کێشەی ساغکردنەوەی مریشکی ناوخۆ چارەسەر نەکراوە
خاوەن کێڵگەکان دەڵێن بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی دەکات و دەتوانرێت هەناردەش بکرێت
5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
کێشەی ساغکردنەوەی بەرهەمی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، لەکاتێکدا خاوەنی کێڵگەکان چەند جاریک هۆشداری ئەوەیاندابوو کە بەرهەمهێنانی مریشک رادەگرن.
کێشەی سەرەکی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکییە، کە بەوتەی ئەوان بووەتە هۆی کەمبونەوەی بەرچاوی نرخی بەرهەمی ناوخۆیی و ساغنەبوونەوەی لە بازاڕەکاندا.
لەهەرێمی کوردستاندا نزیکەی ١٥٠٠ بۆ ١٧٠٠ کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر هەیە کە بەڕەسمی مۆڵەتیان وەرگرتووە و ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کێڵگەی تریش هەن کە بەناڕەسمی و بێمۆڵەت لەکارکردن بەردەوامن.
تائیستا چەندیدن جار هەوڵیان داوە کەکێشەکانیان بگەیەننە لایەنی بەرپرسیارو لە ڕێگەیەوە بەرهەمی ناوخۆو بەرهەمی پەلەوەر بپارێزرێت.
کۆتا هەوڵی خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان، لە ١٦/٧/٢٠١٩ بوو کە خۆپیشاندانیان کردو یاداشتێکیان گەیاندە پەرلەمان و بێگەرد تاڵەبانی بەڵێنی پێدان کە بیکاتە دانیشتنەکانیانەوەو کاری لەسەربکرێت، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
نازم عەبدوڵا وتەبێژی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان، لەلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی» کێشەی سەرەکی ئێمە لەساغکردنەوەی بەرهەمەکانە کەزۆرە و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پێویستمان بەبازاڕێکە بۆ ساغکردنەوەو جێگیرکردنی نرخەکەی کە زۆر دەمێکە داوامان کردووەو کاری بۆدەکەین».
نازم عەبدوڵا وتیشی «لەئێستادا چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و پەرلەمانی کوردستانین کەوەڵاممان بدەنەوەو ڕێگەچارەیەکی گونجاو دابنرێت».
لەسنوری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٨٠٠ پرۆژەی کێڵگەی پەلەوەری هەیە و بەو پێیەش لەهەموو پارێزگاکانی تر زیاترە و دەتوانێت زۆرترین بەرهەمی گۆشتی سپی بکاتە بازاڕەوە.
نازم جەختی لەوەکردەوە «بەرهەمی ناوخۆ بەشی پێداویستیەکانی ناوخۆ دەکات و زۆر بەزیادیشەوەو دەتوانێت هاوردەی دەرەوەشی بکات».
ئەوەشی ڕونکردەوە کە چەندین جار داوایان کردووە ئەو مریشکانە بکرێنە مریشکی بەستوو بدرێنە چێشتخانەکان و وەزارەتی پێشمەرگە و زۆر شوێنی تر کە بەشێوەیەکی دیار مریشکی بەستوو بەکاردەهێنن، بەڵام تائێستا نەکراوەتە پلانەوە.
لەهەرێمی کوردستاندا هەر هاوڵاتیەک ساڵانە ٢٤ کیلۆ گۆشتی مریشک دەخوات و بەو پێیەی کە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نزیکەی ٥ ملیۆن کەس دەبێت واتە ساڵانە یەک ملیۆن و دووسەد تەن مریشک بەکاردەهێنرێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوبەری گشتی گومرگ، لەلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی» پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و بەرێوبەرایەتی بەوردی بەدواداچونی بۆ بکەین و بزانن بەرهەممان بەشی ناوخۆ دەکات یاخود نا».
وتیشی »ناکرێت وەک هێلکە لەکاتێکدا قەدەغەکراو لەماوەیەکی کەمدا لەبازاڕدا نەما، بۆیە پێویستە بە پلان بێت و دیراسەی وردی بۆ بکرێت».
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی جەختیکردەوە، لەئێستادا هاتنی مریشک لەدەرەوە زۆر کەم بۆتەوە «دەتوانین بڵێین بەتەواوی ڕاگیراوە لە ئێستادا».
وتیشی «تەنیا هەندێک ڕێژەی کەم ماوە بۆ شوێنە تایبەتەکان کە زیاتر خواردنی خێرا دەفرۆشن و لەگەڵ چێشتخانەکان کە تایبەتن و بەکاریدەهێنن، ئەوەش تەنیا بڕێکی کەمە و کارناکاتە سەر بازاڕ».
لەبارەی دابەزینی نرخیشەوە وتی «دابەزینی نرخ پەیوەندی بە زۆری خستەبازاڕەوە هەیە، لەکاتێکدا لەهەندێک کاتدا مریشک لەکێڵگەکان زۆر دەردەچێت و بەزۆری دەکەوێتە بازاڕەوە نرخەکە بەرزدەبێتەوە».
بەهۆی کەمی نرخ و کێشەی خستنە بازاڕی مریشکەوە، بەشێک لەکێڵگە پەلەوەرییەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتووەو داوای چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەن.
محەمەد حەسەن، یەکێکە لەو کەسانەی کەماوەی دوو ساڵە کێڵگەیەکی پەلەوەری گرتووەو بەڕێوەی دەبات، بەو ئامانجەی بتوانێت خۆی و خێزانەکەی بەرێوەبەرێت وتی «نەمزانی ئەوەی هەشمە لەم کارەدا دایدەنێم».
ئەم پیاوە ماوەی دوو ساڵە بەهۆی دابەزینی نرخی مریشکەوە و بەرزی نزمیەکی زۆر لەنرخەکاندا هیچ قازانجی نەکردووە و باسی ئەوەی گێڕایەوە کە تائێستا نزیکەی دوو دەفتەر قەرزارەو ماڵ و ئوتۆمبێلی فرۆشتووە.
محەمەد، تەنیا داوای ئەوە بوو کە نرخی مریشک جێگیر بکرێت و لایەنی بەرپرس هاوکاریان بێت لەدابینکردنی عەلەف و وتی» ئەو عەلەفی ئامادەکراوەی ئێستا دەیدەین بە مریشکەکان لەناوخۆدا بەرهەم دێت و نرخی زۆر گران دەکەوێت لەسەرمان، پێشتر لەئێرانەوە دەهات زۆر باشتر بوو بۆ ئێمە».
هەرچەندە خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان جەخت لە زۆری بەرهەمی ناوخۆیی دەکەنەوە، بەڵام بەڕێوبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەڵێت بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی ناکات.
ئازاد ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، لە لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتی «بەرهەمی ناوخۆیی بەشی بەرهەمی ناوخۆ ناکات، چونکە ئەوەندە بەرهەم ناهێنن کە بە مانگانە بزانین ڕێک بەرهەمی مریشک چەند دەبێت و چەند دەکرێتە بازاڕەوە».
وتیشی» زۆر کێڵگەی پەلەوەرمان هەیە کە بێ مۆڵەت کراونەتەوەو زۆرجار بە قاچاخیش مریشک دێتە ناوەوە و ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت».
ئاماژەی بەوەشدا کە ڕاستە عەلەف یان بەگران دەستدەکەوێت و وتی» گران دەستدەکەوێت و ڕێگەمان کردەوە بۆ ئەوەی لەئێرانەوە بێت، بەڵام ئێران خۆی دایخست بەهۆی ئەم قەیرانانەوە کە بەسەری هات، بۆیە ئەوەش لەدەست ئێمەدا نیە» .
وتیشی »کارگەکانی خۆمان کە عەلەف دروستدەکەن وەک پێویست نایەنە پێشەوە عەلەف بە نرخێگی گونجاو بفرۆشن».