حکومەتی هەرێم نرخی عەریزەنووسین چەند قاتێک زیاد دەکات

عەریزەنووسەکان قەڵەمەکانیان فڕێداوەو دەڵێن بڕیارەکەی حکومەت زیان بەئەوان‌و ھاوڵاتیان دەگەیەنێت

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

عوسمان بابەکری عەریزەنووس چەند رۆژێکە نیگەرانە لەوەی کە دەبیستێت هەوڵێک هەیە بۆ زیادکردنی نرخی عەریزە بۆ ٢٠ هەزار دینار. ئەو کە ١٢ ساڵە لە سلێمانی سەرقاڵی ئەو کارەیەو بژێوی خێزانە حەوت کەسیەکەی پێ دابین دەکات، ئەو هەوڵە بە «ناحەقی» ناودەبات.

عوسمان کە لەگەڵ ھاوپیشەکانیدا مانی لەکارکردن گرتووە باس لەوەدەکات، بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵەی فەرمانگە دادنوسیەکان زەرەری زۆری بۆ ئەوان و بۆ خەڵک هەیە و تەنیا سودی بۆ چەند کەسانێکی ناو دەسەڵات و حزبی هەیە.

بەپێی بڕیارێکی نوێی حکومەتی هەرێم، کاری عەریزەنوسەکان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و کۆمپانیایەک سەرپەرشتی دەکات، نرخی عەریزەش بۆ ٢٥ هەزار دینار زیادکراوە.

عوسمان وتی «ئەو بڕیارە زیانی زۆری بۆ هاوڵاتیانی فەقیر و هەژار و ئێمەش هەیە کە نانبڕاو دەبین، با پێشنیاری ئەوەمان بۆ نەکەن کە کۆمپانیاکە وەرماندەگرێت و هەمان کار دەبێت، چونکە ئەو ٢٥ هەزارە سێ بەشی بۆ خۆیانەو بەموچەیەکی کەم ئێمە دەبەستنەوە بەکاری خۆمانەوە کەچەندین ساڵە بێ کێشە ئیشوکاری هاوڵاتیانمان بەڕێوەبردووە».

نرخی عەریزە نوسین پێشتر چەند هەزار دینارێک بوو لەبەرانبەر پڕکردنەوەی عەریزەکاندا لە هاوڵاتیانیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا بەبڕیارێک کراوەتە ئەلیکترۆنی و نرخەکەش بۆ چەند هێندە زیادکراوە.

غەریب محەمەد، ٣٨ ساڵ، یەکێک لەو هاوڵاتیانەی کە لای عەریزەنوسێک وەستابوو تا مامەڵەکەی بۆ تەواوبکات وتی»بەداخەوە حکومەت تەنیا کار لەسەر ئەوە دەکات کاری هاوڵاتی قورس بکات و باری ژیانی سەختتر بکات، نەک ببێتە کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان و بارگرانی شانیان سوک بێت».

«ئەمە چۆن دەکرێت هەر جارێک عەریزەیەکمان پێویست بێت، ٢٥ هەزار بدەین لە نوسینی ئەمە تاوانە لەگەڵ ئەم میللەتەی دەکەن»، غەریب وا دەڵێت.

»ئەم بڕیارە پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و لەبەرژەوەندی خەڵکدا بێت».

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتی»تەنیا قازانجکەر لەم کارانە کۆمپانیاکانن و کۆمپانیاکانیش جارێکی تر نیشانەی پرسیاریان لەسەرە کە سەر بە ھێزە دەسەڵاتدارەکان و دەستڕۆیشتوەکانن، یەکەم هاوڵاتی و دووەم حکومەت زەرەرمەندی ئەم بابەتانەن».

جەختی لەوەش کردەوە ئەگەر بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین بێت پشگیری دەکەن «کە بزانین باری هاوڵاتی لەم قەیران و بێکاریەدا سەختتر دەکات هەرگیز ئەو بابەتانە قبوڵ ناکەین».

کاسترۆ مەعروف وتیشی «نەک هەر نرخەکە زۆر زیادە، بەڵکو ئەوە تاوانێکە بەرامبەر هەموو هاوڵاتیەک دەکرێت چونکە هاوڵاتی نیە ئیشی بەم دامودەزگایانە نەبێت، بەداخەوە ئەوەندەی بیر لە قازانج دەکەنەوە بیر لە وەزعی خەڵک و تاک ناکەنەوە».

»بێدەنگی هێزە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکان  ئەوەی دروستکردووە کە ئەوانە تەنیا بیر لەدانانی کۆمپانیاو هەڵتەکاندنی باخەڵی خەڵک بکەنەوە»، کاسترۆ وای وت.

سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردنی کاری عەریزەنوسەکان تائێستا بەفەرمی لەھیچ شوێنێک کاری پێنەکراوەو تەنا لەعەنکاوە کاری پێدەکرێت.

مەریوان دزەیی بەرێوەبەری دادنوسی هەولێر لەلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی»ئەوە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و خۆیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە ڕێککەوتون، بڕیاری بە ئەلیکترۆنیکردنی عەریزەکانیان داوە».

ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئەرشیفە ناتوانرێت تا چەند ساڵێکی تر بپارێزرێت و زۆر زۆر دەبێت بۆیە ئەم ئەلیکترۆنیە زۆر سودی دەبێت.

دزەیی جەختیکردەوە، بڕیارەکە تەنیا بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستمەکەیەو کارئاسانیە بۆ بەئەرشیفکردن و کۆکردنەوەی ئەو کتاب و زانیاریانەی کە ئەو کەسە جارێک هاتە ئەو فەرمانگەیە جارێکی تر ناوو کتابی تایبەتی هەبێت.

لەبارەی ناڕەزایی عەریزەنوسەکانیشەوە وتی»لای ئێمە کۆمپانیاکە وتویەتی کێتان دەوێت لە عەریزەنوسەکانی خۆتان داینێنەوە و کە لەکۆمپیوتەریش نازانن دەتوانن کۆپی بکەن و ئێمە کارئاسانیان بۆ دەکەین».

لەبارەی نرخەکەشیەوە مەریوان دزەیی باسی لەوەکرد، نرخەکەی بە گشتی ٢٠ هەزار دیاریکراوەو دوو هەزارو پێنجسەد دینار بۆ ئەوانەو دوو هەزارو پێنجسەد دیناری بۆ حکومەتە «بێگومان کەسێک ئەو کۆمپانیایەی داناوە بۆ قازانج دایناوە کەبزانێت هیچ قازانجی تێدا نیە بۆ زەرەر داینەناوە».

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بەنیازە تاوتوێی پرسی بەئەلیکترۆنیکردنی کاری عەریزەنوسەکان و ناڕەزاییەکان بکات و هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە نیشان بدات.

ڕۆژان محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسای پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی»کۆبونەوەی لەبارەوە دەکەین و هەڵوێستی خۆمان دەبێت بۆئەوەی ئەمە نەبێتە بارگرانی بۆ خەڵک و نانبڕینی ژمارەیەکی زۆری عەریزەنوس کەبژێوی ژیانیان لەسەر ئەم کارەیە».

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی روون کردەوە کە کێشەیان لەگەڵ نرخەکەدایە کە زۆر زۆرە بۆ هاوڵاتیان، بەڵام لەگەڵ بەئەلیکترۆنیکردنیدان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار