە ئامادەیی بۆ رادەستکردنی نەوت پیشانداوە، بەڵام هێشتا هیچ بڕە نەوتێکی رادەستنەکردووە.

هەفتەی رابردوو سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، ئامادەن نەوت رادەستی بەغدا بکەن، بەڵام دەبێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ناردنی تەواوی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، وتی نەک وەک ئێستا کە ئەو پارەیەی کەدەینێرێت بەشی موچەی فەرمانبەران ناکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار