په‌رله‌مانتارێکى کورد: زه‌حمه‌ته‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له‌ که‌رکوک ئه‌نجامبدرێت

کاتى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراق دیارى کرا

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
گفتوگۆکردن له‌سه‌ر مادده‌و برگه‌کانى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌رده‌وامه‌ و هێشتا یه‌کلاینه‌بۆته‌وه‌ له‌ که‌رکوک ئه‌نجام ده‌درێت یان نا.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 22ى نیسانى 2019 په‌رله‌مانى عێراق گفتوگۆى کرد له‌باره‌ى هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان و زۆرینه‌ى بڕگه‌ و مادده‌کانى هه‌موارى یاساکه‌ په‌سه‌ندکران، له‌نێویاندا دیاریکردنى رۆژى هه‌ڵبژاردن که‌ بڕیاره‌ رۆژى یه‌کى نیسانى ساڵى داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.

بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک (10) کورسى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا دیاریکراوه‌، هه‌ر پارێزگایه‌ک ژماره‌ى ده‌نگده‌رانى له‌ یه‌ک ملیۆن که‌س تێبپه‌رێت، ئه‌وا هه‌ر ( 200) هه‌زار ده‌نگێک به‌ کورسییه‌ک زیاد ده‌کرێت بۆ کۆى کورسییه‌کانى ئه‌نجومه‌نه‌که‌.

جه‌مال کۆچه‌ر، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مانی عێراقین هه‌موو کورد یه‌ک هه‌ڵوێستین له‌وه‌ى که‌ له‌ پارێزگاى که‌رکوک هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجام بدرێت، وا خه‌ریکى ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌ین".

هه‌روه‌ها سه‌لیم شوشکه‌یى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" هێشتا یه‌کلاینه‌بۆته‌وه‌ که‌ هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکوک ده‌کرێت یا نا، به‌ڵام وه‌ک کورد هه‌موومان چى باش بێت ئه‌وه‌ بۆ کورد ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر که‌رکوکیش وه‌ک پارێزگاکانى دیکه‌ جێگیر بکرێت مه‌رجێکى بۆ دانراوه‌ که‌ وردبینى له‌ لیستى تۆمارى ده‌نگده‌راندا بکرێت، ئنجا ده‌توانرێت هه‌ڵبژاردن بکرێت، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ و ناتوانرێت له‌که‌رکوک بکرێت".

شوشکه‌یى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراق که‌ له‌ نیسانى 2020 ئه‌نجام ده‌درێت ماوه‌یه‌کى که‌مى ماوه‌ و دیارى کردنى ئه‌و تایبه‌ندمه‌ندى و مه‌رجه‌ى بۆ که‌رکوک دانراوه‌ وا ده‌کات هه‌ڵبژاردن تێیدا ئه‌نجام نه‌درێت، وتیشى" محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکوک بکرێت و تورکمانه‌کان له‌گه‌ڵیدا نیین و تا ئێستا کێشه‌ى تێدایه‌".

کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ئه‌و یاسایه‌ى په‌رله‌مان ده‌ریده‌کات ده‌توانن وه‌ک خۆى جێبه‌جێى بکه‌ن.

رزگار حه‌مه‌ محێدین، جێگرى سه‌رۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" ئه‌گه‌ر که‌رکوک تایبه‌تمه‌ندى ئه‌وه‌ى پێ بدرێت که‌ وردبینى له‌ لیستى تۆمارى ده‌نگده‌ران بکرێت ئه‌وه‌ ئیشى ئێمه‌یه‌و ده‌توانین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و بازرگانى وردبینى ته‌واوى تێدا بکرێت و ده‌توانین له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نجامى بده‌ین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار