«ڕەوتی شاخ» مەلا کرێکارو گروپەکەی دەباتە کونجی زیندان
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی، کاکەلاو عەبدوڵا
مەلا کرێکار، 62 ساڵ، ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام و سەرۆکی ڕەوتی شاخ کە چەند ساڵێکە لە نەرویج دایمەزرادندووە، ١٢ ساڵ سزای بەسەردا سەپێنرا لە لایەن دادگایەکی ئیتاڵیاوە، لەگەڵ پێنج کەسی تر بە سزای حەوت بۆ نۆ ساڵ زیندانیی، ئەوەش بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کاری توندوتیژی لە چوارچێوەی ئەو رەوتەدا.
جگە لە مەلا کریکار، هەریەکە لە ئاوات کەرکوکی، ماکوان کەریم رەحیم، وەهاب حەمەساڵح، لەگەڵ هەریەکە لە زانا رەحیم عەبدولڕەحمان، کامیل فەتاح جەلال، رێبوار حەمەد سزای حەوت مانگ و شەش مانگ تا نۆ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.
ڕەوتی شاخ چەند ساڵێکە لە نەرویج دامەزرێنەوە لە لایەن مەلا کرێکار و چەند کوردیکی ترەوە کە پێشتر پشتگیری و هاوسۆزی خۆیان بۆ داعش دەربڕیوە، هەروەها بڕوای بە جیهاد هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.
جیهاد چەمکێکی ئیسلامیەو رەوتە ئیسلامیەکان لەسەری نانۆکن، هەندێکیان پێیان وایە جیهاد بە واتای «قتال» (کوشتن) نایات و رەخنە لە رەوتە ئیسلامیە تونژەروەکان دەگرن کە جیهادیان کردۆتە بەهانە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان لە بەرگری شەرعیدا، لە کوردستان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نوێنەرایەتی ئەم رەوتە دەکات و بڕوای وایە جیهاد یەکسان نیە بە «قتال».
بەڵام رەوتە ئیسلامیە توندڕەوەکان هاوشیوەی داعش و قاعیدەو ڕەوتی شاخی مەلا کریکار بڕوایان وایە جیهاد بە واتای قیتال (کوشتن) دێت و لەم چوارچیوەشدا لە هەرشوینێک بیت گروپی چەکدار دروست دەکەن تا دەگاتە ئەنجامدانی کاری تەقینەوە. مەلاکرێکارو ڕەوتی شاخ بڕوایان بەم کارە هەیە.
مەلا کرێکار ئەو پەنابەرەی لە نەرویج زۆرترین قسە و باسی لەسەرە، پێرێ لە ئۆسلۆ دەستگیرکرا لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری پۆلیسی نەرویج لەسەر داواکاری دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا، دەستگیرکردنەکەی دوای ئەوە هات دادگای ئیتاڵیا سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند لەسەر داڕشتنی پلانی کردەوەی تیرۆرستی.
دووشەممەی رابردوو نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە کرێکار سزای زیاتری زیندانی بەسەردا سەپێنرا لە ئیتاڵیا زیاتر لەوەی داواکاری گشتی چاوەڕوانی دەکرد. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی تەلەفزیۆن و رادیۆیی نەرویجی لەبەرئەوەی ڕەتیکردوەتەوە بچێتە ئیتاڵیا، دادگای وڵاتەکە بەناچاری دادگاییەکەیان ئەنجامداوە بەبێ بوونی کرێکار بۆ بەرگریکردن لەخۆی و سزای ١٢ ساڵ زیندانیان سەپاندووە بەسەریدا کە داواکاری گشتی داوای ١٠ ساڵی کردبوو.
حوکمەکەی لەسەر بنەمای تۆمەتی بونی پەیوەندی بە گروپی «ڕەوتی شاخ» کە لقێکە لە ئەنسارولئیسلام.
بەپێی دادگای ئیتاڵیا کرێکار وەک سەرکردەی گروپی ڕەوتی شاخ مامەڵەی لەگەڵ کراوە. جگە لە کرێکار پێنج کەسی تریش سزای ٩ ساڵ زیاتریان بەسەردا سەپاوە بەهۆی پەیوەندیان بە تۆڕە تیرۆریستییەکەوە. گروپی ڕەوتی شاخ بەوە تۆمەتبار کراوە کە پلانی هێرشێکیان داڕشتووە کە تێیدا دیپلۆماتکاری نەرویجی و بەریتانیان بەئامانج گرتووە و پلانی ڕفاندنی چەندین نێردراوی تریان داڕشتووە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی نەرویجی بۆ بەردانی کرێکار لەساڵی ٢٠١٥ کە ئەوکات لە زینداندا بوو.
دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا بڕیارێکی نوێیان دەرکرد بۆ دەستگیرکردنی کرێکار و داوای رادەست کردنیان کردووە بۆ ئیتاڵیا جارێکی تر دوای ئەوەی کە پێشتر داوا کراوە لەسەر هەبوونی پەیوەندی بە تۆڕێکی تیرۆرستی لە ئەوروپا بەڵام دواتر ئیتاڵیا لە داواکەی کشایەوە و ڕادەستنەکرا. پۆلیسی نەرویجی شەوی دوشەممە ڕایگەیاند کە ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە بۆ دەستبەسەرکردنی کرێکار کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ «ئاگادارکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی و بڕیارێکی دەستگیرکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیاوە.»
