محەمەد نەزیف قادری جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حدکا بۆ ‌هاوڵاتی: پێویستە عێراق‌ و هەرێم بەدەنگ بێن لەسەر بەزاندنی سنووری لەلایەن ئێرانەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



 

سازدانی: هاوڵاتی

 

جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی حدکا رایدەگەیەنێت، هیچ پاساوێک بۆ بەزاندنی سنوری عێراق و هەرێم لەلایەن ئێرانەوە نییە و پێویستە بەدەنگ بێن.

محەمەد نەزیف قادری لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەوەدەکات، ململانێ نێودەوڵەتییەکان و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان ئامانجیان لەگەڵ ویست و داخواز و ئامانجی ئەوان جیایە، چونکە گۆڕینی رژێمی ئێران بەرنامەیەکی دیاریکراویان نییە.

هاوڵاتی: هاریکاریی نێوان حزبەکانی رۆژهەڵات لە چ ئاستێکدایە؟

محەمەد نەزیف قادری: بزووتنەوەی میللی-دێموکراتیکی کوردستانی ئێران دوای هاتنە سەر کاری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە لاڕێدا بردنی ئامانجی شۆڕشی گەلانی ئێران، کۆمەڵێک ئەزموونی بەرچاوی هەیە. دوای سەرکەوتنی شۆڕش حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تاکە حزبێک بوو کە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا رۆڵی بەرچاوی هەبوو. لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان بنکە و بارەگای کردەوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی پڕ سەروەریی حزب و خەبات و تێکۆشانی لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و دامەزرانی کۆمەڵەی ژ.ک و دواتر حزبی دێموکراتی کوردستان و دامەزرانی کۆماری کوردستان و شانازییەکانی و شەهیدکردنی پێشەوا قازی محەممەد و دواتر خەباتی نهێنی و ئاشکرای حزب لە دۆخی جۆراوجۆر و بەرخۆدانی کادر و پێشمەرگەکانی حزب لە ساڵانی  ١٩٦٧ و ١٩٦٨دا و رۆڵی شوێندانەری دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو تا رووخانی رێژیمی پاشایەتی، دواتر گەڕانەوەی کۆمیتەی زاگرۆس کە بەشێک لە ئەندامانی رێبەریی ئەوکاتی حزبی لە خۆ گرتبوو بە تایبەت رێبەری مەزن، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، لە رێنوێنیدان بە ئەندامان و کادرەکانی حزب رۆڵێکی مێژوویی هەبوو. لەو قۆناغەدا رێکخراوی سیاسیی نوێ و پێکهاتە سێنفییەکان دامەزران و دوایی بە ناوی جۆراوجۆرەوە وەک رێکخراوی سیاسی بە بیروڕای جیاوە پێیان نایە گۆڕەپانی خەباتی کوردستانی ئێران. بە داخەوە لەو قۆناغەدا کورد یەکگرتوو نەبوو، بە تایبەت پێوەندییەکانی مەرحوومی کاک ئەحمەد موفتی زادە و جیاوازیی خوێندنەوەی لەگەڵ مامۆستا شێخ عیزەدین حسەینی نەمر و حزبی دێموکراتی کوردستان بۆ خەباتی گەلی کورد زۆر زیانبار بوو، ئەوەش کاریگەر بوو لە سەر ئاوڕ نەدانەوەی رێبەرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ویست و داخوازییەکانی کورد لەو قۆناغەدا. دوای فتوای جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد و هێرش بۆ کوردستان، قۆناغی بەرگری و بەرخۆدان بوو. لەم بەرگرییەدا یەکیەتی و یەکگرتوویی هێزەکان تا رادەیەک باش بوو. هەر ئەو بەرگرییە مێژووییە بوو بە هۆی ئەوەی کە خومەینی پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨(١٩٧٩) رابگەیەنێ و باس لە چارەسەریی پرسی کورد بکا. لەو دۆخەدا هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد پێک هات و لەگەڵ شاندی دەوڵەتی ناوەندی کەوتنە وتووێژ، هەر وەک چاوەڕوان دەکرا، رێژیم لە پەیامەکەی خومەینی پاشگەز بووەوە و شەڕێکی سەرتاسەری و بێ بەزەییانەی بە سەر گەلی کورددا سەپاند. لە تەواوی ئەو ٤٠ ساڵەدا ئەزموونی تاڵ و شیرینی زۆر هەیە لە پێوەندییەکانی نێوان هێزەکانی رۆژهەڵات، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە دوای راپەڕینەکانی ئێران لە ژانویەی ٢٠١٨دا بە هەست بە بەرپرسایەتیی سیاسی و مێژوویی چەند لایەنێکی سیاسی لە ژێر ناوی ناوەندی هاوکاریی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و لە چوارچێوەی خاڵە هاوبەشەکانیاندا یەکیان گرتووە و ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیدا رۆڵی خەباتگێڕی دەگێڕن و خەڵکی کوردستانیش زۆر بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەریان گرتووە.

هاوڵاتی: کاری ناوەندی هەماهەنگی گەیشتووە بە کوێ؟

 محەمەد نەزیف قادری: ناوەندی هاوکاری هێڵە سیاسییەکانی بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاری کردووە، پێڕەوی نێوخۆی هەیە، لە ناوخۆی کوردستانی ئێران و لە خەباتی مەدەنی و جەماوەریدا هەڵویستی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی بووە، لە هەرێمی کوردستاندا لە سەر زۆر بابەت گوتاری یەکگرتووانەیان بووە. لە دەرەوەی وڵاتیش کۆڕ و کۆبوونەوە و هاوپێوەندییان پێک هێناوە و لەگەڵ چەند لایەنی نەتەوەکانی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری چالاکییان هەیە.

هاوڵاتی: پێتان وایە سزاکانی ئەمریکا دەبنە هۆی گۆڕینی رێژیم؟

  محەمەد نەزیف قادری:  ئێمە وەک کوردی رۆژهەڵات و سیاسەتی حزبی ئێمە لەو باوەڕەداین ململانێ نێو دەوڵەتییەکان و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان ئامانجیان لەگەڵ ویست و داخواز و ئامانجی ئێمە جیایە. ئێمە فاکتەری یارمەتیدەرمان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانن و پشت بەستوو بە ئەو ئیرادەیەین. لایەنە خاریجییەکان بە ئەمریکاشەوە، رەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و تا ئێستا بە نیسبەت گۆڕینی رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەرنامەیەکی دیاریکراویان نیە و باس لە گوشاری هەمەلایەنە دەکا بۆ تەسلیم کردنی ئێران بە ١٢مەرجەکەی.

هاوڵاتی: چۆن دەتانەوێت سوود لەم رەوشە تازەیە وەربگرن؟

 محەمەد نەزیف قادری:   ئێمە دەبینین وەزعی رێژیم و خەڵک لە سایەی سیاسەتە هەڵەکانی رێژیمدا، لە خرابترین حاڵەتدایە. خەڵک ئێستا دروشمی رووخانی رێژیمیان هەڵگرتووە. بێ گومان ئێمەش بە هاوکاریی لایەنە دۆستەکانمان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، رۆڵی سیاسی و مێژووییمان دەگێڕین.

هاوڵاتی: هیچ هەماهەنگییەکتان هەیە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران؟

  محەمەد نەزیف قادری:  بەڵی، ئێمە لە سەر پرنسیپی باوەڕمەند بوون بە دوو ئەسڵ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دیالۆگ و هاوکاری دەکەین؛ یەکەم باوەڕ بە دێموکراسی و دووهەم مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. لەو باوەڕە هەم لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هەم لەگەڵ «هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری»، لە یەک تەڤگەرداین، بۆ هاوکاریی بەرینتریش لە سەر ئەو دوو ئەسڵە کە باسم کرد ئامادەین.

هاوڵاتی: پێوەندیتان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لە چ ئاستێکدایە؟

   محەمەد نەزیف قادری: ئێمە بە پێی ئەزموونی سیاسیی بزووتنەوەی کورد بە گشتی، وەک کوردی رۆژهەڵات و حزبە سیاسییەکان، پێوەندییەکی نەتەوەیی،نیشتمانی و سیاسیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی و خەڵکی نیشتمانپەروەری هەیە، ئەم پێوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاری و بە هانای یەکترەوە هاتنەکان لە رووداوە مێژوویی و مەرگەساتەکاندا کە دوژمنانی کورد بە سەریان هێناوین و هەستی نەتەوەیی و داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکانی کوردیش ئامانجی سەرەکیمانە.

هاوڵاتی: هۆکاری تۆپبارانی ئەم دواییانە چیە و چۆن لە هەڵویستی هەرێم دەڕوانن لەو بارەیەوە؟

محەمەد نەزیف قادری:  بەشێکی پرسیارەکە کە هۆی چیە لە کەس شاراوە نیە. دەوڵەتە دژ بە کوردەکان کاتێک لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵک و شۆڕشەکەی بێ توانا دەردەکەون، پەنا بۆ گرتن، برسی کردن، ئێعدام و تێرۆر و جینۆساید دەبەن. ئێمە قەد هۆی ئاڵۆزی و بشێویی سنوورەکان نەبووین، گۆڕەپانی خەباتمان چەقی کوردستانی ئێرانە خەڵک و رۆڵە مافخواز و نیشتمانپەروەرەکان لە ناوخۆی وڵات، بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکەن، رێژیم سنوورەکان تۆپباران دەکا و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج. لە خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی باشووریش، حکوومەتەکانی عێراق کە لە بەرگری و هێرش لەگەڵ پێشمەرگە تێک دەشکان، گوندە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان دەکردە ئامانج. بە نەزەری من هیچ پاساوێک بۆ ئەو سنوور بەزاندنە بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیە، ئەوە پێشێل کردنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراقە و نابێ لە بەرامبەر ئەم کردەوە نەشیاو و ناشایستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ هەڵویست بن و  پێویستە وە دەنگ بێن و ناڕەزایەتی دەربڕن و کۆڕ و کۆمەڵە نێو دەوڵەتییەکانی لێ وە دەنگ بێنن. راستە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک پێوەندیی سیاسی و ئابووریی هەیە لە گەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە ئەو پێوەندییە بە سرووشتی دەزانین، بەڵام ناکرێ گوتاری نەتەوەیی و ئەرکی نیشتمانی بکەوێتە سێبەری ئەو پێوەندییە کاتییەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار