کورسیەک شەڕی مەلا بەختیارو بەرهەم ساڵحی لە سێبەردا هێشتۆتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
سامان مەجید
مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەتای ئەم هەفتەیە دەرگای کردەوە لەسەر شەڕێکی کۆنی خۆی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، کە ئەوکاتەی هەردووکیان لە ململانێدا بوون بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، یارییەکە لەکاتی خۆیدا لەبەرژەوندی مەلا بەختیاردا نەبوو، بەڵام رکابەرەکەی هەڵکشاند.
مەلا بەختیار لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا کە ٢٠ی ئەم مانگە بۆ هەستانەوەی یەکێتی ئاڕاستەی ئۆرگانەکانی یەکێتی کردوە، تێیدا رەخنەی لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار گرت کە دوای «شکستخواردن»ی لە هەڵبژاردن بەمەبەستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی.
ئەو کاتەی کە بەرهەم ساڵح گەڕایەوە مەلا بەختیار یەکێک بوو لە کاندیدانی حزبەکەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح مەلا بەختیار چانسی لەدەستدا، بەتایبەتی کاتێک بەرهەم ساڵح بە فەرمی دەستبەردابوونی خۆی لە حزبە تازەکەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادەروەری راگەیاند، کە ئەوەش مەرجی سەرەکی سەرکردایەتی یەکێتی بوو بۆی لەبرامبەر پێدانی پۆستەکە.
لیستەکەی بەرهەم ساڵح لەهەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ساڵی رابردوو تەنها دوو کورسی هێنا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دواتر دانی بە ئەنجامەکانیدا نەناو رایگەیاند «ساختەکاریی» لەهەڵبژاردنەکاندا کراوە. بەڵام دواتر یەکێتی ئۆفەرێکی خستە بەردەستی ئەویش ئەوە بوو بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات لە ٣٠ی ئەیلولی رابردوو، لەبەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کەئەوەش ئەو خەونەی بەرهەم ساڵح بوو کە لە رێگەی لیستەکەیەوە پێی نەگەیشت.
مەلا بەختیار لەپرۆژەکەیدا لیستی "هاوپەیمانی" بەرهەم ساڵح بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە «پۆپۆلیست» و «شکستخواردوو" ناودەبات، ئەگەرچی ئەوان کاتی خۆی رایانگەیاند براوەن و «ساختەکاری»یان بەرامبەر کراوە. بەڵام مەلا بەختیار پێی وایە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح ناچاریی بووە، چونکە حزبەکانی تریش ئاوڕیان لێنەداوەتەوە.
مەلا بەختیار دەڵێت «کە شکستیان خوارد، واقی سیاسییان وڕما... گۆڕانو نەوەی نوێ دەرگای پۆستبازییان بۆ نەکردنەوە. تەنها مایەوە ماڵە بابان»، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گەرانەوەی بۆ یەکێتی.
د.رێبوار کەریم مەحمود، کەسی نزیکی د.بەرهەم ساڵح شەممەی رابردوو وەڵامی هێرشەکانی مەلا بەختیاری دایەوە کەهەر ئەو رۆژە کردبوویە سەر بەرهەم ساڵح، لەمیانی پرۆژەکەیدا کە بۆ هەستانەوەی یەکێتی رایگەیاندبوو.
لەبەرامبەردا د.رێبوار کەریم مەحمود، لە وتارێکدا کە بۆ هاوڵاتی نارد وەڵامی مەلا بەختیاری دایەوەو وتی «لەچوارچێوەی راگەیاندنی پرۆژەکەی بەڕێز مەلا بەختیار، هێرشێکی هەڵقوڵاو لەخەفەتەوە، بەرامبەر بە د.بەرهەم ساڵح ئەنجامدا.»
هەروەها مەلا بەختیاری بەوە تۆمەتبار کردبوو کە نوسینەکەی لەبەرژەوەندی پارتیدا بووە.
لەبەرامبەردا دووشەممەی رابردوو مەلا بەختیار وەڵامی رێبوار کەریم مەحمودی دایەوەو وتی کە ناوبراو هەوڵی زۆریدا، بخرێتە ناو لیستی یەکێتی، بەڵام قبوڵ نەکراوە، هەروەهاو وتی کە دواتر «خۆی خزاندە ناو جۆگەی هەلپەرستی و ئێستاش نەهاتۆتە دەرەوە، ئەمە، وتارێکی پڕ لەهەڵەی نوسیوە».
مەلا بەختیار لە وەڵامی تۆمەتبارکرنی بە بەرگریکردن لەپارتی. بە پەرلەمانتارەکەی نزیک لە بەرهەم ساڵحی وت "یەک دێڕی شەرمنانە لەئەرشیفت دەربهێنە، کە رەخنەت لەپارتی گرتبێت".
وتیشی «سیاسەتی من رونە، کە پەیوەندیی یەکێتی و پارتی بەچارەنوسسازی ئەم قۆناغە دەزانم. مێژووشم ئاشکرایە بۆ بەرگریکردن لەیەکێتی لەبەرامبەر پارتیدا، لەم زاتە دەپرسم: دەی فەرموو یەک دێڕم لەئەرشیفی خۆت بۆ دەربهێنە، کە شەرمنانە، رەخنەیەکیشت لەپارتی و بنەماڵەکەی بارزانی گرتبێ؟»
لەکاتێکدا کە شەڕی مەلا بەختیارو بەرهەم ساڵح لەسێبەردا هێشتا گەرمە؛ دەنگی ناڕەزایەتی ئۆرگانەکانی خوارەوەی یەکێتی داگرتووە.
چەند رۆژێکە دەنگێکی ناڕەزایەتی لەناو ئۆرگانەکانی خوارەوەی یەکێتی دروست بووە لەچوارچێوەی گروپێکدا بە ناوی "ناوک" کە کورتکراوەی ناوەندی وەستانەوەی یەکێتییە.
لە راگەیەنراوی دامەزراندنیدا 9ی تەمووز 2019 بلاوی کردەوە، ناوک رایگەیاند کە ئەوان ئامانجیان "گەڕاندنەوەی هەیبەت"ە بۆ مەكتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند، کە سئ دەزگای دیاری یەکێتین و لە کۆنگرە هەڵبژیردراون.
ناوک هەروەها دەڵێت ئامانجیکی تریان بریتیە لە "پەردە هەڵماڵین لەسەر عەیب وعارەكانی ئەو بەرپرسانەی كە لەناو خەڵك، بەهۆی گەندەڵی و خیانەت و خاكفرۆشیی، ناوبانگیان زڕاوەو كاركردن بۆ دەركردنیان و بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا."
دوای چەند رۆژێک ناوک بەیاننامەیەکی تری دەرکردو رایگەیاند ئامانجیان "ڕزگارکردنی یەکێتیە لەدەستی چەند گروپێكی قۆرخکار کە بازرگانیی بەدەنگی جەماوەرەکەی دەکەن". لەگەڵ بووژاندنەوەی حزبەکەو ئاشتکردنەوەی لەگەڵ خەڵک و کۆتایی هێنانیشە بەدەسەڵاتی دەرەکی بەسەر یەکێتییەوە.
- وەڵامەکانی مەلا بەختیار و پەرلەمانتار رێبوار کەریم مەحمود نزیک لە بەرهەم ساڵح -
رێبوار کەریم مەحمود:
* تێناگەم بۆچی سەرکردەی حزبێک، ئەوەندە ناڕەحەتە بەسەرکەوتنی حزبەکەی لەپرۆسەیەکی دیموکراسیداو بەسەر حزبێکی مونافسیدا؟!
* ئەم عەشقی پاشکۆیەتیە بۆ پارتی لەچیەوە هاتوە؟ بۆ هەر ئەبێ پرۆژەکانی پارتی موهیمترو پەسەندکراوتربن؟
* پرۆژەی پارتی بۆ رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی لەپرسی سەرۆککۆماردا، پرۆژەی تەسلیمبون بوو. ئەیویست ئێسقانی یەکێتی بهاڕێ. تەنها لەبەرئەوەی د.بەرهەم نەبێ بە سەرۆککۆمار.
* بەشێوەیەکی گشتی دۆست و دوژمن، شاهێدی ئەو راستیەن، کە رۆڵی د.بەرهەم ساڵح لەئێستادا باشترین رۆڵەو دەتوانێت لەداهاتوشدا، کاریگەرتر لەئێستا، هەنگاوی گەورەی سیاسی بنێت.
مەلا بەختیار:
* ئەگەر سوربیت لەسەر ئەوەی گوایە لەپرۆسەیەکی دیموکراسیدا سەرۆکی عێراق هەڵبژێردراوە، من ناچار دەبم راستیەکانی پشتی پەردە بدرکێنم. ئەوکاتە چش، چی دەبێ با ببێ.
* فەرموو یەک دێڕم لە ئەرشیفی خۆت بۆ دەربهێنە، کە شەرمنانە، رەخنەیەکیشت لەپارتی و بنەماڵەکەی بارزانی گرتبێ؟
* ئەوانەی ویژدانیان ماوەو ئاگایان لە سیناریۆی چۆنێتی دانانی ئەم سەرۆکەیە، با نەفرەت لەو مێژووە بکەن، کە ئەمانە بینوسن. ئاخر درۆهەڵبەستن بگاتە ئەم رادەیە، ئیتر بڕوانامەو پەرلەمانتاری و پرەنسیپ، خراوەتە ناو چ زەلکاوێکی چەواشەکاریەوە؟
* هەتا نەبوبوی بە ئەندام پەرلەمان، خۆت لەهەموو چەشنە رەخنەیەک دەپاراست. ئێستا موچەکەت و بودجەکەت، دابینکردوە، کەچی بەم چەواشەکاریە، دەتەوێ، چوار ساڵی دوای پەرلەمانتاریەکەت، کارێکی دیکە دەستەبەر بکەیت.
تەواوی وردەکاریی شەڕی ئەم دواییەی نیوان هەردولا لەم سێ لینکەی خواردەوەدا بخوێنەرەوە:
مەلا بەختیار: سوپاس بۆ هاتنتان و چەواشەكاریش بڵقی سەر زەلكاوە!!
رێبوار کەریم محەمود: گەڕانەوە لە کەلاوەکانی دەوروبەرەوە
مەلا بەختیار: هێرشدەکاتە سەر بەرهەم ساڵح