پارێزەری کرێکار، برینجار مێلینگ ڕایگەیاندووە تووشی سەرسوڕمان بووە سەبارەت بە گرتنەکەی بەهۆکاری ئەوەی کرێکار بەبەردەوامی لەگەڵ دەسەڵاتداران هەماهەنگی نیشانداوە نەک هەر لە نەرویچ بەڵکو لە سەرتاسەری ئەوروپا و لە ئێستاشدا هیچ هۆکارێک نییە تا کرێکار خۆی بدزێتەوە لە یاسا.
هەروەها مێلینگ ڕەخنەی لە چۆنیەتی شێوازی بەڕێوبردنی دادگاییەکە و بڕیارەکەی دادگای ئیتاڵیا گرت بەهۆکاری ئەوەی کرێکار بێبەشکراوە لە بەرگریکردن لە خۆی لە دادگای بۆلزانۆی ئیتاڵیا.
پارێزەرەکەی کرێکار ڕاشیگەیاند مەلا کرێکار ڕەتیکردوەتەوە گەشت بکات بۆ ئیتاڵیا بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەی بێتاوانی خۆی چونکە دادگاکە دڵنیایی پێنەداوە کە ڕادەستی وڵاتێکی تر نەکرێت. تەنانەت ڕێی پێنەدراوە کە لەڕێی ڤیدیۆی راستەوخۆوە بەشداری دادگاییەکە بکات و بەرگری لەخۆی بکات.
کرێکار ترسی لەوە هەیە کە رادەستی عێراق بکرێتەوە چونکە پێشتر عێراق رایگەیاندووە هیچ گرەنتییەکی پێنادات بۆ سەلامەتی و ڕەنگە ڕووبەڕووی پەلامار و کوشتن ببێتەوە.
حوکمەکەی کرێکار بڕگەیەکی تێدایە داوای دانوستانێکی دادگا دەکات کە تێیدا دادگای نەرویج بڕیار دەدات ئاخۆ ڕادەستی ئیتاڵیای بکەن یاخود نا.
مێلینگ ئەوەشی وت کە کرێکار داوای پێداچوونەوەی حوکمەکەی کردووە و لەدژی هەموو بڕیارێکی ڕادەستکردنەوەیە ئەمەش خولێکی تری نوێی دادگا دروست دەکاتەوە لە نەرویج هەرچەندە پێشتر دادگای باڵای نەرویج ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە بۆ ڕادەستکردنی بە ئیتاڵیا.
مادس ئەندیناس پرۆفیسۆری زانکۆی ئۆسلۆ لە بەشی یاسا ڕایگەیاندووە کە داواکاری دەستگیرکردن و رادەستکردنی کرێکار لەسەر بنەمای «یاسایەکی تەواو نوێیە بۆیە وا دەخوازێت کە ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی نوێ ببێتەوە.» ئەندیناس لەئێستادا وەک مامۆستایەکی گرێبەست لە ڕۆما کار دەکات و ئاشنایی هەیە لەگەڵ سیستەمی یاسایی ئیتاڵیادا. ئەندیناس پێیوایە کەیسەکەی کرێکار خراوەتە خانەی کەیسێکی سیاسی و ڕووبەڕووی فشاری سیاسی بوەتەوە لەو حکومەتەی کە ئێستا ئێرنا سۆلبیرگ سەرۆک وەزیرانیەتی.
پێشتر کرێکار بەوە توانبار کراوە کە چەندین هەڕەشەی کردووە لەناویاندا هەڕەشە بۆ سەر ئێرنا سۆلبێرگ چەند ساڵێک پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا.
پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئەمریکی داوای دەستگیرکردنی کرێکاریان کردووە و لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا ناوی هەیە.
لارس گولە، توێژەرەوەی بواری تیرۆر بە دامەزراوەی تەلەڤزیۆن و رادیۆی نەرویجی ڕاگەیاندووە کە کەیسەکەی کرێکار بەشێکە لە یاریەکی گەورەتری هێزی سیاسی.
گولە دەشڵێت «ئێمە دەزانین دەسەڵاتدارانی داوەری نەرویجی لە ئیتاڵیا بوون بە ئامانجی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا قایل بکەن داوای ڕادەست کردنەوەی بکەن، ئەوە مانای ئەوەیە ڕەهەندێکی سیاسی لەئارادایە کە زۆر زەحمەتە لێی بکۆڵیتەوە.»
کرێکار ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار چووە نەرویج و داوای مافی پەنابەرێتی کرد وەک پەنابەرێکی کوردستانی عێراق. دواتریش ڕێیپیدرا خانەوادەکەشی بباتە نەرویج. پاشان ئاشکرابوو کە کرێکار سەرپێچی کردووە لە بەندی مافی بەنابەرێتیەکەی بە گەشتکردنی بۆ کوردستان و دامەزراندنی ئەنسارولئیسلام لە ساڵی ٢٠٠١.
ساڵی ٢٠٠٣ وازی لە گروپەکە هێنا و گەڕایەوە بۆ نەرویج کە لەو کاتەوە لەلایەن چەندین حکومەتی جیاجیای وڵاتانەوە تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلانی لە چالاکی تیرۆریستی. لەساڵی ٢٠٠٦ەوە ناوی لە لیستی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ەوە لەلایەن دادگای باڵای نەرویجییەوە وەک «مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی» ناسێنرا.
لە ٧ی ئازاری ی ٢٠١٢ ماوەی ٥ ساڵ زیندانیکرا لەسەر هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ سەر کەسایەتی نەرویجی و کوردی. جگە لەمەش سێ جاری تر لە ساڵی ٢٠١٥ دەستگیرکراوە بەتۆمەتی هاندانی کوشتنی کاریکاتێریستەکەی چارلی هیبدۆ و هەبونی پەیوەندی بە داعشەوە.