سێبەرێک بۆ کابینەی نوێ وا دەردەکەوێت

ئۆپۆزسیۆن تاوتوێی پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن ده‌یانه‌وێت خۆیان رێکبخه‌نه‌وه‌و کارى هاوبه‌ش پێکه‌وه‌ بکه‌ن تا متمانه‌ له‌نێوانیاندا دروست بێت و له‌ ئاینده‌دا به‌ بڕیارى سیاسى حزبه‌کانیان حکومه‌تى سێبه‌ر پێکبهێنن به‌هاوکارى رێکخراوه‌کانى مه‌ده‌نى و شاره‌زایان.

هه‌ریه‌ک له‌لایه‌نه‌کانى( کۆمه‌ڵ، نه‌وه‌ى نوێ، یه‌کگرتوو، شیوعى) که‌ خاوه‌نى 21 کورسین له‌ په‌رله‌مانى کوردستاندا ئۆپۆزسیۆنن و له‌به‌رانبه‌ر 90 کورسى (پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، سۆسیالیست، تورکمان، مه‌سیحییه‌کان، ئه‌رمه‌ن) که‌ به‌شدارن له‌ کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا.

ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ ده‌ڵێت بیرۆکه‌ى پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر یا ئه‌نجومه‌نێکى هاوبه‌ش له‌نێوان لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن کاریگه‌رى زیاتر دروست ده‌کات.

موسلیم عه‌بدوڵا له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «له‌ناو فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ گفتوگۆمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ چۆن و به‌ چ شێوازێک چاودێرى وردى حکومه‌ت بکه‌ین و پرۆژه‌یه‌کم پێشکه‌ش کردووه‌ که‌ ئه‌نجومه‌نێک پێکبهێندرێت فراکسیۆنه‌کانى ئۆپۆزسیۆن له‌ خۆبگرێت تا پێکه‌وه‌ پرۆژه‌ى هاوبه‌شمان هه‌بێت له‌ناو په‌رله‌ماندا و چاودێرى حکومه‌ت بکه‌ین».

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، فراکسیۆنه‌کانى ئۆپۆزسیۆن ده‌توانن گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ى هاوبه‌شى حکومه‌تى سێبه‌ر بکه‌ن، «به‌ڵام پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر یان ئه‌نجومه‌نێکى هاوبه‌ش پێویستى به‌ بڕیارى سیاسى حزبه‌کانه‌ و فراکسیۆنه‌کان ناتوانن به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌رکردایه‌تى بڕیارى له‌سه‌ر بده‌ن».

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى کۆمه‌ڵ جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌هه‌رێمى کوردستاندا بیه‌وێت کاریگه‌ر بێت کارکردن به‌جیا و هه‌ر یه‌که‌و لاى خۆیه‌وه‌ ناتوانێت وه‌ک پێویست کاریگه‌ر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێکه‌وه‌ بڕیارو پرۆژه‌ى هاوبه‌ش ئاماده‌ بکه‌ن کاریگه‌رى زیاترى ده‌بێت له‌سه‌ر باشکردنى دۆخى هاوڵاتیان و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کان.

عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ پێیوایه‌، ده‌بێت قۆناغى یه‌که‌م فراکسیۆنه‌کان کارى هاوبه‌ش پێکه‌وه‌ بکه‌ن تا چاودێریکردنى توندى حکومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌کان بکرێت و متمانه‌ى نێوان ئۆپۆزسیۆن بگاته‌ ئاستێکى به‌رز، پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر هه‌نگاوێکى به‌سوده‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان ئه‌مه‌ ده‌که‌وێته‌ قۆناغێکى دیکه‌«.

باسى له‌وه‌شکرد، په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ و یه‌کگرتوو زۆر باشه‌ گفتوگۆو قسه‌یان کردووه‌و تا ئۆپۆزسیۆن خۆى رێکبخاته‌وه‌.

تا ئێستا هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان پێکه‌وه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌کیان پێشکه‌ش به‌ په‌رله‌مان نه‌کردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێک پرسدا که‌ له‌په‌رله‌مان خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ک هاوڕابوون.

جێگرى سه‌رۆکى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ڵێت په‌رته‌وازه‌یى ئۆپۆزسیۆن لاواز ده‌کات و پێشوازى له‌هه‌وڵى کارى هاوبه‌ش و پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر ده‌که‌ن.

کاوه‌ عه‌بدولقادر، له‌لێدوانێکدا به‌‌ھاوڵاتی وت «کارى هاوبه‌ش و هه‌تا فراکسیۆنى هاوبه‌شیش له‌نێوان فراکسیۆنه‌کانى ئۆپۆزسیۆن بیرۆکه‌ى نه‌وه‌ى نوێ بووه‌ و دواى ده‌رچونى ئه‌نجامه‌کان ده‌ستپێشخه‌ریمان بۆ لایه‌نه‌کان کرد و ئه‌وکات هیچ ئه‌نجامێکى دڵخۆشکه‌رمان وه‌رنه‌گرت و وه‌ڵامى ئیجابیان نه‌بوو».

جێگرى سه‌رۆکى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر بڕیارى سیاسى سه‌رکردایه‌تى حزبه‌کانى ده‌وێت له‌گه‌ڵ میکانیزم و چۆنێتى کارى هاوبه‌ش «کاریگه‌رى ئۆپۆزسیۆن به‌ ژماره‌ى کورسى نییه‌ به‌ پرۆژه‌ و  ئه‌و به‌رنامانه‌یه‌ که‌ ئۆپۆزسیۆن پێشکه‌شى ده‌کات».

تا ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌درێژایی کارکردنیان له‌خوله‌ جیاوازه‌کانى په‌رله‌مان حکومه‌تى سێبه‌ریان دروستنه‌کردووه‌، که‌ شێوازێکه‌ بۆ چاودێریکردنى حکومه‌ت و له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر وه‌زاره‌تێکدا وه‌زاره‌تێکى سێبه‌ر پێکده‌هێنرێت.

یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان که‌ فراکسیۆنه‌که‌ى خاوه‌نى پێنج کورسى په‌رله‌مانه‌ له‌گه‌ڵ کارى هاوبه‌ش و تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ردان.

ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌لێدوانێکدا به‌‌ھاوڵاتی وت «فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ  بیرۆکه‌یه‌کیان هه‌بووه‌ بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر، چه‌ند گفتوگۆیه‌کمان کردووه‌ له‌گه‌ڵیاندا، به‌ڵام هێشتا قۆناغى گفتوگۆکان له‌سه‌ره‌تادایه‌«.

پێشیوابوو ئۆپۆزسیۆن پێویستى به‌وه‌یه‌ پرۆژه‌ى هاوبه‌شیان هه‌بێت و کارکردن به‌ جیا لاوازى ده‌کات «ده‌توانین له‌نێوان فراکسیۆنه‌کانى ئۆپۆزسیۆن تاوتوێى پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر بکه‌ین و پرۆژه‌ى بۆ گه‌ڵاڵه‌ بکه‌ین، به‌ شتێکى باشى ده‌زانین بۆ چاودێرى کردنى زیاترى حکومه‌ت». 

رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى که‌ به‌ده‌سه‌ڵاتى پێنجه‌م داده‌نرێن پشتیوانى پێکهێنانى حکومه‌تى سێبه‌ر ده‌که‌ن، تا لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان بتوانن باشتر چاودێرى حکومه‌ت بکه‌ن. 

ئارام جه‌مال، به‌رێوه‌به‌رى په‌یمانگاى کوردى بۆ هه‌ڵبژاردن، له‌لێدوانێکدا به‌‌ھاوڵاتی وت «له‌زۆرێک له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کاندا حکومه‌تى سێبه‌ر بوونى هه‌یه‌و له‌ وڵاتێکى وه‌کو به‌ریتانیادا سه‌رۆکى لایه‌نى ئۆپۆزسیۆن کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى حکومه‌تدا ده‌کات و پرۆژه‌کانى ئۆپۆزسیۆنى پێشکه‌ش ده‌کات تا حکومه‌ت کارى له‌سه‌ر بکات، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى کوردستاندا تا ئێستا بیر له‌وه‌ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن چۆن کاریگه‌رى له‌سه‌ر حکومه‌ت دروست بکات».

جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن یه‌ک هه‌ڵوێست بن و پرۆژه‌ى حکومه‌تى سێبه‌ر تاوتوێ بکه‌ن، وه‌ک رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى هه‌ریه‌که‌ و له‌ بوارى خۆیدا هاوکارو پشتیوانیان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستى به‌ ئه‌نجامدانى کۆڕو دیبه‌ت هه‌یه‌ که‌ ئه‌رکى حکومه‌تى سێبه‌ر دیارى بکرێت و شاره‌زایانى بواره‌ جیاوازه‌کان تێیدا به‌شداربن و کاریگه‌ریان هه‌بێت.

به‌رێوه‌به‌رى په‌یمانگاى کوردى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن بیر له‌ حکومه‌تى سێبه‌ر بکه‌نه‌وه‌ ده‌توانن سوود له‌ خه‌ڵکانى شاره‌زاو پسپۆرى بواره‌ جیاوازه‌کان بکه‌ن و حکومه‌ته‌ سێبه‌ره‌که‌ ئامانجى خۆى بپێکێت.

به‌راورد به‌ خوله‌کانى پێشووى په‌رله‌مان، ئۆپۆزسیۆنى ئه‌م خوله‌ خاوه‌نى کورسی که‌مه‌، که‌ به‌وته‌ى پسپۆڕێکى زانسته‌ سیاسییه‌کان ئه‌وه‌ش واده‌کات ئه‌گه‌ر خۆیان رێکنه‌خه‌وه‌ کاریگه‌رییان نه‌بێت.

شۆڕش حه‌سه‌ن، مامۆستاى زانسته‌ سیاسییه‌کان له‌ زانکۆى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌‌ھاوڵاتی وت «ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ى ئێستا له‌هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌ ژماره‌ى کورسیه‌کانى که‌من و ناتوانن کاریگه‌ریان هه‌بێت و رێگرى له‌ پرۆژه‌ یاساکان بکه‌ن له‌په‌رله‌ماندا، ئۆپۆزسیۆن له‌ 2009 کاریگه‌رى هه‌بوو که‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان خاوه‌نى 25 کورسى بوو».

ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌  ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن بیه‌وێت ئه‌ڵته‌رناتیڤى بۆ هه‌موو پرسه‌ سیاسى و ئابووریی و په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌بێت «ده‌بێت خاوه‌ن پرۆژه‌ى به‌دیل بن له‌به‌رانبه‌ر حکومه‌تداو پێکه‌وه‌ بڕیار بده‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ى ئێستا قورساییان که‌مه‌و ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌نجومه‌ن و حکومه‌تێکى سێبه‌ریشدا کۆببنه‌وه‌ کاریگه‌ریان نابێت». 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار